وتار
"مەرجەع"ێک بۆ پەیکەری سیاسی ئەو
نیاز عەبدوڵڵا

‌ تۆتالیتارەکان بەر لە خۆقایمکردنی بناغەییان لە رێگای دامەزراوەکانی حوکمڕانی، ھەوڵدەدەن پێداویستی دەروونی خەڵک بە خەیاڵ پڕ بکەنەوە، بە تایبەت خەیاڵی جەماوەری بێڕەگ و ریشە بە ئەزموونی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی. وەک ئەوەی جووت حیزبەکە (پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی) لە رێگای بانگەشەی ناسیۆنالیزمەوە کردیان بۆ بونیادنانی جیھانێک، کە لە واقعی سیاسیدا بەدیھێنانی نەخوازراو و ئەستەمە.‌ دروستکردنێک بە داڕشتنی ئایدۆلۆجیای بەیەکەوە گرێدراو، لە پێناو مێژووی شکۆیەکی نوێ و بە ئامانجی لە یادکردنی شکستی رابردوو. ئەمەش بە رەچاوکردنی ترساندنی فیزیکی و دەروونی لە ماوەی رابردوودا.
داتاشینی پەیکەری پێگەیەکی تازە لە لوتکەی ھەرەمی حوکمڕانی، مەکینەکانی پڕوپاگەندەی ئومێدی گەرم کردووە. لەو ئامرازانەی پڕووپاگەندە، کە بە پارە باڵانسی حەماسیان زیاد و پڕ دەکرێت.
‌ ئەو پەیکەرەی لە کەلاکی سیستەمە سیاسییەکە بۆ بارزانی بەناوی "مەرجەع" دروست دەکرێت، مەترسییەکی نوێییە. مەترسییەک بە تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان نا، بەڵکو بۆ رۆژھەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش.

‌بۆیە ستەمکار و دەست و پەیوەندەکەی، کە ھێشتا دانیان بە تاوانەکانی "شێت"ی سیاسی و دۆڕانی گەمە سیاسییەکانیان نەناوە، ھەنگاوی تەواوکاری بۆ بناغەکانی تۆتالیتارییەت لە کوردستان دەنێن.

‌ئەمەش، پشتبەستوو بە سوپایەکی جەماوەری کە ھێشتا شۆکی رووداوەکان بەرینەداوە و لە ژێرکاریگەری کۆیلایەتییەکی خوازراودایە. لەو جەماوەرە حیزبییەی شکۆ و کەرامەتی خۆیان لە ژێر سێبەری مانەوەی ھەرسێ بارزانییەکە لە دەسەڵاتەکان دەبینن و بارزانی باوک وەک فریادڕەس دەبینن لەو "مەرجەع" بوونە پێناسە فراوانەدا.

‌ئەو کە لە چیرۆکی پاڵەوانێتی نەتەوەیی و گەیاندنی کوردستان بە سەربەخۆیی تێکشکاوە، داتاشینی ناوێکی تر بە باڵای دەسەڵاتە سیاسییەکانی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێیە بۆ وێرانکاری لە کوردستان. 

‌ئەم ھەنگاوە وێرانکارییەشی لە کاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان تەنیا بە بەرجەستەکردنی بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراسی ئەم قۆناغە پڕ لە ھەرەس و تێکشکانە تێدەپەڕێنێت.

‌لەبەرئەوە ئەگەر ناچاریش تەنگەتاوی بکات بۆ بڕیارێکی سیاسی، بەڵام خۆی و حیزبەکەی دەستبەرداری ئەو مۆدیل و سیستەمە لە حوکمڕانی نابن کە لە پێناویدا تێکۆشاون.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1