وتار
سێ تێبینی کورت لەسەر دوا قسەکانی بارزانی
عەدنان عوسمان

ئازیز: قسەکانت راست نین
سەرەتا با ئەوە بڵێم کە من وەک زۆرێک لە ھاوڕێکانم زۆر ئیجابیانە سەیری وازھێنانەکەی بارزانی ناکەم، پێشم وانیە سەرەتای قۆناغێکیتر و کرانەوەی دەرگایەکی تر بێت. ھەست ئەکەم لەپەنجەرەوە دەرچونە، بۆ ئەوەی خۆی یا کوڕەکەی لەدەرگاوە بێنە ژورەوە. نزیکایەتیەکی زۆریش لە نێوان ئەم وازھێنانەو وازھێنانەکەی عەلی عەبدوڵا ساڵحی یەمەن ئەبینم. رادەستکردنی سەرجەم دەسەلاتەکانیشی" بەشێوەیەکی کاتی" بۆ پارتیەکان، ئاماژەیەکی مەترسیداری ئەوەیە. مەعلومیشە ئەم ھەنگاوەی تەنھا لە ترسی داوای یاسایی بەغداو ھەڕەشەی ئەمریکایە، نەک فشاری ھێزە ناوخۆییەکان. ئەمە با بۆ کاتێکی تر بێت.
بارزانی لە قسەکانیدا، سێ فاکتەر بە ھۆکاری ئەم دۆخە ئەزانێت، بێ ئەوەی ئاماژە بە شکستی دۆخەکە وەیا پرۆسەکە بکات. ئەو وەک ھەر سەرکردەیەکی تری گومڕاو خۆ بەزۆرزان، ئامادەی داننان بەو واقعەی نیەو ھێشتا لە نێو خەیاڵدانی خۆیدا ئەژی. ئەمە خاڵی کۆکەرەوەی زۆرێک لە سەرکردە شکستخواردوەکانی مێژوە.
فاکتەری یەکەم: خیانەتی نیشتمانی بوو: بارزانی لە ٢٠٠٥ تا ساتی وازھێنانی فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەبوە. ھەر شکستێک لەو بوارەوە بەتەنھا روبەڕوی ئەو ئەبێتەوە.
فاکتەری دوەم: ئەمریکاو ھاوپەیمانان( دیارە بارزانی دڵی نەھات یا روی نەھات باس لە رۆڵی تورکیا بکات، دوای ئەو ھەمو خزمەتەی پێشکەشی ئۆردۆغانی کرد). ئەم قسەیەی بارزانی ھەمان بیانوەکانی مەلا مستەفای باوکیەتی لە شکستی ١٩٧٥دا. پێ ئەچێت کوڕ ھیچ پەندی بەو مێژوە وەرنەگرتبێت. بەڵام ئەمریکاو ھاوپەیمانان بە رونی بە بارزانیان وت ئەم ریفراندۆمە کارەساتبارەو لە قازانجی ئێوە نیەو مەیکەن یا دوای بخەن. لەم قسەیە رۆشنتر ئەبێ چی ھەبێت؟ 
فاکتەری سێیەم: پابەند نەبونی عێراق بە شەراکەت و دەستورەوە. بارزانی یەکێکە لە بنیاتنەرانی ئەم عێراقە بە دەستورەکەیشیەوە. ئەو بەرپرسە باڵاکانی حزبەکەی ناردە بەغداو تا ئەم دواییە کاربەدەستی پلە بەرزی عێراق بون. ئەو لەھەمو ئەو بارگرژی و ئاڵۆزیەی لە نێوان ھەردولادا ھەیە بەرپرسیارە بەھەمان شێوەی عێراق. ئەو لە ئیدارەدانی ئەو مەلەفەدا بەتەواوی شکستی ھێنا. 
کورتەی قسە ئەوەیە بارزانی، وەک ئەوەی بەڵێنی دابو، لە بری ئەوەی بە رونی دان بەشکستی خۆی و دارودەستە فاشیلەکەیدا بھێنێت و خۆی بە بەرپرس بزانێت لەو کارەساتەی توشی گەلی کوردی کرد ، کەچی بە روحیەتێکی تێکشکاو و لێوێکی وشک و لەرزینەوە، سەرجەم شکستی خۆی خستە ئەستۆی ئەوانی تر، بێ ئەوەی دان بە خاڵێکی بچوکیشدا بنێت کە ئەو رابەرو سەرکردەی تاکلایەنی ئەم پرسە بوە لەدەست پێکردنیەوە تا شکستی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12