وتار
رۆڵی رۆشنبیرو دیدی ڕەخنەگرانە لە نێو حزبدا
دانا مەنمی

فەلسەفەی ڕاستەقینە بۆ ژیان بریتی یە لە " چالاکی ڕەخنەگرانە ، ڕەخنە بەرامبەر بە خوود ، بەرامبەر ئەوانی تر".
بەتێڕوانینی من تەواوی دیاردەکان پێویستە بخرێتە بەر نەشتەری ڕەخنەگرانە ، بەندەش مژارێکە لە چوارچیوەی رەخنەدا ، زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان کاربۆ تاکڕەھەندی دەکەن و بەمەش فرەڕەھەندی و دونیای ھزرو تێفکرین دەکوژن و ئازادی مرۆڤ خاپوور دەکەن .

دکتۆر علی حەرب دەڵێت : " کێشەی بنەڕەتیی مرۆڤ بە پلەی یەکەم لەگەڵ خۆیدایە، کەسێک نەزانێ یان نەتوانێ خۆی دروست بکات و خۆی ئازاد بکات، ناتوانێ لە ئازادکردنی کەسانی تردا، یان لە گۆڕینی واقیع و بیناکردنی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری بکات ".
کەواتە ھەرحزب و کەس و لایەنێک بەرلەوەی لووت لە ئازادی و ماف و بەھای ئینسان بوون بسوێت ، پێویستە بۆخۆی مرۆڤێکی سەربەخۆو خاوەن پەیام و دوور بێت لە ھەر تەوەجھێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئیتنی و خاوەنی خودی خۆی بێت و خەڵکانی تر خاوەنی نەبن ، وەیان خودی خۆی کەرەستەو ئامرازی دەستی سیاسەت و حزب نەبێت .

مەنسوری حەللاج چونکە خاوەنی خودی خۆی بوو ، چونکە ئەوەی پێویست بوو بیڵێت ، دەیگووت ، دەسەلات ھەردوو لاقی بڕییەوە ، بەڵام ناوی حەللاج بە زیندووی مایەوە و ئەو جەلادەیشی کە بە خوینی حەللاج دەستی سوور بوو ، شەرمەزارو ریسوای مێژوو بوو .

نوسەرو رۆشنبیری ڕاستەقینە با لە نێو چوارچێوەیەکی حزب و لایەنێکی سیاسیشدا بێت ، گرنگ ئەوەیە سەربەخۆی و ڕاستگۆی و ڕاشکاوی و بوێری خۆی لەدەست نەدات و نەبێتە کەرەستەو ئامراز ، سەرەوەری و سەربەخۆبوونی لە پێناو کورسی و ئیمتیازاتدا نەفرۆشێت ، لەکوێدا پێویستە ڕاستگۆیانە بپەیڤیت ، ڕاستگۆیانەو کوردانە بپەیڤە ، باکت لە توانج و گلەیی و گازندە نەبێت ، چونکە خواستی خەڵک ناجێگیرە و ئەمڕۆ چەپڵەت بۆ دەکوتن ، سبەی تۆمەتی سیاسیت بۆ دەھۆننەوە !!
شوناس جێگیرو سەقامگیر نییە ، بەڵکو شوناس لە پێشمانەوەیە ، نەک لە دوامانەوە ، خەسڵەت و ئەدگارێک نییە لە ڕابردوو ، ئیمکانێکی کراوەیە لە بەردەم مرۆڤدا ، کۆمەلگا بە گشتی لەبەردەم واقیعیەتێی دروستبوون و پێکھێنانی سیمبوڵ و وێناکردنی ناسنامەدایە ، کەواتە خۆبەستنەوە بە شوناسێکەوە سەرچاوەی کارەساتە ، ھەرحزب و لایەنێک تاسەر ئێسک دیموکراتخوازولیبراڵ و سۆسیال دیموکراتیش بێت ، ئەگەر ڕێزی لە جیاوازییەکانی ھەناوی خۆی نەگرت ، حزبێکی بئ شوناسە ، ھەرچییەک بێت حزب نییە .

لە سیاسەتدا شتێک نییە پێی بوترێت تاکشوناسی ، بەڵکو ئەوەی کە ھەیە فرە شوناسی و شوناسێکی دەوڵەمەندە ، ڕێگای کراوە لە بەردەمیدایە ، ڕیگایەکی ئازادو دینامیک ، باوەری بە داھێنان و تێپەراندن و بیناکردن ھەیە ، تاکشوناسی یان شوناسی نەگۆر لە ناو حزبی سیاسی دا ، سەرچاوەیەکە بۆ ترس و تۆقاندن و توندوتیژی و تەنگژە سازی .

بەفیکرو ئامرازی کۆن ئیدارەی ململانێی سیاسی و بزوتنەوەی میللی ناکرێت ، پێویستە ستراتیجی نوێ و تەکتیک و پلانی عەقلانی لەبەردەستدا بێت ، بۆڕووبەڕوبونەوەی ھەقیقەتی موتڵەق ، ئەو ڕۆشنبیرەی کە ناتوانێت بە باشی فۆڕمۆلەی بیروبۆچوونەکانی خۆی بکات ، خۆی بەستووەتەوە بە ئایدۆلۆژیایەکی داخراو ، دەیەوێت ڕۆڵی پێغەمبەرانە بگێڕێت و ئامانجیشی چەسپاندنی سیستەمێکی تاکحزبی تاکشوناسی نەگۆڕە ، جگە لە بەرھەمھێنانی توندوتیژی و زۆرداری و گەندەڵی ھیچی تری لێ سەوز نابێت .

ھەربۆیە ڕۆشنبیری ڕاستەقینە پێویستی بە بونگەرایی و تەوازعی وجودی ھەیە ، گرنگە ڕۆشنبیری ھاوچەرخ شارەزای بواری پیشەیی و مەعریفی و ئیستاتیکی و فەلسەفی ھونەرەکەی بێت ، چونکە ھەرلەو ڕێگەیەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەوروبەرو کۆمەلگاو جیھان بێت ، کاریگەری ڕۆشنبیر ڕۆشنگەرانەو ئازادیبەخشانەیە ، دواجار ڕۆشنبیریش لە بورجی عاجدا نییە و دارعەسای سیحری بە دەستەوە نییە کیشەو گیرو گرفتەکان .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ