وتار
پەرلەمان بگوازنەوە ..
هه ژار نامیق

پەرلەمان لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا بە یەکێک لە کۆڵەکە بەھێز و سەرەکیەکانی دیموکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دادەنرێت بەڵام لە کوردستان بە تەواوی ئەمە ڕاستە ، ئیشی پەرلەمان لە وڵاتە دیموکراسیەکان دەرکردنی یاسا و پڕۆژە و بە دواداچوونە بۆکاروبارەکانی حکومەت لە کوردستانیش ھەمان شتە بەڵام لێرە لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی بڕیار دەرئەکرێت ، ھیچ بە دواداچوونێک نەکراوە ، تا ئێستا کەس متمانەی لێ نەسەندراوتەوە لە پەرلەمانی کوردستان ، کەسیش سزا نەدراوە وەک ئەوەی بڵێت لێرە نە گەندەڵی ، نە دزی ، نە کوشتن و بڕین و سوکایەتی و دەست درێژی نەکرابێت وەک ئەوەی بڵێت لە کوردستان کاربەدەستانی ھەرێم بە تەواوی یاسا و مافە ئینسانی و مەدەنیەکانیان جێ بەجێکردبێت .
پەرلەمانی ئێستا بکەن بە مۆزەخانەیەک و بۆمێژوو لەسەری بنوسن پەرلەمانێک کە دوژمنانی کوردیان ھێناوەتە ناوی بە تۆپ و تانک و تەیارە ، بۆ مێژوو بینوسن ئەو پەرلەمانە ھێزێک ھاتوە تە ناو حەرەمەکەی کە (٥٠٠٠) ڕۆڵەی کورد شەھیدکردووە ، ١٨٢ھەزار ئەنفال کران و ٤٠٠٠گوند خاپور کران بەڵام ئەنجامدەرانی ئەمانە بەچاوساغی حیزبێکی کوردی بۆبەرگری لە بەرژەوندی و مانەوەی خۆی ھێنایانە سەر پەرلەمان، با ببێتە مێژوو و کە بەناو ئەندامی ڕێکخراوی مەدەنی و ڕۆژنامەنوس پەلاماری پەرلەمانتاریان داوە لەپێش چاوی دەیان کامێرا ، لە مێژوو بنوسن ئەوپەرلەمانەی کە تێدا بڕیار لە سەر کەمکردنەوەی قوت و موچەی ھاوڵاتی دراوە و بەڵام ھیچ ھەڵوێستێکمان لێ نەبینی ، با بیکەینە شوێنێک بۆ خەڵکانی بێ دەرەتان و بێ کەس و لەسەر دیوارەکانی بنوسین ( ئەم پەرلەمانە بەھۆی پاوانخوازی حیزبی و شەخسیەوە سەرۆکە شەرعی و یاسایەکەی مافی چوونە ناوی نەبووە بۆ دووساڵ ) با لە مێژوو بنوسینەوە چەند کەسێک پەرلەمانیان داخست و سەرۆک و ئەندامەکانیان ڕەوانەی ماڵەوە کرد و کەسیش تا ئێستا دادگایی نەکراوە  وکەس لێپرسینەوەی لێ نەکراوە ، با بیگوازینەوە بۆ ھەر شوێنێکی تر بێت جگە لە ھەولێر و دھۆک با لە گوندێک بێت ، یا لە شارۆچەکە و یاخود لە پارێزگایەکی تر بێت . 
با بۆمێژوو لەسەر دیوارەکانی بنوسین چەند مناڵێک و بەڵتەجیەک  کە بە ئەنقەست و ئامانج و چاوترساندنی خەڵکی ئەندام پەرلەمانەکانیان لەژوورەوە بۆ ماوەی ٣کاتژمێر لە ژوورەوە ھێشتوەتەوە مەترسی گیانیان لەسەر بووە و کۆمەڵێکی چەکدار لە دەرەوە بھێنرێتە ناو پەرلەمان و دەست بکەن بە سوکایەتی کردن بە شکۆی میلەت و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان کە ھاوڵاتی دەنگیان پێداوە ، حەق وایە پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە پەرلەمانێک تا ئێستا لێپرسینەوەی لە کاربەدەست و تاوانبارانی ئەم ھەرێمە نەکردبێت ، نەیتوانیبێت بۆ تەنھا یەک جاریش بێت سەرۆکی ئەو ھەرێمە بھێنێتە پەرلەمان و لێپرسینەوەی لێ بکات  بۆ ھەڵوەشاندنەوە باشە نەک ناوی پەرلەمان بەڵکو ئەبێت ناوی وێرانەوە کەلاوەی لێبنێن  .
بەداخەوە لەماوەی ڕابردوو شکۆی شەخسێک لە سەروو ھەموو پرنسیپ و پیرۆزیەکانەوە بووە و دەیان و سەدان کەس شەھید کراون تەنھا لە سەرنوسینی دێڕێک و قسەیەک لە سەر ئەو شەخسانە .. 
یا پەرلەمان بگوازنەوە بۆشارێکی تر یا ھەڵیبوەشێننەوە یاخود ناوەکەی بگۆڕن ھیچ نەبێت لە بەر ڕێزگرتن لە ئینسانیەت و دیموکراسیی..
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1