وتار
پەرلەمان وڕۆژئاوا ، لەنێوان دوێنێ وئەمڕۆدا
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


پەرلەمانی کوردستان لەسادەترین پێناسەیدا دەکرێت بڵێین گەورەترین دامەزراوەی یاسایی ھەرێمی کوردستانەو نوێنەرایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بەھەموو دەنگ وڕەنگ وپێکھاتە جیاوازییەکانیەوە .

بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بێ پێوتن وچاوەڕوانی لەکاتی ڕودانی ھەر ئەگەروپێشھاتێکدا کەپەیوەندیدارە بەخاک وخەڵکی کوردستان ھەر زووبە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی ھەستێت وبێدەنگی نەکاتە تاکە بژاردەی خۆی .
چەند ڕۆژێکە بەشێکی گرنگ وزیندووی کوردستان کە کانتۆنی عەفرینە لەڕۆژئاوا کەوتۆتە بەرشاڵاووھێرشی دڕندانەی سوپای تورکیاوبەھۆیەوە چەندین ھاوڵاتی سڤیل وشەرڤانی بەرگریکار بوونەتەقوربانی لەپێناوپاراستنی ئەو کانتۆنەخۆڕاگرەدا.

بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و پرسیارە لای زۆرینەی خەڵکی وشرۆڤەکاروتەنانەت پەرلەمانتارانیش ئەوبێدەنگی و بێ ھەڵوێستیەی پەرلەمانە لەئاست ئەو تاوان وکوشتن وبڕینەدا،
بۆیە پێویستەوھەقی خۆشیەتی کەبەراوردێکی ئەم پەرلەمانەبکەین لەنێوان ئێستاو دوێنێیداواتا پێش پەکخستنی .

پەرلەمانی کوردستان لەدوێنیدا نەک ئێستا بەتایبەت ئەوکاتەی کەگروپی تیرۆریستی داعش ھێرشی کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ یەکەمین شوێن ودامەزراوەبوو کەلەبەرواری ( ۱۳-۷-۲۰۱٤)
بەیاننامەی دژی پەلاماردان وھێرشی بۆسەرکۆبانێ دەرکرد .

ئەوەپەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیەکەی بوو لەدوێنیدا کاتێ کەلەگەڵ کونسوڵخانەکان لەھەولێردا کۆبوەوە تایبەت بەپرسی شەنگال کە تازە داگیرکرابوو ھاوتەریب باسی کۆبانێ و مەترسیەکانی داعشیشی بۆکردن لەوکانتۆنە .

ھەرئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنیدا ولەمانگی ئەیلولی (۲۰۱٤)دا بەیاننامەیەکی تری سەبارەت بەکۆبانێ دەرکردو داوای ھاوکاری وبەھاناوەچونی لەوڵاتانی دنیاو ھەرێم وخەڵکی کوردستان کرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ .

خۆھەرئەم پەرلەمانەبوو بەڵام لەدوێنێیدا کە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٤) داکۆبونەوەیەکی خۆی تایبەتکرد بەکۆبانێ وچۆنیەتی ھاوکاریکردنی ئەوکانتۆنەو دانیشتوانەکەی و لەدوو کۆبونەوەی تریشیدا باسی کۆبانێیکردو تەنانەت بیرۆکەی پەرلەمانتارێکیش خوێندرایەوە لەسەر کۆبانێ .

پێویستە ئەوەش بزانرێت کەھەرئەم خولی چواری پەرلەمانەبووبەڵام لەدوێنێیدا جگەلەوەی بەبەردەوامی لەسەرھێڵ بوو لەگەڵ دامەزراوەکانی ترحکومەتدا بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە ، بەفەرمی بانگھێشتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواشی کرد بۆپەرلەمانی کوردستان .
ھەرئەم سەرۆکایەتی پەرلەمانەبوو بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربونی خولەکەیدا دەرگاکانی واڵاکرد بۆپێشوازی کوردانی باکورو ڕۆژئاواو نوێنەرەکانیان کەپێشتر ئەمانە سەردانیکردنیان بەجۆرێک لەجۆرەکان لێ قەدەغەکرابوو .

وە ھەرئەم پەرلەمانەبوو لەپێشتردا شاندێکی پەرلەمانی ڕەوانەکرد بۆکانتۆنی کۆبانێ تاکو لەڕەوش وژیانی دانیشتوان وکانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و ھاوکاریکردنیان بەپێی پێویست وئەوتوانایەی ھەبوە لەوساتەدا بکات .

ھەرئەم پەرلەمانەبوو لەبەرواری ( ۱٤-۱۰-۲۰۱٤) دانیشتنێکی تایبەتی گرێدا تایبەت بەڕۆژئاواو کانتۆنی کۆبانێ ، کەتێیدا دوو بڕیاری گرنگ ومێژوویی تێدا دەرکران کەبریتی بوون لەبڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲۸ ) کەیەکەمیان تایبەت بوو بەداننان بەسەربەخۆیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو کردنەوەی نوێنەرایەتیان لەھەرێم ، و دووەمیشیان تایبەت بوو بەناردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆپاڵپشتی وپشتیوانیکردنی کانتۆنی کۆبانێ کەمەترسی زۆری لەسەربوو لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش وھاوکارەکانیانەوە .

وەنوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوابوو ساڵی ڕابردووداو لەکاتی سەردانیکردنی چەندفراکسیۆنێک بۆ نوێنەرایەتی کانتۆنەکان لەشاری سلێمانی بەھۆی ساڵیادی ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانەوە زۆر ڕاشکاوانە وتی کەلەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان لە (۱۲)ی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٥)وە پەکخرا ئیتر ھاوکارییەکانی باشور بۆڕۆژئاواش بەتەواوی کۆتاییان پێھات ونەمان .
لێرەدا ئەوەی بۆتەجێگای باس وڕەخنەلێگرتن ، دەرنەبڕینی ھەڵوێستێکی ڕاشکاوانەیە لەلایەن ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردستان دەرھەق بەو ھێرش وپەلاماردانەی تورکیا بۆسەرعەفرین ودانیشتوانەکەی . 

کە دەبوایە ھەرلە یەکەمین ساتەوە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بەپەلە بانگەوازی دانیشتنێکی نائاسایی بکردایە بۆدەربڕینی ناڕەزایی و گەیاندنی داواوخواستی خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتانی دنیاو کونسوڵخانەکان وڕاگەیاندنی پشتیوانی بەناوی خەڵکی کوردستان بۆ عەفرین وبەرخۆدانەکەی ، ولەھەمان کاتیشدا ئیدانەو شەرمەزارکردنی تورکیاو ھاوئاوازەکانی لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری وکوشتارەی ئەنجامیدەدات لەڕۆژئاواوکانتۆنی عەفرین .

بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەک ئەوکارەی نەکرد تەنانەت داوای چەند فراکسیۆنێک ودەیان ئەندامی پەرلەمانی تائێستاش بەھەند وەرنەگرتوە کەماوەی ھەفتەیەکەو بەدیاریکراویش لە ( ۲۲-۱-۲۰۱۸) وەداوای دانیشتنێکیان کردوە تایبەت بەڕۆژئاواو ئەو ھێرش وپەلامارانەی دەکرێنە سەرعەفرین لەلایەن ڕژێمی تورکیا .

ئاخەر کەی ڕەوایە ئەنجومەنی ئاسایش لەئاستی جیھاندا کۆببێتەوە بۆتاوتوێکردن وباسکردنی ھێرش وپەلامارەکانی تورکیا بۆسەرعەفرین بەڵام پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لەئاست ئەو ھەموو تاوان وکورد کوژییەدا نوزەی لێوەنەیەت و بێدەنگ بێدەنگ ڕۆژ بەڕێکات وسەری خۆی کزبگرێت .

چۆن دەکرێت ھەموو دونیا لەسەرعەفرین قسەی ھەبێت ، ئیدانەی پەلاماردانی بکات ، گردبونەوەو ناڕەزایی لەزۆرینەی پایتەختەکان بەڕێوەبچێت ،کەچی دوو ھەفتەیە پەرلەمان کۆبونەوەیەک ئەنجامنەدات ، بڕیارێک دەرنەکات لەسەر ئەو ھەموو ڕوداو پێشھاتە مەترسیدارانە.


بەڵام بۆچی لەئێستادا کەگەورەترین ھەڕەشەلەسەر کانتۆنی عەفرین ھەیەو بەبەرچاوی دنیاوە ھێرش دەکرێتەسەری ، پەلامار دەدرێت ، ھاوڵاتی سڤیل شەھید دەکرێت ، عەفرین دەکرێتە کوشتارگە کەچی ئەم پەرلەمان وسەرۆکایەتیەی ئێستا ھێندە بێباک و کەمتەرخەمن لەئێستادا؟

نەک کۆبونەوەودانیشتنی تایبەت بەعەفرین ئەنجامنەداوە تەنانەت ڕستەیەک بگرە بەوشەیەکیش باسی پەلامارەکانی سەرکانتۆنی عەفرینی نەکردوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای تۆرانی و ئەڵقەلەمشتەکانیەوە .

ئەمە ڕاستیەکمان بۆدەسەلمێنێت کەجیاوازی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەرەتاو کۆتاییدا ھێندەی ئاسمان وڕێسمانە .

باشترین نمونەش دەربڕینی ھەڵوێستی پەرلەمانە لەدوێنێدا بۆ کانتۆنی کۆبانێ ونەبوونی ھەڵوێستیشەلە ئەمڕۆدا بۆکانتۆنی عەفرین کەھەردوکیان دووکانتۆنی ئازیزی ڕۆژئاوای کوردستانن و پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان بەدەنگ و نەعرەتەیەکی زۆر بەرز بۆی بھاتایەتەگۆو بەناوی گەلی کوردستانەوە پاڵپشتی وپشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەرببڕیایە ، چونکە بێدەنگبونی پەرلەرمان لەدۆخێکی لەوشێوەیەدا کەناوچەکە بەگشتی و عەفرینی بەتایبەت تێدا دەکوڵێت نیشانەیەکی گەورەی پرسیار لەسەرخۆی دروست دەکات و مێژووش ھەڵوێستەکان وەک خۆی تۆمار دەکا .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
29/01/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ