وتار
گۆرانکاری ریشەیی لە قیادەوە یان لە قاعیدەوە .؟؟
کاوە ھاوڕاز

لە کاتی راپەرینەکەی گەلانی عیراق و راپەرینی خەلکی کوردستانیش لە بەھاری سالی ١٩٩١ و باشان لەچرکە ساتی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیشەوە لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەلایەن ھێزەکانی ئەمەریکاوەو لەدوای ناردنەوەی پارت و لایەنە سیاسیە ھەمەجۆرەکانی ئەوسای بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش لەلایەن ئێرانەوە، گەلانی عێراق بە گشتی و گەلی کوردیش بە تایبەتی وایان ھەست دەکرد گوایە کۆتایی بەسەرجەم مەینەتی و نەھامەتیەکانیان ھێنراوەو لەژێر سایەی دەسەڵاتدارێتیی ئەو ھەموو بەرە و گروپ و تەوژم و ڕەوت و ئەنجوومەنی باڵا و مەرجەعیەت و ھاوپەیمانێتی و ھاوبەندییە ھەمە چەشنەدا زۆربەی ھەرە زۆری ئاواتەکانی ساڵانی ڕابردوویان بەدی دێت و عێراقیش دەکرێتە نموونەی دەوڵەتێکی سەربەخۆو خاوەن بڕیاری سیاسی تایبەت بەخۆی. . 
بەڵام بەداخەوە ھێندەی نەخایاند و ھەر دوابەدوای چەند مانگێک عێراق کەوتە بەر زریانێکی گەورەی ململانێی سیاسی و مەزھەبی و تایەفەگەری و لەم ئاقارەشەوە چەندین زیانی گەورەی مادی و جەستەیی و قوربانی ھەمە جۆریشی بەرکەوت کە بەڕای سەرجەم دەزگاو ناوەندە پەیوەندیدارە نێوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیش ئەو زیانە گەورانەی لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە تا ئەمڕۆ چەندان ھێندەی زیانەکانی جەنگە نێوخۆیی و دەرەکی یەکانی سەردەمی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی پێشووی عێراقە.
ھەمان بۆچوون لە سەر رەوش و بارودۆخی گەلی کوردستانیش لە ئارادایە . بۆیە .
ھەمیشە پرسیارێک لە ھزری ھاووڵاتی کورد دا دا ڕەگی داکوتاوە کە داخۆ بۆچی بەم ھەموو لایەنانە و یان بەھاوپەیمانێتی یەکی گەورە و بەچەند تەکەتولێکی دیاری سەرکردەکاینش گۆڕانکاریەکی ئیجابیانەی ئەوتۆ لەسیستمی کارو بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەی ھەریم دا دا بەدی نەھێنراوە، 
ئەی مەگەر زیاتر ھەر ئەم دوو لایەن و پارتە گەورە وزەبەلاحانە نەبوون کە لەخولەکانی پێشووی ھەڵبژاردنەکان دا چەندین بەرنامەو ئەجێندای کارو پڕۆژەی پان و بەرینیان بۆ چاکسازی و بەرەو پێشبردنی وڵات و دابینکردنی خزمەت گوزاری دەخستە بەر چاوو دیدەی ھاوڵاتیان و دەنگدەرانیان کە خۆیان بەنوێنەرانیان دەزانی و، بەڵام دوای ئەزموونی پتر لە (٢٦)ساڵ لە ھەرێمی کوردستان کەمترین بارستایی بەرنامەو بەڵێنە درەوشاوەکانیان لەزەمینەی واقیع دا بەرجەستە نەبووە و ئەو گۆڕانکاریە شامیل و ھەمەلایەنانەی کە بەرنامەو دەستووریان بۆ داڕشتبوو، نەک ھەر بۆیان بەدی نەھێنرا، بەڵکو دۆخی نیوخۆیان گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە یەکدیی تۆمەتبار کەن و میللەت بە یەکجاری و چەند دەستەو تاقم و چەند پارت و کەسایەتیەکی تریش لە پەراویزیان دا داوای لە سەرکار لابردن و پەراوێز خستن و متمانە لێ سەندنەوەی حکومەت بکەن،
تاکە وەڵامێکیش بۆ پرسیاری سەرەتایی ئەم بڕگەیەی باسەکەم کە ( داخۆ بۆچی بەوھەموو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆنی دوێنی نزیک و بەرجەستە بووی دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆ ناتوانن گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی بەدی بێنن ) ؟!!!
ئەوەیە بیرۆکەی ھاتنە ئارای حیزبە سیاسیەکان لە عێراق و تەنانەت لە ھەندێک وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دا لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە کە ئەم پارت و لایەن و بەرە سیاسیانە لەسەر بیرۆکەی ( دۆزینەوەی میکانیزمەکانی وەرگرتنی دەسەڵات ) دروست بوون، لەسەر ئەوەی کە سەرەتا بەھەر نرخێک بێت بگەنە ترۆپکی دەسەڵات و گوایە دوای باڵا دەست بوون و خۆسەپاندن بەسەر دام و دەزگاکانی دەوڵەت دا دەتوانن ئەو ھەموو بەڵێن و بەرنامە ھەمەجۆرانەیان بەدی بێنن و دەرفەتی ھەڵبژاردنەوەشیان لە خولەکانی ئایندەدا بۆ مسۆگەر ببێت.
بێگومان وەک ھەموو لایەک لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەچاوی خۆمان بینیمان پارتە سیاسیەکانی دوێنێی دەرەوەی دەسەڵات زۆرترین چالاکی و ئەرک و ھەڵسووڕانی خۆیان خستە گەر بۆ خزمەت کردنی جەماوەرەکانیان و قەناعەت پێکردنیشیان بەوەی گوایە بەو بەرنامەو کارنامانەیان کە بۆ خۆیان و بۆ خۆشگوزەرانی جەماوەر داڕشتووەو پڕۆسەی گۆڕانکاریش ئەرکێکی گەورەو مەسەلەیەکی یەکلاکراوەو کارێکی حەتمی و بڕاوەیەو ھەردەبێت بەدیی بێنن، بەڵام دوای چەندین ساڵ و دوای شکست ھێنانی چەندین ئەزموون و دەرفەتی درێژخایەنیشیان کە چی ھێشتا لەسەرەتای ھەنگاوەکانیان دان و تەنانەت لە شوێنەکانی پێشوویان دا (ڕاوح دەکەن، واتە لەجی ی خۆیان دا وەستاون و ھەر پێ بەزەوی دا دەدەن و ناتوانن پێ ھەڵگرن. ھەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو پرسیارە تەقلیدیەشمان دا کە بۆچی زۆربەی لایەن و حیزبە سیاسیەکان کاتێک دەگەنە دەسەڵات و چەندین ساڵی دوورو درێژ تیای دا دەمێننەوەو ناشتوانن ئەو گۆڕانکاریەی لە بۆتەی ئامانج و بەرنامە ڕاگەیەنراوەکانیان دا بانگەشەیان بۆ دەکرد بەدی بێنن؟
تاکە ھۆکاری ئەم شکستە دیارو بەرچاوەش ئەوەیە کە بێگومان دەبێـت گۆڕانکاری لەبناغەوە بێت نەک لە سەرەوە.ھەروەھا دەبئ لە بنکە جەماوەرییەکەوە بێت نەک لە ترۆپکی ھەلپەرستی دەسەڵاتدارێتی یەوە،
لە (قاعیدە)وە بێت نەک لە قیادەوە،
چونکە قیادەو سەرکردایەتی ی حیزبەکان چەندین ساڵ چنگیان لە یەخەی بەرپرسیارێتیی بێ باکانەو خۆبەگەورەدانان توند کردووەو تەنھا ئەو مەسەلانە بەڕاست و دروست دەبینن کە ئاوات و نیازە تایبەتیەکانی خۆیان و لایەنەکانیان بۆ بەدی دێنن، 
جا لە بەر ئەوەی بیرۆکەی گۆڕانکاری لەسەر مەزھەبی حیزبەکان لەسەرەوە (لە قیادەوە)دەست پێ دەکات نەک لە خوارەوە (لەقاعیدەوە)ئیدی ھەرچەق خراوەتە سەر بە پیرۆزدانانی قیادەو ڕەمزو ھێما دێرین و نوێ یەکانیان و فرۆشتنەوەی چەندین جاری سەروەریی باب و باپیران بە چین و توێژە نەدارو بێ دەسەڵاتەکانی گەلەکەیان. 
ھەربۆیەش زۆربەی پارتە نەتەوە پەرست و عەلمانیە ھەمەچەشنەکانی تر لەم وڵات و ھەرێمانەی ئێمەدا ھەمیشە بوونەتە ئامێرێکی ئاسان و داردەستی سەرکردەکانیان تەنانەت لە ڕۆژگاری قۆناغی بەرھەڵستی و ئۆپۆزسیۆن بوونیشیان دا، ھەربۆیەش ھەمیشە ئامادەیی دیارو بەرفراوانیان لەسەر ناوەندو پێگەکانی بڕیاردان و لەسەر شاشە درەوشاوەکانی ڕاگەیاندن ھەیە و ھەزموونی تەواویان لەسەر داڕشتنەوەی بڕیارەکانی نێوخۆی حیزب و لەوێشەوە لەسەر بڕیارو ڕاسپاردەکانی حکومەت ھەیەو ، بەم پێ یەش تاکە وەرگری یارمەتی و دارایی و بودجەو داھاتە ھەمەچەشنەکان و چۆنیەتی دابەش کردن و ئامارکردن و خەرج کردنیان ھەربەدەست خۆشیانەوەیە.
ئیدی دەستەیەکی سوودمەندی پراگماتی و ھەلپەرستی بەرھەم ھێناوە کە ھێدی ھێدی بەتێپەڕبوونی ڕۆژان زۆربەی نەیارانیان بکەنە دەرەوەی گەمە سیاسیەکانی وڵات و بارودۆخێکی تاریکی دیکتاتۆری بەسەر ئەم وڵاتە خێرنەدیوەدا بسەپێنن..
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ