وتار
داھاتی مانگێکی باشماخ بۆ ڕێگاکەی خەرج بکەن
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا



باشماخ یەکێکە لەدەروازەنێودەوڵەتیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ( کۆماری ئیسلامی ئێران )بەدیاریکراوی
دەکەوێتە نێوان ھەردوو شاری پێنجوێن لەباشوری کوردستان ومەریوان لەڕۆژھەڵاتدا . ماوەی (۱۱)ساڵە لەمەرزێکی لاوەکیەوەبەفەرمی کراوەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و داھاتی دەروازەکەش تەنھا لەساڵی ( ۲۰۱۷)دا بریتی بووەلە(  ۲۳۷٦٦۸۰۸۲٦۰۰) ملیارد دینار (۲۳۷ملیاردو٦٦۸ملیۆن و۸۲ھەزارو ۸٥۰ دینار)

لەساڵی (۲۰۱۳)وە  بڕیاری دروستکردنی ڕێگای خێرای باشماخ ــ پێنجوێن دراکەپڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە.

بەپێی نوسراوی ژمارە( ۹۳٤)لەبەرواری ( ۲٤- ۷- ۲۰۱۳ )ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بودجەی پڕۆژەکە کە ( ۳٤)ملیارد دینارە لەداھاتی نەوت ولەڕێگەی بانکی کوردستانی نێودەوڵەتیەوە خەرجبکرێت .

پڕۆژەکە لەسەرەتای ساڵی (۲۰۱٤)وە کاری تێدادەکرێت و گروپی بەڵێندەرایەتی نێودەوڵەتی میلاد کاری دروستکردن وتەواوکردنی گرتۆتەئەستۆ .
لەئێستادا پڕۆژەکە ( ٤۳٪)ی جێبەجێکراوەولەقۆناغی قیزتاو( ئەسفەڵتکرددن)دایە ، بەڵام بەھۆی خەرجنەکردنی پێشینەیەکی مانگانە لەلایەن بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی کارکردن لەپڕۆژەکەدا گەرنەوەستابێت ئەوا زۆر سست بەڕێوەدەچێت .

ھەرچەندە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە ( ۷٦٥)لەبەرواری ( ٤-۹-۲۰۱٦) دووبارە جەختیان لەخەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکانی داھاتی نەوت وگازکردۆتەوە بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی کوردستان ڕێژەیەکی کەم لە بودجەکە خەرجدەکرێت کەبەپێی پێویست نیەو زۆرجاریش کارەکەڕادەگیرێت .

وەزارەتی دارایی وئابوریش بەنوسراوی ژمارە ( ۷/٤/۲٥۰ )لەبەرواری ( ۲٤ - ۱ - ۲۰۱۷ ) بڕی ( ٥۰۰) ملیۆن دیناری بەقیستی مانگانە تەرخانکردوە بۆبەردەوامی وتەواوکردنی پڕۆژەکە ، بەڵام لەلایەن بانکی کوردستانەوە ئەوپارەیە خەرجناکرێت وگرفتی بۆپڕۆژەکە دروستکردوە.
وەبۆھەمان مەبەست و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی بەنوسراوی ژمارە ( ٤۱۷) لەبەرواری ( ۲۸-۱۱-۲۰۱۷)
بۆھەمان مەبەست و کاریگەرییە خراپەکانی تەواونەکردنی ڕێگاکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانیان لێ ئاگادارکردۆتەوە .

ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کەئایا چ ڕەوایەتیەکی تێدایە لەماوەی چوارساڵدا حکومەتێک نەتوانێت بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەیەکی گرنگ وستراتیژی وەک ڕێگای باشماخ ــ پێنجوێن دابین بکات کەڕێگای دەروازەیەکی گرنگەو مانگانەوساڵانە داھاتێکی خەیاڵی وزۆرو زەوەند بۆخەزێنەی ئەم حکومەتە کۆدەکاتەوە .

ئایا نەدەکرا لەداھاتی ساڵەکانی ( ۲۰۱٤ - ۲۰۱٥ - ۲۰۱٦ - ۲۰۱۷ )کەکۆی گشتی داھاتی ئەوچوارساڵەی کەپڕۆژەکە چۆتەبواری جێبەجێکردنەوە بریتی یە لە ( ۹۰۳۹۹۲۸۸۹۸٥۰) نۆسەدوسێ ملیاردو نۆسەدونەوەدوو ملیۆن و ھەشت سەدوھەشتاونۆھەزاروھەشت سەدوپەنجادینار .

تەنھا ( ۳٤) ملیارد دینار تەرخانبکرایە بۆتەواوکردنی ئەو ڕێگاگرنگە ، باشەحکومەتێک نەتوانێ بودجەیەک بۆشوێنێکی وەک باشماخ دابین بکات کەپارەی تێدامۆڵ وکۆدەکرێتەوە ئەی دەبێت حاڵی پڕۆژەکانی تری ھەرێم چۆن بێت .
ئەوەی لەوێنەکەدا دیارە وێنەی بەشێکە لەشەقامی باشماخ ــ پێنجوێن کەھەفتەی ڕابردوو مەیدانی سەردانم کرد .

چەند عەیبە ناوێکی زل وزەبەلاخی وەک دەروازەی نێودەوڵەتیت پێوەنرابێت کەچی ڕێگاسەرەکیەکەت لەڕێگای کوێرە دێیەکی چۆڵکراو و ڕێیەکی لاوەکی خراپترو وێرانتربێت .
لەوڵاتانی دنیا دەروازەی سنوری ونێودەوڵەتی جگەلەوەی بەشێوەیەک دەڕازێنرێتەوەو پیشانی سەردانیکەرانی دەدرێت کەجێگای سەرنج وتێڕامان بێت و ، دەشبێتە خێروبەرەکەت بۆ ئەوسنوروشارەودانیشتوانەکەشی کەچی لەم مەملەکەتەدا ڕێک پێچەوانەکەی ڕاست دەرچووە.

بۆیەپێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابوریش ڕێزلەنوسراوی خۆیان بگرن وبەزوویی بودجەی پێویست دیاریکراو بۆپڕۆژەکە خەرج بکەن و چیدیکە ڕێگەش نەدرێت بانکی کوردستان دەرگای پارەبەخشینەوەی بۆھەندێ پڕۆژە واڵابێت وبۆھەندێکی تریش کڵۆم دراوبێت .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ