وتار
داهـــــۆڵی دوای شـــــكستەكان
محه‌مه‌د ره‌ئوف

مەلا بەختیار بەرپرسی لەكارخراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەو كارەكتەرەی كە وەك داهۆڵ لەدوای شكست و رووداوەكانەوە دەردەكەوێت و لەبەردەم مایكەكان خۆی دەكاتە كارەكتەری یەكەمی رووداوەكان، ئەو لێدوان دەدات دەڵێت یەكەم كەس بووم وام وت و وامكرد هەمیشە دەڵێت یەكەم كەس بووم تەقەم لە بەرپرسانی بەعس كرد، ئەو لە سلێمانی داڵدەدرابوو دەڵێت من ئەندازیاری تەقەكردن بووم لە موحافز، ئەو تا توانی دژایەتی رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕانی كرد، بەڵام دەڵێت من ئەندازیاری ئەو رێكەوتنە بووم، ئەو كە لەگەڵ زاواكەیدا ئەندازیاری 16ی ئۆكتۆبەر بوون، كەچی دەڵێت من وشەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرم داهێنا، ئەو كە لەشاخ لە زیندانی شۆڕشدابوو ، بەڵام دەڵێت شەڕی 22 كۆپتەرم كردووە.. ئەو وتی جارێكی تر ناچمەوە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی، بەڵام سفرەی مەكتەبی سیاسی بۆ رێكەوتن لەگەڵ پارتیا ئەڕازێنێتەوە. 
ئەم كارەكتەرە لەیەككاتدا هیچ نیەو خۆشی لێبوە بەهەموو شتێك ئەو ( بەرپرسی دەستەی كارگێریەو بەرپرسیش نیە، دژی سیستمی بنەماڵەییەو خەزوری كوڕی بنەماڵەیە..كەس بەقەد ئەو لە روكەشدا دژی پارتی و بارزانی نیەو ئەندازیاری رێكەوتن و لێكنزیك بوونەوەی پارتی و یەكێتیشە، لەیەك كاتدا ئەندازیاری ریفراندۆمەو دژیشیەتی، ئەوێك كە تەنها بەشداری لە فێڵ و یاری سیاسیدا كردووە، كەچی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بووە، ئەوێك لەیەككاتدا سەرنوسەرە رۆژنامەنوسە، چاودێرە سیاسیە، نوسەرە، دیموكراسخوازە، سۆسیال دیموكراتە، خاوەنی پلاتفۆرمی دابڕانە. ئەو بەرپرسی ریكخراوە دیموكراتیەكان و سۆسیال دیموكراتەو بەڵام بڕوای بەهێزی چەكدار هەیە.. ئەو ریكۆردی لە بانگەشەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مۆدێرنەدا شكاندووە و دەشڵێت یەك كورسیمان هەبێت و سەد كورسی هێزمان هەیە هێز، واتا هزری چەك و هێز عەقڵیەتی راستەقینەی مەلا بەختیارە. 
هیچ كەس هێندەی ئەم كارەكتەرە خەباتی شاخ و شۆڕش بەنەوی نوێ نافرۆشێتەوە، لە كاتێكدا ئەوان لە شاخ هێندەی رووی تفەنگەكانیان لەیەكتری بوو هێندە لولەی سەمینۆفەكانیان نەدەكردە هیلی كۆپتەرەكانی بەعس، تا بەرپرسێكی بەعسیان دەكوشت دەیان سەركردەو خەباتگێری شاخیان لەیەك شەهید دەكرد ئەوان لە شاخ هێندەی سەرقاڵی ئینشیقاق و ململانێ و چاڵهەڵكەندن بوون بۆ یەكتر هێندە سەرقاڵی پلاندانان نەبوون بۆ بەعس، ئەوان زۆرینەی تەمەنی شاخیان لە ململانێی یەكتر و شەڕ بووە دژ بە شۆڕش، جوتە پێڵاوێكی لاستیكی زۆرینەتان یەك ملیۆن دۆلار لەسەر هاوڵاتیانی كوردستان كەوتووە هەركەسێك ئەزمون و یادی پشكۆ نەجمەدین و ئەو رۆژانەی نیشتیمان هی هەموان بووی هەڤال كوێستانی بخوێنیتەوە ئەوجا دەزانیت،ئەوان لە شاخ چی شۆڕشگێڕێك بوون و چی شۆڕشێكیان بۆ بەرهەمهێناین، مێژووەكەشیان پڕیەتی لە نان و چا خواردنێكی سەرپێیی بە 22 كۆپتەری ناسكەوە. 
ئەو رەفتارانەی مەلا بەختیار لە سایكۆلۆجیدا دەچێتە چوارچێوەی حاڵەتی ( Megalomania ) مەگلۆمینیا ( خۆبەگەورەزانین) كە نەخۆشیەكی عەقڵیە توشی مرۆڤ دەبێت، تاك هەستێكی ناواقیعی هەیە كە خۆی بە گەورەتر لە كەسانی تر دەبینێت و هەستەكەش تەنها لەلای خۆیەوەیەتی و لە واقیعدا وانیە، ئەو هەستە بەشێكە لە كەسێتیەكی دوو جەمسەری، یەكێك لە كێشەگەورەكانی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە كاریگەری و مەترسی بۆ سەر دەوربەرەكەی هەیە. 
كارەكتەری مەلا بەختیار كە هەمیشە وای خۆی وێنا دەكات كە خۆی خاوەنی پرس و روداوەكانە و كارەكتەری سەرەكی گۆڕانكاریەكانە جگە لە نەخۆشیەكی سایكۆلۆجی شتێكی دیكە نیەو ئەو جۆرە مرۆڤانە دەكرێت لە مۆزەخانەیەكدا دابنرێن بۆ ئەوەی وانەیان لەسەر بخوێنرێت بۆ ئەوەی كەس بەو رێچكەیەدا نەڕوات، 
ئەم كارەكتەرە كە خۆی بە داهێنەری دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئاشتیخواز دەزانێت كەچی دەڵێت هێزمان هەیە هێز، یەك كورسی و سەد كورسی هیچ جیاوازی نیە بۆ ئێمە، ئەمە پێچەوانەی هەمو پرەنسیپەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و تەنانەت یاسای حیزبەكانیشە ئەو یاسایەی كە ژمارە 17ی ساڵی 1993ی وەرگرتووەو مەلا بەختیار خۆی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو پەسەندی كردووە، لە بڕگەی سێیەمی مادەی 15ی یاساكەدا دەڵێ: نابێت حیزب دام و دەزگای سەربازی و شێوە سەربازی هەبێ َ و لێی قەدەغەیە چەكی بە پێچەوانەی یاساوە هەبێ. لە بڕگەی سێی مادەی چوارەمیدا دەڵێ: باوەڕهێنان بەدەستاو دەستكردنی دەسەڵات بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی و ئیرهاب و لەخشتە بردن. لە بڕگەی دووەمی مادەی پێنجەمی یاسای خۆپیشانداندا دەڵێ: دەبێت هێزەكانی پۆلیس خۆپیشاندەران بپارێزن، نەك تەقەیان لێ بكەن، بەڵام كاكی سۆسیال دیموكرات روی راستەقینەی دەردەخات و باوەری بەهیچ یەكێك لەوانە نیەو باوەڕی راستەقینەی بە چەك و هێزە.
دۆخی پڕ لە قەیرانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی ئەو عەقڵیەتەی مەلا بەختیار و هاوبیرەكانێتی كە حوكمی 26 ساڵیان ئەمرۆیان بۆ بەرهەمهێناوین تا رۆژێك زیاتر لە دەسەڵاتدا بن نەهامەتی زیاتر بۆ گەلی كوردستان دێنن.. لە ئاش بەتاڵەوە بۆ ئەنفال و شەڕی ناوخۆ و 31ی ئاب، نوێترین بەرهەمی ئەم مەخلوقانە 16ی ئۆكتۆبەرەو سەبیش چی رودەدات ئەوە بەرهەمی عەقڵی مۆدێرنە و سۆسیال دیموكراتی مەلابەختیارەكانە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ