وتار
بە یەک کلیکی کۆمپیوتەر چاکسازی دەست پێبکەن :
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


چەند ڕۆژێکە باسی چاکسازیکردن و ئامادەکردنی پڕۆژە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەومەبەستە بۆتەبابەتی گەرمی ڕۆژو نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبینراو ، بیستراو ، خوێنراوەوە .
پێم وانیە ھیچ کەسێک جگە لەگەندەڵخوازان وئەوانەی تابیناقاقایان نقومی گەندەڵی بون ھەبێت دژی پڕۆسەی چاکسازی بن ، بەڵام چاکسازییەک ھەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە نەک ھەرناو وچەمکەکەش بکەنە گاڵتەجاڕی مەملەکەت ومرۆڤ بێز لەناوھێنانیشی بکاتەوە .
چەندساڵێکە حکومەت چەندین بڕیار ڕیزدەکات و زوو زوو دەشڵێن دەستمانکرد بەپڕۆسەی چاکسازی کەچی لەسەرزەمینی واقیعدا وادەرنەچوون ، باشترین نمونەش ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری بوو لەساڵی (۲۰۱٦)دا کەدواتر دەرکەوت لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ( ۱٤٦ ) ھەزارو ( ٦۲۸)ناوی موچەخۆری وەھمی وبندیوارو دووموچە لەنێولیستی موچەخۆراندائاشکرابون وکەمیانکرد کەچی ئەوپارەیەی کەمانگانە بۆموچەی فەرمانبەران خەرجدەکرا  ( ۲٤) ملیاردو (٥۰۰) ملیۆن دینار زیادیکرد ، ڕێک ئەو پەندە کوردییەم بیرھاتەوە کەدەڵێت ( چاکی مەکەن باخراپ نەبێت ) ئەمەڕێک لەمەتەڵێکی بێ وەڵام دەچێت چونکە ھیچ بیردۆزێک نیە لەجیھاندا جگەلەم ھەرێمە ئەوە بسەلمێنێت کە ژمارەی موچەخۆران لە ( ۱ ملیۆن و ۳۹٥ ھەزارو ۱۰۹ )کەسەوە کەمبێتەوەو ببێتە ( ۱ ملیۆن و ۲٤۹ ھەزارو ٤۸۱ )کەس کەچی بڕی موچەی پێوستی مانگانەبۆ موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران  لە(۸۷۳) ملیاردەوەبەرزببێتەوە بۆ ( ۸۹۷)ملیاردو(٥۰۰)ملیۆن دینار .
ئەم حکومەتە گەر نیەت و ویستێکی ڕاستەقینەی ھەبێت بۆچاکسازی ئەوا زۆر ئاسانەو تەنھا ئەوکارە نایاساییانەی کەلەچارەکە سەدەی فەرمانڕەواییاندا کردویانە لەبەر ڕازیکردنی دڵی کەس ، گروپ ، حیزب و..... ھتد ، ھەڵبوەشێننەوە ئەوا گەورەترین چاکسازییەگەر بیکەن کە بەھۆیەوە پارەیەکی خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆخەزێنەکانی حکومەت .
من تێناگەم (۲٥)ساڵە مانگانە پارەلەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بەناوی خانەنشینی کەچی تازە بەتازە بەرپرسەکانی ئەم حکومەتە دەڵێن لە سەرەتای ساڵی (۲۰۱۸)وە سندوقی خانەنشینی دادەنێین ودەستکاری پارەکەی ناوی ناکەین .
ئاخەر پێمان ناڵێیت بۆچی ولەپای چی سەدان کەستان بەپلەی جیاوازی ھاوشێوەی وەزیر ، وەکیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی ، ڕاوێژکارو پلەی جیاوازجیاوازی سەربازی خانەنشینکردوە بێ ئەوەی بۆلەحزەیەکیش بەدیداری ئەوپۆستانە شادبوبێتن و وێنەیەکی یادگاریشیان بۆئەرشیفی خۆیان تەنانەت لەوشوێنانەشدا گرتبێت .
لەم ھەرێمەدا ھێندە پاسەوانی کەسی وبارەگای حیزبی وحکومی بەیاسا ڕێکنەخراوی تێدایە کەژمارەیان لە ( ٥٥ بۆ ٦۰ )ھەزارکەسی تێپەڕاندوە ، کە ڕەنگە بەڕێوەبەرانی کتێبی گینس بۆژمارە پێوانەییەکان پێبزانن ھەر زوو لای خۆیان بەڕەنگێکی سوری تۆخ تۆماری بکەن ، ئەی باشە پێم ناڵێیت کەجگەلەدەرماڵەجێگیرەکان چ پێویست بوو زیاتر لە (۲٥) جۆری تردەرماڵە ببەخشیت کەمانگانە بودجەکەی زیاترە لە( ۳۰۰) ملیارد دینارە کەھەندێکیان وەک کاڵابەباڵا دوراون،
ئەوەشمان پێ بڵێن کەبەپێی یاسای ڕاژەی موچەی فەرمانبەران ژمارە (۲۲)ی ساڵی ( ۲۰۰۸)ی عێراقی بەدەق پێت دەڵێت نابێت دەرماڵەی ھیچ موچەخۆرێک لە ( ۲۰۰٪) زیاد بێت بۆچی دەرماڵەی وەزارەتێکت ( ۲۰۰٪)ەو ھی دامەزراوەیەکی ترت لە ( ۳۰۰٪ ) ەو فەرمانگەیەکی زەبەلاحیشت ( ۳٥۰٪ )یە.
دەتوانن ھەر بەو کلیکەش و لەھەمان کۆمپیتەردا دەیان ھەزار کەس کەبێ گوێدانە ھیچ پێوەروپێودانگێک ونەبونی ھیچ مەرجێکی یاسایی داتان مەزراندوەو بەشێوەیەکی تیرئاساش خانەنشینتانکردوە کە ھیچ دۆسیەیەکیشیان نیە مەگەر حیلەیەکتان بۆ دۆزیبێتەوە ،  بیسڕنەوە ئەوسا دەتوانین بڵێین ئێوە دەتانەوێت چاکسازی بکەن .
گەر وانەکەن ئەوا نەپلانتان بۆی ھەیە ، نەویست و ئارەزووشتانە ، وەلێشتان تێک نەچێت چۆن کەسانی پاک وبێگەرد بەدەنگێکی بەرزودلێرو بێ سڵەمینەوە دژی گەندەڵی دەجەنگن ، ئەوا چاکسازیکردنیش پێویستی بەسوارچاکی بوێرو ئازاو کەسانی چاکساز ھەیەوھەر بەوانیش دەکرێت .
چونکە چاکسازیکردن بریتی نیە لەقسەی بریقەداری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ولەبەرکردنی قاتی ئوتوکراووگرانبەھالەگەڵ بەستنی ڕیباتی مارکەبەناوبانگەکان . 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ