وتار
جیھان لە پێشوازیی ساڵی نوێدا و کوردستان لە پێشوازی قەیرانی نوێدا
پارێزەر: لوقمان مصطفی


کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ساڵی٢٠١٨ نزیک بووەتەوە، بەڵام نزیکیی ھەموو خەڵکی جیھان لە ساتی دەستپێکی ساڵی نوێ وەکو یەک نییە. کە ئەمە کارێکی سروشتیە لە ڕووی شوێن وکات بگۆڕرێت,ھەر بۆ یە سەری ساڵ بە گوێرەی نەخشە و زۆنی کاتی ووڵاتان و ھەرێمە جیوگرافییەکان دەگۆڕێت. ھەموو ھەرێمە جیوگرافییەکانی گۆی زەوی بەسەر ٢٤ زۆنی جیاوازی کاتدا دابەش بوون، ھەر وەک چۆن سوڕێکی تەواوی خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت.
لە سەرتاسەری جیھاندا بەشێوازی جۆراو جۆر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ کانونی یەکەمی ٢٠١٧ ماڵئاوایی لەم ساڵ دەکرێ و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکرێت، لە کاتژمێر ١٢ی شەو، بە چەندین دیزاینی سەرنج ڕاکێش وجۆراو جۆر شەقام و شوێنە گشتییەکانی جیھان دەڕازێندرێنەوەو ئاھەنگ‌و چالاکی جۆراوجۆر سازو ئامادە دەکرێت. 
بەڵام ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی رابردوو ھاوڵاتیانی کوردستان بەھۆی قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی دارایی و کێشەو ململانیە سیاسیەکانەوە، وەئەو شکستە گەورەیەی کە بەسەر ووڵاتەکەماندا ھات،کەس بە ھاتنی ساڵی نوێ دڵخۆش نیە.ھەروەک حکومەت و دەزگاکانیشی وەک ساڵانی رابردوو لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بەھۆی قەیرانی دارایی و سیاسی و بە تایبەتیش ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی خەڵک ناتوانن وەک ساڵانی پێشوتر ئاھەنگ و مەراسیمی تایبەت بەو بۆنەیە رێکبخەن.
ھاتنی ساڵی نوێ، بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھیچ ھیوا بەخش نییەو ئەمەش بە سیماو روخساری ھاوڵاتیان لە لایەک‌و بە وتەو دەربڕینەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێت.
ئەم ھاوڵاتیانە، دەڵێن، کە کارەبا نەبێ، سوتەمەنی بۆ خۆ گەرمکردنەوە نەبێ، مووچە نەبێ و توانای دارایی نەبێ، کاریان نەبێ،لە ھەمووی ناخۆشتر نیوەی کوردستانمان لە دەست دابێت.پێشبینیەکانیش وای دەردەخەن کەلە ساڵی نوێدا بەم عەقڵیەتەی ئێستاوە سیاسەتبکەین ئەوە بە دڵنیایەوە قەیرانی نوێتر چاوەڕوانمان دەکات.ئیتر چ ئومێدێک بە ھاتنی ساڵی نوێ خۆش بکەین.
د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەنوسێت، “ئەگەر ھەمومان بڕیارمان نەدابێت کۆتایی بەناکۆکییە کەسیی‌و حیزبیی‌و پاوانخوازیی‌و پەرێزپەرستییەکانمان بێنین؛ ئەوا سەرەتای ساڵی نوێ، سەخترین ڕۆژگارەکانی کوردستان دەبێت، سەرەتایەک کە کۆتایی بەزۆرشتی تر دەھێنێت کە ئێستا ھەمانن، وەک چۆن ٢٥ئەیلول زۆرشتی لێسەندینەوە، وەک چۆن ١٦ی تشرین ٥١%ی خاکی لێوەرگرتینەوە”.
ئانتۆنیۆ گرامشی شۆڕشگێڕێکی ماڕکسیستی ئیتالی و ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا بوو دەڵێت:-
بۆیە ڕقم لە سەری ساڵەکانە، چونکە وەکوو وادە و بڕیارگەلێکی نەگۆڕیان لێدێ کە ژیان و رۆحی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ کەڵکەڵەیەکی بازرگانی لە پێناوی گەیشتن بە حسێبێکی کۆتایی ڕێک و پێک، بڕی پووڵ و پارەیەکی چاک و یاخود بووجەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی پڕۆژەی کارگێڕییەکی نوێ. رێکەوتی سەری ساڵەکان وامان لێدەکەن چیتر ھەست بە بەردەوامێتی ژیان و رۆحمان نەکەین. بە ڕاستیی بیر لەوە دەکەینەوە کە لە نێوان ساڵێک و ساڵەکەی دوایدا دابڕانێک ھەیە کە لەودا مێژوویەکی نوێ دەست پێدەکا؛ بڕیاری نوێ دەردەکەین، بە پەرۆشی بڕیارە نەدراوەکانی پێشووین و زۆر بابەتی تری لەم چەشنە. بە گشتی، ئەمەیە کێشە و گرفتی وادە و ڕێکەوتەکان.
بەڕاستی جوانی پێکاوە،بەچەند دێڕێک ھەر واھەست دەکەیت ودەڵێی باسی سیاسیەکانی ئێستای لەمەڕ ئێمە و پلان وبەرنامە کانیان دەکات.
لە کۆتایی دا وێڕای ماڵ ئاوایی  لە ساڵی ڕابردوو بە ھەموو کێشەو
ناخۆشیەکانیەوە ھەروەک چۆن مامۆستا جەمال نەبەز دەفەرموێت:-
نامەوێ درۆ لە گەڵ خۆم و خەڵکیش بکەم. نامەوێ بێژم ساڵی نوێتان پیرۆز بێ. چونکە مرۆڤی ھۆشیار کاتێک پیرۆزبایی شتێک دەکا، کە ئە و شتە یان ئەو بۆنەیە، بەختیاریی و خۆشیی و ئارامیی دڵ و گیانی ھێنابێ. ئەم ساڵەی. کە وا لە گیانەڵادایە ساڵێکی پڕ لە کوێرەوەریی بوو بۆ نەتەوەی کورد و بەشخوراوانی جیھان. ئەوەی لێرەدا دەتوانم بیکەمە ھیوایەک بۆ سالی نوێ، سەرکەوتنە بۆ بەرەی ئازادیخوازانی یەکسانیخوازان لە کوردستان و ھەموو جیھاندا بەسەر بەرەی زۆرداران و ملھوڕان و ژندوژمنان و درۆزنان و ماستاوکەران وگەندەڵکاران و شەڕخوازاندا، ئاواتی ئەوە دەخوازم کە ساڵی نوێ کۆپێی ساڵەکانی پێشوو نەبێ و بتوانم کۆتایی ساڵی نوێ پیرۆزبایی ساڵی دوای ئەوەتان لێ بکەم.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ