وتار
کەی ھەڵبژاردن سودی ھەیە؟!!
هاوكار جه‌زا

دیموکراسی بوەتە حەشا ھەڵنەگر و واقیعیەتێک لەجیھاندا، خۆدزینەوە لێی شتێکی مەحاڵە وھیچ لایەنێکیش بەلایدا ناڕوات، تەنانەت خراپترینی حکومڕانەکانیش پێیان خۆشە ئەگەر بە ڕوکەشیش بووە سیستەمەکەیان بە دیموکراسی ناو بھێنرێت وھەرچەند ساڵ جارێکیش شانۆیەک بۆ شەرعیەتدان بە دەستەڵاتەکەیان بەناوی ھەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدەن.

ھەڵبژاردن ودەنگی جەماوەر چەقی سیستەمی دیموکراسییە، کە حکومەت و دەستەڵات لەژێر بڕیاری ئەواندا پێک دەھێنرێت.

لەوڵاتانی ڕۆژئاوا خودی ھەڵبژاردن ئەنجامە بەجۆرێک کە ئەو لایەنەی حوکمڕانی وڵاتی کردووە لەو ماوە دیاریکراوەدا، ئەنجامەکەی وەردەگرێتەوە، بەھەرجۆرێکیش بێت قەبوڵی دەکات و ڕێزی لێدەگرێت.

ئەم جۆرە ھەڵبژاردنانە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ پێشخستن وگەشە وئاوەدانی وڵات، بەجۆرێک لایەنی براوە ناچاردەکات بەو پەڕی لێبڕاوانەوە ئەو چوار ساڵەی لەحکومەت ودەستەڵاتدایە، کاری جدی بۆ خۆشگوزەرانی بکات وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت، لەسەر سندوقی ھەڵبژاردن ئەنجامێکی پۆزەتیڤانە وەر بگرێتەوە.

لەفەرھەنگی ھێزەسیاسییەکانی ڕۆژئاوا دا ھەڵبژاردن وەسیلەیەکە یان باوەڕ نامەیەکە لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگەکەیاندا تا لەڕێیەوە متمانە بەدەست بھێن و خزمەت بکەن، ئاشکراشە ھەر لایەنێک بەباشی لەماوەی حوکم ڕانی کردنی دا بەباشی وەڵامی خواست و داواکاریەکانی کۆمەڵگە کاری نەکردبێت، باوەڕنامەی ھاوڵاتی و جەماوەرەکەی وەرناگرێت وئەو بڕوانامەیە دەدرێتە لایەنی دی.

لەفەرھەنگی ھاوڵاتیانی ڕۆژئاواشدا ھەڵبژاردن بەتەنھا ڕۆژێک نیە ولەپێناو ھەندێک داھاتی کاتی و بەرژەوەندی کەسی بەو پەڕی بێباکیەوە دەنگی خۆی بدات، بەڵکو بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ھەنگاو ھەڵدەگرێت و بەو پەڕی وردبینیەوە بڕیاردەدات کام پارت و لایەن دەکاتە نوێنەری خۆی بۆ ئەوەی لەداھاتودا خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆمەملەکەتەکەی بھێنێت.

بەڵام لەجیھانی سێیەم و بەتایبەت عێراق و کوردستان، ئەم پرۆسێسە بەتەواوی پێچەوانەیە، لەفەرھەنگی ھێزەسیاسیەکانی ئەم ناوچەیە ھەڵبژاردن ھەڵبژاردن وەسیلەیەکی زۆر گونجاوە بۆ گەشتن بەسەرچاوەی داھات و قوتی ھاوڵاتیان و خۆ دەوڵەمەند کردن و خۆدەرخستن، بەجۆرێک لەماوەی ئەو چەندساڵە دیاریکراوەی کە لایەنی براوە حوکمی تێدادەکات دەبێتە خۆشگوزەرانترین وپڕداھات ترین ساڵ ولەڕێیەوە سامانێکی زەبەلاح بۆخۆیان و حیزبەکانیان زەخیرەدەکەن و لەئەگەری بەدەست نەھێنانەوەی متمانەی ھاوڵاتیان دەبنە بازرگان بزنسی خۆیان دەکەن.

ململانێ و دەستەڵات بەجۆرێکە لەپێش ھەڵبژاردنەکانەوە ئەنجامەکەی دیارە و چوارساڵی داھاتوی وڵاتیش وەک چوارساڵی ڕابدوو دەبێت، چونکە لەم ناوچەیە  ھاوڵاتی بەھزری خزمەتی گشتی و خۆشگوزەرانی وڵات بیرناکاتەوە وھەنگاو نانێت بەڵکو بەھۆی ئەوەی دابەشبونێکی تەواوی ھاوڵاتیان بەسەر ھێزە سیاسیەکانداھەیە، لەپێناو سەرخستنی حیزبەکەی تەواوی جوھدی خۆی دەخاتە گەڕ، ئەگەر تەنانەت حزبەکەشی ماوەیەکی زۆر بەبێ پێشخستنی ڕەوشی وڵات و ئاوەدان کردنەوەی لەدەستەڵاتدابێت، دەبێت ھەر کاری بۆ بکات و سەری بخات!! ئەمە لەپێناو چی و بۆچی!! ئەمە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەک ڕاستە چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد تەواوی کۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر حزبەکاندا ، نوخبەیەکی کەم نەبێت ئەوانیش ھێندەی بچوکترین حزبی ناو پەرلەمان دەنگیان لەھەڵبژاردنەکاندا نیە.

بەم پێیەش لەم ناوچەیە ھەر ھەڵبژاردنێک بکرێت کوردەواری وتەنی "ھەمان تاس وحەمامە " وسودی بۆ کۆمەڵگا نابێت ئەمەش لە دوو ھەڵبژاردنی ڕابردوی کوردستان بەئاشکرا ھەستی پێکرا.

بەبڕوای من چارەسەر بۆئەم دۆخەو بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکان سودیان ھەبێت وقورسایی بۆ بۆ بگەڕێتەوە ، ئاراستەکردنی ھاوڵاتیە بۆ دەرچوون لەژێر ھەیمەنەی حزبی و دروست بوونی جیلێک کە سەر بەھیچ حزب و لایەنێک نەبێت جیلێک پارە و ئیمتیاز نەتوانێت دەنگی بکڕێت و لەخەمی ئایندەدابێت، ھاوڵاتیەک ئیرادەی ھەبێت و ھیچ دەستەڵاتێک نەتوانێت ئیرادەی بشکێنێت و ئیرادەش فەرزبکات بەسەریدا.

ئەرکی ڕۆشنبیرانە فەڕھەنگێکی وابەھێز بونیاد بنێن بەچەشنی موگناتیس ھاوڵاتی لەبواری حزب دەربھێنێت و بەدونیابینیەکی فراوانەوە لە ھەڵبژاردن و حوکمڕانی بڕوانێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1