وتار
لە رابون گەڕێن
عەدنان عوسمان

ئەوەی دەبێت بە پلەی یەکەم تیشکی بخرێتە سەر و قسەی لەسەر بکرێت، بۆچون و ھەڵس و کەوتەکانی کاک رابون نیە( کە لەگەڵ رەخنەکانیدام)، بەڵکو ئەو ھێرش و پەلاماردان و ئازاردانە نا ئینسانی و نا ئەخلاقیانەیە، کە لەلایەن ھێزێکی تایبەتی پارتیەوە لەنێو حەرەمی پەرلەماندا ئەنجام دراوە، ھەم دژ بە ئەو و ھەم دژ بەسەرجەم پەرلەمانتارانی ناڕازی. 
ئەمە دەبێت پرسە سەرەکی و پرسیارە ئەسڵیەکە بێت و چاوی ھەمومانی لەسەر بێت: چۆن رێگە بەو ھێزە دراو کێ ھێنای و چۆن دەرفەتی ئەو کارە قێزەونەیان پێ درا؟. چۆن لە پای ھەندێک رەخنە، پارتیەکان ئەو مافە بە خۆیان ئەدەن پەرلەمانتار کوتەک زەنی بکەن؟ ئەمە چ رەفتار و ئاکارێکە؟ ج عەقڵیەتێکە کە دەیەوێت برینی کۆمەڵگا ساڕێژبکاتەوە؟
دەبێت لە پارتی بپرسین بۆ ساڵانێکی دورودرێژە ئەو ھێزە تایبەتەتان لە پەرلەمان جێگیر کردوە؟ بۆ پەرلەمانتان داگیرکردوە؟ کێ ئەو مافەی پێداون ھەر کات پێتان باش بێت دەرگای بکەنەوەو کەی لەبەرژەوەندیتان نەبو دایبخەن؟؟ ئەم پرسانە دەبێت لەلایەن حزب و کۆمەڵی مەدەنی و خودی پەرلەمانتارانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگا، پێش ھەر ھەنگاوێکی نوێ لەگەل پارتیدا، دەبێت سەرجەم ئەو پرسە جدی و ھەستیارانە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە عەسکەرتاری و نادیموکراتی و ئاژاوەگێڕیە یەکلا بکاتەوە. 
ھەولێر و دامودەزگاکانی ھەرێم و بەتایبەت پەرلەمان یا دەبێت موڵکی ھەموان بێت، یانابێ وەک بارمتە کاری تیا بکرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12