وتار
ھەڵبژاردن بکرێ چی روودەدا؟
دانا نەوزەر

ئەگەر سبەینێ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێ و ھەموو لایەنەکان بەجیا دابەزن، ئەنجامەکان لەروی زیادبون وکەمبوونی کورسیەوە بەمشێوەیە ئەبن.

یەکێتی یەکێکە لەو حیزبانەی ئەگەر ھەڵبژاردنەکان پاک و بێگەردبوونایە، ئێستا بەقەد سۆسیالیستی لێ مابوبویەوە. یەکێتی پەر و باڵی پیوە نەماوە، تەنزیمی نەماوە و ماوەیەکی تر ئەبێ مەڵبەند و کۆمیتەکانی بە قۆنتەرات بەرێوە ببات. حەجمی راستەقینەی یەکێتی بەتایبەت لە سلێمانی زۆر بچوک بۆتەوە.خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و پەرتەوازەبوونی ئەو دو سێ باڵەی کە لە ناو یەکێتی ماونەتەوە ئەوەندەی بە یەکێتیەوە نەھێشتۆتەوە کە بەرگەی ھەڵبژاردن بگرێ.. رۆشتنی دکتۆر بەرھەمیش ئەگەر ببیتە واقیع شتێک بەناوی یەکێتی ناھێڵێ و ئەگەر لەحاڵەتی ئاساییدا بوایە یەکێتی لە ١٨ کورسیەوە ئەبوو بە ٨ کورسی بەڵام یەکێتی عەسایەکی سیحری ھەیە کە ناوی تەزویرە، ھەر بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێ یەکێتی ئەبێتە حیزبێکی بچکۆلە لەروی ھێزی پەرلەمانیەوە بەڵام ئایا ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد ئەکرێ؟

گۆڕان - ھەرچی حیزب دروست بوە دەنگی گۆڕان ئەبات، خەڵکێکی زۆر دەنگ بە شاسوار ئەیەن چونکە موعارەزەیەکی ئازاترە و ھەندێکی تریش لە جەماوەری گۆڕان بەپێچەوانەوە دەنگ بە بەرھەم ساڵح ئەیەن، چونکە بەرھەم -لایەنی کەم بەپێی عەقڵی زۆرێک خەڵک- نمونەیەکی باشتری حکومەتداری بوو لە گۆڕان، گۆڕان بەلایەنی کەم ٧ بۆ ١٠ کورسی کەم ئەکات و لەنێوان ١٤ بۆ ١٧ کورسی ئەھێنێ.

یەکگرتوو ، دو ساڵە لەژێر حەملەیەکی گەورەی نەیارەکانیەتی، ھەموو ئەوانەی پەلاماری ئەیەن ئیشیش لەسەر دەنگەکانی ئەکەن، لەناوچەی سلێمانی بەشێکی دەنگەکانی ئەروا بۆ گۆڕان و بەرھەم ساڵح و بەشێکی کەمیشی بۆ کۆمەڵ، بەڵام دەنگی یەکگرتوو لە بادینان یان وەک خۆی ئەبێ یان زیاتر ئەکات، یەکگرتوو دوو بۆ سێ کورسی کەم ئەکات. یەکگرتوو لەنێوان ٧ بۆ ٨ کورسی ئەھێنی. ئەو دەنگەی لێی دەروا ژمارەیەکی کەمی دەنگی ئیسلامی ھاوبەشە کە دەروا بۆ کۆمەڵ بەڵام ژمارەیەکی کەمە و لە ١٠ ھەزار تێناپەرێ، بەشێکی کەمیش دەروا بۆ ھاوپەیمانێتی بەرھەم ساڵح،ئەگەر ھەندێک کەسایەتی کاریگەری ناو یەکگرتوو برۆشتنایەتە لای بەرھەم ساڵح کاریگەری زیاتری لەسەر دەنگی یەکگرتوو ھەبوو، بەڵام ئەو دەموچاوانەی ئێستا لەناو یەکگرتوەوە چونەتە لای بەرھەم ساڵح پێشتریش دەموچاوی زۆر خۆشەویست و کاریگەری حیزبەکەیان نەبوون، محەمەد رەئوف لە ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەمینداری یەکگرتوودا دەرنەچوە و لە دوا ھەڵبژاردندا کەمترین دەنگی ھێنا و دوای ئەبوبەکر کاروانیش کەوت کە جیلی دوەمی حیزبەکەیە . بەڵام تێکڕا نزیکەی ٣٠ ھەزار دەنگی یەکگرتوو دەروا بۆ لایەنەکانی دیکە بەتایبەت کۆمەڵ و بەرھەم ساڵح.

کۆمەڵی ئیسلامی لەھەرکەس زیاتر دڵی بەم ھەلبژاردنە خۆشە، تەنانەت رەفزێکی ئاشکرا و بێ چەن و چونی یا بە پرۆژەی یەکگرتن و یەک لیستی ئیسلامیەکان چونکە ئەو کات بارودۆخی سیاسی وابوو کە خەیاڵێک دروستکرابوو وا ئەزانرا ھەڵبژاردن بکرێ کۆمەڵ یەکەم ئەبێ، بەڵام لەراستیدا کۆمەڵیش دەنگی کەم ئەکات. کۆمەل ژمارەیەکی یەکجار کەم دەنگی جەماوەری ئیسلامی بۆ دێ کە پێشتر دەنگیان بە یەکگرتو یاوە ، بەڵام ژمارەیەکی زۆرتری ئەروا بۆ ھاوپەیمانیەتەکەی بەرھەم ساڵح و کۆنە ئیسلامیەکان، دوەم بەھێزترین کەسایەتی ناو کۆمەڵ کە ئارام قادرە و بەموھەندیسی رێکخستنی کۆمەڵ دائەنرێ لەگەڵ دکتۆر بەرھەمە، نزیکەی یەک لەسەر سێی کادیرانی ناوەندی و پێشکەوتووی کۆمەڵ لەگەڵ ئارام قادرن و لەناو سەرکردایەتی کۆمەڵیشدا خەڵک ھەیە کە تا ئێستا کۆمەڵە وماوەیەکی دیکە دەرواتە ھاوپەیمانیەتەکە، کۆمەڵ کورسیەک بۆ دوان کەمدەکات. کۆمەڵ لەنێوان ٥ بۆ ٦ کورسی ئەھێنێ.

پارتی سەرەرای ھەمو ملھوری و ھەڵەکانی بەڵام چونکە کول فی کولی ھەولێر و دھۆکە و تا ئەم دەقەش دھۆک بانک و سندوقی دەنگی پارتی بوە، یان کەم ناکات یان ئەگەر کەمیش بکات بەرێژەیەکی زۆر کەم دەبێ. نزیکەی ٥ بۆ ١٠ کورسی پارتی تەزویرە، ھەر بۆیە ئەمجارەش لەنێوان ٣٥ بۆ ٤٠ کورسی دەھێنێتەوە.

شاسوار و دکتۆر بەرھەم بەو حوکمەی جوڵانەوەکانیان یەکەمجارە بەشدار دەبن، ھەرچەند بھێنن بۆ ئەوان زۆرە و دەنگیان زیادی کردوە بەڵام بەپێی تەخمیناتی خۆم ؛

دکتۆر بەرھەم لەنێوان ٧ بۆ ١١ کورسی بەدەست دەھێنێ 
شاسوار لەنێوان ٣ بۆ ٦ کورسی بەدەست دەھێنێ
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ