وتار
موسیبه‌تی كاندیدبون و فه‌سادی حوته‌كان !...
تاڤگە ئەحمەد

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ  ووتی: بۆ ده‌نگده‌رانی یه‌كێتی ئه‌وانه‌ی ده‌نگتان پێدان(لیستی مه‌حسوبیه‌ت و گیرفان )بوون ...
ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ كوێره‌دێیه‌ك  پیاوێكی هه‌ژار بۆ مسۆگه‌ركردنی بژێوی و ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان ژنه‌كه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ڕۆنكه‌ره‌ی بۆ خڕده‌كاته‌وه‌ و پیاوه‌ ده‌یباته‌ بازاڕی شاره‌دێ و لای به‌قاڵی شاره‌ دێ ساغی ده‌كاته‌وه‌ ، پیاوه‌ وای لێ دێت له‌ بازاڕ متمانه‌ په‌یدا ده‌كات و به‌قاڵه‌كه‌ گفتی ئه‌وه‌ی پێ ده‌دات كه‌ ڕۆژانه‌ ڕۆنكه‌ره‌كه‌ی بۆ بهێنێته‌ دوكان و له‌به‌رامبه‌ردا حه‌قی خۆی بداتێ.
پاش ماوه‌یه‌ك كابرای به‌قاڵ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشی ڕۆنكه‌ره‌ی كابرای هه‌ژار بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك (100)گرامی كه‌مه‌، وه‌لێ به‌قاڵه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌مه‌ به‌كابرای هه‌ژار ناڵێت و بۆ هه‌فته‌یه‌ك پیاوه‌ هه‌ژاره‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێرچاودێریه‌وه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌بینێت ته‌واوی ڕۆنكه‌ره‌كه‌ بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك كه‌ خڕكراوه‌ته‌وه‌ (900) گرامه‌ و ئه‌م پاره‌ی كیلۆیه‌كی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌داتێ!...
پاش حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ كابرای به‌قاڵ به‌یانیه‌ك كابرای هه‌ژار دێت و ڕۆنكه‌ره‌ی خڕكراوه‌ی بۆ ده‌هێنێت ،ده‌بینێت به‌قاڵه‌كه‌ زۆر توڕه‌یه‌ ده‌ڵێت چی قه‌وماوه‌ فڵانی وا توڕه‌ دیاریت؟!..
كابرای به‌قاڵ ده‌ڵێت: قوڕمساخ من متمانه‌م به‌تۆ كرد بۆ هه‌ر ڕۆنكه‌ره‌یه‌ك كه‌ خڕكراوه‌ته‌وه‌ به‌حساب كیلۆیه‌كه‌ تۆ (900)گرام به‌من ده‌فرۆشیت و ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و متمانه‌یه‌ كه‌ من به‌تۆم هه‌بووه‌.
كابرای هه‌ژار سه‌رداده‌خات و له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: قوربان ئێمه‌ خێزانێكی نه‌دارو هه‌ژارو بێ ده‌ره‌تانین توانای ئه‌وه‌مان نه‌بووه‌ كێشانه‌یه‌ك بكڕم تا ڕۆنكه‌ره‌كه‌ی پێ بكێشم وه‌لێ له‌بیرته‌ پارساڵ هاتم بۆلای تۆ و كیلۆیه‌ك شه‌كرم لێ كڕیت؟!...
به‌قاڵه‌كه‌ ده‌ڵیت : به‌ڵێ له‌بیرمه‌.
كابرای هه‌ژار ده‌ڵێت: قوربانبم ئێمه‌ ئه‌و كیلۆ شه‌كره‌مان نه‌خواردو له‌پارساڵه‌وه‌ شه‌كره‌كه‌ی تۆمان كرده‌ كێشانه‌و ته‌رازوو به‌قه‌واره‌ی ئه‌وه‌ كیلۆكانمان له‌ ڕۆنكه‌ره‌كه‌ بۆ تۆ دیاریكردووه‌ و بۆمان هێناویت!...
دڵنیابه‌ كێشانه‌ی شه‌كره‌كه‌ت بۆته‌ ته‌رازوی ڕۆنكه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ تۆڵه‌ی وه‌رنه‌گریته‌وه‌ دڵنیابه‌ ڕۆژێك دێت وه‌ریده‌گریته‌وه‌و په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زیت!...
هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2014 به‌دواوه‌ كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌دان تیایدا وه‌ك ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری كابرای به‌قاڵیان لێهاتووه‌.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ میحنه‌تێكی له‌توانست به‌ده‌ر ده‌رئه‌نجامی كارو كرداری ئه‌م به‌قاڵه‌ دزێوانه‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌له‌كه‌مان بۆته‌وه‌.
تۆ له‌وه‌ش گه‌ڕێن... ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقین ته‌نها (5) ڕۆژماوه‌ بۆ ته‌سلیمكردنی ناوی به‌ربژێری قه‌واره‌سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وگه‌لی كوردستان له‌ میحنه‌ت و گێژاوی سیاسه‌تی په‌رته‌وازه‌یی ئه‌م قه‌واره‌ سیاسیانه‌ له‌و په‌ڕی نائارامی و بێ بژێویدان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هێنده‌ واقعێكی تاڵه‌ هیچ ده‌رچه‌یه‌ك پێ شك نابرێت هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌ ئاسۆوه‌ ده‌ركه‌وێت شه‌ڕی (كاندید) بون  بۆ دووه‌م جار و زۆرێكیش سێهه‌م جار ته‌واو باڵی به‌سه‌ر سه‌نته‌ری دیاریكردنی هه‌رقه‌واره‌یه‌ك كێشاوه‌ ململانێی دانانه‌وه‌ زۆر به‌توندی گه‌شه‌ی كردووه‌ كاربه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ هه‌ر له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی قه‌واره‌و حزبه‌كان تا خواره‌وه‌ ماكی كاندیدبون ڕووی لێكردون!...

ئه‌م شه‌ڕه‌  واز لێبهێنن چونكه‌:
1/ تا ده‌ستوری عێراق ئه‌مه‌ی ئێستا بێت  دروشمی به‌ش به‌شێنه‌و ته‌وافوق ته‌واوی ململانێكانی پێش وه‌خت یه‌كلاكردۆته‌وه‌  به‌ویستی ئه‌وان كاڵا به‌قه‌د باڵایه‌.
2/ تا سیستمی سیاسی و حوكمڕانی ئه‌م ده‌موچاوانه‌بن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی قه‌واره‌و حزبه‌كانن نه‌ك ئه‌م خوله‌ی دادێ كه‌ خولی چواره‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ خولی ده‌یه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (20%)ئه‌م ده‌موچاوانه‌ له‌كۆڵ میلله‌ت ببنه‌وه‌ و كرانه‌وه‌ له‌ عه‌قڵی سیاسی ڕووبدات.
3/ تا سیستمی هه‌ڵبژاردن به‌ سیستمی سانتلیگۆی هه‌مواركراو  (1.7)بێت ،فه‌زایه‌ك بۆ سیستمی دیموكراسی و بنه‌ماكانی ته‌واو ته‌واو به‌رته‌سك و بێ جه‌دوا ده‌بێت.
4/تا قانونی ژماره‌ (45)ساڵی(2011)هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌مواركراو پێی وه‌ربگیرێت زۆر ئاساییه‌ له‌به‌رخاتری خاتران به‌ نوكه‌ قه‌ڵه‌مێك كام ماده‌و بڕگه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌سبابی موجه‌به‌ی قانونه‌كه‌  بگۆڕدرێت و له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا دووجار قانونه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌ ،چاوه‌ڕێی سه‌روه‌ری قانون و عه‌داله‌ت مه‌بن.
5/ تا به‌هه‌ده‌ردانی ڕۆژانه‌ی دراو له‌ بانقی مه‌ركه‌زی عێراق بۆ حوته‌كانی قه‌واره‌و حزبه‌ سیاسیه‌كان فه‌راهه‌م بكرێت فه‌ساد له‌ جه‌سته‌ی داوده‌زگای ته‌نفیزی و ته‌شریعی و نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زاوه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌رده‌وام ده‌بێت.
6/تا سیستمی بانكی له‌ داوده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ مۆدرێنه‌ نه‌كرێت فه‌زای و بندیواری قه‌واره‌و حزبه‌كان سه‌ربان و بنمیچی هۆبه‌و هۆڵی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ته‌نن و چاره‌سه‌ر بێ مانا ده‌بێت.
7/ تا قانونی  خانه‌نشینی په‌رله‌مان و وه‌زیری بێ وه‌زاره‌ت و وه‌زیرو موسته‌شاری هه‌نده‌ران و بندیواره‌كان به‌سه‌لامه‌تی بمێننه‌وه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌ك  وه‌رچه‌رخانێكی نه‌قدی و ماڵی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌دی ناكرێت.
8/ تا كار له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی بكرێت وه‌ك جه‌وهه‌ر و چۆنایه‌تی وه‌لا بخرێت گورزی كه‌مه‌ر شكێن له‌ پسۆڕو تایبه‌تمه‌ند و پیشه‌و هونه‌ری په‌رله‌مانتاری ده‌درێت و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو ده‌ست نیشان بكرێت.
9/ تا قانونی (من أين لك هذا) ده‌رنه‌چوێنرێت و ده‌سته‌ی ده‌ست پاكی به‌فیعلی كاراو چالاك نه‌كرێت و كه‌سی به‌توانا و جه‌ربه‌زه‌ و خاوه‌ن متمانه‌ نه‌بنه‌ خاوه‌ن بڕیار چاوه‌ڕ]ی بنه‌به‌ستكردنی كرداری فه‌سادی حوته‌كان مه‌بن.
10/ تا دنیابینی بۆ پردی په‌یوه‌ندی و گرێدراوی سێكوچكه
سێكوچكه‌ی (حزب و سیاسه‌ت , حوكمه‌تی ڕه‌شید , ده‌نگده‌ر ) ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیع و ده‌رئه‌نجامی بێ غه‌ل و غه‌شی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بێت چاوه‌ڕێی به‌رده‌وامی نائارامی و ناسه‌قامگیری بكه‌ن.

ولیم شكسبیر ده‌ڵێت:
(المصائب لا تأتي فرادى كالجواسيس ، بل سرايا كالجيش)...

جا موسیبه‌ته‌كانی ئێمه‌ ئه‌مانه‌و زۆری ترن یه‌ك له‌ دوایه‌ك دێن و به‌ته‌نها موسیبه‌تێك نیه‌ وه‌ك سیخوڕێك كاری خۆی به‌ فه‌ردی بكات ، به‌ڵكو موسیبه‌ته‌كانمان له‌شكرێكن له‌ حوته‌كانی فه‌ساد و هه‌لپه‌رست و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت.
جا خوشك و برا ئه‌زیزه‌كانم... ئێوه‌ مافی خۆتانه‌ كاندید بن ، وه‌لێ موسیبه‌ته‌كان هێنده‌ زۆرن نه‌ك جارو دوو جار و سێ جار به‌ كاندید بونی ئێوه‌ش به‌م ته‌رحه‌ موسیبه‌تێكی تر كه‌ڵه‌كه‌ و سه‌رسه‌فته‌ی موسیبه‌ته‌كانی حوته‌كانی فه‌ساد ده‌بێت!...
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ