وتار
د.ھەڤاڵە پۆستدارە مەلابەزێنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ، بۆ لەسەر پۆستەکانیان زار و ھەلوێستیان بەستراوە!
شه‌ريف هه‌ژارى
-
لەکاتێکا کە: شەھیدکردن، بریندارکردن، خوێناوی کردن و ڕفاندنی (مامۆستایان، لاوان، چالاکوانانی مەدەنی) درێژەی ھەیە، کەچی دەمبازە مەلابەزێنە پۆستدارەکانی گۆڕان و کۆمەڵ، زار و ھەڵوێستیان لەسەر پۆستەکانیان بەستراوە!
-
ھەڤاڵ ئەبوبەکرەکان، ئەگەر پۆستەکەنیان لە زاری خستبن! ئەوا یەکێک لە ستراتیژترین ھەڵەکانی نەوشیروان مستەفا،  کە کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا مابو لەچەندین بابەت دا ئاماژەم پێ داوە ئەوەیە: نەوشیروان مستەفا توێژی ڕۆژنامەنوسی کردە جۆکەر بۆ ھەمو جۆرە پۆستەکان! 

کاتێک سەرکردەیەکی گۆران پێی وتم: مامۆستا شەریف کاک نەوشیروانیش ڕەزامەندی دەربڕیوە کە د.ھەڤاڵ ببێتە کاندیدی پارێزگای سلێمانی! منیش لە وەڵامدا پێم وت: ئەی بۆچی نەوشیروان مستەفا کەسێکی نەکردە کاندید کە بیست ساڵ ئەزمونی ئەندازیاریی لە ناو پارێزگا کەدا ھەبێت، کەسێک (دکتۆرای ڕاگەیاندن)ی خوێندبێت دەبێت پۆستەکەی لەگەڵ بوارەکەی دا بگونجێت، لە پێناو ھێنانەکایەی حوکمی تەکنۆکرات دا!
-
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر کە بە کالۆریۆسەکەی لە (زمان و ئەدەبی کوردی) دایە و دکتۆراکەشی لە (ڕاگەیاندن) دایە کە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستی ھێناوە،  پێچەوانەی یاساکانی وازارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمە، ئیتر نازانم چۆن ڕێیان بە ئەو داوە! چونکە بواری بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەی جیاوازە لە بواری بڕوانامەی دکتۆراکەی، ئەمەش بەپێی یاساکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا قەدەغەیە! 
-
بۆ نمونە من کە یەکەمی بەشی مێژوی زانکۆی سلێمانی بوم و پاش ئەوەی سکۆلارشیپم بردەوە و، ڕۆشتمە بەریتانیا بۆ خوێندنی ماستێر، دوای تاقیکردنەوەیەک لە ماستێری (بەشی دبلۆماسیەت)ی زانکۆی لیستەر وەرگیرام، بەڵام کاتێک ئۆفەرەکەم (قبوڵەکەم) ھێنایەوە تا مامەڵەکانم لە وەزارەت تەواو بکەم. لە وەزارەت ڕەتیان کردەوە کە قبوڵی بکەن و بتوانم لە (ماستێری دبلۆماسیەت) دا بخوێنم، ڕونە منیش لەبەر ئەوەی ھەمیشە بەکردەوە دژی واستەکاریم، بۆیە ناچار گەڕامەوە بۆ بەریتانیا و وازم لە ماستێری دبلۆماسیەت ھێنا و، ڕۆشتمەوە ماستێرم لە بواری بەکالۆریۆسەکەی خۆم لە زانکۆی لەندەن خوێند!
-
د. ھەڤاڵ کە ئێستا پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانییە، کەچی خاوەنی بچوکترین ھەڵوێستی کردارەکی نیە بەرانبەر ئەو ھەمو ستەمکاری و ڕفاندن و کوشتوبڕەی کە دەکرێ! 
-
مرۆڤی ڕاستگۆ و خاوەن ھەڵوێست و گەلویست چۆن ئەبێ بۆ (پۆستێکی کاتی) یاخود بۆ (تەکتیکێکی کاتی بزوتنەوەی گۆڕان) ھێندە بێ-ھەڵوێست بێت لە پۆستەکەی دا!؟ ئەگەر دەسەڵاتت بەسەر ئاسایش و پۆلیس دا نییە بۆ لەو پۆستە ناکشێیتەوە!؟ خۆ ئەو یەکگرتوی ئیسلامیەی کە منی (ئەکادیمی نەتەوەیی بێ-لایەن) و تۆ و حیزبەکەت توانجی لێ دەدەین تەنھا لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵاتیان نییە و ناشکشێنەوە! ئەی تۆی بێ ھەڵوێست و باقی پۆستدارەکانی تری گۆڕان و کۆمەڵ بۆچی لە پۆستەکانی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری شارۆچکەکان ناکشێننەوە لە پارێزگاکانی ھەڵەبجە و سلێمانی دا!؟
-
لە ھەمو دونیا، کاتێک حیزبێک پشتیوانی و ڕابەرایەتی خۆپیشاندەران دەکات، ئەوا سەرکردەکانی لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانن، کەچی سەرکردەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بە دەم و بە ڕاگەیاندن پەمپی کوڕانی ھەژار دەدەن، بەڵام خۆیان لە دیوەخانەکانیان لەگەڵ (سێ و چوار) لە ژنەکانیان پاڵیان لێ داوەتەوە! 
-
ڕونە من لە لایەن سێ لیستەوە پێشنیاری کاندید بوونم بۆ کرا، بەڵام بڕوام وابو کە: ئەکادیمیستێکی نەتەوەیی بێ-لایەنی خاوەن سەنگ و ھەڵوێست زۆر لە پۆست گەورەترە، د.ھەڤاڵەکان کە لەسەر پۆستەکانیان بێ ھەڵوێست و زار بەستراون، ئایا سەنگینتر نەبو بۆیان کە مامۆستایەکی زانکۆی بێ-موچە ببونایە و لەگەڵ خوا و گەلەکەیان دا ڕاستگۆ بونابایە!؟
-
خۆ نە سەر بە لیست و حیزبەکەی شاسوار عبدالواحیدم و نە داواکەشیانم قبوڵ کردووە کە ببمە ھاودیدیان، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە: شاسوار و ھاوڕێکانی لەم خۆپیشاندانانەدا کردارەکی تر بوون ھەتا ھەڤاڵ ئەبوبەکرەکان و سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی!
ئاخر من تێ ناگەم ھەر کەسانی وەک من و ھەڤاڵ ئەبوبەکرەکان و کۆمەڵەکانن کە ڕەخنە لە یەکگرتووەکان دەگرین کە بۆچی دەسەڵاتیان نیە و ناکشێنەوە!؟ دەیانجاریش ھەڤاڵ ئەبوبەکرەکان وتویانە: ھیچ پۆستێک قبوڵ ناکەن کە دەسەڵاتیان تێیدا نەبێت، دەی فەرمو د.ھەڤاڵەکان ئەوا لە لوتکەی پۆستەکانی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەری شارۆچکەکانن و دەسەڵاتی وەستانی پۆلیسێکی کوتەکوەشێن و ئاسایشێکی ڕفێنەر و چەکدارێکی حیزبی بکوژتان نییە، ئیدی بۆچی دەست لە کار ناکێشنەوە! ؟
دڵنیابن دواتر ھەرچی بیانو و موبەڕیڕ بھێننەوە (چونکە ئێوە لە دەمبازی دا مەلابەزێنن) ئەوا خەڵک بە فلسێکی قەڵب لێتان وەرناگرێ و پاداشتان ئەداتەوە لە دەنگدانەکان دا!
-
تکایە لەبەر پۆستەکانتان وامەکەن جەماوەری حیزبەکانیشتان لێتان بکشێننەوە، بە مەردانە واز بھێنن، ئێوە کە داوای ھەڵوەشانەوەی حکومەت ئەکەن، بۆچی لە پۆستە حکومیەکانی پارێزگاکان لە خۆتانەوە دەست پێ ناکەن، تو ویژدانتان چۆن ڕوتان دێ (سەرای ئازادی سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕانیە و چەمچەماڵ و باقی ناوچە بە سەربازکراوەکان) و شەھید و بریندار و ڕفێنراوەکان ببینن و ، ئێوەش لەسەر پۆستەکانتان غیرەتان نەبێت ھەڵوێستان دەربڕن، ھەر ھیچ نەبێت بە (مەردی) تا درەنگ نەبووە واز بھێنن!
-

شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ