وتار
ئەوە بەرھەم ساڵح چی دەکات؟!
سلێمان عه‌بدوڵڵا

ئەمڕۆ ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆنگرەی دامەزراندنی بەست، بەمەش قەڵەمڕەوی کوردایەتی ڕاقی و پێشکەوتوخواز، لەدوای مام جەلال و کاک نەوشیروان، بەڕێبەرایەتی بەرھەم ساڵح، دەچێتە سێھەمین وێسگەی ھەڵکشانی مێژوویی خۆی.ھەڵکشانێک، بۆ کوردایەی وەرچەرخان و بۆ قەڵەمڕەوەکە بازدان و بۆ خەڵکەکەش؛ لەدوای کۆچی سیمبوڵە مێژویەکان، ھیوا و بەردەوامبون و نوێبونەوە.

ڕێککەوتنی دەباشان سەلماندی، ئەوی کاک نەوشیروان کردی، ئینشیقاق نەبوو بۆ دروستکردنی حزبی سێھەم. بەڵکو؛ بورکانێکی سیاسی مێژوویی بوو، بۆ دروستکردنی لوتکەی کوردایەتی. لوتکەیەک، دانە دانە ھەڵۆکانی گۆڕان و چاکسازی، بەڕاوێژی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان، بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی جیاوازی مێژوویی، تیایدا گرد دەبوونەوە. 

ئێستا لەدوای کۆچی دوایی ئەو دوو زاتە مەزنە، سێھەمین وەرچەرخانی مێژوویی، بۆ دروستکردنی ڕووداوێکی تری ڕوو لەھەژان و نوێبونەوەی کوردایەتی، لە ھەمان لوتکەدا، بە لەدایکبونی ھاوپەیمانی و بەڕێبەرایەتی بەرھەم ساڵح لە دنیا کوردیەکەدا دەسپێدەکات. ھاوپەیمانیەک،کەلە بنچینەدا لەحزب جیاوازتر و لە لیستێکی ئینیتیخابیش گەورەترە. شتێکە لەڕوحی ئەو بەھاو باوەڕ و پرنسیپە مەزنانەی وەک کۆلکەزێڕینە، لەساتە دەگمەنەکانی تێکۆشانی سیاسیدا، دەردەکەوێت. وەک ئەوەی لە سات و سەرەتاکانی دامەزراندنی یەکێتی، ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ،یەکەمین چەخماخەی ڕاپەڕین، یان چرکەساتی داگیرسانی مۆمەکەدا دەرکەوت، ئەوەش کتومت وەڵامی ئەو پرسیارەیە، کە لە ئاستێکی حزبی و کۆمەڵایەتی بەریندا، دەڵێت: ئەوە بەرھەم ساڵح چی دەکات؟!.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ