وتار
ئایا بارەگا سوتاندن دەچێتە چ خانەیەکەوە، بۆ خۆپیشاندەران بارەگاکانی گۆڕانیشیان دەسوتاند!
شه‌ريف هه‌ژارى
-
یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرترین پرسیارم بۆ نێردراوە، ئەوەیە: ئایا مامۆستا سوتاندنی بارەگاکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە کردەوەیەک نەبوو کە (ئێران)ی لە پشتەوە بووبێت!؟ ئایا کردەوەی (ئاژاوەگێڕانە و فەوزەوی) نەبو!؟
-
بەڕێزان بۆ وەڵامی پرسیارەکانتان، پێموایە ھەم وتەکانی (وەرەسە نێچیر و وەرەسە قوباد) ھەڵەن، ھەم تێڕوانینەکانی فەیلەسوفی بەڕ و بەحر (مەلا بەختیار) و، ھەم بەیاننامەکەی یەکگرتو و، ھەم بەیاننامەکانی گۆڕان و کۆمەڵ! 
بۆچی ھەمو ئەو خوێندنەوانە ھەڵەن کە دەڵێن: ئێران خۆپیشاندەران ئاراستە ئەکات، یاخود دەوترێت: خۆپیشاندەران ئاژاوەگێڕ و فەوزەوین و خۆپیشاندانی مەدەنی نابێت کاروکردەوەی وای تێدا بێت!؟
-
چونکە زۆر ڕونە کە ھەمیشە و بۆ ھەمو ھەنگاوێک (فارس و تورک و عەرەب) دەستێوەردان دەکەن، بەتایبەت لە خۆپیشاندان دا و پێشیان خۆشە کە کورد لەناو یەکتردا ناتەبا و پێکەوە ھەڵنەکراو بن. دەشکرێت بۆ ھەمو مەسەلەیەک (ھێندەی پێیان دەکرێت) دەستێوەردان بکەن لە کاروباری ھەرێم دا!
-
 بەڵام ستەمکاریی و زوڵمکردنی سی ساڵەی دەسەڵاتی ھەردو بنەماڵەی یەکێتیی-پارتیی گەشتۆتە ترۆپک! توڕەیی خەڵکی مەدەنی دژی دەسەڵاتی وەرەساتگەرایی گەشتۆتە لوتکە و ناوەڕۆکی داخوازیەکانیان ڕەوایە. بۆیە مێژوو پێمان دەڵێ: کاتێک خەڵک خۆپیشاندانی کردو ژمارەیەکی زۆر و توڕە بەشدابون تێیدا، ئەوا  لە توڕەیی جەماوەر دا ھەمو ڕوداوێ چاوەڕوان کراوە!
-
بەو مانایەی ھەمو وتەکانی وەرەسەکان (نێچیر و قوباد)، (مەلا بەختیار، بەیاننامەکەی یەکگرتو و، بەیانامەکانی گۆڕان و کۆمەڵ) ھەڵەن. لەبەر ئەوەی ھیچ شۆڕشێکی مەدەنیش نەبووە لە مێژوودا کە: کەسی تێدا نەکوژرابێ، یاخود: بارەگایەکی تێدا کاول نەکرابێ و نەسوتێنرابێت! 
کاتێک لە مێژوی خەباتی مەدەنیی و شۆڕشی جەماوەریی سەرشەقامی وردەبینەوە، تەواوی خەباتە مەدەنیی و شۆڕشە بەرفراوانە جەماوەرییەکانیش، کە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتە (سەرەڕۆ و چەپاولگەر و وەرەسات-سەپێن و تاڵانکارەکان) ڕۆشتونەتە سەر شەقام، لە توڕەییاندا زۆرجار ڕوداوی سوتاندنی بارەگای لێ کەوتۆتەوە! 
-
کێشەی بەرپرسە ناھوشیار و ناسیاسیەکانی پارتیی-یەکێتیی و، بەرپرسە (ترسنۆکەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو) ئەوەیە: وا دەزانن یاخود وای شی دەکەنەوە کە لە شۆڕش و خەباتی مەدەنی دا ئیدی (کوشتوبڕ، سوتاندنی بارەگا، بەریەککەوتن) ڕوو نادات! ئەمە ئەوپەڕی خوێندنەوەیەکی ھەڵەیە بۆ مێژو و، ناھوشیاریشە بۆ مێژوی سیاسیی خەباتە مەدەنیەکان لە جیھان دا!
-
دەبێت سەرکردەکانی پارتیی-یەکێتیی لەوە تێ بگەن: چی وا دەکات کەسانێک لە چەمچەماڵ خاوەنی سێ برای شەھیدی سەنگەر و کەسوکاری ئەنفال بن کەچی وێنەی مام جەلال و مەسعود بەرزانی بسوتێنن، وێنەی نەوشیروان و سەلاحەدین بەھادین و عەلی باپیر بسوتێنن!؟
-
یاخود: کەسانێکی خاوەن شەھید لە ڕانیە و ھەڵەبجە و سەیدسادق و تاسڵوجە و کۆیە ھەمان شت بکەن!؟ 
خۆ مەگەر ھەر ئەم خاوەن شەھیدانە نەبون کە ڕۆژگارێک لەسەر خاکی کوردستان و پارێزگاری لە وێنەی (مام جەلال و مەسعود بەرزانی) چەندان کوڕی خۆیان کردۆتە قوربانی!؟
بۆ نمونە: چی وا دەکات ڕۆژگارێک بنەماڵەی شەھیدەکانی پەکەکە ھەستن وێنەی ئۆجەلان و بارەگای پەکەکە بسوتێنن! یاخود: چی وا دەکات ڕۆژگارێک خاوەن شەھیدەکانی دیموکرات وێنەی (قازی محمد و قاسملو) و بارەگای دیموکرات بسوتێنن!؟
بێ گومان کاتێک سی ساڵ (دزی و چەتەیی و وەرەسات-سەپێنیی و خیانەتی نەتەوەیی و ھێنانی داگیرکەران و نەدانی موچە و نەبونی ھیچ خزمەتگوزاریەکی ئاو و کارەبا) درێژەی ھەبێ و، لە بەرانبەر دا کام بەرپرسە زۆر کەم دەرامەتە (چەندین ڕەز و باخ گرد و دەیان دۆنم زەوی و، و کارەبای نیشتیمانی ھەمیشەیی و چەند بەنزینخانە)یەکی ھەبێت، ئەوا ڕقی جەماوەر و بەتایبەت کەسانی خاوەن شەھید پراکتیزە ئەبێت دژی دەسەڵاتدارە خۆماڵییەکانی کە پێشتر خودی ئەو خەڵکی چەندین شەھیدیان بۆی داوە!
-
لەڕاستیدا میللەت بە تەواوی بڕستی لێ بڕوا، ھێندە شەھیدیشی داوە خوێنی لێ ئەچۆڕێت، ئیدی با ئەوە بوەستێت کە: ھەزاران لە لاوەکانیان ڕێگای تیاچون و غەریبییان گرتۆتەبەر و دەگرنەبەر! بەو مانایەی لە ژێر دەسەڵاتی خۆماڵیی دا ھەم ستەمکاریی و زوڵمکاری بێ ئەندازە ھەیە و، ھەم ئاوارەبونیش ھەیە!
-
بۆیە لەڕاستیدا نەفامییە کە مەسەلەی سوتاندنی بارەگا لە لایەن کەسانی خاوەن شەھیدەوە ھەموی بە دەستی ئێران بزانرێت، ئایا لابردنی بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیست لە لایەن یەکێتییەوە دەستی ئێران بوو!؟ یاخود سوتاندنی بارەگاکانی (یەکگرتو و گۆڕان) لە لایەن پارتییەوە ھەر دەستی ئێران بوو، نەخێر توڕەیی لایەنگرانی پارتیی بوو لە گۆڕان و یەکگرتوو! تەنانەت خودی یەکێتیی و پارتیی لە کوردستان دا داھێنەری ئەم کلتورەن! بەڵام سوتاندنی بارەگا حیزبییەکان لە ئێستادا لەلایەن خەڵکی تەواو ستەملێکراوەوە بەمانای دەربڕینی ئەوپەڕی ڕق و توڕەیی و نەبونی سیقەیان دەگەیەنێت دژی حوکمی زاڵمانەی یەکێتیی-پارتیی!
-
ئەی بۆچی بارەگاکانی گۆڕان و کۆمەڵیش دەکرانە ئامانج!؟
-
لەبەر ئەوەی لەم چەند ساڵەدا، خەڵک  شتێکی نوێی نەدی لە گۆڕان و کۆمەڵ! بۆ نمونە ڕۆڵی (ئارام شێخ محمد) چی بو لەو ھەمو یاسایە دژی کوردستان دەرکرا! لەکاتێکدا (بەپێی پەیڕەو) وەک جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمای عێراق دەیتوانی لەسەر ھیچ یاداشتێک ئیمزا نەکات کە دژی ھەرێم لە پەرلەمانی عێراق بکرێتە یاسا، بێ گومان ڕۆڵێکی تەواو (جاشکارانە)ی ھەبوو، ئەی ڕۆڵی (سروە عبدالواحید و ھوشیار عبداللە) چی بوو لە یاسای حەشدی شەعبی و زۆری تر! بێ گومان ڕۆڵێکی (جاشکارانەی سەد لە سەد بوو!). واتە ئەم جەماعەتە ئەیانویست لە ڕێی حیزبی دەعوە-ئێرانەوە پارتیی-یەکێتیی بڕوخێنن، کارکردێکی زۆر ھەڵە و زۆر پێچەوانە و زۆر لە سودی دەسەڵاتی بنەماڵەیی پارتیی-یەکێتیی!
-
کەوابو خەڵک ئەو پەیامانەشیان بۆ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو نارد کە ئێوە بە دەنگی ئێمە ڕۆشتونەتە پەرلەمانی عێراق و وەزیرتان ھەیە، کەچی تا مانگێک لەمەوبەر (گۆڕان و کۆمەڵ) بەشێک بوون لە پراکتیزەکردنی ئەجێنداکانی حیزبی دەعوە-ئێران لە ناو پەرلەمانی عێراق دا! 
-
خەڵک ئەوەی لە یاد ناچێت کە (موسەنا ئەمین و ھوشیار عبداللە و سروە عبدالواحید) لە پڕوپاگەندەی ھەلبژاردنەکان دا دەیانوت: ((ئەوە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی بەغدا لاوازبوون بۆیە بەغدا موچەی کوردیان بڕیوە، بەڵێن بێت کە ئێمە ڕۆشتین سەد لە سەد موچەکان دەگێڕینەوە))، کەچی ئێستا موسەنا ئەمین لە زۆرینەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراق شوێنی ونە و، ھوشیار و سروەش ڕۆڵی جاشکارانە دەبینن!
-
سوتاندنی بارەگاکان لە لایەن جەماوەرەوە، پەیامێکی ھوشیارکەرەوە بوو بۆ گشت حیزبەکان، کە بە وردی لە کاروکردەوەتان دەڕوانین و، وا نەزانن ئێمە ھەمان ئەو گەلەین کە دەتوانین چاوەڕوان بین سی ساڵی دیکە درۆ و دزیتان لێ قبوڵ بکەین! باشترین فاکتیش بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە لە باوەڕبوونی پێشوتری خەڵک بۆ (ھەڤاڵ ئەبوبەکر) وردببنەوە، ئایا ئێستا خەڵ چەندێک ڕقیان لێی ھەیە! ئایا جارێکی تر خەڵک بە زمانە شیرینەکەی بڕوا دەکەنەوە!؟
-
بۆیە پێویستە ھەمو حیزبەکان بەتایبەت خودی گۆڕان زۆر بە وردی بەخۆیاندا بچنەوە، دڵنیابن لەوەی ئیدی ئەو دەورانە کۆتایی ھات کە وەک سی ساڵیحوکمڕانی  پڕ-لە درۆ و دزی (پارتیی-یەکێتیی) خەڵک فریو بخوات و، تۆڵە لە حیزبەکان نەکاتەوە، خەڵک ھەمو شتێکی خۆی فرۆشت، ئیدی پشوودرێژی بوونی نەماوە!
-

شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ