وتار
ساڵی 2018 سەقامگیرتر دەبێت بۆ هەرێم
محه‌مه‌د ره‌ئوف

پێشبینی دەكەم ساڵی 2018 ئارامتر و سەقامگیرتر بێت بۆ هاولاتیانی هەرێمی كوردستان، وەك لە 2017 بەو پێیەی:
یەكەم/ لەرووی ئابوریەوە هەرێمی كوردستانی بەتەواوی شكستی هێناوە، بۆیە بەناچاری دەیەوێت لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت، چاوەڕی دەكرێت بەغداد لەسەرتادا موچەی هەندێك وەزارەتی خزمەتگوزاری بنێرێ، وەك ( پەروەردەو تەندروستی و خوێندنی باڵا) بەپێی زانیاریەكان بەغداد دەیەوێت موچەی 250 بۆ 300 هەزار فەرمانبەری هەرێم بدات، واتا نزیكەی 205 بۆ 300 ملیار دینار دەنێرێت، لیستی ئەو وەزارەتانەش گومانی كەتری تیایە. بۆیە بە پێدانی موچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێم تا ئاستێك دۆخی بازاڕ و بژێوی خێزانەكان سەقامگیری بەخۆوە دەبینن.. نرخی نەوتیش بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەرزبۆتەوە ئەمەش یاریمەتیدەرە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابوری.. واتا بەشێوەیەكی زۆر نا بەڵام 50% بۆ 60%رەنگە كێشەی بەشێك لە موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر ببێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی تایبەت بە پەروەردەو تەندرووستی فشاری زۆریان لەسەر حكومەتی عێراق كردووە بۆ پێدانی موچە بە موچەخۆرانی هەرێم.
دووەم/ لەرووی سیاسیەوە بەرپرسانی هەرێم هەموو دەستكەوتەكانیان لە 2017 لەدەستدا، بۆیە ئەوەی 2017 دوا تنوكی شكست بوو، پێناچێت حكومەتی عێراق لەوە زیاتر پێشڕەوی بكات لەرووی سیاسی و سەربازیەوە بۆ سەر هەرێم، بۆیە چاوەران دەكرێت ئەمریكاو وڵاتە زلهێ.ەكان بیانەوێت عێراق بەرەو سەقامگیری ببەن و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش پشتیوانی لەم سیاسەتەی عەبادی بكەن وعەبادیش بكەنەوە سەرۆك وەزیران، دەسەڵاتی هەرێمیش لەم دۆخەدا دەوەستێنن، نایەڵن زیاتر بكەوێت و ناشیەڵن دەسەڵاتەكانی وەك جاران فراوان بێت.
سێیەم/ لە ئاستی ناوخۆش دۆخەكە لە بارێكدا وەستاوەو هێزەكان لە ململانێی یەكدی ماندوو بوون، دەستی یەكدیان بۆ كەشف بوە، ئێستا چارەنووسی حكومەتی هەرێم دیار نیە بۆیە پێدەچێت نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی حكومەتێكی كاتی پێكبهێنن و لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەربدرێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو، چونكە فشارەكان لەسەر حكومەت زیاتر بوون ، بەڵام یەكێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ئامادەی هەڵبژاردن نیەو پارتیش سورە لەسەر هەڵبژاردن، چونكە پارتی دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردنی هەرێم بكرێت و حكومەتی نوێ هەڵبژێردرێت و بەغداد بڵێ فەرموو لەگەڵ ئەم حكومەتە مامەڵە بكە.
بەڵام ئەگەرەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بەهێزەو لەدوای هەڵبژاردنیش حكومەتێكی جیاوازتر لەوەی پێشوو درووست دەبێت و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەك جاران درووست بێتەوە، ئەمەش تا ئاستێك گونجاوترە بۆ دۆخی ئەمرۆی كوردستان.
چوارەم/ چاوەڕوانی گۆڕانكاری تەقینەوەی گەورە دەكرێت لە ناوچەكەدا بەرەو نفوزی ئێران فراوان بووە، لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرین ....و ئەمریكاو وڵاتانەی رۆژئاواش بەو فراوانبوونەی دەسەڵاتی ئێران رازی نین و دەیانەوێت لەبری ئەوەی ئێران دەسەڵاتەكانی بەرێتە دەرەوە كێشەكان ببنەوە ناو خودی ئێران خۆی بۆیە ئەو خۆپیشاندان و نارەزاییە بەرفراوانەی ناو ئێران بەشێكە لەو هەوڵانە، بەڵام پێنا چێت و عێراق و هەرێم ببێتە بەشێك لەگەمەگەورەكە هەرچەندە پروشكی بەردەكەوێت، بەو پێیەی ئاراستەیەك هەیە بەوەی دەیانەوێت عێراق بەرەو سەقامگیری ببەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ