وتار
گەورەتر لە ئایدۆلۆژیا و فروانتر لە حزب ؛
هۆشیار عەبدوڵڵا
ترسی گۆڕان یان ترس لە گۆڕان .

وەڵامێک بۆ کامیار ێابر سەبارەت بە ڕەخنەکانیی لە وتارێکمان بەناوی ((قسەی خۆتان بو ،ھاورێی باشی ئاپۆ نەبون )) .


پێشدەستیەکیی پێویست : 

کەمن ئەوانەی لە ناو کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا بە فکری سیاسیان کاریگەرم ،کامیار ێابر یەکێکە لەوانەی کاریگەری لەسەر نەک تەنھا تێگەیشتنە فکری و سیاسیەکانم بەلکو لەروی زمان و رێنوسیشەوە زۆر سودم لێ وەرگرتوە . 

ئەو تایبەتە لە زۆر ڕوەوە ، بۆتە مۆدێلێک لە رۆشنبیری کاریگەر کە بە ئاشکرا شوێن و ئاسەواری بەسەر فکری زۆرێک لە گەنجانەوە دیارە و ئەوەش بەھۆی ئەو گرحانەوەیە کە بۆ دونیای سیاسی ئێمە راشکاوانە و زۆرجار قاسیانەش دەیکات . 

با درێژەی پێنەدەم کامیار وەک ناو ،وەک نوسەرێکی خاوەن فیکر پێویستی بەوە نیە نە من شایەتی بۆ بدەم نە بیناسێنم بەس راستیەک ھەیە کە دمەوێ ڕون بێ ئەوەیە کامیار مرۆڤێکی سەربەخۆ و ئازا و ئازادە و جگە لە پەرۆشی بۆ قەناعەتە سیاسیەکانی ھیچ شتێک وای لێناکات بە باش یا خراپ بنوسێت ،خۆ ئەگەر ھەمو بە ناو ڕۆشنبیرانیی کورد وەک کامیار بە کرێکاری و سەربەزی بژیانایە و بێمنەت بونایە لەو مەنزومەیەی وای کردوە ھەرێم پڕ ببێ لە رۆشنبیری گەندەخۆر ، ئێستا کۆمەڵگەی ئێمە لە جێگەیەکی دیکە بوو . 

لەسەر ئەو وتارەی کە لەسەر ئەو ھاوڕێیانە نوسیومە کە خۆیان بە ئاپۆچی دەزانن و لە ھەردو ئاستی تێگەیشتنیان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی و ھاوپەیمانیان لەگەڵ حزبەکەی شاسوار رەخنەم کردون ، کاک کامیار چەند ئارگۆمێنتێکی وەک رەخنە خستۆتە ڕوو بە پێویستی دەزانم وەڵامێکی پوختی بدەمەوە . 

کام جۆر بزنسمان بۆ سیاسەت! 

یەک : لە خاڵی یەکەمدا کاک کامیار دەڵێت پێش دروستبونی نەوەی نوێ علاقەی گۆڕان و شاسوار زۆرباش بوو ئێن ئاڕ تی لە خزمەتیاندا بوو .
جارێ با ھێڵێک بە ژێر ئەو قسەیەدا بێنم کە ئێن ئاڕ تی لە خزمەتی گۆڕاندا بوە ، ئەوە ھەر ئەو منەتەشە کە شاسوار زو زو دەڵێتەوە ، با پرسیارێک بکەین، یەعنی چی لە خزمەتی ئێمەدا بوە ؟ ئایا کەناڵێکی بێلایەن نەبوە کە بە مەسافەیەک لە ھەمو لایەنەکان دور بو بێت ، ئایا بەو پێوەرە بێت کە دەرفەت دراوە گۆڕانەکان قسەی تیدا بکەن ، ھەمان شت خۆ بۆ ھەمو حزبەکان راستە بە یەکێتی و پارتیشەوە . 
ئەوەی کە کاک کامیار دەڵێ نابێ گۆڕان کێشەی لەگەڵ ئەوە ھەبێ کە بزنسمان سیاسەت بکات یا باس لەوە دەکات کە سەرکردەکانی گۆڕان بزنس بکەن با دوو شت بڵێم ؛ 
یەکیان ئەوەیە گۆڕان کێشەیەکی لەگەڵ ئەوە نیە پارە دارێک بێتە ناو سیاسەتەوە بەو مەرجەی بزانێ چۆن و لە کوێی پەیدا دەکات؟ شەفاف و ڕون سەرچاوەی پارەکانی دیارە یان نا ، چونکە سیاسەتی دروست لە پێناوی چاکەی گشتیدا دەکرێ نەک لە پێناوی پارە و خۆ شاردنەوە لە قەرز و قۆڵە و بردنی پارەی خەڵک . 

بۆ سەرکردەکانی گۆڕان یا ھەر کەسێک لە گۆڕان کە بازرگانی نا شەرعی ھەیە ھەرچی دۆکۆمێنتک ھەیە با بخرێنە ڕو بەندە یەکەم کەس دەبێت لێی بێتە دەنگ بەڵام ھەڵدانی رستە بێ بونی دەلیل دەچێتە ریزی تۆمەتی بێ بنەما.

لەسەر ئەو بەشەی تایبەتە بە بەرھەم ساڵح قسەیەکم نیە و ڕای تایبەتیشم ھەیە لەسەر ئەو ھاوپەیمانێتیە کە زۆر دور نیە لە راکەی کاک کامیار ، لێ راستیەکەی گۆڕان پلیتی پاکبونەوە نادات بە کەس و ھاوپەیمانیش ھیچ کات بەمانای وەک یەکی یا یەکگرتن یا بێدەنگبون نیە لە ھیچ سیاسیەک بەتایبەت کە ھاوپەیمانێتیەکی سنورداری ناوچەیەکی دیاریکراوە کە ئەگەر بەندە خاوەنی بریاری کۆتایی بوایە لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و عیراقیش لە بری تحالفێکی کوردی بەحت تحالوفاتی نیوان تیکرای پێکھاتەکانم دەکرد .

گۆڕان دەترسێت یا ترس لە گۆڕان وایکردوە ھەوڵی پەرتکردنی دەنگەکانی بدرێت! 

دو: لە رەخنەی دوھەمیدا کامیار دەڵێت ئەو ترسەی گۆڕان لە نەوەی نوێ و تەڤگەر لە جێگەی خۆیدا نیە . 
قسەکە ئەوەی گۆڕان دەترسێ یا ترس لە گۆران وایکردوە نەوەی نوێ پێی وابێ ئەگەر گۆڕان نەشکێنێت دەنگ ناھێنێت. 
کێشەیەکی کامیار ئەوەیە دورە لە وڵات و ئەوە وایکردوە ئاگاداری ئەو تەنھا لە رێگەی تۆرە کۆمەلایەتی و چەند پەیوەندیەکی دیکەی تەقلیدیەوە بێت، بۆ نمونە ئاگادار نیە کە چەندین مانگە ئین ئار تی ، زۆر نا پرۆفیشناڵانە و نا لۆژیکیانە بە زمانێکی زۆر دور لە واقیع پەلاماری گۆڕان دەدات دەیەوێ بە خەلک بڵێ گۆران و یەکێتی و پارتی فەرقیان نیە بێ ئەوەی تا ئەم لەحزەیە گۆڕان لە میدیای خۆیەوە حەرفێکی لەسەر ئەو گوتبێت ، کاتێک لە رەدفعلی ئەو ھێرشانەی ئێن ئاڕ تی گۆڕان خوازان لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان جواب ئەدەنەوە ، جەماعەت دەڵێن ئەھا گۆڕان لێمان دەترسن و قسەمان پێ دەڵێن . 

ترسی گۆڕان لە چیە ؟

گۆڕان ترسی لە ھاتنە پیشەوە ھیچ ھیزێکی سیاسی نیە ، ترسی لە ئەجێندای دەزگا جاسوسیەکانیی یەکێتی و پارتی ھەیە کە ئامانجیان تێکشاندن و پەرتکردنیی ئیرادەی گۆڕانکاری بێت ، ئامانجیان ئەوە بێت ئەو یاخیوبونەوەی کە گۆران خستویەتە سەر رێ بکرێتە سەفقەیەکی تیجاری ، جارێ ھەمو شتێکیش ناگوترێ بەلام کاتێکی زۆرمان ناوێ بۆ بینینی زۆر راستی لەسەر ئەرزی واقیع کە چۆن پیلانەکان بۆ لێدان لە پرۆژە سیاسیەکەی نەوشیروان مستەفا چنراون .

کە کامیار لەسەر شەنگال و بێدەنگی وەزیری پێشمەرگە رەخنە دەگرێ دەبێ بزانێ کە ئەو بێدەنگیە کاتی خۆشی لە زۆر ئاستدا رەخنە کراوە ، بەڵام دەبێ ئەو راستیەش بزانێ پێگەی وەزیری پێشمەرگە لە سەروەختێکی حەساسدا کە ھەولێر خەریک بو دەکەوتە دەست داعش ئەوەی لێدەخوازێ وەک بەشێک لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەولەویەتیی پاراستنی ھەرێم بێ لە داعش و بە زانیاری ئێمە ئەو کاتەش لیژنەی لێکۆلینەوە لەسەر داوای ئەو و روبەروش لە زۆر ئاستدا چ لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتەی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت بە ئیێرارەوە قسەی کردوە ئەوە لە کاتێکدا چەند رۆژێکی کەم بوە کە دەستبەکاربو لە وەزارەت، راستیەکەشی ھاتنە دەنگ وەک رۆلی رقابی ھی پەرلەمانە و پەرلەمانتارانە پێش حکومەت . 

ئەمە غەدرێکی زۆر بێ ویژدانانەیە کە بڵێی گۆڕان زۆر بە بەشداری لە حکومەت سەرمەست بو ، باشە ئەی چی وایکرد کە روبەروی بارزانی ببێتەوە و وەک حزبەکانی تر خۆی لێ نەدزێتەوە ؟! ئەوە رێک لەو کۆمێنتەی شاسوار دەچێ کە نوسیویەتی (ئەوانەی پارتی بە شەق دەریکردن و نەیانوێرا یەک کەلیمە بڵێن )، من لە ھەموان دەپرسم ، گۆڕان لە بەرامبەر کودەتای پارتی نەیوێرا ھیچ بڵێ یا لە ناوخۆ و عیراق و کۆمەلگەی ئەوروپی و ئەمریکاش کردیە سکانداڵێکی گەورە لەسەر پارتیش و بارزانیش، ئەگەر گۆڕان دڵی بە بەشداری خۆش بوایە وەک حزبەکانی تر لە ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی پەشیماندەبۆوە و ئیعترافی بە سەرۆکایەتی بارزانی دەکرد ؟! 

پارچەیان تا چەند بۆ یەک دەبێت ؟! 

سێ : من دژی ئەوەنیم کە تەڤگەر و نەوەی نوێ ھاوپەیمانی بکەن ، من باسم لە دونیابینی سیاسیی قوڵ کردوە کە تیایدا حسابی نزیکایەتی فکری و سیاسیی لەبەرچاو بگرێ ، با بەھەمان لۆژیکی کاک کامیار منیش پرسیارێک بکەم ، ئەو دەڵێ ئێوە چون لەگەڵ بەرھەم ساڵحدا ھاوپەیمانێتیتان کردوە و پاکتانکردۆتەوە ، گریمان ئەو قسەیە رەخنەیەکە قبوڵی دەکەین ، خۆ ھەمان شت بۆ تەڤگەر و کامیاریش راستە چونکە وێستگەکانی شاسواریش لە بزنس و میدیا و پڕۆژەکانیدا قسەی زۆری لەسەرە وەک تۆمەت ئەگەر وابێ ئەوانیش ێکوکی لێخۆشبونیان داوەتە ئەو .
من بەو چاوە ناڕوانم بۆ ئیشکالی ئەو ھاوپەیمانێتیە ، کیشەی من لەگەڵ ئەوان و بەروی ناوخۆی گۆڕانیشدا فکرە نەک شتی تر ، تێگەیشتنی سیاسیە نەک کەسەکان ، ئەرێ کام ھێڵە سیاسی فکریەیە کە وایکردوە کامیار پێی وابێ ئەو حزبە ھەلگری فکرێکی نوێیە ، ئەگەر پرسەکە ھەر رەتکردنەوەی ریفراندۆمە ئەو کات کاک شاسوار شەخێیک بوە وەک شەخێ زۆر پیش ئەو لە ریفراندۆم ھاتوینەتە دەنگ و لێمان نوسیوە و قسەمان لێکردوە ئەگەر وەک حزبیش گۆڕان تۆمەتبار بێ ئەوا رای جڤات رون بوە و ھیندەش رونمان کردەوە بێتامبوو کە رێکخەری گشتی وەک تاکێک رای وتوە و ڕای رەسمی گۆران سەرباری رەخنە زۆری من ئەو ساو ئێستاش بەڵام بەڵێ نەبوو ، ئاخر بێویژدانیە رای جڤات کە بەڵێ کردن نەبوە نادیدە بگری ھەموی بخەیتە سەر ئەوەی رێکخەریگشتی چی گوتوە ؟!

چوار : لەسەر فیکری ئۆجەلان و ئەو رایانەی گوتویەتی لە سەرنجی چوارەمیدا قسەیەکی ئەتۆم نیە ھێندە نەبێ ، لەگەڵ بونی کەسانێکی زۆر لە گۆراندا کە بەڵێ ھێشتا بەھۆی تێنەگەیشتن لە فکری نەوشیروان مستەفا لە قەومەچیەتێکی بەرتەسکدا گیریان خواردوە ، بەڵام زۆر دەنگ و رەنگی نوێ و کاریگەر ھەر لە گۆراندا رونتر لە ھەر پرۆژەیەکی دیکەی سیاسی روبەروی ئەو تێگەیشتنە بونەتەوە و دەیکوتنەوە . 

ئاشنای فکری نەوشیروان مستەفا نیت وەک پێویست : 

پێنج: کامیار دەلێت پێکەوە گرێدانی فکری ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفا نەک ھەر قورسە عەقڵانیش نیە . 
من پێم وایە ھۆکاری ئەو بۆچونەی ئەوەیە کە وەک پێویست ئاگاداری فکری نەوشیروان مستەفا نیە و نە ئاگاداری وتارەکانیەتی تایبەت دوای ساڵی ۲٠٠۸ ، نە موتابەعەی بەرنامەکانیی روبەروی کردوە .. کاک کامیار دەلێت ئۆجەلان یەکەم موفەکیری سیاسی کوردە کە جەریئانە ناسیونالیزمی کوردی لە گۆرناوە و ئەڵتەرناتیڤی بەیەکەوە ژیانی گەلان و دیموکراسی جێگیرکردوە ، باشە من دەڵێم با کاک کامیار بروات ئەو وتارە بخوێنیتەوە کە نەوشیروان مستەفا سالێ ۲٠٠۸ زۆر پێش تیگەیشتنە نوێکانی ئۆجەلان بۆ خەباتی ھاوبەشی گەلان ، دەربارەی مافی تورکمانەکان لە کوردستان نوسیویەتی ، با بیخوێنێتەوە و تێبگات لە کاتەدا کە تورکمانەکان بە دێو و درنج کرابون ئەو چۆن لە چوار چیوەی بەیەکەوە ژیانی گەلاندا داوای مافەکانیان داوای مەکانەت پۆست گەورە دەکات بۆیان ، ئایا ئەوە بۆ لە گۆڕنانی فکری نەتەوەچێتی نیە ؟! 

راستە زمانی دەربرینی نەوشیروان مستەفا زمانێکی سفتوسۆلی رونە و ئۆجەلان زمانەکەی ئاڵۆزە بەڵام ئەو تیۆریزەکردنەی نەوشیروان مستەفا بۆ دروستکردنیی نیشتیمان دەیکات لە بونی دەستور و ئاسایش و بازار و زانکۆ و میدیا و خەمی ھاوبەشی نیشتیمانیی لە کوێدا لەگەڵ فکری ئۆجەلان ناکۆکە ؟!

ئەو پەیامەی سالی ۲٠۱٠ بۆ کەرکوکیەکانی نوسیوە رۆحی مافی ھاولاتیبون لەسەر بنەمای وەک یەکی ماف و بەرپرسیارێتی بۆ تێکرای پێکھاتەکانی کەرکوک دەخاتە روو ئایا بۆچی ئەوە لە گۆرنانی قەومەچیەت نیە ؟! 

با کامیار پەیامی نەوشیروان مستەفا بۆ دەوڵەتی کوردستان کە نەورۆزی ۲٠۱۲ رایگەیاند بخوێنیتەوە لە کوێدا ناکۆکە لەگەڵ تێگەیشتنە نوێکانی ئاپۆ؟!

نەوشیروان مستەفا ؛ لە دروستکردنیی ھۆشیاری سیاسیی لە ناو باشوردا لە بە ئاگا ھێنانەوەی خەلکی کوردستان لەو زوڵمەی کە مافیاکانیی کوردایەتیی دەیکەن کێ پێشی داوەتەوە ئایا بۆ کامیار ئەوە بۆ ئەو ئەژمار ناکات ، مەگەر ئەو ئیرادە و بەرەنگاریەی لە گۆڕاندا نەوشیروان مستەفا سەرپێی خست یەکەم بزمار نەبوو لە تابوتی مافیاکانی کوردایەتی . 

لە کوێدا کاک نەوشیروان لەو دەسالەی کۆتاییی ژیانیدا داکۆکی لە قەومچیتی کردوە تا کامیارپێی وابێ ناکرێ لەو روەوە لەگەڵ ئۆجەلان موقارەنەیان بکەین . 

من دەزانم نەک دوای مردنی تا لە ژیانیشدا بوو نەیتوانی ئەو کەڵکەلە قەومیە لە فکری بەشێک لەو ھاوڕێیانەی دەربھێنیێ کە بەشیێکیان ئێستا جێنشینین بەڵام گوزارەی فشە قەومیی و گەڕوگول بونی ئەزمونی دەوڵەتی نەتەوەییم یەکەمجار لەو بیستوە و ئەم چوار ساڵەش لەسەرەتای دەستکردن بە کاری پەرلەمانی بە رێنمایی و کاریگەری ئەو من ئەو فکرە بۆگەنەم کوتیوەتەوە و لە ژیاندا بوە کە وتار و قسەم لەسەرکردوە ئایا ئەگەر دژ بوایە رێگەی دەدا؟! .

شەش: لەسەر ئەوەی کە ئەو بەریەککەوتنەی گۆڕان و نەوەی نوێ یەکێتی و پارتی لێی سودمەند ئەبن ھاوڕای کامیارم ، بەرادەیەک ھەولمدا ئەوە رونەدا و نزیکبوم لەوەی کاری پێکەوەی و ھاوبەش بکرێ لە گۆران تۆمەتبار دەکرام زیاد لە پێویست نزیکم لێیانەوە ، بەڵام با رون بێ دوای ئەو بەزمەی سجنکردنی بەشیک لە نەوەی نوێ و دوای ھاتنە دەرەوەی شاسوار لە سجن کە سوپاسی ئاسایشی کرد بەوەی زۆر باشبون لەگەڵیدا و دابەزینە سەر گۆڕان لەسەر ئەوەی بەیاننامەی تایبەتیان بۆ دەرنەکردوە و نادیدە گرتنی ئەو ھەمو داکۆکیەی ئێمە و ئۆرگانەکانی گۆران قەناعەتێک لای گۆڕانخوازان دروست بوە کە ئەو پیاوە ئەرکەکەی لێدانە لە گۆڕان بۆیە ناکرێ لێی بیدەنگ بین ، ھیوادارام ئەوە لەسەر خۆی نەسەلمێنی و دەستبەرداری ئەو شەرفرۆشتنە بێ کە ئاوکردنە ئاشی یەکێتی و پارتیە . 
من لە دوای ئەو روداوی سجنکردنە بێئومێد بوم لەوەی ھیچ ھەوڵیک سودی ھەبێت .

حەوت: لەسەر ئەوەی ئەوە شەری بەرژەوەندی و حزبە سیاسیەکانە و بۆ ھەڵبژاردن و کورسی پەرلەمانیە دیسان بە نسبەتێک ھاوڕام ، بە تایبەت لەوەدا کە گرنگە کەسانی فکر رۆشن بە ئاراستەی سیاسی نوێ و دور لە تێگەیشتنی کۆن سەرکەوتوبن ، بەلام دیسان ئەوەی بۆ من ئیشکالە ساغنەبونەوەی ئەو ھێزە بەناو نوێیانەیە کە بە حساب نوێن لە ئەفکاردا ، با وەک گۆڕان بە سەنگی ۲٤ کورسیی و سەرۆکی پەرلەمان و چەندین وەزیر بیانبینین ئەو کاتە تێدەگەین کە تاچەند لەسەر ھێڵێکی فکری جیا یا لەسەر خەتێکی رێکی بەرژەوەندی ماددین و بەس . 

گۆڕان ھێزێکە بە ھەموو ئەو کەموکورتیانە کە لە ئەدائیدا ھەبوە ، سێبەرێکی فکری و ئیلتیزماتیی ئەخلاقیی نەوشیروان مستەفای بەسەرەوەیە و ئاسان لە رێگا ناتوانێ لابدات لە بەر ھۆکارێکی زۆر ئاسان ئەویش ئەوەیە کە گۆڕان لایەنگرانێکی تورە و ھۆشیاری ھەیە بروانە کە بەرپرسێکی گۆڕان ھەڵە بکا لێی بیدەنگ نابن و بێ رەحمانە دەیکوتنەوە ، ئەوە لای من زۆر گرنگە بۆ ھێشتنەوەی گۆڕان لەسەر رێبازەکەی کاک نەوشیروان . 

گۆڕان لە ئێستادا دوردراوە بە ئەجێندای جیا جیا بۆ سنوردارکردنیی ، ھێزێک کە ھیوایەکی زۆری لەسەر ھەڵچنراوە بۆتە ئامانجی چەندین گروپ کە بە ھەر شێوەیەک و ھەر نرخێک ھەیە دەیانەوێت رایبگرن و بچوکی بکەنەوە ئەوانە قسەنین و زانیارین ، ئەکید کامیار دەزانێ ھەمو قسەیەک بۆ گوتن نیە ، بەڵام کاتی دێت کە زۆر راستی وەک خۆی بخەینە رو . 

ئەگەرچی دەزانم بێ سودە بەڵام منیش وەک کامیار تەمەننا دەکەم نەوەی نوێ دەستھەڵگرێت لە بە ئامانجگرتنی گۆڕان ، وەگەرنا خۆ ئەکید لە ھیچ تۆمەت و پەلامارێک بێدەنگ نابین . 

وەک ستراتیژیش لە نەوشیروان مستەفاوە فێر بوین بەرەی نارەزایی فراوان و بەرەی گەندەڵکاران تحدید بکەین نامانەوێ خزمەتی یەکێتی و پارتی بکەین و بڵێین ھەمو وەک یەک بەرپرسیارن . 

داھاتوی نزیک وەلامی زۆرێک لەو راستیانە دەداتەوە کە لەسەرەوە یاداشتم کردون .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ