وتار
بێ واتاکردنی یەکڕیزیی کورد
یاسین نادر ڕەحمان
                                     
زۆر نا بەدڵ ئەم ناونیشانەم کردە بابەتی وتارەکەم، چوونکە ئاسۆی یەکڕێزی گەل بۆ ھەموو تاک و کەسێکی کوردزمان وەک دیفاکتۆیەک ھەمیشە ئامانج و خواستێکی لەمێژینە بووە، خواستێک کە ویستوویەتی بە ھەر ڕێگەیەک بێت بەدەستی بھێنێت، و لە پێناویدا زۆر نەھامەتیی و مەینەتیی قبوڵ دەکات تا پێی دەگات، زۆر دەگووترێت و دەبیسترێت جیاوازیەکانن کە گەلان لەنێو دەبەن، بەڵام پێچەوانەکەشی خۆ ھەر لە ئارادا بووە کە یەکھەڵوێستی و یەکڕیزی، ئاسۆکانی گەل بەدی دێنێت. 
بەم پێشەکییەش با بچینەوە نیوئاخنی ئەمڕۆی سیاسەتی حیزب و قەوارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوەو چاوێکی کات ئێستاییان پێ بخشێنین.
 ئەوەی دیارە قەوارەی کوردی با فراوان بن لە حیزب و قەوارەکانیاندا بەڵام ھیچکات ئاوا بەم پەرتەوازەیە ئەوەندە بچووک نەھاتووەتە بەرچاو و ھەستیان پێ نەکراوە، ھۆکارەکانیشی دەبێت لە ئەزموونی نیو سەدەیی حیزبەکان لە کوردستاندا بپرسین، کاتێک عەقڵیەتی شوڕشگێڕی لە پێناوی گەل جێگای بۆ بەرژەوەندیخوازی ئابووری و سیاسیی و ململانێی تر  ڕێگای خۆش کردووە بە دڵنیاییەوە دەزانرێت ئاکامەکانی ئاوا ھەنگاوگەلێکی درێژمەودا بەرەو کوێوە پەل بھاوێت و کورد ئەزموونیی یەکڕیزی ھەمدیسانەوە لە دەست بداتەوە.
 ئێستاش با ئەم تێوریای یەکڕیزییە لە زەینی قەوارەو حیزبی جیاواز جێی خۆی بکاتەوە، بەڵام خۆ ئەزموندارێتییە ناڕەواو ناخۆشەکانی دەسەڵاتدارێتی ڕابردووی کورد بەناوی جۆراوجۆرەوە ھۆکار لە بۆ ئاقاری ناتەبایی و نایەکڕیزییەکانی ئێستا بوون، ئێستاکەش ناکرێت  سەرزەنشت و سەرزنشتکاریی بە یەکدی و تۆمەتبارکردنی یەکتر بەناوی یەکڕیزییەوەی بەدواوە بێت کە ھۆکارو ئەسبابەکانی لە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی ڕابردووماندا بووە.
 کورد ئەگەر ئەزموونی یەک لیستی ڕابردووی لە عێراقدا گەر بە شکست کۆتایی ھاتووە و قۆرخکاریی و گەندەڵکارییەکانی بەدوادا بووە، بەڵام دەتوانرێت بەڕاشکاوی لە ئێستادا بگووتریت  ئەزموونی یەک گووتاری و یەک لیستی و یەک قەوارەی لە دەست داوە.
 ململانێکان و یەکڕیز نەبوونی ھەر گەل ونەتەوەیەک بۆ مانەوەی ھەمیشەیی ئەو گەلە لە بەرانبەر دوژمن، ھەموان دەزانن کە ھەڵەیەو ھەنگاوەکانمان لە ئاسۆ نەتەوەییەکان بەدواوە دەبات، بەڵام بە دڵنیایەوە دەبێت ئەوەش بزانرێت نابێت چاوەڕوانی بەردەوامیدان بە ھەنگاوی ھەڵەکانی ڕابردوو بین و گەل ونەتەوەیەک بدەینە دەست قەزاو قەدەری سیاسییەوە.
 ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئاسۆی یەکڕیزی و یەکڕیزنەبوونی کوردی تیادا دەبێت دەربکەوێت وا ١٢/٥/  ٢٠١٨ی کاتەکەی ڕاگەیەندراوەو بەدڵنیاییەوە بۆ ھەر ھاوپەیمانیتییەکی شیعە کارێکی ئاسان بێت بوکورد و ئەو پاشەگەردانییەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردووی و بەتایبەت پاش ڕووداوی ١٦ی ئوکتۆبەر دوچاری بووە دروستکردنی ھاوپەیمانێتییەکی گشتگیر و بەھێزی لە کورددا یەکجار قورس کردووە، چوونکە ئەوەی لە چوارچێوەی قەوارەو ھاوپەیمانیەتی لە ئێستادا بۆ ئەم ھەڵبژاردنانە لە کورددا دەبینرێت لە پەیامێکی پەرچەکرداری و ئەدای خراپ و ڕابردووی حوکمدارێتی حیزبە کوردیەکان بووە کە یەکتر تۆمەتبارکردنەکانیشیان لە دۆخە خراپە سیاسیی و ئابوریی و ئیقلیمییەکان تا ئێستاکە بەردەوامیی ھەیە.
ئەوەشی بەڕوونی دیارە گەلی کورد لە عێراقێکی پانتایی شیعەو سووننەدا وەک ھێزی دووەم و کاریگەری عێراق لە ھەڵوێست و پۆست و ھەنگاوە سیاسییەکانی عێراقدا لە پاش ڕژێمی بەعسدا بووەو کە ئەمەش لە ئێستادا وەختە دەبێتە مێژوو و، واش بڕوات یەک پەیامی و یەک ھەڵوێستییەکەی جاران بەرەو ھێزگەلێکی پەراوێزخراو کە نوێنەری گەلێکی ستەمدیدە دەکات لە دەستبدات.
 ناشکرێت چاوەڕوانی ئەوەش بین عێراق ئەو مافانە لە نەبوونیی ئەم یەکڕیزییە بۆ کورد بگەڕێنێتەوە، بەڵام کورد دەتوانی بە ھەنگاوی ژیرانەو سەردەمیانەی تر بە دوور لە عەقڵییەتی ڕابردووی دەسەڵاتداری کە ھەم وخەمی نیشتیمان بێت و کارەکتەرەکانی ھیچ نەبێت ئاڵۆگۆڕی سیستەمی سیاسیی و دیموکراسیانەی سەردەمیانەیان ھەبێت  تا بە مەرام و نیازەکانی بگەیەنێت.
بەڵام ئەوەش لە ئارادایە وەک لە پەیامی حیزب قەدیمی و حیزب سالاری ڕابردووی کوردستاندا بە نسبەت قەوارەو حیزب و ھاوپەیمانێتێکانی تر دیارە، داننەنان بە قەوارەو حیزبگەلێک کە دوور لە ئەدای ھەنگاوەکانی ئەوان بن و بەزەبری ھێز و سەربازی بێت یان ھەر شتێکی تر ھەردەم خۆیان سەردەمداری گەل بزانن ڕەنگە مودێلی نویی چاکسازی سیاسیی و حیزبی  ئەوانی نەوێت و وردە وردە کار لەسەر لاوازبوونیان بکەن.
بەھەرحاڵ دەبێت ئەوە بزانرێت:
١- کورد بەم پەرتەوازەییەی ھەنگاو بەرەو پێشەوە نابات ئیلا دەبێت لەگەڵ غەیرە کورددا ھاوپەیمانیی لە پێش ھەڵبژاردن یان پاش ھەڵبژاردنەکان بۆ بەدیھێنانی زۆر خواست و گەیشتن بە پۆست وپلەوپایەکان ببەستێت.
٢- لەگەڵ ئەمانەشدا لە پاش ڕیفراندۆم و شکستی ١٦ی ئوکتۆبەر پێگەی کورد لە لایەن شیعەو سوننەشەوە لاواز کراوەو حکومەتیی عێراقیش ھەردەم بە پێشێلکردنی یاساو ڕیساکان ناتوانرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت تەنانەت لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی کورد لەگەڵ شیعەو سووننەکانیشدا بە مەرام و ڕاز و نیازە خواستراوەکان "کورد" بگەیەنێتەوە. 
٣- حیزب و قەوراە کوردیەکان ئەوەی ئێستا لە ھەگبەیاندایە ھاوپەیمانێتی بەھێز لەگەڵ شیعەکانە، ھەرچەندە لە سووننەکانیشدا حەز بە نزیکی دەکات، بەڵام ھاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ شیعەکاندا بۆ پۆست و دەسکەوتە باڵاکان بە باش دەزانێت، چوونکە خودی کورد لەم قۆناغەدا ھەمووحیزب و قەوارە جۆراوجۆرەکانی گەریش  یەکبگرن و یەکگرتووییان ھەبێت، بە ھەندێک دەسکەوتی ڕابردوویان ناگەن کە لە گەڵ ھاوپەیمانییەتێکانی شیعەو سوننەدا بەدەستی دەھێنن.
٤- کورد لە ئێستادا لە دووڕییانێک دایە لەلایەک گەلەکەی لەوپەڕی ناخۆشی ژیاندایە نە دەتوانێت بایکۆتی پڕوسەی سیاسیی لەگەڵ عێراقدا بکات چوونکە جەمسەر و جومگە سەرەکییەکانی  ئابووری تا ڕادەیەکی زۆر لە دەستداوەو ژیان و دۆخی سیاسیی بۆ خۆی و گەلەکەی سەخت کردووە، لەلایەکی تریشەوە خۆیشی لە نێو خۆیدا نەیتوانیوە ناکۆکییەکانی چارەسەر بکات و بەھێزێتی و پێگەی جارانی خۆی بھێڵێتەوە تا بە زۆر دەسکەوت بگات.
بۆیە دەتوانرێت بگووترێت: 
" کورد بەھۆی بێَ واتاکاکردنی یەکڕیزیی خۆی لەم ئان و ساتەدا ئاسۆ ڕوونەکانی گەلەکەی ڕەنگە بەرەو ھەنگاوە مەترسیدارەکان ببات و بەرەو ھەڵدێڕگەیەکی بڕوات کە چیتر نەتوانێت لێی دەرباز ببێت."
 
 
 

   

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
17/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ