وتار
خۆپیشاندانەکانی ئێران لە دیدی سیاسەت و میدیاکانیەوە
یاسین نادر ڕەحمان

ئێمە لە ئێستادا بەڕاستی لە دونیایەکدا دەژین کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای ئەمڕۆدا تەنگ و چەڵەمەکانیش وەختە بەتەواوی بەسەر ھەندێکماندا تەنگ ھەڵدەچنێت و ئەمەش گەر کوورت بکەینەوە لەوەدا دەتوانین دەری بخەین لە توێژێکدا کۆ بووەتەوە کە توێژی ھەژاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگان کە دوور لە ھەلومەرجی سیاسیی کۆمەڵگاو بوارگەلی سیاسیی تر دەژین.
 ئیتر ئەوان چاوەڕێی بڕیاری سیاسییەکانیانن بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، پوزەتیڤ بێت یان نیگەتیڤ، بەھەر حاڵ ئەوان دەیانەوێت سوکنایی ژیانیان لەخزمەتی زیاتریاندا بێت و مافەکانیان وەک مرۆڤ پارێزراو بێت، ئیتر لەھەر ناوچەیەکدا دەژین ئەوان ژیانێکی شکۆمەندانەیان لە پەسای ھەنگاوە سیاسیی و کردەکانیان دەوێت.
 ئەم پێشەکییەی سەرەوەم لەوەوە سەرچاوەی گرت کە سەرجەم شۆڕش و دەنگە ناڕازییەکانی ئەمڕۆ لەم توێژەی کۆمەڵگادایەو ئەگەر بمەوێت بە جیاواز لە کوردستانی خۆشمان کە ئەویش چەندان ساڵە بەدەست ئەم جۆرە دیاردەیەوە دەناڵێنێت، باسی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵ، لە وڵاتی "ئێران" کە لە شارەکانی ئەسفەھان و مەشھەد و کرماشان و زۆر شاریتر وەک شوڕش و ناڕەزایی برسی باس لێوە بکەم، بەوە دەگەم لە دونیایی سیاسەتی ئەم وڵاتەش کە وەک وڵاتێکی ئاشتیخوازیی ڕۆژھەڵاتی ناوین ھەمیشە خۆی ناس دەکات، لە قوڵاییەکی تەواو بەنسبەت دیاردەی ھەژاری و بێکاریدا خۆی دەبینێتەوەو لەکاتێکیشدا لەوپەڕی ھێزی سیاسیی و سەربازیدا خۆی ھەمیشە وێنا دەکات و بەدەست وەردان لە کاروباری وڵاتانیتر ھەمیشە تاوانبار کراوەو لەم پێناوەشدا تووشی ئابڵۆقەو فشاری ئابووری بەتایبەت و سەربازی و  مەدنیی و جۆرەھا فشاری  ھاوشێوەی تر لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بووەتەوە.
 ئەمەش نەک لە دیدی دونیا بگرە لە دیدی ھاوڵاتی ئەم وڵاتەدا کاریگەریەکانی لە سەر ژیانیان ڕەنگی داوەتەوەو لەم خۆپیشاندانەی ئەم کۆتاییەی شارەکانی ئەم وڵاتە لە ٢٨/١٢/٢٠١٧ بەھۆی بیکاری و ھەژارییەوە کە بە شوڕش و ناڕەزایی برسیی ناوی لێ دەنێن بەتەواوی لە دروشمەکانیاندا ڕەنگی دایەوە، کە ئەم وڵاتە لە ناوخۆدا وەختە بە برسێتی دەمرێت، کەچی دەیانەوێت خزمەتی گەلیتر و وڵاتانیتری ناوچەکە بکەن، ھەژاران و خۆپیشاندەرانی ئەم وڵاتە کە جارەھا وبارەھا ئەو دروشمانە دەڵێنەوە کە: ( عربھا را رھا کن، فکری بە حال ما کن = واتە عەرەبەکان واز لێ بێنە بیر لە حاڵ و دۆخی خۆمان بکەرەوە) یان ( ئیران کە شاە ندارە، حساب کتاب ندارە = واتە: ئێران کە ڕەزاشایی نەما حساب وکتابیشی نەما) ئاوات خواستن بە رژێمی شای ئێران و ناشیرینکردنی رژێمی مەلایی و زۆر دروشمی تر دژی ڕێبەر وسەرۆک کۆماری ئێران، ئەوەیان پیشاندا کە گەلی ئێران بەھۆی سیاسەتە ھەڵە سەربازی و کۆمەک کردنەکانیان بە وڵاتانیی دەوروبەر و ناوچەکە وەختە ئەوان چیدی بەرەو پوکانەوە دەبەن  و نایەنەوێت ئەوەش بە دونیای دەرەوە بڵێن کە ئەوان شکستیان لە م ھەنگاوانەیان خواردووە.
 ئەمەش شتێکە کە لە دونیای میدیای فەرمیی ئەم وڵاتەش کە زۆرینەیەکی بێشوماری نزیکەی  ٥٠٠کەناڵی تەلەفیزیونی و ڕادیۆیین، ھیچ ئاماژەگەلێکی نابینرێت و ھەر کە سەیری میدیاو تیڤییەکانی ئەم وڵاتە دەکەیت وا دەزانی بەھەشتی جیھان لە پەسای ئەم وڵاتەدا خۆی حەشارداوە لە کاتێکدا ڕۆڵی میدیا وێنەکیشکردنی ھەمیشەیی جوانییەکان نییەو دەبێت وێناکەری دۆخ و دیاردە ناخۆشەکانیش بێت کە ھاوڵاتیی لە وڵاتێکدا تەنگ پێ ھەڵدەچنێت و گلەیی لێیان ھەیە.
 ئەوان لە ئێستادا بەنسبەت کوردستانەوە بەھۆی ڕیفراندۆمییەوە توێژێکی نزیکەی ١٠٠ھەزار نەفەرییان لە بەندەرگاو خاڵە سنوورییەکانیان بۆ ڕووداو و پێشھاتێکی نەتەوەیی و سیاسیی کە ھێشتا کاری پێ نەکراوە لەکار کردووەو مەرزی بازرگانییەکانیان تەنانەت بەھەژارکردنی ھاونیشتیمانی وڵاتیی خۆشی برسی کردووە، چاوەڕوانی ئەوەی لە داھاتوودا لێ دەکرێت کە دەسەڵاتی مەلایی ئەم وڵاتە ھەموو شتێک و ھەمو ھەنگاوێک بکاتە قوربانیی سیاسەتەکانی کە ناوی مانەوە لە پێناوی زۆر شتدا ناولێناوە.
ھەرچەندە ھەمدیسان ئەم خۆپیشاندانە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ لایەنگرانی بزوتنەوەی سەوز کە لە ھەڵبژارنەکانی ساڵی ١٣٨٨ھەتاویدا سەرکەوتنیان بەدەستنەھێنا دەگەڕێننەوەو لەو پیناوەشدا چەند چالاکییەکی دژانەیان دژی لایەنگرانی "ئەحمەدی نەژاد" ئەنجامداو کە ئەوکاتیش لە ڕۆژی عاشورای ئەو ساڵەدا واتە ٩ی مانگی دەی ساڵی ١٣٨٨ لە وڵاتی ئێران کە بەرانبەر بە ٣٠/١٢/ دەکات، چالاکییەکی تێکدەرانە لە لایەن لایەنگرانی بزوتنەوەی سەوزی "سید احمد موسەوی" ئەنجامدراو عاشورای خوێناوییان ھەمدیسان لەو وڵاتەدا زیندوو کردەوە.
 بەھەر حاڵ ئەمەش ھەرچییەک بێت، دەبێت دەسەڵاتداران لە سات و کاتی نزیکی ئەم ڕووداوە کە شتێکی ئاوا: خۆپیشاندانی ناڕەزایی یان ھەر چالاکییەکی تر لە دژی بەرژەوەندی وڵاتی ئێران بێت ڕوو بدات، بۆ لایەنگرانی "احمد موسەوی" دەگەڕێننەوەو نسبەتی دەدەن.
ھەر ئەمەش وایی لە لایەنگرانی بەرژەوەندیخوازی دەسەڵاتی ئێران لەم ڕۆژەدا کرد  بێنە سەر شەقام لە ئاستی وڵاتەکەداو یادی ئەو ھەنگاوی تێکدەرانە بە سەرزەنشتکردن و ئیھانەکردنی بکەنەوەو تا پەردەپۆشی ئەو ناڕەزایانە ھەمدیسان بێت، کە ئەمەش شتێکە توێژی برسیی بیزارترو بێتاقەتتر نەک دەکات، بگرە پشت و پشتیوانی ھەموو ھەنگاوێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی دەسەڵاتدارێتی لە وڵاتەکەی تەنانەت بە ڕووخان و ھەنگاوی مەدەنی و دواجار تێکدانیشی دەکەن.
لەم چوارچێوەشدا زۆر وڵاتانیی دونیا لە ئێستادا چاوەڕوانی ھەنگاوی دژایەتیکردن بەھۆی ھاوڵاتی و بزوتنەوە دژەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەکەن تا پشتیوانی سەرەکی ئەوان لەم دۆخانەدا بن، چوونکە لە ئاستی نێو دەوڵەتیشدا ھەمیشە ئەم وڵاتە بەوە تاوانبار کراوە تەداخولکەری کاروباری تیرۆری لە زۆربەی وڵاتانی دونیایەو سەرچاوەی بەرھەمھێنانی ئەتۆمی قەدەغەکراو لێی دەڕوانن و بە مەترسی جیھان وەسفی دەکەن و لەو پلان و بەرنامەیەدان ئەم کارشکاندنانەیان سەرزەنشت بکرێت. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ