وتار
كوردو سواره‌ی حه‌میدی !
دانا مەنمی

له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ئه‌گه‌ر كوردێك به‌ دیدێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بیربكاته‌وه‌و بدوێ و بنوسێ ،زۆربه‌ زه‌حمه‌ت له‌ نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌و جگه‌ له‌وه‌ی له‌ تۆری كۆمه‌لایه‌تی فیسبوكیش جنیوباران و هه‌زارو یه‌ك درۆو تۆمه‌ت و بوختانی سیاسی بۆده‌هۆنرێته‌وه‌، من پێم وایه‌ كێ زیاتر سوكایه‌تی به‌ كورد بكات ،كورد زیاتر دووی ده‌كه‌وێت ، یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌میشه‌ هاوكاری داگیركه‌رانی كوردی كردووه‌ ، كه‌چی ده‌یان ساڵ هه‌ر له‌ دوره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاشیان لێ بێت ،سه‌ڵاواتمان له‌ دیداریان ده‌دا ، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ڕابردوو كه‌ فایلدارو جاسوس و به‌كرێگیراوی به‌عسیزم بوون ، ئێستا بێمنه‌تانه‌ ڕێنمایی خه‌لك ده‌كه‌ن بۆ كوردایه‌تی ! ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی ئاسایی نییه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سۆپه‌ر خیانه‌ته‌ ،كورد خه‌سڵه‌تی كۆیله‌ی زه‌لیلی تێدایه‌ ، پێویسته‌ به‌و نه‌خۆشیه‌ی خۆی بزانێت ،تا چاره‌سه‌ری بكات .

هه‌ڵكه‌وته‌ی پرسی كورد وه‌ك كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی كه‌ خاكه‌كه‌ی دابه‌شكراوه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و كوردایه‌تیش وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخوازی له‌ پرۆسێسی دورودرێژو نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی به‌ مانای قه‌ڵه‌مره‌وی ژێرده‌سته‌یدا شكاوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێك فاكتی ناوچه‌یی و جیهانی گه‌مارۆدراوه‌ ،ده‌ست نیشانكردنی چوارچێوه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی كورد و داكۆكی و پارێزگاریكردن لێیان هه‌قیقه‌تی به‌هاو نرخ و ڕاستییه‌كان لای هه‌ر هێزو رێبازێك دیاری ده‌كات .

سه‌ره‌تا ڕووی ڕه‌خنه‌مان له‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی خوداو قورئانه‌وه‌ ئاسته‌نگ بۆ كوردایه‌تی دروست بكه‌ن و ڕێز له‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد نه‌گرن و ئه‌جێندای ده‌ره‌كییان خستۆته‌ بنباخه‌ڵیان و ه‌كو قورئانێكی سیاسی پراكتیزه‌ی ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ی چاویلكه‌ی فه‌لسه‌فی و فكریان له‌ چاو كردووه‌ و كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیان لێ بزر بووه‌ بۆتاوێكیش بیت چاویله‌كه‌كانتان دانێن و واقیعه‌كه‌ وه‌ك هه‌یه‌ ببینن ، ببینن كه‌ كورد له‌ چ قه‌یرانێكی فكری كوشنده‌دایه‌ ، له‌ كوردایه‌تی گه‌رێن بزانن له‌ چ قه‌یرانێكی مرۆڤایه‌تیداین ،به‌درێژای مێژوو كورد نه‌خاوه‌نی خۆی بووه‌ نه‌خاوه‌نی مێژوی خۆی و خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆیشی نه‌بووه‌ ، خۆده‌بینن بۆ هه‌ڵهێنانی هه‌ر مه‌ته‌ڵێكی مێژووی خۆمان و په‌نا بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ده‌به‌ین ،هه‌ركه‌ نهێنیه‌كیان بۆ دركاندین با درۆ بێت ، كه‌چی ئێمه‌ خه‌نی ده‌بین ، میله‌تێك دوژمن بیخاته‌ سه‌ر ڕێگا ، ئه‌و ڕێگایه‌ قه‌ت ناگاته‌ ئامانج و ئاسوده‌ نابێت .

كورد ئه‌گه‌ر ژینگه‌ش پیس بكات به‌كه‌ره‌سته‌ی دروستكراوی وڵاتێكی تر پیسی ده‌كات و خۆئه‌گه‌ر كه‌ره‌سته‌ی دروستكراوی وڵاتی ترمان نه‌بێت ، هیچ كاریگه‌رییه‌كمان له‌سه‌ر سیسته‌می ژیان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نابێت ، بون و نه‌بونمان ده‌بێته‌ نیشانه‌ی پرسیارو تێرامان جیاوازییه‌كی نابێت ، هه‌ر هێنده‌ی گیانداره‌ كێوییه‌كان راوچی و قه‌ساب و بكوژی خۆمان له‌ خۆمان دورده‌خه‌ینه‌وه‌ یان له‌ ده‌ستیان ڕاده‌كه‌ین ، ده‌لێن : (مرۆڤی عاقڵ له‌ یه‌ك شوێندا دوجار پێوه‌ی نادرێ ). كورد نه‌ك دوجار بگره‌ هه‌زار جار له‌ یه‌ك شوێندا پێوه‌ی دراوه‌و وازیش ناهێنێت ،گفتوگۆی كورد له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌وه‌ ده‌رچووه‌ دانوستاندنی دووڵایه‌نی سیاسی بێت كه‌ ڕوبارێك خوێن له‌ نێوانیاندایه‌ و بووه‌ته‌ پیشه‌یه‌كی به‌رده‌وام  بۆ به‌رپرسانی كورد ، ئاخر سه‌د ساڵه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت و هیچ ئه‌نجامێكی نییه‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و پیشه‌یه‌ ،ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی بازرگانیكردنیش نه‌بێت ، به‌ڵگه‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنیه‌تی و به‌درێژای مێژوو هیچ هێزێكی عێراقی نه‌یتوانیوه‌ كورد ڕام بكات ، كه‌چی سیاسه‌تمه‌دارو سه‌ركرده‌كانی خۆمان  واخه‌ریكه‌ كورد ڕام ده‌كه‌ن بۆ به‌غداد!

سه‌دان ساله‌ كورد سواره‌ی حه‌میدی و به‌كرێگیراو و جاسوسی فڵان و فیساربووینه‌ و شۆرش مان بۆ خه‌ڵكی تر كرد نه‌ك خۆمان، كۆماری كوردستان كێكه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت خواردی و شۆرشی (شێخ مه‌حمودی حه‌فید)یش به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ تورك بوو ، شۆرشی ئه‌یلولیش ڕێكه‌وتنی جه‌زائیری بۆ ئێران لێكه‌وته‌وه‌ ، شۆڕشه‌كانی دوای ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ سه‌نده‌وه‌و له‌سه‌ر سینیه‌كی زێر پێشكه‌شی عه‌ره‌بی شیعه‌یان كرد ، (قاسم ) كوردی لاواز كردو به‌عس ڕوخاندی ، به‌عس له‌ 1963 كوردی لاواز كردو عارفیه‌كان خواردیان ،عارفیه‌كان كوردیان لاواز كردو دیسانه‌وه‌ به‌عس خواردی ، به‌عسیه‌كانمان ڕوخاند شیعه‌به‌رهه‌مه‌كه‌یان خوارد ، چیتر هه‌ستده‌كه‌م شۆرش خوێن و ماڵوێرانیه‌كه‌ی بۆ خۆمان بووه‌و ده‌ستكه‌وته‌كه‌یشی بۆ دۆژمن !

من به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی شیكاریم بۆ زه‌لیلی كورد كردووه‌ ، چاك ده‌زانم سه‌ربه‌خۆی كوردستان ئاسان نییه‌ ، زۆر باش تێده‌گه‌م تێكدانی چوار ده‌وڵه‌ت و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد كارێكی له‌ زه‌حمه‌ت زه‌حمه‌تره‌ ،به‌ڵام كاتێك ده‌رفه‌ت دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆچی نه‌قۆزرێته‌وه‌ ؟! كاتێك له‌ سوپای دوژمن و به‌عسیزم له‌ ساڵی 2003 ته‌فروتونا بوو ، له‌بری ئه‌وه‌ی داواكاری و خواسته‌ ڕه‌واكانی كورد بسه‌پێنین و ئه‌و واقیعه‌ نه‌فره‌تیه‌ بگۆڕین ،بۆچی به‌ ده‌ستی خۆمان بۆ گیانی خۆمان ئه‌م سوپا شۆڤێنیزمه‌ بنیات بنێینه‌وه‌ ؟! كه‌ عێراق له‌ت و په‌ت بوو بۆچی وه‌كو پینه‌چی پارچه‌كانی پێكه‌وه‌ گرێ بده‌ینه‌وه‌ ؟! خوای كورد ده‌رفه‌ت بۆ كورد ئه‌ره‌خسێنیت ،كه‌چی كورد یه‌ك شاپی تێ هه‌ڵده‌دات و به‌سه‌ر خاوه‌نیدا ده‌داته‌وه‌ .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ