وتار
تاکەی ئێران ئەم ھەمو کردەوە تیرۆریستیە لە ھەرێم دا ئەنجام بدا و، بێ دەنگی بۆی ھەڵ ببژێردرێت؟
شەریف هەژارى

ڕژێمی ئێران وەک ترسناکترین ڕژێمی داگیرکەری دژە کورد و، یەکێک لە دڕندەترین و دواکەوتوترین سیستمی ناو مێژووی مرۆڤایەتیی، ھەر تەنھا ئەوە نیە کردەوە و ئایدۆلۆژیاکەی وایکردبێت کە گەلانی ناوخۆی (ئێران) زەجری پێوە ببینن، بگرە دڕندەیی و پڕ-مەترسیدارێتیی (پیلان و کردەوە تیرۆریستیەکانیی) ئەم ڕژێمە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆشیی دا، بوونی ھەیە، بەتایبەت لە باشوری کوردستان دا.

پاش زانینی ئەم حەقیقەتانە، چ وەک ئەکادیمیستێک و، چ وەک ئازادیخوازێکی نەتەوەیی، ھەمیشە ھەوڵم داوە، بەشێکی بۆچون و ئایدیاکان و کتێبەکانم بۆ ڕزگاری نەتەوەکەم لە خۆرھەڵاتی کوردستان و، دژایەتیی کردەوە تیرۆریستیی و دژە مرۆڤایەتیەکانی ڕژێمی ئێران تەرخان بکەم!

لەگەڵ ئەوەی بەردەوام زانیومە و دەشزانم، کە ڕژێمی ئێران نەی (لە سێدارەدانە) و، تیرۆرکاری جەستەیی سەدان ئازادیخوازە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆشی دا. بەڵام باوەڕی نەگۆڕم بەو ڕاستییە ھەبووە، کە: (ئەکادیمیست، نوسەر، ڕۆژنامەنوسان، کوردانی نەتەوەیی و، دادگاکان)ی ھەرێم دەبێت ھەرگیز لە پیلان و کردەوەی تیرۆریستی ھیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر سڵ نەکەنەوە، بەتایبەت لە کردەوە تیرۆریستییە بەرفراوانەکانی ئێران لە ناو قوڵایی خاکی باشوری کوردستان دا. 

ھەرچەندە، زۆرجار پێشنیارم بۆ کراوە، کە واز لەو بابەتانە بھێنم کە پەیوەندی بە ئاشکراکردن و خستنەڕوی قەسابخانەکانی ئەم ڕژێمە ھەیە دژی کوردانی خۆرھەلات لە ناوخۆ دا و، کردەوە و پیلانە تیرۆریستیەکانی ئەم ڕژێمە لە خاکی باشور دا. بەڵام بیریی ئازادیخوازیی و مرۆڤخوازییەکانم ھەمیشە سورتری کردووم لە ھەڵماڵینی یەک بە یەکی پیلان و کردەوەکانی ئەم ڕژێمە بەتایبەت دژی کوردانی خۆرھەلاتَ و، پیلانەکانیشی لە ناو خاکی باشوری کوردستان دا.
-
ھەمو ئەمانە وایکرد، منی خامە بەدەستی ئەکادیمیست و ئازادیخواز، بە دور نەبم لە ھەڕەشە و، ھەبونی مەترسی گەورە لەسەر ژیانم، تا گەشتە ساتێک کە خزمەتچییە تیرۆریستەکانی سەر بەم ڕژێمە لە شەوی (٣١-١٢-٢٠١٧) پیلانێکی تیرۆریستیی لە دژم بگرنەبەر!
-
ئەلبەتە نایشارمەوە، پێشتر بە چەندین پیلان و نانەوەی (داو) بۆم، ھەوڵ دراوە کە ئامانجی خۆیان بپێکن، کە جارێک لە ڕێی سیخوڕێکی ئێرانەوە بەناوی (ڕ ، ە) کە زاوای ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبێکی زۆنی سلێمانی یە، بە ناونیشانی (خوێندکاری ماستێر)ەوە نێردرا بۆ لام و، ویستیان بە (داو)ی خۆیانم بخەن! بەڵام زۆر زوو بەدواداچونم کرد و، بۆم سەلما کە کەسی ناوبراو (نە خوێندکاری ماستێر)ە و، نە لە (زانکۆ)ش دایە، بەڵکو سیخوڕێکی سەر بە ئێرانە و، بەتایبەت نێردراوە! ئەوەبوو دۆستان و خزم و کەسوکار پەیامیان بۆ ناردبو کە: عاقیبەتی (جاشزادەیی) چۆن دەبێت!!
-
ھەروەھا، کەسێکی دیکە کە ماوەیەک ڕۆژنامەنوسی سەر بە تەلەفزیۆنی (ئێن، ئاڕ،تی) بوو، بە بیانووی ئەوەی کە بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاریان ھەیە لەسەر (قاسملو و مەسعود ڕەجەوی)، بەو پێیەی کە (من: وەک شەریف ھەژاری) تاکە کەسم کە لە (٢٠٠٨) توێژینەوەیەکی ئەکادیمیم لەسەر (موجاھیدینی خەلق و ھەڵوێستی بەرانبەر نەتەوەی کورد ١٩٦٤-١٩٩٤) ھەیە و وەک (کتێب: ھەر لە ٢٠٠٨ چاپکراوە)، لە زانکۆ ھاتە لام و، توانی بەشێکی ئەو نامە و بەڵگەنامە نھێنیانەی کە لام بو و خودی کتێبەکەش ببات. بەڵام پاش ماوەیەک لە ڕێی (ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان: کە فەرماندەی کۆنی یەکێتییە) ئاگادار کرامەوە کە کەسی ناوبراو سەر بە (فڵان کەسە لە ناو کنسوڵی ئێران لە شاری سلێمانی) و، دەبێت زۆر وریای خۆم بم. 
چونکە (ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان) ھەندێ زانیاری پێ دام کە پێویستە ئاگاداری خۆم بم و، (بەو زەقییە) واز لە ھەندێک لەو بابەت و کتێبانەم بێنم کە تایبەتن بە خۆرھەڵاتی کوردستان. منیش لە دڵسۆزی کەسی ناوبراو گەشتم، بەڵام وەک پێم وت: ھەرگیز واز لە باوەڕە ئازادیخوازییەکانم بۆ گەلەکەم و ،بەتایبەت بۆ خۆرھەڵاتی کوردستان، ناھێنم!
-
پاش ماوەیەک دوای ئەو ڕوداوانە، لە سەرەتای مانگی ١٢ ی (٢٠١٧)، ئەندام مەڵبەندێکی یەکێتیی کە ناسراومانە، تەلەفونی بۆ کردم و، پێی وتم، کە: ((مەترسی لەسەر ژیانت ھەیە و ھیوادارم بابەتەکانت لەسەر ئێران کەم کەیتەوە و ئاگاداری خۆت بیت)).
منیش لە وەڵام دا  پێم وت: ((چۆن ئەزانیت کە مەترسی لەسەر ژیانم ھەیە!؟)).

ئەندام مەڵبەندەکەی یەکێتیش لە وەڵام دا پێی وتم: ((ئێمە لە ناو مەڵبەند لیژنەی ئەمنیمان ھەیە، ئاگاداری ھەندێ پیلان و کەیسی ناو شارین!)).

لە ڕاستیدا بەکارھێنانی دەستەواژەی (ئێمەی لە ناو مەڵبەند لیژنەی ئەمنیمان ھەیە!) زۆر لام ھەم غەریب بو و جێی تێڕامان بوو! بۆیە، بیرم کردەوە و وتم: تەلەفونی بۆ دەکەم و ئەیبینم.
-
خۆم و خزمێکم و، ئەندام مەڵبەندەکە، ڕۆشتین بۆ لای زەڵم. لەوێ باسی مەسەلەکەم ھێنایەوە کایە. 
ئەندام مەڵبەندەکەی یەکێتیی پێی وتمەوە: ((وەڵاھی زانیاریی ورد ھەیە، ئاگاداری خۆت بە..! ڕەنگە دوو ھۆکار وایان کردبێت کە تا ئێستا ئەو کەسانەی کە ئێران بۆ چاودێری تۆ دایان ناوە کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام نەدابێت، یەکەمیان ئەوەیە: وایان زانیوە تۆ سەر بە یەکێتیی یان گۆڕانیت، دووەمیشیان ئەوەیە کە: تۆ بە چەندین عەشیرەتەوە پێکەوە بەسراویتەوە و ئەکرێت لەوەش وردبوبنەوە و بەئاسانی نەکەوتبیتە بەردەستیان!)).
-
لە دوای ھەمو ئەم ڕوداوانەەوە، کەچی دووجار پیلانی تیرۆریستی ئێرانم پێ گەشت، یەکەمیان لە شەوی (٣١-١٢-٢٠١٧) و، دووەمیشیان چەند ڕۆژێک دوای ئەوە.
-
ھەردوو ڕوداوە تیرۆریستییەکە، سەرەڕای دەستاوپل و گورجوگۆڵی خۆم، خزم و ناسراو و مرۆڤگەلێکی نەتەوەپەروەر، ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنم دا ھەبو. ھەربۆیە من بە ھەنگاوی (یاسایی) خۆم ھەستام و، ڕێگای یاساییم گرتەبەر. 
-
لە دادگاش دا، پارێزەرێکی ئەزموندار خۆبەخشانە کەیسەکەمی گرتە ئەستو، کە ئەویش پارێزەری ڕاوێژکار (عوسمان ساڵح مەحمود)ە.
-
سەبارەت بە یەکەم ڕوداوی تیرۆریستی کە شەوی (٣١-١٢-٢٠١٧) بو، پارێزەری ڕاوێژکار (عوسمان ساڵح مەحمود) بە پشت بەستن بە چەندان بەڵگە، بۆی ساغ بوویەوە، کە تیرۆریستەکانی ئێران لە شەوی (٣١-١٢-٢٠١٧) مەبەستیان ڕفاندنی من بووە لە شاری (ھەڵەبجە)وە بۆ شاری (پاوە)ی خۆرھەڵاتی کوردستان و ھتد!!
-
لەم بابەتەدا دەمەوێ زۆر بە ڕاشکاوی ئەوە بڵێم: ئاواتەخوازم دادگا بە ڕۆڵی خۆی ھەستێت و، تیرۆریستەکان ئاشکرا بکات. ھیوادارم دادگا بێ دەنگ نەبێت ھەر وەک ئەو سەدان کردەوە تیرۆریستییەی کە ئێران لە قوڵایی خاکی ھەرێم ئەنجامی داون و نزیک بە (ھەزار) کەسی لە سەرکردە و کادیر و لایەنگرانی حیزبەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان و، کەسانی ئازادیخوازی تیرۆر کردووە. کەچی بۆ تەنھا یەک جاریش تیرۆریستەکان بە سزای (یاسایی) خۆیان نەگەشتوون!
-
زیاتر لەوانەش، تا ئێستا تەنھا یەک بەرپرس لەو (سەرکردانەی پارتیی و یەکێتیی و حیزبە ئیسلامیەکان بە حیزبوڵای شۆڕشگێڕیشەوە) کە زۆر بە ئاشکرا دەستیان لە تیرۆری کادیر و لایەنگری حیزبەکانی خۆرھەلات و، کەسانی ئازادیخوازی باشور ھەیە، نەگیراون و، دادگا نەیتوانیوە بە ڕۆڵی (یاسایی) خۆی ھەستێت و، سزای یاسایی کردەوە (تیرۆریستیەکان)یان بدات. 
ھەربۆیە، ھیوادارم دادگا لەم کەیسەی من دا (بە پێی تەواوی بەڵگەکان کە خراوەتە بەر دەستیان) لە تیرۆریستەکانی ئێران بپرسێتەوە و، ئاشکرایان بکات و، سزای یاساییان بدات!
-
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئێران بۆ ئەیەوێ جەستەی (خامەکەی من) تیرۆر بکات؟

وەڵامی ئەو پرسیارە، بە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە: چۆن (لە ڕوی زانستییەوە) ئەسەلمێت کە ڕژێمی ئێران ترسناکترین و دڕندەترین ڕژێمە دژی ئاسایشی نەتەوەیی باشوری کوردستان؟

١-ڕژێمی ئێران و تیرۆرکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی ناو باشوری کوردستان، بەتایبەت ئەو نوسەر و ئەکادیمیستانەی کە دژی پیلانە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی ئێران دەوەستنەوە، کە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ەوە تا ئێستا دەیان نمونە بەردەستن.
٢-ڕژێمی ئێران و تیرۆرکردنی (سەرکردە،کادیر،ئەندام و لایەنگیر)ی حیزبەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان بەتایبەت و، ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەگشتی. بە ڕونی دیارە کێ بو حەوت پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی لە خاکی باشورەوە تەسلیمی ئێران کردەوە، ئاشکراشە کام حیزب بون کە ھەردو سەرکردەی دیموکرات (مەنسوری ڕەشە ھەورامی) لە دوکان و، (مەنسوری ناسری)یان لە کۆیە بۆ ئێران تیرۆرکرد. ھەروەھا سەدان کاری دیکەی تیرۆریستانی سەر بە ئێران، کە زۆر ئاشکرایە بکەرانیان کێن، کە ڕۆژانە لە ناو خاکی ھەرێم تەراتێن ئەکەن!
٣-ڕژێمی ئێران و کردەوەی خۆتەقاندنەوە و تیرۆریستی لە خاکی ھەرێم، لەمەش دا دەیان کاری خۆتەقاندنەوە بەردەستن، کە تیرۆریستەکان لە سنوری ئێرانەوە داخلی باشوری کوردستان بون.
٤-ڕژێمی ئێران و ناردنی مادە ھۆشبەرەکان بۆ ناو خاکی ھەرێم، لە ڕێگای کەسانی سیخوڕی سەر بە دەزگای ئیتلاعاتەوە. 
٥-ڕژێمی ئێران و ناردنی ماددەی بەسەرچو و خۆراکی بەسەرچو بۆ ناو خاکی ھەرێم، کە ھەفتە نییە دەیان جۆر خۆراک چ لەسەر سنور و چ لە ناو شارەکانی ھەرێم نەگیردرێن، کە ڕاستەوخۆ لە سنورە فەرمییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕێگەیان پێ دراوە (ئەو خۆراکە بەسەرچوانە) داخلی خاکی ھەرێم ببن! 
٦-ڕژێمی ئێران و ناردنی بەنزین و نەوتی بەسەرچو بۆ خاکی ھەرێم، کە ھەزاران ھاوڵاتی لێی زیانباربون و، چەندان ھاوڵاتیی بەھۆیەوە خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان سوتاون و، دەیان خۆپیشاندانی لێ کەوتۆتەوە. نمونەشمان زۆرە کە سنورە فەرمییەکانی ئێران چەندانجار ڕێگەیان بەو جۆرە لە سوتەمەنی (نەوت و بەنزین) داوە بێتە ناو خاکی ھەرێمەوە.
٧-ڕژێمی ئێران و داخستنی سنورەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان و، ئابڵوقە خستنەسەر دانیشتوانی ھەرێم، بەبێ ھیچ بیانویەک!
٨-ڕژێمی ئێران و پراکتیزەکردنی سیستمە جاھیلیەتییەکەی لە عێراق دا، تەنھا نمونەیەکی بچوکیش بۆ ئەمە دێنمەوە، ئەویش دەرکردنی ئەو یاسایەیە لە پەرلەمانی بەغدا دا، کە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵی دا بە شوو بدرێت و، پیاو مافی ھەبێت چەندین ژن بێنێت.
٩-ڕژێمی ئێران و ڕواندنی سیخوڕ و کەسانی وابەستەی خۆی لە ناو حیزبەکانی کوردستان.

١٠-ڕژێمی ئێران و ڕواندنی سیخوڕانی خۆی لە ناو دامودەزگاکانی حکومەت بەتایبەت لە ناو دامودەزگاکانی ئاسایشی ھەرێم دا، کە لە ماوەی ڕابردو، بڵاوکراوەکانی ھەرێم ئاماژەیان بەوە دا کە چەندین کەس لە ناو ئاسایش دەستگیرکراون، کە کاریان بۆ ئێران کردووە، کەچی دواتر بابەتەکە شاردرایەوە.
١١-ڕژێمی ئێران و تەقاندنەوەی پەیکەر و ئارامگای کوردناسان و ڕوناکبیر مەزنەکانی کورد لە خاکی باشور دا، ھەروەک تەقاندنەوەی پەیکەری (مادام دانیەل میتەران) لە لایەن گروپێکی سەر بە ئێرانەوە لە ھەڵەبجە و، فەرمانی تیرۆرکردن بۆ شاعیری مەزنی کورد (شێرکۆ بێکەس) و، سەدان کاری تیرۆریستی تری لەم شێوازە!

١٢-ڕژێمی ئێران و گرتنەوەی ئەو ڕوبارە سروشتیانەی کە دەڕژێنە ھەرێمی کوردستان و، حساب نەکردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە لە ڕابردوو دا چەندین جار  ئاوی ھەردوو ڕوباری (زێی بچوک و سیروان)ی گرتۆتەوە و، بەتایبەت لە سنوری خانەقین ئاوی (ئەڵوەن)ی گرتۆتەوە. ئاشکرایە گرتنەوەی ئەم ڕوبارە سروشتییانە و حساب نەکردن بۆ ڕێکەوتنەکانی ئەم بوارە، لە ساتێکیش دا بووە کە گورزی کاریگەر بەر ھاوڵاتیان و ئاسایشی (ئاو)ی ھەرێم بگەیەنێت. بەتایبەت لە وەرزی گەرمای ھاوین و وەرزی ھاتنە بەرھەمی کشتوکاڵ دا (بە پیلانەوە) ئەم ڕوبارە سروشتیانەی گرتوەتەوە بۆ ئەوەی کێڵە کشتوکاڵیەکانی ھەرێم وشک ببن. ئاشکرایە چەندین خۆپیشاندان و داواکاری نێودەوڵەتی لە ئێران کراوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕەفتارانە بەرانبەر ھەرێم نەگرێتەبەر و ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتیەکان بکات، بەڵام ئێران ھیچ بایەخی بەو داوایانەش نەداوە و بە ئارەزوی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەو کەیسەش دا کردووە.
١٣-ڕژێمی ئێران ئەندازیاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە حکومەتەکەی (نوری مالیکی) کە بەم کارە ھەستا، راستەوخۆ لە لایەن ڕاوێژکارانی ئێرانییەوە بەڕێوە دەبرا و پیلانی بۆ دادەنرا.
١٤-ڕژێمی ئێران و ڕواندنی دەیان (بەناو) ڕۆژنامەنوس و نوسەر و (شەھادەپێدراو!) لە ناو ڕۆژنامە و تی ڤی و زانکۆکانی کوردستان. ئەمەش بە جۆرێک لە زیادبووندان، کە زۆرجار ڕاستەوخۆ گوێبیستی لێدوان و خوێنەری بابەتەکانی ئەم کەسانەش دەبین لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئازادیخوازی ئێران. ئیتر با ئەوەش بوەستێت کە چەندان تەلەفزیۆن و بلاوکراوە لە لایەن ئێرانەوە ھاوکاری پەخشیان بۆ دابین دەرێت، وەک تەلەفزیۆنی پەیام و ھتد.
١٥-ڕژێمی ئێران و ئاگرتێبەردانی سنورەکان و، دەشت و کێوەکان و، ڕەز و باخەکانی ھەرێمی کوردستان، کە سەدانجار ئەم کارە نامرۆڤانەیەی ئەنجام داوە، بەتایبەت لە وەرزی ھاوین دا بۆ وشککردنی ڕەز و باخاتەکانی ھەرێم و، سوتماککردنی لەوەڕگاکانی کوردستان.
١٦-ڕژێمی ئێران و تۆپبارانکردن و بۆمبارانکردنی سنورەکان و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، کە تائێستا چەندان ھاوڵاتی مەدەنی شەھید و کەم ئەندام بوون.

١٧-ڕژێمی ئێران و ھێنانی لەشکر و سوپا بۆ قوڵایی خاکی کوردستان.

١٨-ڕژێمی ئێران و گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی کوردستان، کە چەندینجار سەلماوە کە ئێران لە ڕێی سیخوڕ و وابەستەکانی خۆیەوە کەسانێکی لە ناو خۆپیشاندانەکان دا ڕوواندووە کە تەقە بکەن ھەم لە ھاوڵاتیان لە لایەک و، ھەم لە بارەگا حیزبیەکان لە لایەکی ترەوە ، بۆ ئەوەی پیلانی ئاژاوەنانەوە و لێکترازانی کۆمەڵگای ھەرێمی کوردستانی لێ بکەوێتەوە! 

١٩-ڕژێمی ئێران و دروستکردنی میلیشیا بۆ ئەوەی ھەمیشە ھەڕەشەی بەردەوام بن بۆسەر خاکی ھەرێکی کوردستان و، پیلانی داگیرکردنی خاکی ھەرێم، کە ڕژێمی ئێران لە ڕێی میلیشیاکانیەوە ڕاستەوخۆ لە %٥١ ی خاکی ھەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و، بە ئاشکراش قاسمی سولەیمانی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی کەرکوک دا کرد و، لەوکاتەوە تا ئێستا وێنەی خومەینی و خامنەی لە کەرکوک و دوزخورماتو ھەڵ کراون!
-
ئەم ھۆکارانە و چەندین ھۆکاری تر دەیسەلمێنن کە ئەجێنداکانی ڕژێمی ئێران لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی باشوری کوردستان، ترسناکترین و خەتەرناکترین ئەجێندا و پیلانن.
ئیدی با سەدان پیلانی دڕندانە بوەستێت کە ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ دا دژی کوردانی خۆرھەڵات گرتویەتییەبەر، بەمەش ڕژێمی ئێران دەبێتە پڕ-مەترسیترین و خەتەرناکترین ھێزی داگیرکار دژی باشور و خۆرھەڵاتی کوردستان و، ھەمو تاکێکی کورد بەگشتیی.
-
کەوابو پێویستە  ھەمو ئەکادیمیستێکی شەرەفمەند  و نوسەرێکی ئازادیخواز و نەتەوەیی، سڵ نەکاتەوە لە ھەڵماڵینی پیلانە تیرۆریستیە دژە مرۆڤایەتیەکانی ڕژێمی ئێران.
گەر ئەکادیمیستان و نوسەران لە باشوری کوردستان، بە یەکگرتوویی بتوانن دژی کردە و پیلانە تیرۆریستییەکانی ئێران لە خاکی ھەرێم دا ھەڵوێست دەرببڕن، نە ڕژێمی ئێران دەتوانێ بەردەوامیی بەو کارە تیرۆریستانەی لێرە بدا و، نە دادگاکانی ھەرێمیش تا سەر (دەستە وەستاو) دەبن لە ئاست پیلانی تیرۆریستەکانی ڕژێمی ئێران لە خاکی باشور دا.

سیخوڕ و شوێنکەوتەکانی ڕژێمی (کۆماری تیرۆر و سێدارەی ئێران) لە خاکی ھەرێم دەبێت زۆرباش ئەو حەقیقەتە بەرجەستەبێت لایان: ئەوەی (ھەرگیز-ھەرگیز-ھەرگیز) کە (شەریف ھەژاری) کۆڵی لێ نادات، تاودان و بڵاوکردنەوەی (بیریی ڕزگاریخوازانە)یە دژی دەوڵەتانی داگیرکەری بەشەکانی خاکی کوردستان و ھەمو پیلانێکی تیرۆریستیی. تا ھەتاشە تەواوی کردەوە (تیرۆریستیی و ئاژاوەنانەوەکانی ڕژێمی ئێران) و ھەمو بیرێکی تیرۆریستی دیکە، ھەڵ دەماڵم، تا ڕاماڵین و ھەڵتەکاندنی بیریی ئەو ڕژێمە کوردکوژ و ئازادیخواز کوژە و، ھەمو ئایدیایەکی تەنگەتیلەی  تیرۆریستیی دیکە!
-
ڕژێمی ئێران وەک داینەمۆی تیرۆر لە خاکی باشوری کوردستان: دەبێت ئەو حەقیقەتە زۆرباش بزانێت کە بیریی ئازادیخوازیی (من)، لە بنەڕەت دا خولقاوە بۆ (ڕاماڵینی بیریی تەنگەتیلەی تیرۆر و داگیرکاری سەر خاکی کوردستان). کەوابو ئیدی چۆن (بیریی من) لە تیرۆری جەستەیی (خۆم) دەترسێ!؟

چۆن منی ئەکادیمیستی نەتەوەیی، بتوانم فرمێسکی سەدان دایک کە کوڕەکانیان ڕۆژانە لە کۆڵبەریی دا پاسدار دەیانکوژێ، سەدان خوشک کە ئەتک ئەکرێن لە زیندانە دڕندەییەکانی ڕژێمی ئێران، سەدان دایکی ئاوارە کە ڕۆڵەکانیان لە باشوری کوردستان بە دەستی (ئیتلاعات) تیرۆر کراون و دەکرێن، لە یاد بکەم و، ھەڵوێستم نەبێت لە بارەی یەک بە یەکیانەوە!؟

ئەوەی لە باشور و (بەتایبەت) لە زۆنی سلێمانی دژی ئەو ئەکادیمیست و نوسەرانە دەکرێت کە ئایدیاکانیان بۆ ئازادی و ڕزگاریی گەلانی ژێر چەپۆکی ڕژێمی ئێرانە، لە ڕاستیدا ھەم تیرۆری فکرییە و، ھەم تیرۆری جەستەییشە!

یەکەم: تیرۆرە لە ڕوی فکرییەوە، چونکە ئیتلاعات و سیخوڕەکانی سەر بە ئێران خۆیان خزاندۆتە ناو (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)ەکانەوە و، دەیانەوێت (کلتور)ێک بھێننە کایەوە کە (عەیب و غەریب) بێت ئەکادیمیستێک یاخود نوسەرێک باسی دڕندەیی (کۆماری تیرۆر و سێدارەی ئێران) بکات و، پیلانەکانی ھەڵ بماڵێت! 
ئیدی با ئەوەش بوەستێت کە زۆرینەی (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)ەکانی زۆنی سلێمانی زۆر بە دەگمەن کردەوە تیرۆریستیەکانی ئێران لە خاکی ھەرێم باس دەکەن و ئاماژە بە ئەنجام دەرەکەی دەکەن!! زۆر بە دەگمەنیش باس لە (ئەشکەنجە و ئازار و کوشتوبڕییەکانی کوردانی خۆرھەڵات) لە ژێر چەپۆکی ئەم ڕژێمە ترسناکەدا دەکەن! ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕاستەوخۆ دەستی سیخوڕانەی لە ناو ئەم (ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایت)انەدا نییە، ئەی ئیتر بۆچی وایە!؟
-
دووەم: تیرۆریشە لە ڕوی جەستەییەوە، چونکە دەیان مرۆڤی ئازادیخواز لەم زۆنەدا بە دەستی تیرۆریستەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران تیرۆرکراون و، تیرۆریستەکانیش بە ھیچ سزایەک نەگەشتون لە خاکی ھەرێم دا!!

کەوابو، دەیانەوێت وات لێ بکەن کە ھەم لە ڕوی فکرییەوە زیندانیی بیی و، ھەم لە ڕوی جەستەیشەوە دیل بی و نەتوانی ئازادانە بچیتە ھەر شوێن و پنتێکی باشور کە دەتەوێ سەردانی بکەی، کێ لە ھێنانە کایەی ھەمو ئەم دۆخانە لە خاکی باشوری کوردستان دا، بەرپرسیارە!؟ 
-
جێی ئاماژەیە لە پاش ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە ڕژێمی ئێران و میلیشیاکانی لە %٥١ خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکرد و، دوای ڕوداوی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی ناو خاکی ئێران کە سەرەتای باھۆزی ڕاماڵینی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە ھەستی پێ کرا، لەو ساتەوە، ڕژێمی ئێران زۆر ترسناکتر ھەوڵ دەدات، پیلان و کردەوەی تیرۆریستی دژی شۆڕشگێڕانی کوردی خۆرھەڵات لە خاکی باشوری کوردستان دا چڕ بکاتەوە، بۆ نمونە تەنھا لە ماوەی مانگێک دا لە (٣٠-١٢-٢٠١٧ تا ٣٠-١-٢٠١٨)، بە لایەنی کەمەوە ڕژێمی ئێران ئەم کارە تیرۆریستیانەی لە خاکی باشوری کوردستان ئەنجام داوە:
-
رۆزی ٣٠-١٢-٢٠١٧ ئیران چەندین کاری تیرۆریستی تەقاندنەوەی لە زرگویزەلە دانا.

شەوی ٣١-١٢-٢٠١٧ لە ھەوڵێکی ڕفاندنی تیرۆریستانی سەر بە ئێران، شێلگیرانە ڕزگارم بوو! (شایت حاڵ ھەن و، بەڵگەکانیش بۆ دادگا خراونەتەڕو!).

رۆزی ٧-١-٢٠١٨، وەزیری ئیتلاعاتی ئیران ھەرەشەی لەو ھێزە ئۆبۆزسیۆنانەی خۆرھەلاتی کوردستان کرد کە لە خاکی باشور دان، کە ھەمو کارێک لە دژیان دەگرنەبەر!

رۆزی ١٩-١-٢٠١٨ سوپای ئیران ھاتە ناو سنوری کیلێ ی باشوری کوردستانەوە و، بەبێ حسابکردن بۆ یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەستی بەسەر چەندین شوێنی باشور دا گرت!

ھەروەھا لە کۆتایی مانگی دوانزەی ٢٠١٧ ەوە تا کۆتای مانگی یەکی ٢٠١٨، میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی ئێران دەیان کردەوەی تیرۆرکردنیان دژی ھاوڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان ئەنجام داوە. سەدان ماڵی کوردیان لەو ناوچانە سوتاندووە. دەیان کردەوەی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانیان ئەنجام داوە و،چەندان کردەوەی (نامۆراڵی) وەک ئەتکی خوشکەکانمانیان لەو ناوچانەدا گرتۆتەبەر.
 -
لە کۆتاییدا، ھیوادارم کە دادگا بتوانێت تیرۆریستەکانی کەیسەکەی من  ئاشکرا بکات و سزای یاساییان بدات! 

با زەمەن ئاوھا بێ و کەشێک خولقابێت کە چەندان سیخوڕی وەک (ن،ک)، کە سێ ساڵ لە ھەڵەبجە شۆفێری ئۆتۆمبێلە (میک-زەمینی)یەکەی قەرارگای ڕەمەزان بو و، دەستی لە چەندان کردەوەی سیخوڕی-تیرۆریستی دا ھەبوە، چاودێری من بکات!! ڕونە کە من ھەرگیز لە دەربڕینی بیریی ئازادیخوازانەم سڵ ناکەمەوە و، ئەم ڕژێمە تیرۆریستییەی ناو ئێرانیش ناتوانێت تا سەر لەسەر کار بمێنێتەوە!! بەم دوو نیوە دێڕەش کۆتایی بەم بابەتەم دێنم:

لە کوردستانی ئازاد، ھەی داد و بێ داد،
ئەمن دیلم، (ئیتلاعات)یش سەربەست و ئازاد!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ