وتار
ستەم کردن بە یاسا
پارێزەر: لوقمان مصطفی

زۆرجارگوێ بیستی دەیان چیرۆکی سەیرووسەمەرە لەسەر بێتاوانی فڵانە کەس و فیسارە کەسی بەندکراوو یاخود سزادراو دەبین،بێگومان ئەم دیاردەیە لە زۆربەی ووڵاتانی جیھان بەکوردستانی خۆیشمانەوە بەردەوام بونی ھەیە، کە ھەر یەکەیان بە تومەتێک لە کونجی زیندان خزێنراوون،یاخوود سزای چەندین ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە ، بە ڵام دواتر دەرکەوتوە کەسێکی بێتاوانەو قوربانیەکی دەستی ناداد پەروەری کۆمەڵایەتیە وھیچیتر ،دادگاش بەناچاری لەسەر ئەو بەڵگانەی کەبەردەستن بریاری خۆی داوە . 
وەک باسمان کرد نمونەکان زۆر لە ھە مو ووڵاتانی جیھاندا بونی ھەیە بەڵام دیارترینیان ئەوەی کە سەرنجی بەندەی راکێشاوە ئەو بەندیەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە کە لەڕووداوێکی دەگمەنداو دوای بەسەربردنی ٣٤ ساڵ لە زینداندا، دادگایەکی ئەمریکی لە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس حوکمی بێتاوانبوونی بۆ حوکمدراوێک لەو وڵاتە دەرکرد.
ئەو تاوانبارە کەناوی (کاش دیلانۆ ریجیستر) ـە پێش ٣٤ ساڵ لەمەبەر بەتاوانی کوشتن سزای ھەتا ھەتایی بەسەردا سەپێندرا، سەپاندنی سزاکەش دوای شایەتی ژنێک ھاتبوو کە گوایە لەکاتی خۆشتندا گوێی لەدەنگی تەقە بووەو دواتر لەپەنجەرەی ماڵەکەیەوە تەماشایی کردووە (ریجیستەری) بینیوە رایکردووەو دەمانچەیەکی بەدەستەوە بووە.
گۆڕینی بڕیارەکەی دادگاش پاش ئەوە دێت کە دوو خوشکی شایەتحاڵەکە لەدادگا، رایانگەیاند: "خوشکەکەیان لەو کاتەدا درۆی کردووەو شایەتی ناڕاستی داوە".ریجیستەر ھەر لەسەرەتای دۆسێکەیەوە، تەئکیدیدەکردەوە: لەکاتی رووداوەکەدا لەگەڵ ھاوڕێ کچەکەی بووە، بەڵام دادگا پشتی بەقسەکانی نەبەست، ئێستاش دوای تێپەراِندنی زیاتر لە (سێ) دەیە لەپشت دەرگاکانی زیندان، (ریجیستر) لە یەکەم وتەیدا، رایگەیاند: "ئەوەی لەئێستادا خوازیارم خواردنی ژەمێکە کە لەلایەن دایکمەوە ئامادە کرا بێت کە دەیان ساڵە لێیان بێبەش کردووم".
ئەمە ئەوچیرۆکە خەمناکە بوو کە قوربانی دەستی ناداد پەروەری کۆمەڵایەتی و دادگاش بە ناچاری بریاری خۆی سەپاند بەسەر (ریجیستەر )ی بێتاواندا چونکە تەنھا بەڵگە لەکاتی دادبینیەکەدا ئەو گەواھی دەرەبوو کە زۆر بێ ویژدانانە گەواھی درۆی لەسەردابو . 
لە ھەرێمی کوردستانی لەمەر خۆیشمان بە دەیان چیرۆکی زیندوو ھەن کە ھەریەکەو بە شێوازێک دادگا بریاری بەند کردنی بەسەردا سەپاندون، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پۆلیس کەسێک بەناوی غەفوور قادر بە تۆمەتی کوشتنی منداڵێک دەستگیر دەکات و سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێت.
 دوو ساڵ دوای غەفوور، پۆلیس کەسێکی دیکە بە ناوی (س.ق) لەسەر تاوانێکی دیکە دەستگیر دەکات و سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێ.  دوای ئەوەی پۆلیس جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی محەممەد سلێمان کرد، دەرکەوت کە (س.ق) بکوژی محەممەدە، نەک غەفوور، بۆیە بڕیاری ئازادکردنی غەفووری دا. 
ھەمان شێوە فەرھاد وەدیع، دوای ئەوەی نزیکەی چوار ساڵ بە ھەڵە و بە کوشتنی کوڕەخاڵی تاوانبار کرا،لە بەرواری ٢٠-٣-٢٠١٧، لە زیندانی دھۆک ئازادکرا.
فەرھاد ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو بوو، وەک خۆی دەڵێت، لەژێر گوشاردا بە ناچاری دانی بە کوشتنی زێبار نەزیردا نابوو، بەڵام دوای ساڵێک ئاشکرا بوو کوڕە مامێکی زێبار تاوانبارە بە کوشتن نەک فەرھاد.
وەچەندین کەسیتر بێتاوان ھەن کە ساڵ و دو ساڵ و زیاتریش ژیانیان لەبەند یخانە بەسەر بردوە کە تەنھا بە شک و گوما ن حوکم دراون یاخود دەست بەسەر کراوان پاشان ئازاد کراوون، ئەگەر بە فایلەکانی دادگاکاندا بچینەوە ئەوە دەیان و سەدان چیرۆکی زۆر خەمناکتر دەبینین و دەبیسین کە پاشان ھەر یەکەو بە شێوازێک ئازاد کراوان ، بێگومان ئەم رێکارە دەرھەق بەو کەسە بێتاوانانە نایاساییە ، ھەر لەبەر ئەومەبەستەیە کە یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕاگیراوان و حوکمدراوان لە کاتی بێ تاوانی و دەرچوونیان لە ھەرێمی کوردستان –عیراق کە بە یاسای ژمارە( ١٥ )سالی ٢٠١٠ ناسراوە کە لە ھەردو مادە (٤ و ٥ )دا ھاتوە ئەوکەسانەی کە بەبێ تاوان دەسگیر کراون و حوکم دراون کە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەم رێکارە یاساییانە داوای قەرەبو بکەن :
ماددەی چوار..داواکردنی قەرەبوو کردنەوە بە پێی ئەم رێکارانەی خوارەوە دەبێ :- 
یەکەم :- داوای قەرەبوو کردنەوە پێشکەش بەو لیژنانە دەکرێت کە لە دادگاکانی تێھەڵچوونەوە پێک ھێنراون و حکومەتیش ئاکامی قەرەبووکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت پاش ئەوەی بڕیار ی لیژنەکان پلەی کۆتایی وەر دەگرن .
 دووەم :-  بەپێی ئەم یاسایە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر وەرگرتنی بڕیاری ئازاد کردن یان حوکمدان بەبێ تاوانی پلەی کۆتایی گوێ لە داواکاری قەرەبوو کردنەوە ناگیرێ .
سێیەم : مافی قەرەبوو کردنەوە لە کاتی مردنی خاوەن ماف تەنھا بۆ ھاوسەر و منداڵ و دایک و باوک دەگوازرێتەوە .
ماددەی پێنج ..یەکەم : قەرەبوو کردنەوەی ئەدەبی لەسەر بنەمای ئەو ئازار و ناخۆشیانە دەخەمڵێنرێ کە زیان پێکەوتوو تووشی ھاتووە و ئەوەی کە کاری لە ناوبانگ یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان وەزیفی کردووە .
دووەم : قەرەبووی ماددی لە سەر بنەمای ئەوەی لە دەستی چووە و ئەو زیانەی لە ماوەی گلدانەوە یان گرتن یان حوکمدانەکەی دەخە مڵێندرێ .
سێیەم : پێویست لەسەر ئەنجومەنی دادوەری بڕیارەکانی حوکمدان بە بێ تاوانی (براءە) و ئازادکردنی ئەو کەسەی بێتاوانە دەسەلمێندرێ یان ئازاد دەکرێت لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانە ی ھەرێمدا بڵاو بکاتەوە .
لێرەدا ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە دادگا بە شێوەیەکی ناراستەو خۆ دان بەوەدا دەنێت کە بریارێکی داوە ھاوسەنگ نیە لەگەڵ مادە یاساییەکاندا ویژدانی دادوەرەکانێس پێوەرێکی ترە بە ئاراستەی نەبونی بەڵگەی تەواو و سزایەکی جەستەیی ودەرونی کەسی بەند کراودا ،ھەروەکو چۆن بەبریارێک حوکمی بەسەردا سەپاندون کەدەردەکەوێت کەسێکی بێتاوانە بەھەمان شێوە دادگا بریاری ئازادکردنیان دەدات لەرێی دادگاوە،بەڵام بە شێوەی پێداچونەوە بە برێاڕیک حوکمەکەی ھەڵدەوەشێنێتەوە ، ھەر بۆیە یاسا ناسان پێوەری قەرەبو کەرەوەیان دارشتوە بۆ کەسی ستەم لێکراو کەرەنگە کەمێک لەو ئازاروو نەھامەتیەی کە بەسەر کەسی زوڵم لێکراوادا ھاتوە لانی کەم ھەندێک لەئازارەکانی کەم کاتەوە 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
05/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ