وتار
ئێمە لە کام پۆلێنی وڵاتانی جیھانین ؟
تێکۆشەر حسێن

بۆچی بەلامانەوە عەیبە بێ ‌ئێمەش ھاوشێوەی گەلانی جیھان پێ بنێینە نێو قۆناغێک کە سەردەمی عەقڵیەتی بیرکردنەوەیەکی تەندروست و زێڕین بێ بۆ ئیدارەدانی وڵات و حوکمڕانیەتێکی تەندروست لە بنەبڕکردنی گەندەڵی سیاسی و ئیداری ؟

ئەگەرچی پۆلێن کردنی کابینەی سەرکەوتو و فەشەلی حوکمڕانیەت و ئیدارەدانێکی چەوت  پەنجە خستنە سەر خاڵی لاواز و فەشەلی ئیداری و سیاسی فاشل بۆ ھەر وڵاتێک  ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ۱۹۹۳ بۆ ۲۰۰۱ ی سەردەمی حوکمڕانی و سەرۆکایەتی ( بێل کڵینتن ) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی امریکا ، بەگوێرەی دەستوەردانی وڵاتەکەیان بۆ ھەریەک لە وڵاتانی (  افغانستان و حکومەتی تاڵیبان و سۆماڵ ھتد....) ڕێژەی سەرکەوتن و حوکمڕانیەتی وڵاتەکەیان دیاری کرد تۆمارکرد بۆ گەلی امریکا.

لەم ساڵانەی ئەخیریشدا بە دیاریکراوی ساڵی ۲۰۱٤ بوو کۆمەڵێک تێز و لێکۆڵینەوە پێشکەشکران لە پۆلێنکردنی وڵاتانی تەندروست لە حوکمڕانیەت و ئیدارەدان و تێوەگلان لە گەندەڵی ئیداری و سیاسی و ئابوریدا  زیاد لە ۱۷٨  وڵاتدا ۱۲ پێوەر کران بە پێودانگ بۆ ھەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئیدارەی سەرکەوتو و فەشەلی حوکمڕانی ، لەسەروی ھەموو شتێ دەستور و سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و گەشەی مرۆیی و بوارەکانی پەروەردە و پەیوەندیەکانی دەرەوە بون .

بەگوێرەی لێکۆڵینەکان و  ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئەتوانین بە خاڵ تیشک بخەینە سەر ھەندێک لە فەشەلی ئیدارەداندا :

ـ نەبونی دەسەڵاتێکی کارا و گشتگیر 
ـ لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان لە وڵاتدا
ـ لە دەستدانی تواناکانی دەسەڵات لە خزمەتگوزاری گشتی 
ـ لە دەستدانی پەیوەندی کارا لەگەڵ دنیای دەرەوە  بۆ بەرژەوەندی گشتی وڵات

لەگەڵ ھەموو ئەمانەش دا ھەندێک ئاماژەی کۆمەڵایەتی تر ھەن کە پەیوەندی بە دیمۆگرافیای خودی وڵاتەکەوە ھەیە لە زیادبونی دانیشتوان ، ھەروەھا نەبونی پلان و ئابوریەکی سەربەخۆ و نەمانی دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و بەرزبونەوەی ڕێژەی ھەژاری و بێ کاری لە وڵاتدا .

ھەروەھا لە لایەنی سیاسی دا ھەرکاتێ وڵات شەرعیەتی یاسایی لە دەستدا لە دام و دەزگای سەرەکی و یاسا پێشێل کرا بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ بۆ ھەر یەک لە دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری ، ئیدی بە گوێرەی پێوەری ڕاپۆرتە نێو دەوڵەتیەکان بێ لە ۲٦ ساڵی سەقەتی حوکڕانیەتی سەرکردایەتی سیاسی کوردی بۆ ئەم ھەرێمەی خۆمان بە کام پێودانگ بێ بمانەوێ ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین فەشەلی ئەو حوکمڕانیەتەمان بۆ بەدەر دەکەوێ بۆ ھەموو سێکتەرەکانی ژیان ھەر لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە و کارەبا و خزمەتگوزاری ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و کێشەی نیشتەجێ بوون و بەرز بونەوەی ڕێژەی بێ کاری و دامەزراندن و نەبونی بیمەی کۆمەڵایەتی و بێکاری کە ئەمانە ھەموو مافێکی سەرەتایین بۆ ھەر تاکێک و ھاونیشتمانیان  و  سیستمی سیاسی بۆ وڵات و داڕمانی ئابوری و نەبونی سوپایەکی نیشتمانی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشەرگە و نا دادی کۆمەڵایەتی ، کەچی لەگەڵ ئەوەشا  خاوەنی سەرمایەیەکی سروشتی بێشومارین لە داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوری و کێڵگە نەوتیەکان ، بەڵام لە بەر ئەوەی خاوەنی قیادەیەکی پسپۆڕ لە کەسانی گەندەڵ و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی وڵات و عەقڵ دۆگما و نەخوێندەوارین لە حوکمڕانیەت ! بۆیە لەدوای دواوەین ، پێویست بەوە دەکات کەسانی تەنکنۆکرات بێن ئەم حکومەتەی خۆمان لە ڕەگ و ڕیشەوە ھەڵتەکێنن و سەرلەنو دایبڕێژنەوە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1