وتار
گرفتەکانى مۆرینیۆ لە مانچێستەر یونایتد چییە؟
ئەحمەد سەنگاوی

ئەحمەد سەنگاوى / ڕۆژنامەنووس و شیکەرەوەی وەرزشی

کەس ئەو ڕاستییە مێژوویەى کاریگەرى و دەستکەوتەکانى مێژووى کارى ڕاهێنەرىخۆسێ مۆرینیۆى پێ ناگۆڕێت، ئەوە بەرهەمى دەستکەوت و ئەو مێژووەیە مۆرینیۆى خستووەتە لیستى ڕاهێنەرە گەورەکانەوە، بەڵام تۆپى پێ لە گۆڕانێکى گەورە و خێرادایە، گەر لەگەڵى نەڕۆیت جێتدەهێلێت. خۆسێ مۆرینیۆ وەک شایستەتیرن ڕاهێنەر بۆ قەرەبووکردنەوەى شوێنى ئەلێکس فێرگسۆن وەک ڕاهێنەرى مانچێستەر گرێبەستى لەگەڵ واژۆ کرا. ئەو هاتووە بۆئەوەى مانچێستەر بۆ نێو گەورەکان و بەدەستهێنانى نازناوەکەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام دواى دوو وەرز دەستبەکاربوون لە پۆستى ڕاهێنەرى مانچێستەر، تازە بە تازە باسى ئەوە دەکات یانەکە پێویستى بە گرێبەستى زیاترە، وەرزى یەکەم دەبوو، حساباتى خۆى بکردایە، کێى پێویست نییە دەستبەردارى بووایە، کێیشى پێویستە هەموو هەوڵێکى بدایە تا گرێبەستى لەگەڵ واژۆ بکردایە، بڕواناکەم بەرپرسانى یانەکەیش دەست بەڕووى مۆرینیۆ بنێن لە بڕیاردان و خۆى بە سرووشت ڕاهێنەرێکى  بەهێز و دەستکراوەیە و ناچێتە ژێر بار و فەرمانى سەرۆکى یانەکان، بۆیە ئەوە بیانووەیەکى لاوازە، کە بەڕێز مۆرینیۆ دەڵێت: ''ئێمە دووەم وەرزى کارکردنمان، بەردەوامین لە بونیادنانەوەى تیپێکى تۆپى پێ، لەبەرئەوەى ئێمە دەزانین، ئێمە یەکێک نین لە باشترین یانەکانى جیهان.'' 
هەق بە مۆرینیۆیە، کە دەڵێت جیاوازیى هەیە لەنێوان تیپى گەورە و یانەى گەورە، خۆسێ نموونەى میلان و ئینتەر دەهێنێتەوە، بەڵام گوناهى کێیە مانچێستەر لە ساڵى ٢٠١٣ تا ئێستا نەبووە بە تیپێکى گەورە؟ ئەوکاتەى مۆرینیۆ بوو بە ڕاهێنەر هەڵسەنگاندنى بۆ داهاتوو نەکردبوو؟ بۆ نموونە کاتێک کۆنتى بوو بە ڕاهێنەرى چێڵسى، گواردیۆلا بوو بە ڕاهێنەرى مان سیتى، ڕەچاوى ئەوەیان نەکردبوو، کە تا چەند شێوازى یاریى ئەم دوو یانەیە و یاریزانەکانى لەگەڵ پلان و تەکتیکى ڕاهێنەرەکان دەگونجێ؟ بێگومان هەموو حساباتێکیان کردبوو ئینجا بەوە ڕازیبوون گرێبەست لەگەڵ چێڵسى و سیتى واژۆ بکەن. ئەوە ڕاستە مۆرینیۆ ساڵانێکە خەونى گەورەى ئەوەیە ئەرکى ڕاهێنەرى مانچێستەر یوناتد وەرگرێت، بەڵام سوومعە و مێژووى خۆى چوون دەکات بە قوربانى تیپێک کە هێزى ململانێى تیپە گەورەکانى نییە، وەک مۆرینیۆ دەڵێت، چونکە خۆسێ نزیکەى شەش مانگ بەسەر وازهێنانى لە یانەى چێڵسى و دڵشکاویى تێپەڕ بووبوو، بەڵام واتێدەگەم وەک کاردانەوە و وەڵامدانەوەى چێڵسى ویستى ئەرکى ڕاهێنەرى مانیو وەربگرێت. گەر هەڵە نەبم مۆرینیۆ ٢٧ یاریزانى لەبەردەستدایە، بۆ هەر جێگەیەک دوو بۆ سێ یاریزانى هەیە، کەچى ئەنجامەکانى لە خولى پرێمەر لیگ بەوشێوەیە نییە، کە ئەو خەونى پێوەدەبینێتتەنیا لە هێڵى بەرگریى ئەم یاریزانانەى هەیە ''ئیریک بایلى، سمۆلینگ، ڤیل جۆنز، لێندیلۆف، ڕۆخۆ، بلیند، لۆک شاو، دارمیان، ڤلانسیا، ئەشلى یۆنگ.'' خاوەنى یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانى جیهانە، گۆڵکەرى بە ئەزموونى وەک ئیبراى هەیە، هێرشبەرى بەهرەمەندى وەک ڕاشفۆرد، مارسیال و لینگاردى هەیە، کە دەتوانن لە چەندین جێگەى یاریگە وەک جۆکەر لە هەردوو هێڵى ناوەند و باڵى هێرشبەرى یاریى بکەن. ئەوە لە تواناى گۆڵکەرى لۆکاکۆ گەڕێ لە بازاڕى گواستنەوە یانە گەورەکان شەڕیانبوو لەسەر بەدەستهێنانى تواناکانى ئەم ئەستێرە گۆڵکەرە. لە هێڵى ناوەند یاریزانى بە چەشنى: '' فیلاینى، کاریک، هێرێرا، ماتیچ، خیتاریان، ماتا و پۆگبا''ى هەیە، بەڵام گرفتەکە تەنیا ئەوە نییە کە بەشێکى زۆر لە یاریزانەکان تووشى شکست دەبن، بەڵکو قەیرانە گەورەکە ئەوەیە زۆربەى یاریزانەکانى مانیو ئاستیان لەگەڵ یانەکانى پێشتریان زۆر باشتربوو، وەک لە مانچێستەر یونایتد، جگە لە ئەشلى یۆنگ و ڤیل جۆنز ئاستیان گەشەى کردووە، بە کورتى ئەوە تەکتیک و فیکرەى ڕاهێنەرە گەشە بە تواناى یاریزان دەدات، بۆ پێشخستنى ئاستى یاریزان، تەنیا بەدەستهێنانى سێ خاڵ بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕاهێنەر خاوەنى شێوە تەکتیک و فیکرەیەکى تایبەت بە خۆى بێت، کە بچێتە خانەى خزمەتکردنى بیرۆکەکانى ڕاهێنەر و ئاست و ئەنجامى یانەکە، هاوکات ئاستى یاریزانەکانیش پێش بخات، لۆکاکۆى ئیڤەرتۆن، پۆگباى یۆڤنتۆس، خیتاریانى دۆرتمۆند، سێ نموونەى زیندوون، کە پێشئەوەى پەیوەندیى بە ریزەکانى مانچێستەرەوە بکەن چ ئاستێکى بەرزیان پێشکەش دەکرد و ئێستا لە چى دۆخێکدان. ئەوە ئەرکى ڕاهێنەرە لە ڕووى تواناى جەستەیى و تەکتیکى و عەقڵییەوە یاریزان پێش بخات، کاتێک زانى هەوڵەکانى بۆ بەرەوپێشچوونى ئاستى یاریزانێک سوودى نییە، ناچار نییە لەگەڵى بەردەوامبێت، بۆیە کەس ڕێگر نەبوو لە بەردەم مۆرینیۆ تا چاکسازى و پاکسازیى لە پێکهاتەى تیپەکەى بکات، ئەى هەر مۆرینیۆ نەبوو لە سەرەتاى وەرز گوتى ئێمە ململانێى بەدەستهێنانى پرێمەر لیگ دەکەم، ئەى ئێستا بۆ بەشێک لەو گرفتانەى هاتووتە ڕێى خۆى و یانەکەى بۆ هەندێ هۆکار دەگەڕێنێتەوە، کە جگە لە پاساوى نادروست، هیچى دیکە نییە. ئەنجامەکانى مانچێستەر کەسایەتى مەغروورى مۆرینیۆى گۆڕیوە و هەمان کەسایەتى، چێڵسى، ئینتەرمیلان و ڕیاڵ مەدریدى نییە، تا توانج لە ڕاهێنەرە ڕکابەرەکانى بگرێت و هەڵسوکەوتى سەیر بنوێنێت. 

'''''''''''''''''''''''''''''''''''''''''''

تێبینى: تکایە لێکدانەوە، هەڵسەنگاندن، شڕۆڤە و ڕەخنە، جیا بکەنەوە لە هێرش و دژایەتى و ڕقلێبوونەوە، لەچیدا و لە کوێ هاوڕاى من نیت، دەتوانى بە هەموو تواناى عەقڵیت ڕەخنە لە نووسینەکە بگرێت، نەوەک باسى ئەوە بکەیت تۆ مەبەستت ئەوەیە و چى و چى. تکایە نییەتم مەخوێنەوە و نووسینەکە بخوێننەوە. کەسى وا هەیە هێندەى ناوى خۆم دەهێنێ و هێرشى بێمانا دەکاتە سەر خودى خۆم، بەلاى نووسینەکەدا ناچێت، بۆیە بۆ هیچ کەسێک نییە هەستى کەسیم بریندار بکات. من باسى مۆرینیۆ دەکەم و تۆیش دەتوانى باسى مۆرینیۆ بکەیت و تێکەڵکردنى ناوى من بە بەتەکە، خۆدزینەوەیە لە ناوەرۆکى نووسینەکە. لەگەڵ حورمەتى زۆر بۆ ئێوەى ئازیز.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ