وتار
ھەگبەو سەرچاوەی ڕووداوە تووندوتیژئاساکانی ٢٠١٧چیمان پێ دەڵێن؟
یاسین نادر ڕەحمان

تووندوتیژی وەک دیاردەیەک گەر پێناسەی بکەین دیاردەیەکە کە بەھۆی زۆرو زەبرەوە خەڵکانیتر لە دۆخێکی پێچەوانەی خواستەکانیان دابنێیت کە ئەمەش لە تەواوی جیھاندا وەک کەرەستەیەک بۆ کونتڕوڵکردنی بەرانبەرەکان سوودی لێ دەبینرێت و لەڕاستیشدا بۆ سەرکووت و وەستانی پێشێلکەران و لە یاسا دەرچووان سوودی لێ دەبینرێت، تووندوتیژی لە شەڕو ئاژاوەی نێوان دوو مرۆڤ تا شەڕ و وەچە کوشتنی خەڵکان و میللەتان لە جیھاندا سەر دەردێنێت کە ئامارە جیھانییەکانیش لەبارەی جۆرەکانی تووندوتیژی بۆ نمووونە لە دیاردەیەکی وەک لێدان و بریندارکردن لە ساڵانی ڕابردوودا بەمشێوەیە بووە کە بەپێی پلەبەندی "ئەمریکاو بەریتانیاو مەکزیک و ھیندستان و کەنەدا و ئەرژەنتین و ئوستڕاڵیا" دێن، کە لە زۆربەی وڵاتانیی جیھاندا تووندوتیژییەکان لە سەرچاوەی جۆراوجۆر خۆی دەبینێتەوە کە بەپێی دۆخی وڵاتان و ژیانی تاکەکانیان جۆری تووندوتیژییەکان دەگۆڕێت کە ڕەنگە لە وڵاتێک ھەژاری تەنگی بە ھاوڵاتیانی ھەڵچنیبێت، ڕەنگە لە وڵاتێکی دیکەدا ناعەدالەتیی و ڕەنگە ھۆکارگەلی سیاسیی تر تەنگی بە ھاوڵاتیان لە دۆخە ناخۆش و نەخوازراوەکاندا ھەڵچنیبیت تا بەپێی دۆخەکان تووندوتیژە جۆراوجۆرەکانیش سەر ھەڵبدەن.
 زۆرجارانیش دەگووتری تووندوتیژی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان بەھۆی قەیرانی ئابووریی و شەڕە نەخوازراوەکان و لاوازی ئەدای حکومەتی ئەم وڵاتانە قوربانی لێکەوتووەتەوە، یان لە ئاستێکی تاکێکی بچووک گەر بە نسبەت حکومەت و وڵاتیشییەوە نەبێت لەوە سەرچاوە بگرێت کە مافخوراو بێت ئەویش لەسەر ئەو بنەماو میتۆدەی کە (حەق دەسەنرێتەوەو وەرناگیرێتەوە)سەرچاوە گرتبێت.
 بەھەر حاڵ ئەمانە ئەگەر شتگەل و ڕوانگەی  گشتی لەبارەی تووندوتیژییەوە گەر لێ بڕوانین و لە پاڵ ئەمانەدا ئەم دیاردەیە لە "کوردستان"ی خۆشمان بخەینە ژێر باس و شرۆڤەوەو ئەم دیاردەیە لە ساڵی ٢٠١٧دا لێ بڕوانین بەوە دەگەین کە ئاماژەکانی تووندوتیژی لە کوردستاندا لە زۆر لەم حاڵەتانەی سەرەوە بەدەر نییەو بگرە ھەموو ئەم حاڵەت و دۆخانەی سەرەوە لە کوردستانی خۆشماندا دەبینرێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئاماری ڕووداوەکان بەشێوازێکی گشتی لە لایەن بەڕێوبەرایەتییە جۆراوجۆرەکان وەک ئاماری ساڵی ڕووداوەکان لە شار و پارێزگاکانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەم ڕۆژانەدا وەک  ئاماری ساڵی ڕابووردوو ھەمیشە دەخرێنەڕوو، بەڵام لە ھەموو ئەو ئامارانە، ئەوەی سەرنجی میدیایی و میدیاکار بەخۆیدا ڕادەکێشێت پەیوەستبوونی ڕووداوگەلی زۆری تووندوتیژی لەم دوو ساڵەی کۆتاو بە تایبەت ٢٠١٧ دایە کە دیاردەدی کوشتن و تووندوتیژی جۆراوجور بەھۆی ھەندێک ڕووداوگەلەوە سەرچاوەی گرتووە، کە یەکێک لە سەرەکیترینیان دۆخی ناخۆش و ناھەمواری ژیانی ئابووریانەی تاک لە کوردستاندایە کە بەھۆی قەیرانی دارایی نەخوازراوەیەو چونکە ئەم دیاردەیە گەر بۆ حکوومەت ھۆی سیاسیی بوو بێت بۆ ھاوڵاتی و ھاونیشتیمانی ئەم وڵاتە ھەژاری و مەینەتی و دۆخی ناخوش و نەخوازراو کێشە خێزانییەکانی بەدواوە بووە، وە تا ئاستێک گەیشتووە تاک بەنسبەت حکوومەت بێ بەرپرسیار وحکوومەتیش خۆی نابەرپرسیار لەم دۆخە ھەست پێ بکات.
 ئەم ڕووداوانە گەر تا ئاستی خێزان و تاک لە ھەر وڵاتێکدا شوڕ ببێتە بەڕاستی مەترسیدارترین دیاردەیە کە نەک کاریگەری لەسەر دۆخی ژیانی تاک دەبێت بەڵکوو ئاراستەی بەوە دەڕوات کە چیتر بێ متمانەی ھاوڵاتی لەو ژینگەیەی بەدواوە بێت کە حکومەت ناتوانێت مافەکانی بدات. 
پرسیارەکان زۆرجار لەوە سەرچاوە دەگرن کە ئەم دیاردانە تا ڕوو نەدەن ناخرێنە بەرباس و گفتگۆوە، واتە گەر ئێمە ھەڵسەنگاندنی ڕووداوی فراوانی تووندوتیژئاسا لە ماوەی دوو ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧دا دەکەین کە بەرەو فراوانی و زیادبوون ڕۆیشتوون کە واتە ئێمە لە ساڵانی پێش لە ئەو چیمان کردووە تا ھەلومەرجگەلێک بڕەخسێنین لەکاتی ڕوودان و قەیرانەکان ڕووبەڕوویان ببینەوە.
 گەر بەھۆی قەیرانەوە زۆر ڕووداوی تووندوتیژی بەرۆکی پێ ھەڵچنیوین لە کاتی نەبوونی قەیرانەکاندا چیمان لە ڕووی ڕەخساندنی ھەلی کارو دامەزراندنی کارگەکان و ئاوەدانی گوندەکان و بەکوورتی پڕۆژە خۆبژێوییەکانی تری وڵات کردووە تا لە کاتی حاڵەتی ئاوا فریامان بکەوێت تا تاک بێزار لە ژیانی نەبێت و ھەردەم ھەست بەئاسوودەیی بکات و بیر لە زۆر شتی ناخۆش نەکاتەوە.
 بەھەر حاڵ یەکێک لە دۆخە ناتەندروستەکان لە ھەر وڵاتێکدا ئەوەیە کە پلانی پێشوەختە بۆ کاتی دۆخە نەخوازراوەکان نەبێت و ساڵی داھاتوو لە ساڵی پێشووتر خراپتر بێت کە لە ماوەی دوو ساڵی ئاماژەپێکراو گوزەراودا ئاسەوارەکانی دەرکەوت. 
ناکرێت کە کۆمەڵگاو توێژەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانی پەرورەردەیی و زانستی و ھاتنەپێشەوەی گەنج و ھێزی کاردا خۆی ببینێتەوە بەڵام  لە خاڵی وەستان لەڕووی پیَِشکەوتنیدا بیھێڵێتەوە کە ئەمانە ڕێگەخۆشکەر بۆ دیاردە نەخوازراوەکان لە پاڵ تووندوتیژییە جۆراوجۆرەکان و دیاردە نەخوازراوەکانی تر وەک دزی و ڕووھێنان بە مادە ھۆشبەرەکان و جێھێشتنی وڵات و....ھتد، بن.
 بەھەر حاڵ چارەسەرەکان چین و کامانەن؟ چی لەپێناویاندا دەمانەوێت بکەین؟ چ ھەنگاوێکیان دەبێت بۆ بھاوێن؟ دەبێت ئەوان لە کونگرە ڕۆژنامەوانییەکان بخەینەڕوو و ھیچی تر!!! بەرپرسیارێتێکان لە چ ئاستێک بۆ دروستنەبوونی ئەم ڕووداوانان؟
ھەرچەندە لە دونیادا ھەمیشە لە دۆخە تووندوتیژ ئاساکانی کۆمەڵگا ئاوا ھەنگاوگەلێک بۆ بەرەنگاری و  ڕووبەڕوبوونەوەی تووندوتیژییە جۆراوجۆرەکان دەگیرێتە بەر، کە بەمشێوەیەن:-
١- ھەنگاوی دریژمەودا لە پێش ڕووداوەکان
٢-دۆزینەوەی سەرچاوەی گرفتەکانی کۆمەڵگاو شرۆڤەو باسکردنیان و ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنیان
٣-حکوومەت و ھاوڵاتی تەواوکەری یەکترین و لە دۆخە نەخوازراوەکاندا فریای یەکدی دەکەون.
٤- متمانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان تاک و حکوومەت پڕۆسەیەکی نەپچڕاوەو ھەر ئەمەش وا دەکات، بە دڵنیاییەکی زیاترەوە لە ھەنگاوی چاکسازی بڕوانن.
٥- کەرتە تایبەتە خزمەتگوزاریەکان پاڵپشتییەکی تەواوی حکوومەتن و دەتوانن ھەمیشە یارمەتیدەری تاکی کۆمەڵگاو حکومەت بن و تا وڵات بەرەو دۆخە نەخواراوەکان پەلکێش نەبێت.
٦-پەرەوەردەو سیستەمی پەرەوەردەی وڵات، تاکێکی بەرھەمھێنەر بەرھەم دێنێت و بیر لە خۆبژێوی لە خوێندەڤانیدا چەکەرەو گەشە پێ دەدات و ناھێڵێت تەنانەت بیر لە ڕووداوگەلی خراپ بکەنەوە.
٧-پەندوەرگرتن لە ساڵانی ڕابووردو و دەستنیشانی خاڵی لاواز و بەھێز و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی تر نەک ھاوشێوە(تا ئەمساڵی ھیچ نەبێت وەک ساڵانی ڕابردووی نەبێت)
ئەمانەو چەندانیتر لە ھەگبەو سەرچاوەی کاری ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردە تووندووتیژی و ناخۆشەکانە. 
"بەھەر حاڵ ئێمەش لە کوردستاندا ھاوشێوەی سەرەوە وەک وڵاتانی دنیا، نابێت دەستەوسان ساڵی ٢٠١٨ەمان ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بێت و دەبێت پەندوەرگر لە زۆر شتمان بین، تا لە دۆخە نەخوازراوەکان کە بەرۆکی تاک و ھاونیشتیمانی وڵاتمان دەگرێت بە دوور بین."  

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
05/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ