وتار
دەبێت تا دەنگدانەکانی داھاتو،گۆڕان لەم تاقیکردنەوەیەی میلەت دا سەرکەوتو بێت!
شه‌ريف هه‌ژارى


چەندین بەڕێز لە خوێندکار و ھاوڵاتی ئاسایی بەردەوام ئەو پرسیارەم لێ دەکەنەوە : ئایا مامۆستا گۆڕان متمانەیان ماوە ئەم جارەش دەنگیان پێ بدەینەوە!؟
-
بۆ وەڵامی ڕاشکاوانەی ئەو پرسیارە، پێموایە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان بخرێتە بەردەم ئەم تاقیکردنەوەوە تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتو، بزانن سەرکەوتو دەبێت یاخود نا!؟
-
ھەرچەندە گۆڕان تائێستا نەی سەلماندووە کە وەزیرێکی خۆی گەر دز و گەندەڵ بێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دا بکات و، نەشی سەلماندووە کە کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دا دابنێت (بەڵکو ڕاگەیاندنکاران و وتاربێژان وەک جۆکەر بۆ ھەمو پۆستەکان دادەنێت!) و، تەنانەت ئەمە چەندین جارە ئەو کەسانەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دەیانکەنە (وەزیر و پەرلەمانتار)، ھەندێکیان بە پلەکانیانەوە دەبنە (پارتیی و یەکێتیی) .
ئەمەش بێ سەروبەرەیی ناو ڕێکخستنەکانی گۆڕان و ڕواندنێکی کاریگەری دەزگای پاراستن و دەزگای زانیاری دەسەلمێنێت لە ناو ڕیزەکانی گۆڕان دا. ئەوا بۆیە ھەمو ئەو بەڕێزانەی کە پرسیارەکەی سەرەوەیان کردووە و دەکەن، دەتوانن تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتو، لای خۆیانەوە تەنھا یەک تاقیکردنەوە بۆ گۆڕان دابنێن، بزانن جێ بە جێی دەکات یاخود نا، تاقیکردنەوەکەش ئەمەیە:
-
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ئارەزوی ھەبو کە بە جدی لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکەیەوە لە (پەرلەمانە-کارتۆنیەکە)ی ھەرێمدا، یاسای (خانەنشینبوونی پەرلەمانتار و وەزیرەکان) ھەڵبوەشێنێتەوە و، یاساکە بگۆڕن بەوەی ((ھەر پەرلەمانتار و وەزیرێک کە خولی خۆیانیان تەواو کرد، ئەگەر تەمەنیان شیاوی یاسای خانەنشینی نەبوو، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پیشەکانی پێش پەرلەمانتار بوون و وەزیر بوونیان. ھەروەھا ئەگەر ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانەی کە لە ڕوی خزمەتەوە شیاون یاسای خانەنشین بوون بیانگرێتەوە، ئەوا ئارەزومەندن کە خانەنشین بکرێن بەڵام بە موچەی دوو ملیۆن دینار)).
-
ھەروەھا دەبێت فراکسیۆنی گۆڕان ھەوڵی جدی بدات کە یاداشت پێشکەش (پەرلەمانە کارتۆنیە)ی ھەرێم بکات، کە دەبێت موچەی پەرلەمانتار بکرێتە (٤ ملیۆن) و موچەی وەزیریش بکرێتە ( ٦ ملیۆن).
-
دیارە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان گەر بیەوێت و خەڵکی ھەژار نەکاتە پەیژەیەک بۆ بەدەست ھێنانی پۆست و پارە، دەبێت بە یاداشت و ئیمزای پەرلەمانتارەکانی کار لەسەر ئەم دوو پرۆژەیە بکات، ھەم بۆ (چۆنیەتی خانەنشین بوونی پەرلەمانتار و وەزیرەکان و کەمکردنەوەی موچەی خانەنشین بوونی پەرلەمانتار) و، ھەم بۆ (کەمکردندنەوەی موچەی پەرلەمانتار و وەزیر!). لە ئێستادا فراکسیۆنەکانی تریش ناوێرن دژایەتی پرۆژەی لەم جۆرە بکەن، چونکە دوو ھەڵبژاردن لە پێشە! 

ئاشکراشە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان، ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانەی کە تەمەنیان لاوە، ئەوا پاش تەواوکردنی ئەرکی پەرلەمانتارییەکانیان دەگەڕێنەوە سەر پیشەکانی پێشویان! بەمەش ھەم بودجەیەکی گرنگ بۆ خەزێنەی نەتەوە دەگەڕێتەوە و، ھەم عەداڵەتی ڕێژەیی کۆمەڵایەتیشی تێدا ڕەچاو دەکرێت.
-
خۆ ئەگەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان جدی نەبون لەسەر ئەوەی فراکسیۆنەکەیان ڕاسپێرن بۆ ئەو دوو ئەرکە لە پێشینەیە و، خودی پەرلەمانتارەکانیشیان ئەوەیان نەکرد، ئەوا خوا بیانگرێ و، خەڵکی ھوشیار دڵنیادەبن کە سەرکردەکانی گۆڕان و پەرلەمانتارەکانیان (ڕاستگۆ) نین و، کۆپی پارتیی-یەکێتیین و، دەنگ پێ دانیان جگە لە کۆیلەیەتیی و شوێنکەوتنی ھاشوھوشی درۆ، ئەوا ھیچی دیکە نییە! 
جەماوەری کوردستان دەبێت ئیتر تەنھا بە کردار فراکسیۆنەکان ھەڵسەنگێنن! چونکە ڕونە خوا ھەڵناگرێ بزوتنەوەی گۆڕان دەمبازی باشیان ھەیە (باوباپیرانمان بەو جۆرە مرۆڤانەیان ئەوت: چەنەبازی بێ کردار!). بەڵام ئیدی خەڵک ئەبێت گوێ بۆ (زار و دەم) شل نەکات، بەڵکو بە کردار مرۆڤ بپێوێت!
-
ھیوادارم بزوتنەوەی گۆڕان بەھۆی (دەمبازە بێ-کردارەکانیەوە) نەگاتە ئەو ئاستەی کە فەرمایشتەکەی پیرەمێردی حەکیمیان بەسەردا جێ بە جێ ببێت،

پیرەمێردی حەکیم جوانی فەرمووە:

((زمانت درێژ بێت: دەستت کورت ئەبێت، کە خۆت ھەڵکێشا: گوێت لە جڕت ئەبێ!!)).
-

تێبینی:
١-بە ھۆی ئەوەی ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکان دەمناسن، ساڵی ڕابردو یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕانە دی لە کتێبخانەی ئەندێشە، لەبەر ئەوەی ھاوڕێین چەند مشتومڕێکمان کرد، یەکێک لەو باسانەی کە خستمەڕو یاسای خانەنشینی پەرلەمانتاران بوو. ناوبراو بەڵگە و ئیمزای لابوو کە ھەندێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان ھاوبیری پەرلەمانتارانی پارتیی-یەکێتین و نایانەوێت یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیرەکان گۆڕانکاری بەسەردا ببێت، بەڵکو ئەوانیش ئەیانەوێت وەک بەرپرسە دزەکانی پارتیی-یەکێتیی ببنە بخۆری ھەتاھەتایی بەسەر سامانی ئەم میللەتە تەواو برسیە زوڵم لێ کراوەوە. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت لەم ڕووەوە ھەمو پەرلەمانتارەکانی ئاگادار بکاتەوە. 
-
٢-لەبەر ئەوەی ھەلبژاردنەکانی کوردستان و عێراق لە پێشە، ئەوا یەکێتیی و پارتیی دەست دەکەنەوە بە قیرتاوکردنی ھەندێ گەڕەک و پرۆژەی ئاویان بۆ دەبەنەوە و، ئەکرێت کارەبا لە ٤ سەعاتەوە بکەنە ٨ سەعات لە شەو و ڕۆژێک دا. بۆیە ئەمە نە دەستکەوتی (ھەڤاڵ ئەبوبەکرە و نە ھی پۆستدارەکانی دیکەی گۆران و یەکگرتو و کۆمەڵ)، بەڵکو ئەمە سیاسەتی فریودەرانەی یەکێتیی و پارتییە بۆ فریودانی میللەت. دەبێت (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) ئیدی ھێندە ڕاستگۆییان تێدا ھەبێت کە ڕوی ئەم سیاسەتە فریودەرانەیە ھەڵماڵن و، گوێ نەدەن بە پۆستدارەکانی خۆیان لە حکومەتە خۆجێیەکان دا.

-
شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/12/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ