وتار
ئایا ئێران-تورکیا ئەتوانن بەڕەکە لە ژێر پێی ئەمریکا دەربێنن؟ نەخێر، چۆن!؟
شه‌ريف هه‌ژارى

-

ئەمریکا دانی بۆ ئێران دا کردووە بۆ ئەوەی کەڵەگایی خۆی زیاتر و زۆرتر بکات (چۆن پێشتر بۆ سەدامی داکرد). 
-
ئێستا حەشدی شەعبی بە بەرچاوی دونیاوە (ژن، منال، گەنج، پیر و رۆژنامەنوس) سەرەبڕن! ھەروەھا بە چەکی ئەمریکیی و تانکی ئەبرامزی ئەمریکییەوە ھێرش دەکەن! 
-
لەم کارانەدا تورکیاش (ناڕاستەوخۆ) گلۆپی سەوزی بۆ حەشد-پاسداران ھەڵ کردووە، تورکیاش سێ ئامانجی ھەیە:
-
١-کەرکوک-دوزخورماتو بکەوێتەوە دەست تورکمانەکان. دیارە مادەم تورکیا لەگەڵ ئێران بەنھێنیی ڕێکەوتووە، کەواتە ئەکەوێتە ژێر دەست تورکمانە-شیعەکانەوە. چونکە لە دانوستانی ھەردوکیان دا ئەگونجێ تورکمان بە ھەژمونی تورکیا زانرابێ و، شیعەبونەکەشیان بە ھەژمونی ئێران، بۆیە لای ئەوان گرنگ ئەوەیە: لە دەستی کورددا دەری بکەن!
-
٢-تورکیا ئەیەوێت بەو پیلانگێڕییەی لەگەل ئێران، دامەزراندنی دەولەتی کوردی سفر بکەنەوە، پێموایە ناتوانن سفری بکەنەوە، بەلام توانیان دوای بخەن!
-
٣-دەبێت ئێرانیش ڕێگا بدا و پشتیوانی تورکیاش بکات لەوەی کە تورکیا ھێرش بکاتەسەر دەسەلاتی ئۆتۆنۆمی خۆراوا. ئەمرۆش (عەلی ئەکبەر ویلایەتی) گەورەترین ڕاوێژکاری خامنەیی بە ڕونی ئاماژەی بەھێرشکردنە سەر خۆراوای کوردستان دا لەگەڵ ھاوپەیمانانی ئێران. ئەردۆگانیش ھەر ئەمرۆ ھەمان شتی وت! 
-
ئێستا ڕونە پیلانەکە ڕاماڵینی دەسەلاتی کوردە بەگشتیی! ھەمان ئەو بابەتەی کە ھەفتەیەک پێش ڕیفراندۆم ئەگەرەکانیم خستەڕو و، لە ئەگەری سێیەم دا نوسیبوم: (ئەگەری ھەیە ئەمریکا دان بۆ ئێران داکات، تا خوێن ھەڵ دەستێ، کورد خوێنی زۆر دەدا، بەلام ستراتیژ بۆ کوردە و ئەمریکا ئەیەوێت بیانوی تەواوی بەدەستەوە بێت!).
-
کەوابو، پرسیارەکەمەوە: ئایا ئێران-تورکیا ئەتوانن بەڕەکە لە ژێر پێی ئەمریکا دەربێنن؟ نەخێر، چۆن!؟
-
ڕاستە لەم ماوەیەدا ئەمریکا بێ-دەنگی ھەڵبژاردووە (بێ-دەنگی بەناڕاستەوخۆ بەمانای گلۆپی سەوز ھەڵکردن دێت بۆ ئێران لە گرتنی کەرکوک-دوز-شنگال-خانەقین). لەولاشەوە ئێران سواری ئەسپە شێتەکەی بووە و ، ڕێک و ڕاست ئەیەوێت شاری ڕەقە بگرێت کە تازە لە ‌لایەن ھاوپەیمانەکانی ئەمریکاوە ڕزگارکراوە! 
واتە ئەمریکا لەوەشیان دا ھەر بێ دەنگە! بەلام پێموایە:‌ ھەمو ئەم ڕوداوانە بۆ ئەوەیە ئەمریکا بەتەواوی تاوانە جەنگییەکانی ئێران و دەستێوەردانەکانی پیشانی کۆمەڵگای نێو-دەوڵەتی بدات! بەتایبەت لە پاکتاوی سوننە و کورد دا و بیانوی باشی بەدەستەوە بێت. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونەشم ئەم خالانە دەخەمەڕو:
-
١-ئەمریکا بێ-دەنگ بو لە ھێرشی ئێران بۆسەر (کەرکوک-خانەقین-دوز-شنگال-مەخمور)، ھەتا ئێستاش ئەمریکا بەرانبەر بە تاوانە مرۆڤایەتیەکان کە بەرانبەر سونە و کورد و مەسیحی ئەو ناوچانە دەکرێت، ھەر بێ-دەنگە! ھەر ئەمریکاش تائێستا کاردانەوەی بۆ قسەکانی ئەردۆگان و عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەرنەبڕیوە لە ھێرشیان بۆ سەر ناوچە جێ-نفوزەکانی ئەمریکا لە سوریا.
-
٢-ھەر ئەم ماوەیە ئەمریکا پاسدارانی خستە لیستی ڕەشەوە! ئەمەش بەمانای ڕەوایەتی دان دێت بۆ لێدانیان لە داھاتوودا! ھەروەھا چەندین کۆمپانیا و کەسانی سیاسیی ئێران و زانکۆی پەروەردەیی سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕەشەوە. 
-
٣-دوێنێش دەزگای (سی،ئای، ئەی) ڕایگەیاند کە (نۆزدە) بەڵگەی نھێنیی لەسەر ھەبونی پەیوەندی ئێران و قاعیدە بڵاودەکاتەوە، کە ئێران ھانی قاعیدەی داوە ھێرش بکەنەسەر شوێنگەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بەتایبەت لە ناو سعودیە دا! ئەمەش دیسانەوە سەلماندییەوە کە ئەمریکا بۆ داھاتوو شتێکی بەدەستەوەیە! ئەگینا بۆچی چەندین ساڵە ئەم بەڵگانەی بڵاونەکردۆتەوە!؟
-
٤-چونی پۆتن بۆ ئێران، بۆ ئەوەیە کە ئەکرێ ڕوسیا ترسی لە ئەمریکا ھەبێت کە شەڕبخاتە ناو ئێرانەوە یاخود ئەجێندا دەرەکیەکانی ئێران بپڕوکێنێت! بەڵام لەگەڵیشی دا ھاوتا ئیسرائیلییەکەی ڕۆشتە بەریتانیا و، ئەمڕۆ بە ‌توندی لەسەر داھاتوی ڕژێمی ئێران ھۆشداری دا. ھەروەھا ھەر ئیسرائیلیش دوێنێ چەندین گورزی لە حیزبوڵای ئێران و ئەسەد وەشاند بۆ ئەوەی شەڕ ھەڵگیرسێت. ھەرچەندە ئێران-حیزبوڵا-ئەسەد نەیانوێرا. بەڵام دۆخەکە تا دێت زیاتر و زۆرتر توند دەبێت، کە ئێستاش پێموایە: ئەگەری سێیەمی بابەتەکەی دوو مانگ پێش ئێستام دێتەدی و، خوێن ناوچەکە دادەپۆشێت!
-
٥-کۆنگرێسی ئەمریکا ھەندێ مشتومڕی لەسەر ستراتیژی نوێی ترامپ دژی ئێران بڵاوکردەوە، کە ستراتیژەکە بریتییە لە:‌ ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران لە داھاتوودا، بڕگەیەکی ستراتیژەکەش: ھاوکاری کردنی ھێزە دژبەرەکانی ڕژێمی ئێستای ئێرانە!!
-

کەوابو، تێفکرینی سیاسیی-ستراتیژیم وایە: لە پشت ھەڵپەکانی ئێرانەو،ە ئەمریکا ڕێی بۆ خۆش دەکات (وەک چۆن ڕێی بۆ سەدام خۆش کرد بۆ داگیرکردنی کوێت و، دواتر کەمەری ڕژێمەکەی سەدامی شکاند!!). 

-

دەبێت کورد چی بکات!؟ 

پێموایە یەکڕیزی لە ئێستادا بۆ کورد لە (ھەناسەدان) پێویستترە. بەڵام ئەگەر ھەر یەکڕیز نەبون و، ھندێ لە حیزبەکان ھەر بەرەی ئێرانیان ھەڵبژارد و (پەکەکەش لەم خیانەتەی ئێران لە خۆراوا، ھەر ھوشیار نەبوویەوە!) ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا مەسعود بەرزانی ئەتوانێ ھاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە!؟
-
دۆخەکە لە ڕوی دارایی و زروفی خەڵکی کوردستانەوە خراپترینە. چونکە نە موچە ئەدرێ و نە خەلکیش پاشەکەوتێکی ئەوتۆی ماوە، ناڕەزایەتیەکانیش ھێندە توندن دایکی شەھید ئاوات بە حوکمی سەدام بخوات!
-
لەم دۆخەدا سەرکردە دەبێت خۆی بسەلمێنێ. واتە کاتێک کە خۆشگوزەرانی بوو، کورد ھەزاران سەرکردەی ھەبوو! بە ھەزاران تاقمە مۆنیکایان دوای خۆیان و وەرەسەکانیان دەخست، تەنانەت ھێندەی بەناو سەرکردە زۆرن، شار نیە لە کوردستان دا زیاد لە سەد سەرکردەی حیزبەکانی تێدا نەبێت!
-
ھەندێ جار لە دۆخێکی ئاوھادا کە کوردستان ھێرشی کراوەتەسەر و لە %٥١ ی خاکەکەی داگیرکراوە، خستنەڕوی زۆر وردکاریی و قسەکردن لەسەر گەندەڵیی، ئەکرێ قازانجی بۆ داگیرکەریش ھەبێ! بۆیە ھەمو نوسەر و لێکۆڵەرێک پێویستە بەوریاییەوە (لەم ساتە ھەستیارانەدا) ھاوسەنگی ڕاگرێت!
ھەرچەندە پێموایە: لە %٩٥ ی نوسەر و رۆژنامەنوس و وێبسایتەکانی زۆنی سلێمانی بە قازانجی ئێران ئەنوسن (کە لەم ساتەدا ھاوتەریبە لەگەل بەرژەوەندیەکانی تورکیاش دا چونکە ئێران-تورکیا ڕێکەوتنی نھێنیان بۆ ڕاماڵینی دەسەلاتی باشور و خۆراوای کوردستان ھەیە). 

ئەم قەلەم بەدەستانە تێفکرینیان نیە یان نایەنەوێت گوێ بدەن بەوەی کە:‌ ئێستا دۆخەکە زۆر ترسناکە و، ڕووەو ترسناکترین ھەنگاو دەنێت!!
-
وەک ئاماژەی بۆ کرا: لە دۆخە زۆر ھەستیارەکان دا، زۆر کەمن ئەو سەرکردانەی خۆیان دەسەلمێنن بۆ گەلەکانیان! 
ترسناکترین دۆخ کە بەسەر دەسەلاتی گەلێک دا ھاتبێت لەم دەوروبەرەی خۆمان دا، دۆخی دەسەلاتی تورکە عوسمانیەکان بوو لە کۆتاییەکانی جەنگی یەکەمی جیھانیی دا. بەجۆرێ لە ھەمو بەرەکانی شەڕ پڕوکابوون. ھێزەکانی یۆنان و ئینگلیز ڕۆشتبونە ناو (قوستەنتنیەی پایتەختەوە: ئیسلام پول: ئیستەنبولی ئەمڕۆ). 
-
ھێزەکانی عوسمانی زۆر خراپ ھەڵوەری بوون، ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئینگلیز زۆر گومڕاو و غرور بوو بوون! 
-
نەتەوەی تورک ھەمو ھیوا و ئومێدێکیان لەدەست دابوو. چونکە عوسمانیەکان زۆرینەی ناوچەکانیان بە پایتەختیشەوە (کە ئەوکات ئیستەنبولی ئەمرۆ بوو) لەدەست دابوو. بەتەواوی قاتوقڕیی و کوشت و کوشتار چەندان ملیۆنی تێ پەڕاندبوو.
-
تورکەکان ترسی تۆڵەکردنەوەیان ھەبو کە لە لایەن (کوردەکان و ئەرمەنەکان و گریکەکان و عەرەبەکان) لێیان بکرێتەوە! خەلیفەی تورکیی عوسمانیش دانی بە دەسەلاتی ئینگلیز-گریک دا نابوو!
-
بەلام لە پڕ، ئەفسەرێک چەند تیپێکی سوپای لە ئەنادۆڵەوە ڕێکخستەوە و کەوتە بانگێشتکردن و سەردان کردنی ناوچەکان و، سەرەتا دروشمی: (برایەتیی نێوان کورد و تورکی) ھەڵبژارد!
-
لەو دروشمەدا زۆر زیرەک بوو چونکە تێفکرینی وابوو: بەو شێوەیە دەتوانێت کوردەکان فریو بدات (تەنانەت ھەندێ سەرچاوە ئەڵێن: بە جلی کوردیشەوە سەردانی شێخ عبالقادری نەھری کردوە و، ئینجا فریوی داوە بەوەی پێویستە ھێزەکانی کورد شەڕ بۆ تورک و ڕزگاری خەلافەت بکەن!).
-
ئەو ئەفسەرە کە پلەوپایەی لە چاو گەورە بەرپرسانی عوسمانیەکان دا زۆر لە خوار بوو، (کەمال ئەتاتورک) بوو. 
-
بەلام توانی لە ترسناکترین دۆخ دا خۆی بسەلمێنێ و، پێکەوە لەگەل کوردەکان ناوچە بە دوای ناوچەی ڕزگار بکاتەوە تا گەشتە (ئەنقەرە: ئانکارە)ی ئەمڕۆ. لەوێ جاڕی دەسەلاتێکی دا و ئانکارای کردە پایتەخت! 
-
پاشتریش توانی بە پەیمان بەستن لەگەل روس (بەھۆی شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ەوە لینین بانگەوازی کشانەوەی ڕوسیای لە جەنگی یەکەمی جیھانی ڕاگەیاند!)فراوانخوازیەکانی خۆی زیاد کرد. 
-
بۆیە کەمال ئەتاتورک توانی بە بەکارھێنانی زۆر دیسپلین و فێڵەوە (قوستەنتنیەی گریکەکان: ئیستەنبولی ئەمرۆ) بگرێت و، نزیکەی ملیۆن و نیوێکی یۆنانی جینۆساید بکا و، تاھەتایە شاری (قوستەنتنیەی گریک: ئیستەنبولی ئەمرۆ) بکاتە تورک-نشین! 
-
لەگەڵ ئەوەش دا ھەنگاو بە ھەنگاو زۆرینەی سەرکردەکانی عوسمانیەکانی کوشت، بەتایبەت ئەوانەیان کە تەسلیمی ئینگلیز-گریکەکان بوون یاخود چوبونە بەرەی ئینگلیز-گریکەوە. دوای دروستکردنی دەوڵەتە نوێیەکەشی، ئیدی لایەکی بۆ کورد کردەوە و، شێخ عەبدالقادری نەھری کە فریودراوی دەستی خۆشی بو، ھەر کوشت!! ئاوھا کەمال ئەتاتورک لە ئەفسەرێکی بچوکەوە، لە ڕاستیی دا سەلماندی کە بۆ ھەمیشە ببێتە (باوکی تورک!).
-
ئێستا دۆخی کورد زۆر ترسناکە، تائێستا بەم ھەزاران سەرکردە مفتەخۆرە چەپاولگەرەی سامانی میللەت لە باشور، تاکە یەک دانەیان نەیتوانیوە سەرکردایەتیی جوڵانەوەیەکی داگیرکەر ڕاماڵێنەری جاش-کوژ بکات و سڵ لە ھیچ نەکاتەوە و، چۆن کەمال ئەتاتورک کوردی فریودا، ئاوھاش ئەو بتوانێ (بەشێکی بەرچاوی عەرەبە سوننەکان) بۆ ئەجێنداکەی خۆی فریو بدات!
چۆن کەمال ئەتاتورک لە بەرەی ڕوسیاوە ڕێکەوتنی کرد، ئاوھاش ئەویش لەبەرەی تورکیاوە یاخود لەگەل ڕوس یان لەگەل ئیسرائیل-فەرەنسا (ھەندێ ئازوباز و بەڵێنی گەورەی درۆیان پێ بدات، تا ئەوەندەی سەرەکەوێت!).
-
مەسعود بەرزانی خۆی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی دەداتە قەڵەم، لایەنگرەکانیشی ئەو پڕوپاگەندەیەی بۆ دەکەن. بەڵام مێژوی ژیانیی (لە شوێنکەوتنی پاسداران بۆ گرتنی ناوچە ئازادەکانی خۆرھەلات کوردستان و ،ڕوداوی ٣١ ی ئاب) نەتەوەییبونی مەسعود بەرزانی پێچەوانە دەکەنەوە. دیارترینیشیان: کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چەندین بەرەدا زۆر نیشانەی پرسیاری لەسەر دادەنێ (بەمەرجێ کشانەوەیەکی تاکتیکی نەبووبێت!).
-
بۆچی لەم دۆخەی ئێستا کەسێکی وەک مەسعود بەرزانی ئەگەر ئیرادەی ھەبێ، دەتوانێ ھاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە!؟
چونکە عێراق غرور گرتویەتیی، چۆن ئینگلیز-گریک لە (ئیستەنبوڵ) غرور گرتبونی. ھەروەھا ئەو بەرەیەی لە ناو کورددا بونەتە ھاوپەیمانی (عەبادی-حەشد-پاسداران) ڕون بونەتەوە، لەو سەردەمەش دا ئەو بەرەیەی تورکەکان کە تەسلیمی ئینگلیز-گریکەکان بووبوون، تەسلیمبونی خۆیان ڕاگەیاند بوو! بەڵام کەمال ئەتاتورک نەترسا و شەڕی کرد!
-
ھەروەھا، ناڕەزایەتیەکی نەتەوەیی لە ناو کورد دا ھەیە دژی (عەبادی-حەشد-پاسداران). لەگەڵیشی دا زۆرێک لە عەرەبە سونەکان (سەرۆک ھۆزەکانیان لە ھەولێرن) و ئەتوانرێ ھەندێ بەلێنیان پێ بدرێ، گەرچی دواتریش بەڵێنەکان جێ بەجێ نەکرێ!! 
-
زیاتر لەوانەش: ھێزەکانی پارچەکانی تری کوردستان لە مەسعود بەرزانییەوە نزیکن (بەتایبەت زۆرێک لە ھێزەکانی خۆرھەلات و خۆراوا). 
-
بۆیە پێموایە: ئەمە دواین دەرفەتی ژیانییە بۆ مەسعود بەرزانی، ئەگەر ئیرادەیەکی نەترسانەی تێدا بێ، دەتوانێ: سەرکردەبوونی خۆی بۆ گەلەکەی و مێژوو بسەلمێنێ! 
-
خۆ ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوا: فشار و پەستانی دژەکانی لەسەر ئەو جیۆپۆلەتیکەی کە حیزبەکەی مەسعود بەرزانی بەڕێوەی دەبات، زیاتر و زۆرتر دەبێت!
-
ئەیڵێمەوە: لە ستراتیژی ئەم ھاوکێشەیەدا، ئەمریکا سەرەکەوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە:‌ کورد چۆن دەسکەوتی ھەمیشەیی بپچڕێت!؟ 
-
ئێستا کاتێتی کە (ڕێکەوتنێکی شەرەفەندانەی نەتەوەیی لە نێوان: پەکەکە-پارتیی-دیموکرات-یەکێتیی دا بکرێت)، بەڵام ئەگەر نەکرا و، پەکەکە و یەکێتیی ڕازی نەبوون، پارتیی بەرپرسیاری یەکەمی پاراستنی ئەم دۆخەی کوردستانە!
-
شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1