وتار
لەبری ڕیفۆرم پێشلکردنی"یاسا" یان کردە ئامانج
پارێزەر: لوقمان مصطفی

  
ئەگەرلە سیستەمێکی سیاسی تەندروستدا بوون و ڕۆڵی حیزب وەک زەرورەتێک بۆ ڕێکخستنی بنەماکانی ژیان لە کۆمەڵگادا بێتە ئاراوە و لە ھەمان کاتیشدا پردی پەیوەندیێت لە نێوان کۆمەڵ لەلایەک و حکومەت و پەڕلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لەلایەکیتر،ئەوە لە ھەرێمی کرەدستان لە ئێستادا بە ھۆی بێزاربوونی ھاوڵاتیان و دوور کەوتنەوەیان لە دەوری حیزبەکان و بێسەروبەری خودی سیستەمە سیاسیەکەش وای کردووە لە ئێستاداھیچ زەروورە تێک نەبێت حیزب و ڕێکخراوی نوێ بێتە ئاراوە، ڕاستە قۆناغەکانی ژیان و پرانسیبی دیموکراسی ئەوە دەخوازێت بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێ دەبێ نوێ بوونەوەش ببێت،ئاشکرایە نوێ بوونەوە مەرجی بەردەوام بوونی ھەر ڕێکخراوو حیزبێکە،بەڵام.. لە دیدو تێڕوانینی زۆربەی چاودێرانی سیاسی وخەڵکەوە کە بێ متمانەیی بە حیزبەکانەوە وای لێکردوون حیزبی کۆن ونوێ لای ئەوان ھیچ بایەخ وجیاوازیەکی نەبێت لە ئێستادا.                                                                    کەچی بەپێچەوانەوە لە دە ڤەری سەوزدا ھەر ماوەی جارێ حیزب لەدوای حیزب ھەڵدەترۆقێت.! سەرجەمیشیان  لە ڕابردو لە ئێستادا  پابەندی یاسای ئەحزاب نابن و نەبوونە،کە ئەندامەکانی خۆیان لە پەڕلەمانی کوردستان یاسایان بۆ دەرچواندووە..ئەویش یاسای ژمارە (١٧) ساڵی ١٩٩٣ یاسای حیزبەکانی ھەرێمی کوردستانە، بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە،کە لە دەقی مادەی( چوار)دا  بە تایبەت لە خاڵەکانی ١،٣،٤،٥،٦ داھاتووە دەڵێت:- مەرجە بیروباوەڕو ئامانجەکانی حیزب ئەمانەی تێدابێت:-
١-چەسپاندن وپەرەپێدانی ئەوماف ودەسکەوتانەی کە گەلی کوردستانی عێراق بەدیھێناون.                                    
٣-بەدیھێنانی ئامانجەکانی بەڕێوەشوێنی ئاشتیانە و دیموکراتیانەو باوەڕھێنانن بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات (تداول السلگە) بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی وئیرھاب و لە خشتەبردن.
٤-بەکار ھێنانی شێوازی دیموکراسیانە لە ژیانی حیزبایەتیدا.
٥-بڵاو نەکردنەوەی دوبەرەکی وجیاوازی لە ڕەگەزو ئاین ومەزھەبدا.
٦-بە مەرجێ بەرنامەو پەیڕەوەناوخۆییەکەی پێچەوانەی پەیڕەوی گشتی نەبێت. 
پێویستە حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان بە سەرجەم خاڵەکانی ئەم مادە یاساییەوە پابەندبن، بەڵام پابەند نەبوونیان پێوەی ھەروەک لە مادەی چوار ئاماژەمان پێکردووە،ھۆکارێکی سەرەکی پاشەکشێ و داڕووخانیانە لە گۆڕەپانی سیاسی وجوڵانەوەی ئازادی خوازانەی گەلی کوردستاندا.                                                                       ئەمە وێڕای گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئەم دوایی یە وایکرد، دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەستە بکەن،بچنەوە بە ستراتیجیەتی بەرنامەی کارەکانیاندا،تابتوانن ھەڵکەن لەگەڵ نەزمی نوێی جیھان و ئەوگۆرانکاریانەی کەلە ناوچەکەدا روودەدەن چ لەسەر ئاستی :نیووخۆیی،نێودەوڵەتی دابێت.
چونکە لەرابردووئێستادا چەندین شکست و کارەسات بەھۆی سیاسەتی چەوتی حیزبەکانەوە ڕووبەڕووی ولات و ھاولاتیان بوونەتەوە، ناکرێت وا نادیدەبن وخەیاڵ پڵاوانە دەست بخەنە ژێر سەریان ولێی دابنیشن ،وەک ئەوەی نەبایان دیبێت ونەباران . چجای ئەوەی حیزبی بە ناو نوێشی بێتەسەر.!                                                                  حیزبی شۆڕشگێڕومۆدێرن، ئەوەیە کە لە بچوکترین شکستدا بەخۆیدا دەچێتەوە. دەست دەکات بەشەن وکەوی مانیڤێستی حیزبەکەی ،پەنجە دەخاتە سەر ھەڵە و کەموکوریەکانی بەرنامەی کاری حیزبەکەی ،ئاشکرای دەکات بۆرای گشتی بۆ لەرابردودا شکستی خواردوە،بێ گومان ھیچ کام لەم حیزبانە بوێری ئەوەیان نەبووە،بۆیە حیزبی مۆدێرن ئەوحیزبەیە کە بەردەوام لەژێر تێزی رەخنەدایە ھەمیشە بەبارانی رەخنەی بوونیاتنەر نوێ دەبێتەوە،ھەربۆیە خەڵک وھەوادارانی زۆر بە ئاسانی دەتوانن سزای بدات ومتمانەشی پێ بداتەوە. 
حیزبی شۆڕشگێڕو مۆدێرن ئەو حیزبەیە کە دەزانێت خەڵک لێی ڕازی نیە ھەوڵ دەدات بەخۆدا چوونەوەیەکی ڕادیکاڵانە لە خۆیدا ئەنجام بدات.دەبێت سەرۆک و ئەندامە باڵاکانیشی لە بەربەرژەوەندی گشتی و حیزبەکانیان  دەست لە کار بکێشنەوەو ڕیزی پێشەوە چوڵ بکەن دوور بکەونەوە و لە ژیانی حیزبایەتی و ئەو ئەزموونە و توانایانەی  خۆیان کەھەیانە ئامۆژگاری و ئەزموونیان پێشکەش بە کادرو ئەندامە نوێیەکانی حیزبەکەیان بکەن.  یان ھەر بە یەکجاری لەبەر چاوان ونبن ورێ بۆگەنجان ولاوەکان خۆش بکەن تا ئەو پەیامەی کە کەئامانجی حیزبەکەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕۆڵی ئەو پەیوەندیە ببینێ کە خۆی لە ڕێکخستنی تاکەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتەکانیترداھەیە،بێگومان ئەوەیە ڕۆڵی حزبی تەندرووست. 
بۆیە دەبێت حیزبەکان بەناچاری بە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیی خۆیاندا بچنەوە و  لەگەڵ ئەقڵییەتی سەردەم بیگونجێنن تاکوو لەم بازنە چەق بەستووە بێنە دەرە وەو ھەروەھا لەگەڵ ئەم رەوتە مۆدێرنە بکەون و جاکسازی لە ڕیزەکانیاندا ئەنجام بدەن. ئەگەرنا بەم سیستمە و ئەقڵییەتەوە بەردەوام بن ئەوە بە دڵنیایەوە لە دادگای دادپەروەرانەی خەڵک قوتاریان نابێت وسزادەدرێن، پێگەیان لە ناو جەماوەردا نامێنێ و بە چاوی خۆیان پارچە بوون و لەناو چوونی خۆیان دەبینن.
دکتۆر سالار باسیرە لە کتێبەکەیدا بەناوی(پێگەی حیزب لەسیستەمی سیاسیدا) واباس لە رۆڵی حیزبی  دەکات ودەڵێت:{ کۆمەلگا پێویستیی بە دەسەلات و سیستەمێکی سیاسی ڕێکخراو ھەیە بۆئەوەی بنەماکانی ژیان و کۆمەلگا ڕێک بخات. سیستەمە سیاسیەکە کە دەزگاکانی دەوڵەت بنەماکەین وەک حکومەت و پەڕلەمان و دادوەری ڕۆڵی گرنگ دەبینن تێیدا. لێرەدا حیزبی سیاسیش ڕۆلی گرنگ و پێویست دەبینێت بۆ سیستەمی سیاسی بۆ پێکەوە بەستنەوەی سەرجەم پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیەکانی ناو کۆمەلگا ، ھەروەھا ئەرکی ڕێکخستنی کۆمەڵ دەگرێتە ئەستۆ لە ڕێگای ئەو یاسایانەی ھەن لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی پەیڕەوکراودا و پردی پەیوەندیشە لە نیوان دەسەلات و کۆمەل ، بەلام ڕێفۆرم کردنی سیستەمی سیاسی بەر لەھەر شتێک پێویستی بە ڕێفۆرم کردنی حیزب ھەیە چونکە حیزب ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بۆ بە مۆدێرن کردنی سیستەمی سیاسی.{


ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ