وتار
ئازادی بیرکردنە وە بنەمای جیاوازییەکانە، تکایە شکۆی ئەو ئازادییە بپارێزن
ئارام عەلی سەعید

ئەمڕۆ زمانێکی جیاوازو بیرکردنەوەی نوێ ھەیە بۆ پێکەوە ھەڵکردن و دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەشی ھاوژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و...ھتد، لەنێوان پێکھاتە حزبی و سیاسی و قوتابخانە فیکرییەکانیشدا سەر بەھەر دنیابینیەک بێت، ئیسلامی و نائیسلامی چەپ و ڕاست و سیکۆلار، ئەمانە بۆخۆیان زادەو ھەڵقووڵاوی واقیعی فیکری و زەمینەی کۆمەڵایەتی جیاوازن، ھەموویان بڕوایان بە کۆمەڵێک پێدراوو ئیجتیھاداتی سیاسی و ھزری جودا ھەیەو ھەمووان ئازادانە دەستیانگرتووە بەڕێسمانی ھەریەکەیانەوە، ھەرتۆپزی کردن و ناچارکردنێک بۆ بەزۆر لکاندنی ئەمانە پێکەوەو تۆمەتبارکردنیان بە دوور لەیەکترو جوداخوازی و تەنانەت بەرگی حەق و ناحەق بەبەرداکردنیان پێچەوانەی واقیعی سروشتی مرۆڤ و بیرکردنەوکانیەتی، وە دووریشە لەو مەشیئەتەی خودا بەخشیویەتی بەبەندەکانی کە ئازادە چی دەکات و چۆن دەکات ،گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە پێدراوە بنچینەییە نەگۆڕەکان کۆک بێت، ڕێزی یەکترو پاراستنی کەرامەتیان، تێکنەدانی نەگۆڕەکانی ئاین، بڕوابوون بەئازادی بیرو مافی سەربەستانەی تاک، یەکدی نەشکاندن و ڕەخساندنی ژینگەی پێکەوەیی ، پاراستنی شکۆی بیروڕای بەرامبەر، ئەمانە بۆخۆیان کۆمەڵێک بنەمای ھاوبەشی نەگۆڕو یاساغ خودایی و پاشان مرۆیین کە چوارچێوەی پێکەوەیی ڕەنگڕێژ دەکەن، نەک ئەوەی ئەمڕۆ بەدڵی خۆمان نیە و سایکۆلۆژییەتمان دەیخوازێت بکەینە دەقی نەگۆڕو موقەدەەس و یەکتری پێ تاوانبارو تۆمەتبارو بەخائین بکەین، یان دووبەرەی سپی و ڕەش و یارو نەیارو خواویست و خوانەویستیان لێ دروست بکەین، باش وایە ئەوانەی بەھۆی جیاوازی ئیجتیھادو بیرکردنەوەی جۆراوجۆرەوە لەژیانی سیاسی و دینداری و کۆمەڵایەتیدا ھێرش دەکەنە سەریەک بەخۆیانەوە خەریک بن و قووڵ ببنەوە لەو بنەما فیکریی و ئایدۆلۆژییە سیاسی و حزبیانەی کە کاری تیادەکەن و بۆ دەکەن تاوەکو لەو کڵاوڕۆژنەیەوە خزمەتێک بەپرۆژەی گشتی پێکەوەیی ھەمووان بکەن نەک تەلاری ئایدۆلۆژیای دەمارگیرو بەرتەسکی حزبایەتی لەسەریەکتر بینابکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ