وتار
لەپێناو گێڕانەوەی ئومێد بە چارەسەر
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

پارتی و یەکێتی گەر نەشتوانن قەیرانە ئابوریەکان وەک پێویست چارەسەر بکەن، خۆ دەتوانن لە ڕێی بە بیرەوەچونی بانگەوازی پێکھێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەری کاتی، سنورێ بۆ کێشە سیاسیەکە دابنێن و ئاستێ لە تەوافوق و تەبایی سیاسی و کاری ھاوبەش بۆ نێوان ھێزە سیاسیەکان بگێڕنەوە. بەوەش جۆرێک لە ئومێد بە چارەسەر لە دواڕۆژدا بۆ ھاوڵاتیان بگێڕنەوە و ڕێشبگرن لە دەستێوەردانی دەرەکی و توندوتیژی ناو خۆپیشاندانەکان و بەکارھێنانیان بۆ ئەجێنداو یەکلاکردنەوەی ناکۆکی ناوخۆیی حیزبی و موزایەدەی سیاسی و قوڵبونەوەی ھەست بە نائومێدی و نەفرەت، کەمەترسی ڕاستەقینەی لێدەکەوێتەوە. بەدەر لەوە، پەنا بردنە بەر ھێزی سەربازی و بە سەربازگە کردنی شار و شارۆچکەکان و دەستگیرکردنی چالاکوان و سەرپەریشتیاری خۆپیشاندانەکان، چارەسەر نیە و ئەوپەڕی ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، بە ژیلەمۆکردنی گڕ و بە شێوەیەکی کاتی پەردەپۆشکردنی کێشەکان و دواخستنی گوزارشت لەخۆدانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتیەکانە. کە ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا کۆنتڕۆڵی سەربازی ھەوڵ و ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی چارەسەری سیاسی و کرداری بۆ کێشەکانی لەگەڵدا نەبێت. ھیچ گرەنیەتیەک نیە لە داھاتوودا بە شێوەیەکی توندوتیژتر وێرانکەر نەتەقنەوە. بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەم دۆخە چەقبەستووە درێژەی پێ نەدرێت. چونکە خودی ھەڵبژاردنیش وەک میکانیزمێک بۆ سنوردارکردنی کێشە سیاسیەکە و دەرگا کردنەوە بە ڕووی چارەسەری کێشە ئابووریەکە، پێویستی بە لێکتگەیشتن و ڕێکەوتن لەسەر ئەرکەکانی قۆناغەکە و چۆنێتی بەدیھێنانیان ھەیە. لەبەرئەوەی کەڵەکە بوونی کێشەکان و شپرزیی دۆخی ناوخۆیی و بێ متمانەیی سیاسی و نائومێدی بەشێکی بەرچاوی جەماوەر و لەسەر ھێڵ بوونی بەغدا و ھەندێ لە وڵاتانی دراوسێ، وایانکردووە، بەبێ ھێنانە کایەی جۆرێ لە ڕێکەوتنی نێوان ھێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە و گەیاندنی بە ساتەوەختی ھەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە، کارێکی قورس بێت، وە خودی ھەڵبژاردن و چۆنێتی ئەنجامدان و کات و بەڕێوەبردنەکەی ببن بە کێشە. بەوەش ئەو ڕۆڵە نەبینێت کەلێێ چاوەڕوان دەکرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو