وتار
چەند ڕاستیەک دەربارەی ھەرسێ لایەنی ئیسلامی کوردستان ..!
کۆچەر محمد عارف

 ھەر کە ئاشنا دەبین بە دین و ممارەسەی دینداری ، ھەر سەرەتا و لە بەرەتاوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کاری پێکەوەیی و پەیوەست بوون بە دەقە شەرعییەکان واجبێکی فردی و جەماعیە ( واعتێموا بحبل اللە جمیعا ولاتفرقوا ) . ھەر چۆن ناو ناونیشان رووی دەرەوەی بابەتەکەن ، گرنگتر لەوە کرۆک و کاکڵەی پرسەکەیە ، کە خوداویستی و خۆنەویستیە . بۆیە ئەمەی ئێستا ئەو دوولایەنە ( یەکگرتوویی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی )  پێی گەیشتوون دەبێت دەستخۆشی و سوپاسیان بکرێت . وە دوور لە عاتیفەو سۆزی ناکامڵی و ناعەمەلی ڕەخنەو پێشنیار و سەرنجی بابەتیانەیان عەرز کرێت ، لەبەر خاتری داھاتوویی تەوژمی ئیسلامی ، کە جارێکی دیکە نەیەنەوە پاش .!
 ھەر چوارساڵی ڕابردوو ھەڵوێستی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوویی ئیسلامی لەیەک نزیک کردەوە ، ھەروەھا ھەر ژمارەیەک ھەڵوێستی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی و ھەر دوولایەنی ئیسلامی تاڕادەیەک لەیەک دوورخستەوە . 
 واقع سیاسی  پێمان دەڵێت ، کە لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی و ھەر دوولایەنی ئیسلامی دیکە بدوێن . وە بزانین ھەر سێ لایەن لە کوێن ؟! وە  رابردوو چیان لێخوازراوە ؟! وە تاکی موسڵمان و جەماوەریی کوردستان بۆ سبەی چییان لێ دەخوازێت .؟! 
 دیارە لە ئێستادا ئەو لیستەی کەوتۆتە بەر دید و تێڕوانینی  ھاوڵاتیانی کوردستان ، کە داھاتوو ناوی لێ دەنرێت ، لیستی ئیسلامی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی . وە کۆمەڵی ئیسلامی لەو موعەدەلە سیاسیەدا جیاوازە  . ئیتر ئایا ئەمە چەند ئاساییە .؟! ئەوە لێی دەدوێن :
 ١ـ کۆمەڵی ئیسلامی بەشدار لە مێژوویی ئەو بزووتنەوە ئیسلامیەی کە لە ساڵی ١٩٩٢ ھەبوون و لەگەڵ خەتی یەک و دوویی ئەوکاتی (اخوان المسلیمن ) بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ھەرێم . بە یەک لیست بەناوی لیستی ئیسلامی بەشداربوون . کە حیزبی فەرمی ، تەنھا ئەوکاتەی بزووتەوەی ئیسلامی  بوو .
 ٢ـ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥پەرلەمانی کوردستان و عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و عێراق کۆمەڵی ئیسلامی داوایی ھەمان لیستی کردەوە ، بەڵام ئەوکاتە یەکگرتووی ئیسلامی بە پێویستی نەزانی . وە پاش ئەوە کۆمەڵی ئیسلامی ، بەوەی لەلایەن ئەمریکاوە بارەگاکانی بۆردومان کرابوون و ،  چۆڵکرابوو ، وە ئەمیر و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لەلایەن ھەمان ھێزەوە لە زیندانی کرابوون ، بەو فاکتەرە لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانیش جێگەی نەکرایەوە . بە ئومێدی ئەوەی بە یەکجاری لە پرۆسەی سیاسیش نەھێڵرێت .!
 ٣ـ دیسان بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ھەوڵ و ھیمەتێکی زۆر ھەبوو ، کە یەک لیستی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بێتە ئاراوە و ، پاشان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی یەک لیست دروست بکەن . ئەم ڕایەش کاتێک ھاتە بەرھەم ، لەوەی لیژنەی ھاریکاری ئیسلامی نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ھەنگاوی ئەرێنی زۆری بڕیبوو ، تا کار گەیشتبوویە ئەوەی باسی یەکگرتنی ھەر دوولایەن دەکرا . بەڵام پاش ئەوەی ڕاپرسی ئەندامانی نێوان ھەر دوولایەن کرا .  کۆمەڵی ئیسلامی سەروی پەنجا لەسەدی دەنگی بە یەک لیستی ئیسلامیدا ، بەڵام برایانی یەکگرتووی ئیسلامی ڕێژەکە لە سەدا پەنجا کەمتر بوو . ھەر ئەوکاتە زۆر بە برایانە ھەر دوولایان ئەوەیان ڕاگەیاند ، کە بۆ ئەم ھەڵبژاردنی ٢٠١٣بە یەک لیست دانابەزیین . بەڵام ھاوکار و ھاوخەمی یەکتر دەبین .
 ٤ـ بزووتنەوەی ئیسلامی بەڵی ڕێژەی جەماوەریی و کورسی پەرلەمانی کەمتر بوو ، لە ھەر دوولایەنی ئیسلامی دیکە . بەڵام لە ھەلبژاردنەکانی ٢٠٠٩ داوایی یەک لیستی ئیسلامی کردووە ، وە ئەوەشی زۆرجار دەبوویە ڕێگر بۆ یەک لیستی ، بە تایبەت لە نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی . چەند کەسێکی زۆرکەمی ئاستی قیادەی بزووتنەوەی ئیسلامی بوون ، بە سارد و گەرم لە میدیای لۆکاڵی و جیھانی تۆمەتیان ئاڕاستەی ئەمیر و قیادەی کۆمەڵی ئیسلامی دەکرد ! بەڵی قیادەی بزووتنەوەی ئیسلامی ناو بەناو سەرکۆنەی ئەو کەسانەیان دەکرد ، وەلێ کاریگەری لەسەر دروست نەدەکرد و ئەو کاراکتەرانە زیاتر دەبوونە فاکتەری دوورکەوتنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی .
 ٥ ـ دیسان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ دوولایەنی عەلمانی دیکە لیستێکیان پێکھێنا بە ناوی لیستی چاکسازی ( زەڵەتە ) . کە ئەمەش نموونەیەکی نوێی بەشداری سیاسی ھەڵبژاردن بوو . بەڵام ئەمەش بە ھەر ھۆکار و پاساوێک بێت ، ئەم لیستە دەنگی دەنگدەران ساردنەبوو بوویەوە ، پاش ھەڵبژاردنەکە لیستەکە کۆتایی پێھات ،ھەر لایەنەو بۆ خانەخوێی  .
 ٦ـ دروست کردنی لیستی خزمەت بۆ  پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی . کە لە دھۆک ھەر تفعیل نەکرا و لە سلێمانیش لەم دوایەدا لەبار برا .!
 ٧ـ ھەر سێ لایەنی ئیسلامی ، ھەریەکەیان بە جیا لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بەشداربوون لەگەڵ لایەنە عەلمانیەکان . بەڵام لە سێ پرۆسەو ساڵی جیاوازدا .
 ئەمانەی عەرزتان کرا تەنھا نموونەگەلێک بوو ، بۆ بیرھێنانەوە و ءئاگایی و ھۆشیاری شەرعی سیاسی    بۆئەو لایەنانە .
 کە دەکرێت ئەم بەرچاو روونیانەمان پێبدات ، کە نەکەوینە ھەڵەی شەرعی و سیاسی :
 ١ـ کەواتە کۆمەڵی ئیسلامی سێجار لە پرۆسەکانی رٍابردوو دەستپێشخەری خۆیی کردووە . وەلێ گوێی پێنەدراوە .!
 ٢ـ بزووتنەوەی ئیسلامی دووجار داوایی کردووە بۆ یەک لیستی ، بەڵام یەک لە ھۆکارەکان ئەو چەند کاراکتەرەی بزووتنەوەی ئیسلامی بوونەتە پاساو .!
 ٣ـ ھەر سێ لایەن یەک ئەزموونی یەک لیستیان ھەیە لە ساڵی ١٩٩٢ . کە ئەمەش بێ گلەیی و گازندە نەبوو لە یەکتر .
 ٤ـ ھەر دوو لایەنی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ئەزموونی لیستی چاکسازی و لیستی خزمەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان ھەیە .!
 تێفکرین بزانین ئەم دەرئەنجامانە چیمان پێ دەڵێت ؟!
 ١ـ تەواوی ئەم پرسانە ، شەرعی سیاسین و لە بازنەی ئیجتھاتدان ، بەڵام مەرج نیە تەواوی ئیجتیھادەکان تەواو پشت ئەستوور بووبن بە دەقێکی شەرعی و سەد لە سەد پێکرابن .
 ٢ـ لە ئێستادا خەمی ھاوڵاتی ( خەمی ئایینی و دیندارییە کە دەسەڵات لیێَان تەسک و تروسک دەکاتەوە ـ خەمی مووچە ـ خەمی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی ـ خەمی قورخ کردنی دەسەڵات ..ھتد ) کە ئەم خەمانە تەواوی ئەم سێ لایەنە لێ بەرپرسیارن کە چارەسەری کەن .  وە تەواوی خەمەکان تاڕادەیەک دەلاقەیەکی دروست کردووە لای جەماوەر ، کە ئایا چۆن و کێ بتوانێت ، چارەی ئەو دەردانەیان بۆ بکات ؟! بەڵام ھەر خەڵکە و بۆ لاو لایەنێک دەڕوانێت ..! 
 ٣ـ پرسی ھەر سێ لایەنی ئیسلامی تەنھا سیاسی نی یە ، تا ھەر لە ڕێوە پێگ بگەن و تەواوی خاڵە جیاوازەکان ڕێکخەن ، کە بەڵگەشمان ئەو ئەزموونانەی ڕابردوو بوو کە باسمان کرد ، کە ھەر لە نیوەی ڕێی لایەک لایەک جێ دێڵێت ، یا ھەموویان یەکتر بەردەدەن . 
 فاکتەری ئەمەش سێ تەوەری  گرنگە ، کە  بنەمایە ، کە خۆیان لەم جیاوازیانە دەبینێتەوە ( فیکری ـ پەروەردەو سلوکی  ـ سیاسی ) . ئەگەر بێن و لیژنەیەکی پسپور و بە ئەزموون و قوڵ و ووردبین ، یەک خەن لەم سێ تەوەرەدا جیاوازەکان کەم دەکەنەوە ، ئەوکات نەھج و مەنھجی ھەر سێ تەوەر دادەڕێژنەوە. 
 ھەر بۆیە ناکرێت چیتر عەتفی خەڵکی ئیسلامخوازی ئیسلامیەکان و ئەو نێوەندە ماندوکەین و ، سەر لە نوێ تا نیوەی ڕێیان بەرین ، ئەمە بەساڵ زەمەن و کاتی پێویستە.!
 ئەی ئێستا چی بکەین ..؟!
 ١ـ لیژنەی ھاریکاری ئیسلامی پرسە سیاسیەکانی ئێستا ، کە یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی گەرەکیانە بە یەک لیست بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ بکەن ، وە کۆمەڵی ئیسلامیش لەو پرسە سیاسیەدا جیاوازتر بیر دەکاتەوە . کەواتە پرۆژەی یەکخستن و نزیک کردنەوەی ئاڕاستە فیکری و پەروەردەییەکان لە نێوان خۆیان نەپچڕێنن و بەدەر لە لیست و لیستکاری ئیدامە بەم بابەتەیان بدرێت .
 ٢ـ ھەر چۆن کۆمەڵی ئیسلامی لە پرۆسەکانی ڕابردووی ڕێزی لە ڕای پێچەوانە گرت ، و ئیرادە بەرزانە بەشداری پرۆسەکانی کرد ، بێ خۆدان لە لایەنەکانی دیکە . ئەوە ھەر دوو لایەنی ئیسلامی دیکە لە ڕەوت و ڕێی خۆیان بەردەوام بن بە ئومێدی گەیشتن بە ئامانجی گەورەی ئیسلامیانە بێ  تەشەنوج دروست کردن . وە ھەروەھا کۆمەڵی ئیسلامی جگە لە دەستخۆشی و سەرنجی ئەرێنیانە ، ھیچی دیکە عەرزی ھەر دوولایەنی ئیسلامی نەکا .
 ٣ـ ھەر ھەمان لیژنەی ھاریکاری ئیسلامی نێوان ھەر سێ لایەن ، لەم پروسەدا ووردتر چاودێربن وەک ئەوەی  بەسەر لوتکەوەبن ، بۆ تەواوی پرۆسەکەو کاراکتەرەکان بڕوانن ، بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراوی نەزانەکان  ، یا دەست لە پشت و نەیارەکان  ، ئەوە بە بێ دەنگی ئاوی سوکنایی پێدا بکەن .
 بەڵێ ئەوانەی عەرزتان کرا ، لە رووی نەزەری ئاسانە . وەلێ کاتێک پەروەردەی فیکری و مەبدەئی و چاودێری خودایی ھەبێت ، ئەگەر رووشبدات ، چارەسەری ئاسانە . 
 دەبێت ھەمووشمان چاوەڕێ بکەین ، کە ئەم کارو پێکەوەبوونانە ، ئەزموونن ، ھیچ چاوەڕێ نەکەین ھەر دەبێت لە لوتکەدابێت ، ئەگەر ھەنگاوێک سەرەوژێر بوویەوە ، ئیتر ھەمووی تێکو پێکچووە و لێ ی گەڕێن . نەخێر ، بەڵکو ممارەسە و ھەوڵدانە بۆ گەشتن بە دەسەڵات بۆ ئەوەی خزمەتی دین و ژینی خەڵکی ئەم کوردستانەی پێ بکرێت ، کەواتە دەشێت پێکدادان و پێشڕەفتی رووبدات ، وەڵی بێ تێپەڕاندنی  بازنەی ئەخلاق و مبادئی ئیسلامی ..! 

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ