وتار
ھێرش بۆ سەردەزگاکانی ڕاگەیاندن
پارێزەر: لوقمان مصطفی

ھێرشکردنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن،لەدوو حاڵەت تێپەڕناکات،یەکەمیان ئەگەر بە شێوەیەکی (عفوی) بێت ئەوە نیشانەی گەلێکی نا ووشیاردەردەخات  پێویستە سەرلە نوێ تاکەکانی ئەو
کۆمەڵگایەپەروەردەبکرێنەوە.دوەمیان ئەگەر بەفیتی لایەنە سیاسیەکان بێت وبە پیلان وبەرنامە بۆ داڕێژراوبێت،ئەوە خراپترین و مەترسیدارترین جۆری توندووتیژیە بەرانبەربە ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی گشتی،چونکە ئەم کارە قیزەونانە لەگەڵ  بنەماکانی دیموکراسی ومافی مرۆڤدا نەک نایاتەوە بەڵکو نیشانەی پرسیار لەسەر کۆی ئەزمونەکە دادەنێت کە زیاد لە ٢٦ساڵە لە پەیڕەوو پڕۆگرامی حیزبەکانیاندا لاف وگەزافی پێوە لێدەدرێت.ھەروەک زانراوە لەھەر حکومەت و ووڵاتێکدا، لەلایەن سێ دەسەڵاتەوە  ووڵات بە ڕێوەدەبرێت، کەبریتیە لەدەسەڵاتەکانی (دادوەری، یاسادانان، جێبەجێکردن) لەدوای ئەوانەش دەسەڵاتێکی تر ھەیە پێی دەوترێ دەسەڵاتی چوارەم کە مەبەست لەمەیان دامەزراوەکانی راگەیاندنە بەھەمووجۆرەکانییەوە واتە بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەم دەسەڵاتەیان رۆڵی چاودێری کردن دەبینێ بەسەر ھەرسێ دەسەڵاتەکەی تری سیستەمی فرمان رەوای وڵات و پەنجە لەسەر کەموکوڕییەکان دادەنێت و ھەندێک جاریش بۆڕاستکردنەوەی ھەڵەکانیان بەرسیخورمەیان دەدات وھەڵەکانیان بۆ راستدەکاتەوە.زۆر جار ئەم دەسەڵاتە دەکەوێتە ژێر فشاروھەرەشەی جۆراوجۆرەوە تائاستی کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان وھێرش کردنە سەر کەناڵەئاسمانیەکان وھەرەشەی داخستن لەچەندین رۆژنامەو گۆڤارەکانیان دەکرێت.
ئەم ھێرشانە بە شێوەیەکە کە سەرجەم پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تێپەڕاندوەو ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەزگاکانی راگەیاندنی بەتایبەت میدیای بێ ئازاد دەکرێت جیاوازە لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە پێشێلکاریی بەرامبەر بە دەسەڵاتی چوارەم دەکرێت لەجیھاندا، بەو پێودانگەی کوشتنی رۆژنامەنوسان لە دونیادا لەکاتی جەنگ و روماڵکردنی پشێوییەکان دایە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان پیلان بۆ دارێژراوە و بە پاڵپشتیی بەرپرسانی سیاسیی وبە فیتی دوژمنانی دەرەکی دەکرێت،ئەم ھیرشە نارەوایانەش تەنھا لە بەرامبەر نوکی قەڵەمەکەیان یاخود کارکردنیانە لەدەزگایەکی راگەیاند،بەو ھۆیەوە دەکەونە بەر ھێرش وپەلەماردان وسوکایەتیان پێ دەکرێت،یاخود تیرۆردەکرێن و دەکوژرێن.
کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان لە وڵاتانی دونیادا پەیوەستە بە شوێنی کاری رۆژنامەنوسان و ئەو بارودۆخە ئەمنییەی کاری تێدا دەکات ھەربۆیە زۆربەی کوشتنەکان لە کاتی تەقینەوە و شەڕو پێکدادانەکاندا بوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کەیسی کوشتنی رۆژنامەنوسان بەھۆی پیشەکەیان و بابەتی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و بەرپرسان دەکوژرێن. لە ماوەی ساڵانی رابردودا چەندین رۆژنامەنوس بەھۆی پیشەکەیان و لەبەرامبەر کاری رۆژنامەنوسییاندا کوژراون وکەیسەکەشیان دیزە بەدەرخۆنە کراوە.
بەرپرسان وسەڵاتی سیاسی بە فشارخستنەسەر دادگاو دام ودەزگا تایبەتمەندەکان، کەیسەکەیان بە لاڕێدا بردوە و یاخود سیناریۆیان بۆ داڕشتوە لەبەرئەوەی کەیسەکان کەیسی کوشتنی ئاسایی نەبون و دەستی بەرپرسانی حیزبیان لەپشتەوە بوە. سەرجەمی کەیسی کوشتنی ئاسایی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاشکراکراون و تاوانبارانیان دەستگیرکراوە بەڵام کەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسان بە لاڕێدا براون و تاوانباری سەرەکی نەدۆزراونەتەوە،یاخود چاوپۆشی لێکراوەویان شاردراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢وەوە تاکو ئێستا پێنج یاسای لە بواری چاپەمەنی و رۆژنامەگەری دەرکردووە کە بریتین لە یاسای چاپەمەنی ھەرێمی کوردستانی عێراق _ ژمارە (١٠) ی ساڵی ١٩٩٣ و یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانی عێراق _ ژمارە (٤) ی ساڵی ١٩٩٨ و یاسای بڵاو کردنەوە لە رۆژنامەی رەسمیدا (وەقایعی کوردستان )_ ژمارە (٤)ی ساڵی ١٩٩٩ و یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی کوردستان –عێراق _ ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٠١ و یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان _ژمارە (٣٥) ی ساڵی ٢٠٠٧ ، دەرکرد.ئەم یاسایانەش لە ماوەی رابردوودا گوزارشت لەوە دەکەن کە پەرلەمان بە بایەخ و گرنگیەوە رووانیویەتی لە رۆژنامەو ئازادی رادەربرین ، کە بێگومان بەھۆی ئەو یاسایانەوە ھەرێمی کورستان گەشەیەکی زیاتری کردووە لە بواری رۆژنامەگەری و ئازادی رۆژنامەگەریدا.
ھەروەھا جاڕیی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ماددە / ١٩ کە تیایدا ھاتووە : (( ھەموو کەسێک مافی ئازادیی بیروڕاو ڕادەربڕینی ھەیە ، ئەم مافەش ھەڵگرتنی بیروڕا بەبێ خۆتێکەڵکردنی کەسێکی دیکەو وەرگرتنی ھەواڵ و بیروباوەڕو بڵاوکردنەوەیان بەھەرشێوەیەک و بێ خۆبەستنەوە بە سنوری جوگرافی دەگرێتەوە )) جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس ، ١٩٩٠ ل ٧٥ ، و ھەروەھا سەیری ماددە / ١٩ ی بەڵێنی نێودەوڵەتیی مافە شارستانێتی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ بکە کە تیایدا ھاتووە : (( ١- ھەموو کەس مافی ڕاوەرگرتنی ھەیە بێ دەستێوەردان .
٢-  ھەمووکەس مافی ئازادیی دەربڕینی ھەیەو ئەم مافە ئازادیی تۆژینەوە لە زانیاری و ھزری ھەربابەتێک بێت و وەرگرتن و گواستنەوەی بێ گوێدانە سنوور و ئەویش بە زاربێت یان بە نووسین یان بە چاپکردن سائیتر لە قاڵبێکی ھونەریدا بێ یان بەھەر شێوازێکیتر کە خۆی پەسندی بکات …..))
کەچی رۆژانە بێ گوێدانە بە بەھا ئەخلاقی ومرۆڤایەتیەکان،بەئاشکرا پێشێلی ئەم یاسایانە دەکرێت،خاوەن قەڵەمە بوێرەکان تیرۆر دەکرێن وھێرش دەکرێتەسەردەزگا میدیاییە ئازادەکان.
ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتانە وتیرۆر کردنی دەسەڵاتی چوارەم،بە ھەموو پێوەدانگێک نامۆیە بەو بانگەشە دیموکراسیەی کە حکومەتی ھەرێم رٶژانە وەک ئەزمونێکی ناوازە دەیدات بە گوێچکەمانە.!
بەردەوام بوون لەسەرئەم رەوشت وکردارە،ڕاو بۆچوونیرێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ورێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وئەو وڵاتانەی خۆیان بەدۆستی میللەتی کورد دەزانن، دەگۆرێت و نیشانەی پرسیار دەخەنە سەر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم و کۆی ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی لەھەرێمی کوردستان.
بۆیە دەبێت،حکومەت ودەسەڵاتی سیاسی لەھەرێم، بە ئاگا بێنەوە،یان ھەنگاو بۆسەروەر بونی یاساو بەرجەستە کردنی دیموکراسی وپاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان بنێن،یان گەڕانەوە بۆچوارگۆشەی یەکەم ودیکتاتۆریەت ویاساکانی جەنگڵستان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123