وتار
گۆڕان لە بەردەم ئەم پیلانەی ئێران دایە و دەبێت وریا بێت!
شه‌ريف هه‌ژارى
-
بۆچی ئێران ناتوانێت ھەمان ئەو پیلانەی لە ناو یەکێتیی دا دایڕشت و، تا ئەندازەیەک سەرکەوتوو بوو، لە ناو گۆڕان دا دوبارەی بکاتەوە!؟ کامەیە ئەو پیلانەی ئێران کە ئێستا بەرانبەر گۆڕان ھەیەتی و، ھۆکارەکانی ئەو پیلانە چیە!؟
-
یەکێک لەو مەترسیانەی کە بەھۆی نا-دبلۆماسیی بوونی حیزبەکانی باشوری کوردستان، ھەرێمی کردۆتە گۆڕەپانی تەراتێنی دەوڵەتانی داگیرکەری پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەستێوەردان و پیلانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری پارچەکانی ترە (بەتایبەت دەستێوەردانی ئێران) لە کاروباری ناوخۆی ھەرێم دا.
-
لە دوو بابەت دا: (پێویستە نەوشیروان مستەفا وردتر بێ: ساڵی ٢٠١٠- ڕۆژنامەی ھاولاتی) و (دەیڵێمەوە پێویستە نەوشیروان مستەفا وردتر بێ: ساڵی ٢٠١١- ڕۆژنامەی ئاوێنە) کە نووسیم، لە ھەردووکیان دا بە وردی ئاماژەم بەوە ‌دابوو کە گۆڕان ھەم دەبێت لە ڕوی ڕێکخستنەوە بە خۆی دا بچێتەوە و، ھەم لە ڕوی چۆنیەتی ھەڵبژاردنی کاندیدەکانی بۆ پەرلەمان بە زۆری پشت بە (ڕۆژنامەنوس و میدیاکار) نەبەستێ. چونکە ڕاستە لە تەکتیکا قازانجی تێدا ئەکا بەلام لە ستراتیژ دا گورزی لێ دەدات و، ھەم لە ڕوی پەیوەندییە ناوچەییەکانی دا زۆر لە ئێران نزیک نەبێتەوە. چونکە نەریتی ھەمیشەیی ئەم دەسەلاتەی ئێران وایە: ھەر نزیکبونەوەیەک لە ئێران بە مانای ڕواندنی چەندین کەسی سەر بە ئێران دێت لە ناو ڕیزەکانی گۆڕان دا (ھەروەک چۆن پەکەکە و یەکێتیی تووشی ئەو دەردە ترسناکە بوون)، پێویستە گۆڕان زۆر بە ھەستیارییەوە ‌ وریای ئێران بێت!
-
ئەو خالانەی کە بە وردی لەو بابەتانەدا ھەڵسەنگاندنی ستراتیژیم بۆ کردبوو، چەندینجار لەگەل چەندین بەرپرسی گۆڕانیش دا پێم وتبوون، ھەموشیان بڕوایان بە سەرنجەکانم ھەبوو، بەلام گۆران کەمێکی ئەو خالانەی جێ بە جێ کرد!
-
زەمەن ھات و ڕۆشت! چەند مانگی ڕابردو، وەک (ئەکادیمیستێکی بێ لایەن و وەک ھاوڕێیەتیش) لەگەڵ چەند بەرپرسێکی گۆڕان مشتومڕی دوو کەسیمان کرد.
-
 زۆر بەڕاشکاوی لێم پرسین: من و ئێوە ڕەخنە لە (ئاڵا تاڵەبانی) ئەگرین کە لە ‌پێگەی نوێنەرایەتی کوردەوە بۆ عەرەبی شیعە-ئێران ئیش ئەکا، باشە چ جیاوازیەک ھەیە لە نێوان لێدوان و کردەوەکانی (ئاڵا تاڵەبانی) لە لایەک و (ھوشیار عبداللە، سروە عبدالواحید) و چەندانی دیکەی وەک (عەدنان عوسمان) لە لایەکی ترەوە!؟
-
بەرپرسەکانی گۆڕان دەیانوت: وەڵا مامۆستا شەریف ھیچ جیاوازیەکی نیە و، سەرنجەکانت خەمخۆرانە و نەتەوەییانەیە و ڕاستین! 
بەڵام ھەر نەمدی ڕۆژێ لە ڕۆژان، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم کەسانە بانگ بکا و، پێیان بڵێ: لێدوان و کردەوەتان نابێ سنوری ئاسایشی نەتەوەیی کورد ببەزێنێ و، نابێ ئێوە وەک نوێنەرەکانی یەکێتیی-پارتیی بن و بە گوتاری داگیرکەران فریو بخۆن! بە مەرجێ ھەر خودی بزوتنەوەی گۆڕان باش دەزانن ھەندێ لەم نوێنەرانەی گۆران لە پەرلەمان ھەندێ کەیسی بەڵگەداریان لەسەرە...!!! بەلام ئایا تۆ بڵێی ھەر ئەو کەیسانە نەبێت کە شیعە-ئێران بیقۆزێتەوە و ئەمانە بەکاربێنێت!؟
-
بۆیە ھەموان شاھیدحاڵی ئەوەبووین، زۆرینەی وتە و کردەوەکانی (سروە عبدالواحید، ھوشیار عبداللە و عەدنان عوسمان و ھەنێکی تر) پشتگیریی بووە لەو بیرۆکەیەی ھەرێمی کوردستان دابەش ببێ و، سلێمانی بکەنە زۆنێکی سەر بە عەبادی-ئێران و لە ھەرێمی کوردستانی داببڕن! 
-
بەو مانایەی: بەو ئاراستەیە ئیشیان دەکرد کە پارێزگاکان ڕاستەوخۆ لەگەل ناوەند ئیشوکارەکانیان ڕاپەڕێنن، بەمەش پیلانەکەی ئێران دەھاتەدی و، سەروەریی دەسەلاتی (فیدراڵبوونی ھەرێمی کوردستان) لە دەست دەدرا!
-
ئێران بۆیە لەگەڵ یەکێتیی ڕیکەوت، تەنھا لەبەر ھاتنە ناو کەرکوک نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەشە کە: سلێمانی-ھەڵەیجەش بکاتە سیستمی پارێزگاکان و ڕاستەوخۆ بیبەستێتەوە بە ناوەندەوە و، بەوەش ھەرێم دابەشتر دەبێ و، بونیەتی سەروەریی (فیدراڵیەتی ھەرێمی کوردستان) دائەڕوخێت! لە بەرانبەریش دا ئێرانیش دەبێت بەتەواوی باڵی ماڵ مام-جەلال بکاتە خاوەن دەسەڵاتی یەکێتیی!
-
یەکێتیی نەیتوانیی مەرجی دووەم بھێنێتەدی بۆ ئێران (بەستنەوەی سلێمانی-ھەڵەبجە بە ناوەندەوە و ھەلاواردنی سیستمی فیدراڵی ھەرێم) ئەمەش لەبەر چەند ھۆکارێک:

١- لە ناوچەی سلێمانی-ھەڵەبجە ، بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەیە نەک یەکێتیی و، چەندین حیزبی دیکەشی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی جەماوەری یەکێتیش ناڕازین لەو کارە!
-
٢- لەبەر ئەوەی جێگری سەرۆک وەزیر لە باڵی ماڵ مام جەلالە، کەوابو ئەو دەستکەوتانەی کە یەکێتیی وەک سێیەم حیزبی ناو ھەرێم لە حکومەتی ھەرێم چنگی خستووە، زۆر زیاترە لە قەبارەی جەماوەریی خۆی ئەوا لە دەستی دەدا!
-
کێ ڕێگری سەرەکی بەردەم ئەم پیلانەی ئێرانە!

بە خوێندنەوەی خۆم: تاکە کەسێک بە قوڵی دژایەتیی ئەم پیلانەی ئێران دەکات کە سلێمانی ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر ناوەند، خودی (عومەری سەید عەلی)یە. 
-
بۆیە ئێران لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە ئەیەوێت ئەو پیلانەی کە بەسەر (کۆسرەت ڕەسوڵ)ی لە ناو یەکێتیی ھێنا، بۆ گۆڕانیش دوبارەی بکاتەوە. بەڵام لە مەیاندا ئێران سەرکەوتو نابێت. 
-
چونکە عومەری سەید عەلی لە ئیشوکاری سیاسیی و بەتایبەت تەکەتولی سیاسیی دا زۆر لە کۆسرەت ڕەسوڵ زیرەکترە. ھەروەھا زۆرینەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ عومەری سەید عەلی دان ھەتا بە پڕوپاگەندەی دوو یان سێ ئەندام پەرلەمانیان فریو بدرێن!‌ 
زیاتر لەوەش: خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان کەمێک محکەمترە تا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، بەمەش ئێران بەئاسانیی ناتوانێ زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بۆ پیلانەکانی کەمەندکێش بکا و فریویان بدات!
-
ھەربۆیە: ئەبینین ئێستا لە ڕێگەی وێبسایتەکانی (ھەندێکیان بە ناو سەربەخۆ و ھتد) زۆنی سلێمانی، دەنگی ناڕەزایی دژی عومەری سەید عەلی زیاد دەبێت و چەندین بابەتی لەسەر بلاودەکەنەوە و، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەستی ئێرانی لە پشتە و، عومەری سەید عەلی دەبێتە قوربانیی ئەو باوەڕەی کە دژی جیاکردنەوەی پارێزگاکانی سلێمانی-ھەڵەبجەیە لە سیستمی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان، کە دواتر ھێدی-ھێدی ئێران-عەبادی ڕاستەوخۆش سلێمانی داگیربکات! 
ئێستا ھەندێ ڕۆژنامەنوس کە ھەندێکیان بە پلە (پەرلەمانتاری گۆڕان)ن، بەبێ ھوشیاریی سیاسیی بۆ دۆخەکە،‌ کەوتونەتە ناو پیلانەکەی ئێرانەوە (ئیدی خۆیان ئاگاداربن یاخود لە نەزانینیانەوە بێت!!). 
ھەر ئەمەش بوو پێشتر لە چەندین بابەت دا ئاماژەم بەوەدا: زۆر مەترسیدارە کە گۆڕان بە زۆری پشت بە ڕۆژنامەنوس و پەیامنێرەکانی دەبەستێت بۆ پەرلەمانتاریی!! ئێستا ئەزانن بۆچونەکەم ھاتەدی یاخود نا!؟
-
ھەمو ئەو حیزبانەی تریش کە لە بزوتنەوەی گۆرانەوە فێربون پشت بە ڕۆژنامەنوس ببەستن تابیانکەنە پەرلەمانتار، ھەمان دۆخیان بەسەردا ھاتووەتەوە، بۆ نمونە: 

ڕۆژنامەنوسانی جیھانیی بە بەڵگەوە باسی ئەتکی ھەموو بەھا مرۆڤایەتیەکان ئەکەن لە لایەن حەشدی-شەعبییەوە، بەتایبەت ئەتکردنی کچە شانزە ساڵانەکەی کورد لە دوزخورماتو و پاشان خۆکوشتنی کچەکە. کەچی سۆران عومەری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان (کە پێشتر ڕاوێژکاری ئەمیری ئەنسار ئیسلام بو و، دواتر بوە ڕۆژنامەنوسی کۆمەڵ!) تا ئێستا نەچووەتە ناو ئاوارەکانی خورماتو (لە کەلار) یاخود ئاوەرکانی کەرکوک (لە ھەولێر و چەمچەماڵ) و، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ئەنجام بدات و، بە وردی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کە لە دژیان ئەنجام دراوە بۆ دونیای بخاتەڕوو، بەلام بۆ شەڕە قۆچی حیزبیی و جنێودان کەس نایگرێ!! کەچی پیشەکەی خۆی لە یاد کردووە!! تۆ بڵێی نەوچونی ئەویش ھۆکارەکەی ئێران نەبووبێ!؟
-
لە کۆتایی دا پرسیاری ئەو خوێندکارێکی زانکۆ وەڵام دەدەمەوە کە پرسیویەتیی:

ئایا مامۆستا: ئێران ئەتوانێ سلێمانی و ھەڵەبجە داگیربکا؟!

وەڵامەکە ئاوھایە، سلێمانی و ھەڵەبجە: بە ئاسمان و ڕوبار و، کێڵگە و پەلەوەر و، کەمتیار و پشیلە و قوڕواق و، حیزبەکان و مەلاکان و، خانەقا و مزگەوت و کڵێسا و ئاتەشگا و زانکۆ و پەروەردە و، قومارخانە و سینەما و، نوسەر و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوس و وێبسایت و کەناڵەکان و، سەرکردە و بنکردە و، ئەمیر و ئەمیندار و سکرتێر و، بە خۆراکی بەسەرچو و تەنکەرە نەوتەکان و بەنزینی فیت-پەمپ تەقێنەرەوەو مادەی ھۆشبەرەوە، بە فەڕاش تا پارێزگارەوە، بە حیجاب و سفور و سمێڵدار و ڕیشدار و بێ-ڕیشەوە، بە مەلەوانگەی ژنان و پیاوانەوە، بە کۆنوسی کۆبونەوەی حیزبەکانەوە: ھەر ھەموی ئێستا موڵکی ئێرانە!!

لەڕاستیدا بێ مانایە کە بڵێی: ئایا ئێران ئەتوانێ سلێمانی و ھەڵەبجە بگرێ!؟
-
دواین دێڕی ئەم بابەتەشم ئەوەیە: ئەیڵێمەوە لە ستراتیژ دا ئێران ئەپڕوکێت، کورد ھێشتا بە ‌تەواوی دەرفەتەکەی لە دەست نەچووە. لە ئێستادا یەکڕیزی نێوان حیزبەکانی کورد لە (ھەناسەدان) پێویستترە! چاوەڕوان بن لە ڕۆژانی داھاتودا وتارێک دەنوسم (ئەگەرە لۆژیکیی و لێکەوتەکانی شەڕە گەورە و ترسناکەکەی نێوان: ئێران و سعودیە لە ناوچەکەدا).

-
شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1