وتار
فاشیزم وەک دوا ھێڵی بەرگری پارتی
مەحمود عەبدوڵا

ڕوداوەکانی ئەم شەو گوزارشتن لە ناعەقڵانیەت و تێکەڵکردنی ڕق بەسیاسەت . ئاشکرایە لە ھەرکوێیەک ڕق تێکەڵ بەسیاسەتکرا فاشیزم چەکەرەدەکات،ئەوەی ڕویدا ڕاگەیاندنی مەرگی عەقڵ بوو ،فاشیستەکانی ئیتالیا بە ئاشکرا دەیانگوت:" بژی مەرگ بمرێت عەقڵ " ئەوەی پارتی دەیکات پراکتیکی ئەم دروشمەیە. ئەم کەشە فاشیستیەی ئەم  شەو،جگە لەھەڵچونی فاشیزم و کۆنە پەرستی بەرامبەر میدیای ئازاد و دەنگی ئازاد و بوێر شتێکیتر نەبووە.بەڵام دەبێت بزانین فاشیزم ڕوداوێک نییە لە چرکەیەک دا ھەڵبچێت و پاشان ببێت بەھەڵم،بەڵکو فاشیزم ڕیشەی لە سایکۆلۆژیا و بیرکردنەوەی ھێزە کۆنە پەرست دەسەڵات خوازەکاندایە و کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو شەپۆلە گۆڕانکاریانەی کە خەریکە ڕەگی قوڵی ھێزە کۆنە پەرستەکان ھەڵدەکەنێت. ئەو ڕەفتارەی ئەم شەو لەلەیەن ھەوادارانی پارتی و بارزانی ئەنجامدران پەیوەندی بە عەقڵییەت و جۆری بیرکردنەوەی پارتی و دونیا بینی پارتییەوە.ئەمە بەرھەمی ئەو پەروەردەیە کە پارتی لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابردودا لەناو حیزبەکەیدا پەرەی پێدەدات. بەڵام وەک جۆن وایس دەڵێت ناوەڕۆکی پروەردەی فاشیستی تۆتالیتاریزەیە ،نەک پەروەردە،کە بریتییە لە ڕەھا گەری و  ئیحساساتی جەماوەری و ناسیۆنالیستی بۆ لادانی سەرنج لە سەر ھەر ئایتمێکی ئازادی بیرکردنەوە.
ھەمومان دەزانین لایەنگرو ئەندامان و ھەوادارانی ئەم پارتە یەک شێوازی بیرکردنەوەیان ھەیە 
لەسەر ھەموو بابەتێک ئەمەش پەیوەندی بەم شێوازی پەروەردەکردنەوەیەکە جۆن وایس  ناوەڕۆکەکەی بە تۆتالیتاریزە کردن دادەنێت. ئەم چاندنی تۆوی فاشیزمە لەمێشکی تاکی کورد دا لای پارتی  پڕۆژەیەکی درێژ خایەنە و ئەمڕۆ کە خەریکە خۆی نمایش دەکات .چونکە فاشیستەکان نایانەوێت دونیایەک و ھێزێکی باشتر ببینن کە لەخۆیان باشتر وڵات بەڕێوە دەبات،بۆیە تابتوانن وێران دەکەن و کەشێکی فاشیستی دروست دەکەن بۆیە ئەمەی ڕودەدات لادانی پەردەی شانۆکەیە و ئەکتەرەفاشیستەکان دەردەکەون.
ئەم ھوتاف  کێشانەی ھەوادارانی بارزانی ئەم ھەموڕق و شەڕەنگێزییە بەرامبەر میدیای ئازاد و پەرلەمان تەنیا و تەنیا لەناو چوارچێوەی فاشیزمدا خوێندنەوەی بۆدەکرێت. لەبەر ئەوە ھەرکەسێک ئەم ھێزەی ناسیبێت ،دەبێت ئەمڕوداوانەی بە چاوەڕوانکراو زانیبێت،پێویستە ھەمیشە ترسمان لە ھەڵچونی فاشیزم و وێرانکاری پارتی بێت وەک دواین ھێڵی بەرگری پەنای بۆببات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1