وتار
پابەند نەبوون بە یاساکانی ھاتوچۆوە بەردەوام گیانی ئازیزانمان دە چنێ.!
پارێزەر: لوقمان مصطفی

کاری شۆفێری لە ژێر ڕۆشنایی وڕێنومایی وپەیڕەو کردنی یاساکابی ھاتوو چۆودا، بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وەک شۆفێرێک ھەڵسوکەوتێکی شارستانی و ئاکارییە،واتە شۆفێری سەرەڕای ئەوەی حەز و ئارەزوو ھونەر ورەوشتە، پێویستە پابەندی لێخوڕینیێکی تەندروستانە بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی گونجاوترین رێگا بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست بە سەلامەتی ھەروەکو دەوترێت (گرنگ نییە زوو بگەیتەجێ بەلکو گرنگ ئەوەیە بە سەلامەتی بگەیتەجێ). چونکە لەزۆربەی ھەرە زۆری ڕوداوەکاندا شۆفێر بە ھۆکاری یەکەم دەزانرێت، بۆیە پسپۆران و شارەزایانی بواری ھاتوچۆ چەندین توێژینەوەی زانستی جیاجیایان کردوە سەبارەت بە شۆفێر‌و شۆفێریکردن ‌و ئەو مەرجانەی کە پێویستن بۆ شۆفێریکردن، لەوانە پێویستە شۆفێر لەڕوی جەستەوە جەستەیەکی ڕێک‌و بێ کەموکوڕی ھەبێت بۆئەوەی لەکاتی پێشھاتەکاندا بتوانێت بەزویی وەڵامدانەوەی ھەبێت، ھاوکات پێویستە لەکاتی شۆفێری کردندا ھەموو بیرو ھۆشی لەلای ڕێگاوبان‌و ئۆتۆمبیلەکەی بێت، خاڵێکی دیکە ئەوەیە پێویستە شۆفێر دڵنیابێت لە توانای شۆفێریکردنی خۆی‌و بەتەواوی لەوبوارەدا شارەزا بێت ئینجا شۆفێری بکات بەتایبەتی لەسەر ڕێگای خێرا ‌و دەرەوەی شارەکان‌و لەھەموو گۆڕینێکی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیلدا ھێمای تایبەت بەکار بھێنێت.کاتێک شۆفێری شارەزاو بەتوانا شۆفێری دەکەن، جگە لەو خاڵانەی باسکران ھۆکاری دیکە کاریگەری دەبێت بۆسەریان‌و زۆرجار دەبنە ھۆکاری ڕوداوەکان، ئەوانیش: چاوکزی یان باش نەبیستن، ھاوکات ماندووبون‌و ترس‌و مێشک ھیلاکی یان خەواڵو بون، لەھەموشی مەترسیدارتر کاریگەری مادە ھۆشبەرەکانە لەکاتی شۆقێری کردندا.
شۆفێر گەورەترین کاریگەری ھەیە لە راپەڕاندنی ھۆیەکانی ھاتوچۆ و گواستنەوەدا بۆیە پیویستە شۆفێر ئەم تایبەتمەندیانەی تیابێت کاتیک کە شۆفیری ئەکات.
- ١ ئەبێت لەروی توانای دەروونیەوە تەواو ئامادەبێت بۆ شۆفێری کردن.
 - ٢  ئەبیت لەڕوی ھەست کردن بە ئەگەرە نەخوازراوەکان بەردەوام بە ئاگابێت.
 - ٣  پێویستە شۆفێر لەوپەڕی ھۆشداریدا بێت.
 ٤ - شارەزا بێت یان کەمێک شارەزایی لە چاک کردنەوەی ئۆتۆمبێل ھەبێت.
 ٥ - ئەبێت ڕێنمایی ھەموو سەرنشینەکان بکات بۆ بەجێھێنانی ڕێنماییە پێویستەکان.وەک (بەکارھێنانی پشتوێنی سەلامەتی، دانیشتن بەشێوازێکی سەلامەتخوازانە، زۆر قسەنەکردن لەگەڵ شۆفێر)
 - ٦ دلنیابونەوە لە ئۆتۆمبێلەکە پێش ھاژوشتنی، وەک (تایەکان ، دەرگاکان ، ئاوێنەکان ،پاتری ، فڵچەکان) وە گرنگترین بەش کە ئەبێت ئاگاداری بیت ئەوەیە دلنیابێت لە مەکینەی ئۆتۆمبێلەکەی و دڵنیابێت ڕادێتەر ئاوی لێنەچێت، یاخود پلاکی توانای کارکردنی ماوە ھەروەھا مەکینەکەی ڕۆنی لێنەچێت.
 -٧ پێویستە شۆفیر ئاگاداری ڕێنماییەکانی ھاتوچۆبێت و شارەزابێت لە ناسینەوەی ھێماکان و وە پێویستە تەواو گرنگی بدات بە ھێڵەکانی سەر شەقامەکان و ئاماژەکانی پۆلیسی ھاتوچۆ و ترافیک لایت.بەپێی ڕێنماییەکانی ھاتووچۆ پێویستە ڕەچاوی خێرایی بکرێت لەسەر شەقامەکان چ لەناوشارویاخود دەرەوەی شار،بۆ نمونە:-
نـاوشـار:
٤٠ کم/ کاتژمێر بۆ ئوتومبێلی قاترە و مقتورە
٦٠ کم/ کاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبەت،لەناوچەی نیشتەجێبوونی چڕو خوێندنگاو بەردەم مزگەوت و سوپەرمارکێت و ڕِیستۆرانتەکان ئەم ڕێژەیە دائەبەزێت بۆ ٤٠ تا ١٥ کم/ کاتژمێر.
دەرەوەی شـار/
٦٠ کم/ کاتژمێر بۆ قاترە و مقتورە.
٧٠ کم/ کاتژمێر بۆ ئوتومبێلی بارھەڵگر
٨٠ کم/ کاتژمێر بۆ ئوتومبێلی پاێ و تەکسی.
١٠٠کم/ کاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبەت.
-گرنگە جیابکرێیتەوە بە ڕەوشت و چێژ لەکاتی شۆفێری کردندا، وەک ئەوەی لەناو خێزان و خانەوادەکەتدا ھەتە... تۆ وەک شۆفێر پێویستە ڕەوشت بەرزو ڕاگری ھەستی ئەوانی تر بیت کە شەقام بەکاردەھێنن وەک ( شۆفێرانی تر، پیادەو شۆفێری ماتۆڕسکیل و پاسکیل ).. کارکردن بە ڕەوشت لەسەر شەقام شۆفێرییەکی سەلامەت بۆ ھەمووان بەرھەم دەھێنێت.
ئەگەر شۆفێر پێچەوانەی یاساکانی ھاتوو چۆ رەفتاری کرد ئەوەیاسای ھاتووچۆ یاسای ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ مادە٢٤ بە پێی ئەو یاسایە سزادەدرێت.
ماددەی بیست و چوار
برگەی یەکەم...
ئەوکەسانەی دەبنە ھۆی مردنی کەسک لەئەنجامی لێخورینی ئۆتۆمۆبێل بێت بە رەچاونەکردنی یاساکان وسیستەمە تۆمارکراوە تایبەتەکان ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن (سجن) لە ‌(٥) پێنج ساڵ کەمترنەبێت ولە (٧) حەوت سال زیاتر نەبێت ،یان بە غەرامەیەک کە لە (١٠٠٠٠٠٠)یەک ملیۆن دینار کەمترنەبێت و لە (١٥٠٠٠٠٠)یەک ملیۆن وپێنج سەدھەزار دینار زیاتر نەبێت ، یان ھەردوو سزاکە.
برگەی دووەم...
ئەگەر دەرکەوت ئەو تاوانەی کە لە برگەی (١)دا باسکراوە ئەوکەسانەی دەبنە ھۆی مردنی کەسێک زیاتر(واتە دوو کەس) لەئەنجامی لێخورینەکە وەیان مردنی کەسێک وگەیاندنی ئازار یان نەخۆشی گەورە یان دووچاری دەردوو بەڵاو پەکەوتەیی بە یەک کەس زیاتر بگەیەنێت ‌ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن (سجن)لە(٧)حەوت ساڵ کەمتر نەبێت و لە (١٠)دە سال زیاتر نەبێت ، یان بە غەرامەیەک کە لە (١٥٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن پێنج سەد ھەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (٣٠٠٠٠٠٠) سێ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت ، یان ھەردوو سزاکە.
برگەی سێ یەم......
ئەوکەسانەی دەبنە ھۆی مردنی کەسێک لەئەنجامی لێخورینی ئۆتۆمۆبێل (ھەرئۆتۆمۆبێلێک)بە پشت گوێ خستن یان گوێ نەدانە رێنماییەکان وە لەژێر کاری سەرخۆشی یان بێھۆشی دابن وەیان لەکاتی ڕووداوەکەدا شوفێرەکە ھەڵبێت(ڕابکات)بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تایبەتمەند بەڕووداوەکە ئاگاداربکاتەوە ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن (سجن) لە (٧)حەوت ساڵ کەمتر نەبێت و لە (١٠)دە سال زیاتر نەبێت ، یان بە غەرامەیەک کە لە (٣٠٠٠٠٠٠)سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
برگەی چوارەم...
ئەگەردوای ئەوەی کەڕووداوەکە ڕوویدا ھەروەک لەبڕگە (٣)ھەمان ماددەدا ھاتووە ئەوکەسانەی دەبنە ھۆی مردنی کەسێک زیاتر(لە دووکەس بەرەو سەرەوە) وەیان مردنی کەسێک وگەیاندنی ئازار یان نەخۆشی گەورە یان دووچارکردن بە دەردوو بەڵاو نەخۆشی جەستەیی تا پلەی پەککەوتن بەکەسێک زیاتر ‌ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن ‌(سجن) لە ‌(١٠)دە سال کەمتر نەبێت و لە (٢٠)بیست سال زیاتر نەبێت ، یان بە غەرامەیەک کە لە ‌(٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٧٠٠٠٠٠٠)حەوت ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
لەگەڵ بونی یاساو سزایەکی لە چەشنەشدا ھێشتا بەبەردەوامی بە ھۆی کەمتەرخەمی شۆفێرانەوە و پابەند نە بوونیان بە یاساکانی ھاتووچۆوە ڕۆژانە مەرگی ئازیزانمان دەبینین،لەگەڵ ئەوەشدا داواکاران بە مافی کەسی  واتە کەس وکاری تاوان لەسەر کراو   لە بەر تانەو لۆمەی خەڵکی یان لەبەر خاتری گیان لەدەستدانی ئازیزەکەیان و بۆ ئەوەی ڕووحی شاد بێت،وەک خێروو سەدەقەیەک بۆ مردووەکەیان لەکەسی تاوانبار خۆش دەبن،لەم حاڵەتەیشداھیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ(ردع الغیر) واتە لەم حاڵەتەدا ئەوەی لە ھێزی یاساکە کەم دەکاتەوە ئەو لێخۆشبونەیە کە کەس وکاری تاوان لەسەر کراوە بە  شێوە یەکیتر یاساکە پێشێل دەکەنەوە.!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ