وتار
چڵە زەیتون و شەڕ
کارۆخ عوسمان

ئۆپەراسیۆنی دوژمنکارانەی تورکیا بۆسەر عەفرین لەژێر ناوی (Zeytin Dalı) بەڕێوە دەچێت. واتا (چڵە زەیتون).

چڵە زەیتون کە مەنای ئاشتی دێت، کەچی دەوڵەتی تورکیا شەڕانگێزی و قەتڵ و عامی گەلێکی چەوساوە ئەکات.



ئەردۆگان دەڵێت; ئێمە ئەچین بۆ عەفرین بۆئەوەی ئەو ناوچەیە پاک بکەینەوە لەتیرۆریستان، ئەچین تا ئاشتی بەرقەرار بکەین.



بەڵام دوای ١٠٠ ساڵ، تازە ئاشتی بەرقەرارەو گەلان سەربەستن، لەوەتەی ئەوانەی ئەردۆگان بەتیرۆریست ناویان ئەبات عەفرین بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی بەڕێوە ئەبەن.



چڵە زەیتون بۆ ھەموو گەلانی دونیا ھێمای خۆشبەختی و ژیاندۆستی و ئاشتی وئارامیە، لەبەدچارەیی (کورد) چڵە زەیتونیش بۆتە تەڵەی شەڕو کوشت و بڕ.



لەعەفرین ھەزاران ھکتار زەوی داچێنراوە بە زەیتون، ئەو بەرھەمە زڕاعیە ھەر لە عەفرینەوە تا شاری ھاتای درێژبۆتەوە. کە بەدرێژایی نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەترە.

بەدرێژایی ئەو زەویانەش کە زەیتونیان لێ بەرھەم دەھێنرێت لەژێر زەمینەکەیدا زێڕی ڕەش (نەوت) ھەیە.

کەوابێ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لەپێناو ئاشتیدا درۆیەکەو نەوت لەپەنایدا کراوە بە ئامانج، چونکە خۆبەڕێوەبەرێتی ڕۆژئاوا کە کوردان تێیدا لەلوتکەدان ئامادە نەبوونە گەل بچەوسێننەوە لەپێناو بەرژەوەندی چەپەڵی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک.

خۆ ئەگەر سیاسەتی ڕۆژئاوا سەروەتی گەلی تەسلیم بە تورکیا کردبایە ئێستا بەلای ئەردۆگانەوە باشترین ناوچەی ئاشتی پارێز خۆرئاوای کوردستان ئەبوو.

بەڵام کە نەیانکرد، ئێستا خۆرئاوا تیرۆریستە. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا ھەردەم کار بە میکانیزمی تیرۆر ئەکات بۆ زاڵبوون بەسەر دەوروبەریدا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ