وتار
دیوی دەرەوەی ژوری تەعزیبەکەی رابون
بێستون فایەق

ئەوەی کاک رابون مەعروف لەبەرنامەی تاوتوێ ی ئێن ئارتی باسی کرد تەنھا روداوەکانی نێو ژورەکەی جێگری سەرۆکی پارلەمان بو، رابون مەعروف ئاگاداری روداوەکانی دەرەوەی ژورەکە نەبوە ، ئەوەشی دەوترێ پارلەمانتارن رابونیان بەجێھێشتوە بنەمایەکی نیە چونکە پارلەمانتاران ھەموو لە نێو پارلەماندا حەسر بون و رابون مەعروف پێش ھەموو پارلەمانتاران برایە دەرەوەی پارلەمان . 
روداوەکان ‌دوای کۆتایی ھاتنی دانیشتنی پارلەمان زیاتر گەرم بون و داوا کرا ھیچ ئەندامێکی پارلەمان نەچێتە دەرەوەی پارلەمان و لە ژورو ھۆڵەکانی فراکسیۆن بمێننەوە دیارە کاک رابون ئەوکاتە چوبوە ژورەکانی سەرۆکایەتی و ئێمەش بۆ فراکسیۆن .
دوای ئەوەی خەڵکەکە داخڵی حەوشەی پارلەمان بون وبەشێکیان چەکداری مەدەنی بون ئێمە لە فراکسیۆن دەستبەجێ کەوتینە سۆراخی کاک رابون ، من و کاک مەحمود بیکەیسی ‌چوینە نھۆمی سەرۆکایەتی (دوای دو ساڵ یەکەمجارە دەچمە ژوری کاک جەعفەر ) کە ئیمە چوین لە ژورەکەی جێگری سەرۆکی پارلەمان جگە لە رابون مەعروف و چەند کەناڵێکی راگەیاندن خاتو بێگەرد تاڵەبانی ماموستا مەروان گەڵاڵی سۆران عومەر بەگشتی زیاتر لە دە ئەندامی پارلەمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان دانیشتبون و چوار دەوری ژورەکە بە پاسەوانەکانی جێگرو سکرتێری پارلەمان و پۆلیسەکانی پاسەوانی پارلەمان تەنرابون واتە پارێزراو ترین شوێنی پارلەمان لەو کاتەدا ئەو ژورە بو خۆشی وتی باشم بۆیە من وکاک مەحمود گەراینەوە ژورەکانی خۆمان و ئەوانی تر مانەوە ئێمەش دڵنیابوینەوە لە پارێزراوی شوێنی کاک رابون ، بەڵام دیار بوو کە پێشتر لێی دراوە و خوار چاوی برین بو . 
دوای ماوەیەک ھەمووئەو نھۆمەی سەرۆکایەتی کە ژوری جێگری سەرۆکی پارلەمانی تێدایە واتە شوێنەکەی رابون پڕ پڕ بون لە چەکدارو پاسەوانی جۆراو جۆر و نەناسراو ، ئێمە لە ھۆڵەکانی نھۆمی سەرو تر بوین بێگەر تاڵەبانی و جەعفەر ئیمنکی ھاتنە سەرەوە ، جەعفەر ئیمنکی چوە فراکسیۆنی پارتی و بێگەرد تاڵەبانیش بۆ لای ئێمە کە ئەوکاتە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی بوین ، بێگەر تاڵەبانی بە چاوی گریانەوە بە منی وت وەزعی رابون باش نیە من وتم چی بکەین و چیمان پێ دەکرێ وتی لێرە کەسمان ھیچمان پێ ناکرێ ، دیاربوو ئەوانەی ئەو کاتە لە ژورەکەی جێگری سەرۆکی پارلەمان بون بە جەعفەرئیمنکی و بێگەرد تاڵەبانی و ئەوانەی تریشەوە ھێزە تایبەتەکە دەری کردبون ، دیسان لەگەل کاک مەحمود بیکەیسی ویستمان بچینەوە نھۆمی خوارەوە بۆ ھەواڵی کاک رابون بەڵام ئاسان نەبوو بە تەواوی ھۆڵ و رێرەوەکە پڕ بو لە چەکدارو خەڵکی نەناسراو ، لەو سەروبەندەدا سیداد بارزانی و چەند سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیەکی پارتی کە ھاتبونە پارلەمان چونە فرکسیۆنی پارتی ئێمەش لە فراکسیۆنی یەکێتی لەگەل ھاوڕێیانی فراکسیۆنی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو چەند ئەندامێکی تر لە مشاوەرەی ھەواڵی کاک رابوندا بوین سیداد بارزانی و ھاوەڵەکانی ھاتنە ئەو ژورەی ئێمەو نزیکەی دە دەقە مانەوە ( نەک یەک سەعات )، ئەوان دەیانویست بڵین ئێوە خەمتان نەبێ روداوەکە بەرەو کۆتایی دەچێ بەڵام یەکەم قسەی فراکسیۆن و پارلەمانتارانی ئەو دانیشتنە پاراستنی گیانی رابون بوو، سیداد وتی ( ئەو کەسە ھیچ کیشەی نیە و سەلامەتە ) دواتریش تا دڵنیابوین کە رابون بە سەلامەتی براوەتە دەرەوە ھیچ پارلەمانتارێک پارلەمانی جێنەھێشت .
ھەرچەند کاک رابون پشتی کردە گۆڕان بەڵام پارلەمانتاران وبزوتنەوەی گۆڕان لەو روداوانەی پارلەماندا یەک دەقە پشتمان نەکردە کاک رابون مەعروف . 
ئەم چەند دێڕە بەشێکی کەمە لە روداوەکانی ٢٩ / ١٠ ی پارلەمان , بێ رێزی بە شکۆی دامەزراوەی پارلەمان و نوێنەرانی خەڵک نوسین و قسەی زۆر ھەڵدەگرێ و ھەڵوێست و کاردانەوەی گەورەو کتوپڕی پێویستە . 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1