وتار
شەڕی ناوخۆ چی بوو ؟ لە پێناو چی بوو ؟
تێکۆشەر حسێن

ئەگەرچی شەڕی ناوخۆ ڕەگ و ڕیشەی لە مێژینەی ھەیە ، ھەر لەسەرەتای قوڵ بونەوەی ناکۆکیەکان سەردەمی ملا مستەفا بارزانی و برایم احمد و تاڵەبانی و جیابونەوەی باڵی مکتبی سیاسی شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد ، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە و ناشیرن کردن و تخوین کردنی یەکتر بە عەمیلی وڵاتان و ھەوڵدان بۆ مۆرکردنی ڕێککەوتنی دژ بەیەکتر لەگەڵ ساواک و مۆساد و بەعس ھتد.... 

ئیدی وای لێھات دوای ڕاپەرین لە یەکەم ھەڵبژاردنیشدا نەیانتوانی ملکەچی بەرھەمی شۆڕش و خەباتی چەندین ساڵەیان و خوێنی شەھیدان بن ، نەیانتوانی ڕێز لە دیموکراسیەت و ھەڵبژاردن بگرن ، بەجۆرێک وای لێھات ئامانج لە شۆڕش لای ئەوان لە بری ئەوەی ئازادی گەل بێ ، کەچی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بوو .

ھەریەک لە تاڵەبانی و بارزانی پۆست و دەسەڵات و داھاتی گومارگ و خاڵە سنوریەکان و نەوت وایلێکردن جەنگی ناوخۆیی بەرپابکەن ، بەپێی ئامارێکی نافەرمی یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکیانەی بوە ئەنجامی بە کوشتدانی سی و شەش ھەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە ( گومرگی ابراھیم خلیل ) بوو ، کە بۆ یەکەم جار لە بەرواری ۲ ـ ٥ ـ ۱۹۹٤ یەکەم تەقە و زەنگی براکوژی لێدرا  ، بە پێی ڕاپۆرتی بریکاری CIA ڕۆبرت بێرت ئاماژەی پێداوە بە پەلکێشکردنی سوپای بێگانەی تورکیا و پاسدارانی ئێران بۆ ناو خاکی ھەرێم ، دوای چەندین ئاگربەست و کۆبونەوە و ڕێک نەکەوتن لەسەر داھات و خاڵە سنوریەکان شەڕەکە درێژەی کێشا ، ھەردوو لا لەڕێگەی بە قاچاغ بردنی داھاتی سروشتی بۆ ھەریەک لەدوو ووڵاتی تورکیا و ئێران و ھەرزان فرۆشکردنی  بۆئەوەی خۆیان پڕ چەک بکەن لە پێناو شەڕی ناوخۆیی دا .

ھەردوولا ھەڵسان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی بەندی ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دواتر کارگەیشتە ئەوەی گەورەترین خیانەت بکرێ ئەویش پەلکێش کردنی ھێزی گاردی نیشتمانی و بەعس و  تانک و زرێپۆشەکانی حکومەتی ڕژێمی پێشوی سەدام حسین بۆ ناو پایتەخت و پەرلەمان ،تا ئێستاش ئاسەواری شەڕی ناو خۆ و خیانەتەکان بەسەر ھاونیشتمنیان و خاک و پەرلەمان و دیموکراسیەتەوە بوونی ھەیە .

ئیدی امریکا ھاتە خەت بۆ ناوبژیوانی ئەوەبوو لە بەرواری ۱۷ ـ ایلولی ـ ۱۹۹٨ ڕێکەوتنامەیەک واژۆبکەن بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی امریکا (مادلین ئۆڵبرایت) لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی تاڵەبانی و بارزانی 
ھەرخۆشیان لە موئتەمەرێکی سەحافی دا تەوقەیان کرد و دواتر ھاتنەوە ووتیان  ئەوە ئێمە نین ناکۆکیمان ھەیە ، ئەوە  خەڵکە کێشەیان ھەیە و شەڕی براکوژی بەرپادەکەن !

دوای نزیکەی بیست ساڵ ئێستاش ئەمانە تەنھا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون چۆن داھاتی وڵات بەش بکەن لەنێوان خۆیان ، ئەگینا لەسەر ھیچ شتێ ڕێک نین ، تەنھا خاڵی ھاوبەش خیانەت و دزی و بەتاڵان بردنی داھاتی گەل و ھاونیشتمانیانە .

ئەوەتا لە دوایین ڕێککەوتنی ژێربەژێریان دۆزی کوردیان لە کروک گەڕاندەوە بۆ پێش ۲۰۰۳ و لە دوایین ڕێککەوتنیان لە ئەنجامی کەڵەکەبوی ھەڵەکانیان لە سیاسەتدا خریکی ئەوەن تەواوی خاڵە سنوریەکان بە ابراھیم خلیلیشەوە ڕادەستی دوژنەکانیان بکەنەوە کە تورکیا و عێراقن ، کەچی ساڵانێکی زۆر ڕۆڵەی خەڵکی بێنازی ئەم نیشتمانەیان دا بەکوشت و دایکیان جگەر سوتاو کرد.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1