وتار
مشتومڕێک: بۆچی کورد وشەی (جاش)ی لە بری (کەمتیار) بۆ نیشتیمانفرۆشەکانی ھەڵبژاردوە!
شه‌ريف هه‌ژارى
-
ماوەیەکە توێژەر و وەرگێڕان بە پشت بەستن بەوەی کە چەندین سەرچاوەی مێژوویم لەسەر کورد ھەیە، ڕوبەڕوی یەکێک لەو پرسیارانەم دەکەنەوە، کە: ئایا ئەتوانیت لە ڕوی -زانستییەوە پێمان بڵێی: بۆچی کورد وشەی (جاش)ی بۆ وڵاتفرۆشەکانی ھەڵبژاردووە!؟
ھەروەھا لەگەل ئەو پرسیارەش دا لێشم دەپرسن: بۆچی ھەندێک بڕوانامەداری (زانکۆکانی کوردستان) دەڵێن: دەبو کورد وشەی (کەمتیار)ی لە بری (جاش) بۆ خۆفرۆش و نیشتیمانفرۆشەکانی ھەڵببژاردبایە!؟
-

دیارە مشتومڕێکی ئاوھا ھەرچەندە لە لایەک پێمخۆشە ئەو پرسیارەم لێ ئەکرێت کەچی لەگەڵ ئەوەش دا بەوردیش بەڵگەی زانستیشم بەدەستەوە نیە تا وەڵامێکی (ئەکادیمی دەقیق)ی بدەمەوە. 
ھەروەھا لەلایەکی تریشەوە: لەبەر ئەوەی سەرچاوەی زانستی دەقیقم لەبەردەست دا نییە،‌ ئەوا ناشکرێت کۆڵ لەو پرسیارە بدەم و وەڵامی چنگ نەخەم! 
-
بە ‌تایبەت یەکێک لە وەرگێڕە ناسراوەکانی کورد لە ناو ئەو بەڕیزانەدایە کە ئەو پرسیارەی لێ کردوم، کە ئێستا (کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر -کورد-‌ بەدەستەوەیە کە وەری بگێڕیتە سەر زمانی کوردی!).‌
-

(جاش) لە چیەوە ھاتوە؟ بۆچی کەمتیار ھەڵنەبژێردراوە!؟ بۆ ھەندێک بە بڕوانامە پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕۆفیسۆری (زانکۆکانی کوردستان) کەوتونەتە ھەڵەیەوە کە دەڵێن: دەبو لە بری وشەی (جاش) بۆ خۆفرۆشانی کورد، ئەوا وشەی (کەمتیار) ھەڵببژێردرابایە!؟
-
ئەوان لە ناشیرینیی و پیسیی (کەمتیار)ەوە بۆچونەکانی خۆیان خستۆتەڕو. بەڵام من (وەک شەریف ھەژاری) لە ڕوی تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی ھەریەک لە (جاشی بێچوی کەر) و (کەمتیار) ئەمەوێت تێفکرینەکانم لەو ڕوانگەیەوە بخەمەڕو.
-
 ئەگینا نە من ھیچ بەڵگەنامە و بۆماوەیەکی زانستیم بە ‌دەستەوەیە کە بیسەلمێنم بۆچی کورد وشەی (جاشی بێچوی کەر)ی بۆ نیشتیمانفرۆش و خۆفرۆشەکانی داناوە!
-
 نە ئەوانیش (ئەو بڕوانامەدارانەی کە دەڵین: دەبو کورد بۆ نیشتیمانفرۆشەکانی وشەی کەمتیاریان ھەڵببژاردبایە) ھیچ دۆکیۆمێنت و ساغکردنەوەیەکی زانستیان بەدەستەوەیە تا بیخەنەڕو کە بۆچی ئەوە تێڕوانینیانە ‌!

-
ڕونە خودی وشەی (جاش) لە دێرزەمانەوە کورد بۆ مرۆڤی ناڕەسەن و، بۆ شتگەلی (نائەسڵی) ی بەکاری ھێناوە.
-
بەڵام تێفکرینی من لەسەر ئەوەی بۆچی کورد وشەی (جاشی نەوەی گوێدرێژ)ی بۆ نیشتیمانفرۆش و خاکفرۆشەکانی خۆی ھەڵبژاردووە و، بۆچی ناشبێت و ناگونجێت وشەی (کەمتیار) بدرێتە پاڵیان، لە ئەزمونی چەند ساڵێک ژیانم لە دێ (گوند) دا سەرچاوە دەگرێ و، بە وردی بەدواداچونم بۆ تایبەتمەندییەکانی ھەندێک ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی کوردستان کردووە و لەو خزمانەشم پرسیوە کە تەمەنیان زۆر بە ساڵاچوو بو و ھەندێکیشیان ئێستا ھەر لە گوند دا کۆچی دواییان کردووە.
-
بۆیە لەو ڕووەوە من وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە، نەک لە بەڵگەنامەیەکی زانستی یاخود تویژینەوەیەکی زانستی کە بەدەستمەوە بێت (وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد) !
-
تایبەتمەندی بونیەتی ئەو ئاژەڵەی کە پێی ئەوترێت( کەر، یاخود: گوێدرێژ) و بەچکەکەی کە پێی دەوترێت: (جاش، یاخود: جاشە کەر) ئەوەیە: سەرەڕای ئەوەی ئاژەڵیکی بەستەزمانە. بەڵام کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی تری ھەیە کە پێموایە: ھەر لەبەر ئەو تایبەتمەندییانە بووە وایکردووە پێشینانمان ناوی نیشتیمانفرۆشەکان بنێن: (جاش)!
-
(جاش ی بێچوی کەر) و خود (کەر: گوێدرێژ) ھێندە گوێڕایەڵن و خۆبەدەستەوەدەرن ھەرچۆن بتەوێت دەتوانیت بەکاریان بھێنیت، تەنانەت لە بارکردنیان دا ھەندێ جار ھێندە باری زۆریان لێ دەنێن تا (مرداربونەوەیان) نوزەیان لێوە نایەت!
-
زیاتر لەمانەش، یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندیەکان کە لە کەسە بەساڵاچوەکانمەوە دەمبیست لەبارەی (ھەم کەر و، ھەم بێچوەکەی: جاش)، ئەم تایبەتمەندییەیە کە وام لێ دەکات بڵێم: ھەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییە بووە کە پێشینانی کورد ناوی خۆفرۆشانی کوردیان ناوە (جاش)!
-
ئەم تایبەتمەندییەی (کەر و جاشە کەر) ئەوەیە: کاتێک چ گورگ و چ گەلە گورگ، بەڕێ دەکەون ڕووەو ئاوایی (ڕووەو گوند) بێن، کە (کەر) دەزانێت گورگ بەرەو ئاوایی دێن، گەر پەت نەکرابێت، ئەوا خێرا (کەر) ھەڵ دێت بەرەو ڕوی گورگەکان. گەر پەتیش کرابێت زۆرجار (کەر) پەتەکە دەپچڕێنێ و ھەڵ دێت بۆ پێشوازی گورگەکان. تەنانەت کلکە لەقێشیان بۆ دەکات تا گورگەکان ئەیخۆن. ئەگەر (کەرەکە) بێچوی ھەبو (واتە ئەگەر: جاشی ھەبو)، ئەوا (جاشە کەرەکە) زۆر بەخێراتر لە دایکی ڕووەو لای گورگەکان غار دەدات و، تا گورگەکان ئەیخۆن ھەر سمەکوڕە و کلکە لەقێیان بۆ دەکات!
-
ئەم تایەتمەندییەی (کەر و جاشە کەر) ئەگەر بەھۆی (ترس) بێت لە گورگ، یاخود بەھۆی (بێ-عەقڵیان) بێت کە ڕووەو گورگ بڕۆن تا ئەیانخۆن، ئەوا ڕێک لە تایبەتمەندی مرۆڤی خۆفرۆش (مرۆڤی نیشتیمان فرۆش) دەچێت. 
-
ھەر لەم ڕوەشەوەیە من وەک (شەریف ھەژاری) بە تێفکرینی خۆم پێموایە: بۆیە پێشینانمان ناوی کەسانی خۆفرۆشیان ناوە (جاش). چونکە چۆن (جاشە کەر) زۆر بەخێرایی بۆ لای گورگ دەچێ و کلکە لەقێیان بۆ دەکات تا پێستەکەی لێ دەکەنەوە و دەیخۆن، ئاوھاش مرۆڤی خۆفرۆشی کورد خۆشخزمەتی بۆ داگیرکەران دەکا و بەرەو ڕویان غار دەدات تاوەکو (براکانیی و عاقیبەت خۆشی) دەکاتە قوربانی کەڵبەی داگیرکەران.  
-
لە یەک تایبەتمەندیش دا جیاوازی ھەیە لە نێوان مرۆڤی خۆفرۆش و (جاشە کەر) دا, کە: جاشەکەر بێ زیانە بۆ دەروبەرەکەی، بەڵام مرۆڤی خۆفرۆش، ترسناکترین زیانگەیەنەرە بە نەتەوە و نیشتیمان و تەواوی تاکەکان.
-
بەڵام پێموایە: تایبەتمەندی کەمتیار جیاوازە. 

ڕاستە کەمتیار وەک ڕوخسار پیسوپۆخڵ و بۆگەنە. بەڵام وەک تایبەتمەندی خودی، ئەوا کەمتیار زۆرجار گیانلەبەرێکی یەکگرتوون و، تەنانەت زۆرجاریش (شێر و پڵنگ ڕاو دەکەن: ئەلبەتە تەنیا پڵنگ لە کوردستان دا ھەیە) کەچی گەلە کەمتیار ئەچن ھێندە فشار دەخەنە سەر (شێر و پڵنگەکان) تا ھەڵ دێن و ئینجا نێچیرەکەی ئەوان دەخۆن.
-
تەنانەت کەمتیار ئەو نێچیرانەی کە (گورگەکان و، چەقەلەکان و، ڕێوییەکان) دەیگرن، لەوانیشی دەسەنێ و دەیان خوا. 
بۆیە تایبەتمەندی کەمتیار، خەسڵەتێکی بەھێزی ترسناکی یەکگرتووە. ئەمەش پێچەوانەی مرۆڤی خۆفرۆشی کوردە، کە تایبەتمەندیی خۆفرۆشی کورد ئەوەیە: وەک (جاشە کەر) چۆن بەرەوپیری گورگەکان دەچێت تا دەیخۆن، ئاوھاش مرۆڤی خۆفرۆشی کورد نەک ھەر خۆی بگرە براکانیشی دەکاتە قوربانیی سوکێتییەکەی خۆی!
-
ئەمەی خستمەڕو، بۆ یەکەمجارە لە نوسێنێک دا لە بارەی ھۆکاری ھەڵبژاردنی وشەی (جاش) لە لایەن پێشینانمانەوە بۆ خۆفرۆشانی کورد، دەیخەمەڕو. 
ئایدیا و وردبونەوەکەشم لەم بوارەدا، تەنھا لە ئەزمونم لە ژیانی لادێ وە سەرچاوە دەگرێ، نەوەک سەرچاوەی بەردەستم بەدەستەوە بێ و، شیکارییەکەم لە ڕوی زانستییەوە بەتەواوی بسەلمێنم!
-
ھیوادارم توێژەران وردبونەوەی زیاتر لە سەرەتاکانی بەکارھێنانی وشەی (جاش) لە لایەن پێشینانمانەوە بۆ خۆفرۆشانی کورد بکەن. بە وردی ھۆکارەکانی بخەنەڕو و، ئەم بابەتەش ببێتە کەرەستەیەکی بە سود بۆ تێگەشتنی زیاتر لە تایبەتمەندییەکانی (جاشە کەر) وەک گیاندارێک!
-

شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی  
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/11/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ