وتار
سەردانێکی درەنگ بەڵام پێویست بۆ بەغدا
بێستون فایەق

ھەرێمی کوردستان کەمترین پەیوەندی حکومی و دامەزراوەیی لە ئاستی بەغداو ناوچەکەو  جیھاندا ھەبوەو ھەیە ، ئەوانەی بەناوی کورد و ھەرێمی کوردستانەوە لەئاستی دەرەوە وەک نمایندە خۆیان نمایش کردوە یەکێتی و پارتی و بنەماڵەو باڵە دەستڕۆیشتوەکانیان بون .
 یەکێتی و پارتی  وەک حزب ، وەک بنەماڵە و خێزان پەیوەندیان بە تاران و تورانەوە ھەیە لە گەڵ شیعەو سونە ، سوپا و میلیشیاو حەشد و میت واتلاعات  ھتد ...  کۆ دەبنەوە و دەیان سەوداو جموجۆڵی ناڕونیان لەگەڵ دەکەن و ھیچ کات ڕێگەیان نەداوە پەیوەندیە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و بازرگانی و ئابوریەکانی کوردستان وەک حکومەت و وەزارەت بکرێت و مەجرای کاری دەوڵەتی و دامەزراوەیی خۆی وەربگرێ . 
تا ئەو کاتەی پەیوەندیە گشتی و کایەکانی تر بە تەواوی دەکەونەوە دەست دامەزراوە دەوڵەتی و رەسمیەکان  کە ئێستا ئەو دامەزراونە  تەواو بێ رۆڵ و ناکاران و پەیوەندیە رەسمی و نەتەوەیەکان  لە دەست یەکێتی و پارتیدایە و رونیشە کە تێیدا سەرکەتو نەبون ، ماف و ئەرکی ھێز و کەس و گروپە رەسەنەکانی تری نێو ھەرێمی کوردستانە  لەبری یەکێتی و پارتی و بەڕێگەو ھەنگاوی جیاواز لەئەوان لە پیناو پاراستنی کیانی ھەرێمی کوردستان و خاک و خەڵکەکەی رۆڵی خۆیان ئەدا بکەن و ھەموو  رێگایەکی ناوخۆی و عێراقی و جیھانی بگرنە بەر بۆ تێپەڕاندن و دەربازکردنی دۆخی خراپی خەڵک و خاک و ئەزمونی ھەرێمی کوردستان .
سەردانی وەفدەی ھاوبەشی سێ لایەنی کوردی بۆ بەغدا ( گۆڕان ، کۆمەڵ ، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ) سەردانێکی پێویست و بەجێ یە ، ھەرچەندە درەنگەو ئەسڵ وابوو پێشتر و لە دوای روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ئەم سەردانەو ھەوڵ و ھەنگاوی  تریش بگیرایەتە بەر،  ئەم وەفدە کە وەک نوێنەری حکومەت نە رۆشتون و لە دیدارو بەیان و لێدوانە فەرمیەکانیشدا نەیان شاردۆتەوە کە ئەوان نوێنەری سێ لایەنی سیاسی کوردستانن نەک حکومەت تەواو پێچەوانەو جیاوازە لە پەیوەندی و سەردانەکانی پێشوی حزبەکان ، دروست کردنی ئەم وەفدەو مەبەستی ئەسڵی ئەم سەردانە دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ وتویژی حکومەتی ھەرێم و بەغدا کە جگە لە پابەندبونی حکومەت و یەکێتی و پارتی و بنەماڵەو خێزان و باڵەکانیان بە دەستور و یەکپارچەیی عێراقەوە دەیان جار سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ئەم داوایەیان لە بەغدا کردوە و چەندین وڵات و ناوەندیشیان راسپاردوە بۆ نێوەندگیری و دەست کردن بە گفتزگۆ لەگەڵ بەغدا ،  ئەم سەردانە نە ھاوشێوەیە بە سەردان و پەیوەندیە ناڕون و نادروستەکانی یەکێتی و پارتی بە دەرەوە ، نە ھەنگاوێکە مەترسی لە سەر خاڵ و خەڵک و سنور و پێگەی ھەرێم و ژیانی دانیشتوانەکەی دروست بکا ، ئەم سەردانە ھەوڵێکە بۆ راگرتنی ئەو تەعریبە موبەرمەجەی لە ناوچە کوردستانیەکان دەستی پێ کردۆتەوە ، ھەنگاوێکە بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی خورماتوو ئەو شوێنە گرنگە کوردیەی بە چەند سەعاتێک تەسلیم کراو ئیستا شەست ھەزار کوردی رەسەنی ئەو شارە ئاوارە و بی ماڵ و حاڵن ، نیەتی راستەقینەی ناردنی ئەم وەفدە موچەی خەڵکە ، ژیانی فەرمانبەرانە کە کابینەی حکومەتی ئێستای ھەرێم بە تەواوی توانای ئیدارەدانی نەماوە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ