وتار
کوشتنی (عەلی عبداللە ساڵح) و کاریگەرییەکانی
شه‌ريف هه‌ژارى
-
١- کوشتنی عەلی عبداللە ساڵح لە لایەن ھەر گروپێکەوە بێت (ھەرچەندە گروپی حوسیەکان: گروپێکی مافیایی خۆسەپێنی تاڵانکاری کوشتوبڕچین)، بەڵام کوشتنی دیکتاتۆرێکی وەک عەلی عبداللە ساڵح پێویستە مایەی خۆشحاڵی ھەر ئازادیخوازێک بێت (لە ڕووە مرۆڤایەتییەکەیەوە). 
چونکە دیکتاتۆری ناوبراو چوار دەیەیە، بە حوکمێکی توندی پۆلیسی خۆی سەپاندووە و، ھاوتای سەدام حسێن و بەشار ئەسەد، چەندین کوشتوبڕ و کاولکاری لەژێر دەسەڵاتیی دا ھاتۆتەبوون. 
بەھۆی سیاسەتە شەڕەنگیزخوازە خۆسەپێنیەکانی (عەلی عبداللە ساڵح)ەوە، گەلی یەمەن (بە سونە و شعەوە) دوچاری کاولکاری و جەنگ و قاتوقڕی و برسێتیی ئێجگار سەخت بۆتەوە. بەپێی توێژینەوە زانستیەکان زیاتر لە (١٧) ملیۆن کەس دوچاری نەھامەتی بوون بەھۆی خۆسەپێنیەکانی ناوبراوەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی: یەمەن بوەتە لانکەی (قاعید و حوسیەکان) و زیاتر و زۆرتر کاولکاریەکانیان ھەمو پنتێکی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە. 

زیاتر لەوانەش، دیکتاتۆری ناوبراو یەکێک بوو لەو زاڵمە ستەمکارانەی کە دەستخۆشی لە ھەڵمەتە قاتوقڕکاریەکانی (دیکتاتۆر: سەدام حسێن)ی دەکرد کە دەیکردنە سەر کورد، بەتایبەت لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەعسیەکان دا.
-
٢-لە ڕوی سیاسییەوە، کوشتنی (عەلی عبداللە ساڵح) لە لایەن حوسیەکانەوە، دەبێتە مایەی گورزێکی کاریگەر بۆ خودی حوسیەکان لە ستراتیژ دا. چونکە ئاشکرایە سەرکەوتنەکانی پێشوتری حوسیەکان (سەرەڕای ھاوکاری دەرەکی ئێران-حیزبوڵا بۆیان)، ئەوا لە ناوخۆدا گەورەترین پاڵپشیان خودی (عەلی عبداللە ساڵح) و سوپا خوێنڕێژەکەی ناوبراو بوو.
چونکە (عەلی عبداللە ساڵح) نەیدەویست یەمەن پێ بنێتە قۆناغێکی مەدەنی و، لە لایەن سەرۆکی یاسای (عەبە ڕەبە مەنسور) حوکم بکرێت. ھەربۆیە دەستی تێکەڵ کرد لەگەڵ حوسیەکان دا و، توانیان سەرۆکی شەرعی وڵات ڕاوبنێن و، لە سێ ساڵی ڕابردوو دا چیان بوێت, بیکەن. 
-
بەڵام ئەو ھاوپەیمانێتییە (لەرزۆکە) بەھۆی بەریەکەوتنی تەماعکارانەی بەرژەوەندییەکانی حوسیەکان و عەلی عبداللە ساڵحەوە زیاتر درێژەی نەکێشا و، ھەفتەی ڕابردوو عەلی عبداللە ساڵح جوڵانەوەی چەکدارانەی دژی حوسیەکان ڕاگەیاند و، گورزی کاریگەری لە حوسیەکان سرەواند. 
ئەمە وایکرد، لە توڕەیی حوسیەکانەوە کوشتنی ناوبراوی لێ بکەوێتەوە. بەمەش حوسیەکان لە ھاوکێشەکەدا (تەریک) کەوتنەوە. 
چونکە ئەگەر پێشتر بەھۆی پشتیوانی عەلی عبداللە ساڵح و سوپاکەی ناوبراوەوە ھەندێک شەرعیەتیان لای ھۆزە عەرەبە سونیەکان بەدەست ھێنابێت، ئەوا ئەمجارە حوسیەکان خودی ئەو دۆستانەشیان لە دەست دا و، خوێنی ڕژاوی (درێژ ماوە) کەوتە نێوانیانەوە. 
-
بەمەش ھەم سوپاکەی (عەلی عبداللە ساڵح) و ھەم ھۆزەکانی لایەنگری پشتیوانیان لە (ھاوپەیمانێتیی سعودیە و عەبە ڕەبە مەنسور) یەکلاکردەوە. ئەم ھاوکێشەیە وادەکات گومان لەوەا نەمێنێت کە داھاتوی حوسیەکان بە تەواوی دەکەوێتە مەترسییەوە و، دەیانتوانی لە بری کوشتنی (عەلی عبداللە ساڵح)، بە دیلێتیی بیھێڵنەوە و، چەندین کارتی سیاسیی-ستراتیژی خۆیانی پێ بپێکن!!
-
٣- لە ڕوی ئیقلیمیشەوە، لە لایەک ھەم جەنگی فارس و عەرەب، لە لایەکی دیکە ھەم جەنگی شیعە و سونە، پێی نایە قۆناغێکی نوێ وە و، ھەستی عروبەی زیاتر لە دژی ئێران وروژاند! 

بە پێی لۆژیکی سیاسیی ئەو ئەگەرە دێتەبوون : لۆژیکی تێدا نەبێت کە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، شەڕی سەخت ھاتبێتەبوون و، لە ئایندەدا ھەمان جەنگیش ناوەوەی سنورەکانی ئێرانیش نەتەنێتەوە، بەتایبەت ھاوتەریب لەگەڵ ئەم ھاوکێشەیەش دا، ئیسرائیلیش دەیەوێت زیاتر خۆی لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا(ئێران) خۆی بسەپێنێ و،  قودسیش بکاتە پایتەخت!!
 ھەمو ھاوکێشەکان ڕووەو تەشەنەسەندنی شەڕێکی ئێجگار سەخت دەچێت، کە ھەم لە ڕوی (سیاسیی، ئابوری، سەربازی، تەکنەلۆژی و تەنانەت مرۆی)یشەوە، بەرەی ئێران بەرگەی ستراتیژیی تێدا ناگرێ و، بەرەیەکە ماندوو بووە لە جەنگ دا و، شەڕیش دەکەوێتە ناوەوەی خودی ئێران لە داھاتوودا.
-
با چاوەڕوانی ئەم ئاگرە بورکانیەبین، کە بە کوشتنی (عەلی عبداللە ساڵح) نەک خاو نابێتەوە، بەڵکو بەنزینێک بوو کرا بەسەر ڕقێکی ئێجگار سەختی عەرەب لە دژی فارسەکان دا. زۆر پێویست و گرنگە بزوتنەوەی کورد لە ھەمو بەشەکان (بەتایبەت خۆرھەڵات چونکە لە داھاتوودا دۆخەکە ڕووەو ئەوێ ئاڕاستە دەکات) پلان و ئەجێندای وردیان ھەبێ و، ھەر لە جێ دا تەشەنەسەندنی دوژمنایەتی عەرەب و فارس و بقۆزنەوە و، چەندین پلانی تەرتیبی بۆ دابڕێژن!
-


شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ