وتار
لە ھەرێم ئەم دوو ھاوکێشە سیاسییە ھاتە قۆناغی: جێ بە جێ کردنەوە!
شه‌ريف هه‌ژارى
-
ماوەیەکە باس لە نزیکبونەوەی (گۆڕان و باڵی د.بەرھەم) دەکرێ، ڕونیشە کە بێ-گومان دەمێکە گۆڕان و کۆمەڵ (عاشق)ی یەکترن! 
-
لە بەرانبەریش دا، پارتیی و باڵی دەسەڵاتدار (باڵی بنەماڵە)ی یەکێتیی زۆر لە یەکتر نزیک بوونەتەوە ((لە یەکەم شەوی ڕێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتیی لە بابەتێکا ئاماژەم بەوەدا ھەرگیز باڵی بنەماڵەی ناو یەکێتیی بەرژەوەندییە نەوتیی و ئابورییەکانی لەگەڵ پارتیی دا، ناگۆڕێتەوە بەو ڕێکەوتنەی کە لەگەڵ گۆڕان کردویەتیی، بەو مانایەی یەکێتیی ھەمیشە دەیەوێ لە گۆڕان و پەکەکە نزیک بێتەوە و وەک فشاری تەکتیکی دژی پارتیی بەکاری بھێنێت لە پێناو بەرژەوەندی زیاتر دا، ئەگینا ھەرگیز یەکێتیی ھاوپەیمانێتیی ھەمیشەی خۆی لەگەڵ پارتیی لەبەر خاتری گۆڕان یان پەکەکە تێک نادات!).
-

زەمەن ھات و ڕۆشت، گۆڕان چاری نەما، کە ھیچی لە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیی دەست نەکەوت، بەتایبەت پاش ئەوەی پارتیی بە گوندەیە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی دەرکرد و پەرلەمانی داخست، یەکێتیش لە بری ھەڵوێست دەربڕین دژی ئەو کارەی پارتییو پشتیوانی لە گۆڕان، کەچی نەک بێ دەنگی، بگرە دەرگای پەرلەمانیشی لەگەڵ پارتیی دیسانەوە کردەوە. ئیتر بە تەواوی گۆڕان بۆیان سەلما، کە ڕێکەوتنیان لەگەڵ یەکێتیی ھیچی لێ نایەتە بەرھەم، کە بتوانێ یەکێتیی لە پارتیی جیابکاتەوە!
-

ھەرچەندە پێشتر پارتیەکان لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیانوت: باڵی بنەماڵەی یەکێتیی مانگانە پارە بە گۆڕان دەدات و ھەر بەو ھۆیەشەوەیە کە کەناڵی (کەی، ئێن،ئێن) بە ھەمو جۆرێ خۆی دەپارێزێت لە وتنی بچوکترین کەموکوڕی باڵی بنەماڵەی یەکێتیی. 

لە ھەمان کاتیش دا، زۆرێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان ھەر لە (ئارام شێخ محمدی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەغدا و، سروە عبدالواحید و ھوشیار عبداللە) ببوونە شوێنکەوتەی گوتاری (ئاڵا تاڵەبانیی و شوان داودی و گوتاری باڵی بنەماڵەی یەکێتیی) و، ھەروەھا گۆڕان بچوکترین ھەڵوێستی نەتەوەیی (تەنانەت بۆ مێژوو)ش دەرنەبڕی دژی ترسناکترین جۆری خیانەتی بێ-وێنەی ناو مێژووی کورد کە لە (١٦-١٠-٢٠١٧) دا کەرکوک پێشکەش عەبادی-حەشدی شەعبی کرا، کەچی بۆ یەکەمجار ئەمشەو کە شەوی (٢٧-١٢-٢٠١٧) یە، لە ھەواڵەکانی کاتژمێر ٨ ی کەناڵی (کەی، ئێن، ئێن)ی گۆڕان دا، بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ھەم ھێرش کرایە سەر باڵی بنەماڵەی یەکێتیی، کەڕاپۆرتەکەی (کەی،ئێن،ئێن) باسی ئەوەی کرد باڵی دەسەڵاتداری یەکێتیی لە پشت ئەوەبون کە خۆپیشاندانەکان بەلاڕێ دا ببەن و توندوتیژی تێدا بکەوێتەوە و دواتر پیلانی ھێنانی سوپای عێراقیشیان ھەبووە بۆ ناو سلێمانی و، ھەم گوتەکانی (شێخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی سەرکردەکانی نزیک لە بەرھەم ساڵح)یان  دادەبەزاند، بەتایبەت لەسەر ڕوداوی ١٦-١٠-٢٠١٧ و تەنانەت کەناڵی (کەی، ئێن،ئێن) بۆ یەکەمجار بە (خیانەت) ناوی ھێنا!
-
کاتێک بینەری ئەم ھەواڵەی (کەی،ئێن،ئێن) بووم، وتم: باشە تۆ بڵێی بزوتنەوەی گۆڕان تازە خەبەری  بووبێتەوە لە ڕوداوی (١٦-١٠-٢٠١٧)؟ 
بێ گومان نەخێر تازە خەبەریان نەبووەتەوە، بەڵام گۆڕان ئەوکات لەبەر خاتری ڕێکەوتنە فشۆڵەکەیان لەگەڵ یەکێتیی چاویان لە ئاست ھەمو شتێکی یەکێتیی نوقاندبوو. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی گۆڕان لە باڵی بەرھەم ساڵح نزیکبونەتەوە و ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ باڵی دەسەڵاتداری یەکێتیی ھەڵپەساردووە، بۆیە ئێستا ئەکەونەوە باسی ئەو ڕوداوانەی کە پێشتر یەکێتیی کردونی، کە ڕونە پێشتر گۆڕان لەبەر (بەرژەوەندی حیزبیان) باسیان نەدەکردو ھەمو شتێکیان ئەپۆشی!!
-

ھەرچی ھاو-بەرەیی (باڵی بەرھەم ساڵح-گۆڕان-کۆمەڵی ئیسلامی)یە، زۆر ئاشکرا بەرگری لە عەبادی ئەکەن، تەنانەت ئارام شێخ محەمەد بە ئاشکرا لە ڕیکلامی بەرنامەیەکی سبەی شەوی کەناڵی (کەی،ئێن،ئێن) دا دەڵێت: ((دەبێت حکومەتی ھەرێم ھەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ڕادەستی بەغدا بکات!)). 
واتە: ئەم (بونەوەرەی گۆڕان) بووەتە محامی جێ بەجێ کردنی دەستوری عێراق لە پێناو بەرژەوەندیەکانی عەرەب، بەڵام ھێندە جەسارەتی تێدا نیە کە داوای پراکتیزەکردنی خاڵێکی دەستوری عێراق یان یاسایەک لە پێناو بەرژەوەندەکانی کورد بکات، بۆ نمونە: مادەی سەد و چل، بۆ نمونە: دۆخی جینۆسایدی کورد لە دوزخورماتو و زۆری تر! 
-
ھەروەھا ئەم بونەوەرە(ئارام شێخ محمد)، کاتێک دەڵێت: ((دەبێت حکومەتی ھەرێم ھەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ڕادەستی بەغدا بکات!)). بیر لەوە ناکاتەوە کە مێژو سەلماندویتی:(کلکە لەقێ کردن بۆ داگیرکەر، لە عاقیبەت دا کلک بڕینی خۆشی لێ دەکەوێتەوە!). تەنانەت بیریش لەوە ناکاتەوە کە (لە سیاسەت دا سازش سازشی بەدوادادێت)، بەو مانایەی تۆ سبەینێ ھەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان تەسلیمی بەغدا ئەکەیت، ئاخۆ پاش ئەوە بەغدا چ پیلانێکی تر دەچێتە کەڵکەڵەی ھەژمونخوازییەکانییەوە.
-
ئەم بونەوەرە(ئارام شێخ محمد)، بیر لەوە ناکاتەوە کە سەرکردە و کادیر و بریندارەکانی (کوردی باکور و خۆرھەڵات و خۆراوا) لە ڕێی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمەوە دەچونە ئەوروپا، تۆ کە ئەو فڕۆکەخانانەت تەسلیم بەغدا کرد، ئایا چ زیانێکی تەواو ترسناک بەر جوڵانەوەی نەتەوەیی ھەر چوار پارچە و ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێم و، ھەژمونی ستراتیژی ھەرێم و جیۆپۆلەتیکی ھەرێم دەگەیەنیت! 
خۆ ھەر (ئارام شێخ محمد، سروە، ھوشیار عبداللە، شوان داودی و، ئاڵا تاڵەبانی) بوون دەیان وت: دەبێت بەغدا کەرکوک ببات بەڕێوە بۆ ئەوەی بەغدا موچە بنێرێت، دەی فەرمو نەک ھەر کەرکوک، بگرە (خانەقین، دوزی بەردەوام جینۆسایدکراو، وشنگال و مەخمور) درایە دەسەڵاتی داگیرکەری بەغدا، دەبا ئەم بونەوەرانە مسقاڵە زەڕەیەک مەردێتیی بنوێنن و، دان بە (جاش-کردەوە)کانی خۆیاندا بنێن و ئیدی بەخۆیانا بچنەوە!! بەس کلکە لەقێ کردنی زیاتر!
-
کەوابو ھاوکێشەی یەکەم ئاوھایە: د.بەرھەم+گۆڕان+کۆمەڵ= عەبادی، واتە ئەم بەرەیە لە ئێستادا بەرەی سەر بە (عەبادی)ن.
-
ھاوکێشەی دووەمیش، کە ھەردو بنەماڵەی چەپاولکاری دەسەڵاتداری ھەمەکارەی ھەرێم (پارتیی-یەکێتیی)ن، ئەمانیش زیاتر و زۆرتر لە (مالیکی) نزیک بوونەتەوە. ئەمانیش ساویلکەتر لە بەرەی یەکەم، وەختە وێنای مالیکی لە (شەیتان)ەوە دەگۆڕنەوە بۆ (فریشتە!). ئەمەش تەنھا لە پێناو دوو وتەی مالیکی دێت کە کردبونی لە دیداری دا بۆ (ڕەنج سەنگاوی: موزیعی بەدیھێنەری بەرژەوەندیە تاڵانکاریەکانی پارتی) لە کەناڵی ڕوداوی پارتیی دا. 
دیارە ئەم بەرەیی دووەمیش لەوە وردنابنەوە، کە: مالیکی لە دەسەڵات دا نیە بۆیە ئەو قسانە دەکات، ھەر مالیکی بو داھێنەری بڕینی موچەی ھەرێم بو (کە ڕونە سەدام ئەوەی نەکرد!)، ھەر مالیکی بو بۆ یەکەمجار داھێنەری ناردنی ھێز بو بۆ سەر کوردستان لە پاش ڕوخانی سەدام دا! 
-
ھەردو بنەماڵەی چەپاولگەری (پارتیی-یەکێتیی) گوایە بە عەقڵی خۆیان دەیانەوێت (پەراوەی سیاسیی) بکەن و، بەم کارە فشار لەسەر عەبادی دروست بکەن. ئیتر لەوە وردنابنەوە، کە ئەو بڕیارانەی عەبادی ئەیدات، لە کۆبونەوە دەورییەکانی سەرکردە باڵاکانی ئەحزابەکانی شیعە دەدرێت!
-
ھەردو ئاراستەکەش ھەم عەبادی و ھەم مالیکی، لەلایەن ئێرانی ئەندازیاری سیاسیی شیعەکانەوە ئاڕاستە ئەکرێن و، زۆر بە سانایی ئەم ھەمو (بە پلە) سەرکردە دز و نانەتەوەییانەی ھەرێمیان کردۆتە دوو بەرە! واتە ئەم دوو بەرەیەی ھەرێم، لە یەکترخۆری دا خزمەت بە دوو ئاڕاستەی جیاوازی بەدیھێنەری بەرژەوەندیەکانی ئێران دەدەن، کەچی ھێندە جەسارەتیان تێدا نیە سازش بۆ یەکتر بکەن و، نەبنە نۆکەری داگیرکەر! 

وردبنەوە: دوو بەرەی کورد لە دوو ھاوکێشەی جیا دا، لە یەک کات دا، خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئێران دەکات!
-
لە کۆتایی دا تەنھا ئەم دێڕە دەنوسم: ((تا کورد لە ناو خۆی دا یەکگرتو و یەکڕیز نەبێت، تاھەتایە تراژیدی و داگیرکاریەکانی سەر کوردستان چەند بارە دەبنەوە و، داگیرکەران سەرکردەکانی کورد وەک تەزبیح بادەنەوە!)).
-

شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ