وتار
ئەم بێباکی وخەمساردیە گشتیە،خەریکەڕۆحمان دەکێشێ
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بێباکی یاخود خەمساردی دوو چەمکن کەدەکرێت زیاتر بەوکەسانە بوترێت کەلە ئاست ھەموو ڕوداووپێشھاتەکاندا باش بن یاخراپ بێدەنگی ھەڵدەبژێرن وھیچ کۆمێنت وھەڵوێست وکاردانەوەیەکیان لەئاستیدا نیەونابێت .
بێدەنگبونی دەستەجەمعیش لەئاست ھەر کردەیەکدا نەخۆشیەکی کوشندەیەو مرۆڤەکان نزیکدەکاتەوە لەکەناری بێھیوابون ودواتریش کێشانی ڕۆحی بەدوادادێت .
لەباشوری کوردستاندا یاخود ئەوەی لەئێستادا پێیدەوترێت ھەرێمی کوردستان خەمساردی وبێباکیەکی گشتگیر خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر ھەمواندا کەگەر بێت وبەردەوامی ھەبێت وردە وردە خۆری ھیواکان ئاوادەبن وبەدیھێنانی ئاسۆیەکی ڕوونیش لەمەحاڵ نزیکمان دەکاتەوە.
ئاخەر ئەوە چ کارەساتێکە لەم مەملەکەتەدا دنیایەک ڕووداوو تەنانەت کارەساتیش ڕوودەدات کەچی خەڵکی ھەر بێدەنگی ھەڵبژاردوە بەشێوەیەک ئەڵێی لەسوڕی متبوندایە .
چەند سەیرە تۆچوار ساڵە نان وقوتی ڕۆژانەت بڕدراوەو ژیانێکی مەمرەومەژی دەبەیتەسەر کەچی ھەر بێدەنگیت ، تۆبە داتاو ژمارەی دروست بزانیت لەماوەی سێ ساڵدا یانەکانی ڕیال مەدریدو بەرشەلۆنە گرێبەستیان لەگەڵ چەند یاریزان کردوەوھەریەکەیان چەندییان لەوبوارەدا خەرجکردوە بەڵام خۆت نەزانی چەند مانگە موچەت وەرنەگرتوەو چەندت لێبڕاوەو چەندیشت بۆپاشەکەوتکراوە؟  لەسادەترین وسەرەتایترین مافەکانی ژیانت بێبەشکراویت کەچی ھەربێباکیت ، ھیچ بەھاوشکۆیەکی مرۆڤایەتیان  بۆمرۆڤەکان نەھێشتۆتەوە کەچی تۆھەرخەمساردتردەبیت.
 من تێناگەم لەھیچ شوێنێکی دنیادا نەبوەونابێت دامەزراوەی یاسایت پەکبخرێت ، حکومەتت شکست لەدوای شکست تۆماریان بکات ، پەت و تۆڕی ژیانی کۆمەڵایەتیت لەپچڕانی تەواوەتی نزیک ببێتەوە کەچی مێشێک میوانت نیەو لەبێباک بێ باکترو بێدەنگیشت لەلاڵبون نزیکدەبێتەوە .
لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەنیوەشەوێکدا زیاتر لەنیوەی خاک وخەڵکی کوردستانت ڕادەستی حەشدی شەعبی وھێزەعێراقیەکان بکرێت وخەڵکێکی زۆریش ئاوارەو دەربەدەری شاران بکرێت تۆھەر سەیرکەربیت و حزبەکانی خاوەن ھێزی چەکداریش تەخوینی یەکدی بکەن .
ئاخەر خودایە چ کارەساتێکە بەشێکی کوردستانت ڕووبەڕووی گەورەترین ھەڕەشەوھێرش وپەلاماردان بوبێتەوە کەچی خەڵکی لەم ھەرێمەوە تەنھا ڕۆڵی تەماشاکەر ببینێت وئامەدەش نەبێت وەک پاڵپشتیەک بەشداری گردبونەوەوخۆپیشاندانێکی نیو کاژێری بکات بۆیان .
چ معقوڵیەتێکی تێدایە بەشداربوانی خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکان لەزۆربەی پایتەختەکانی دونیادا دژی پالاماردانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەرکانتۆنی عەفرین لەبەشداربوانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان زۆرتروزیاتربن.
چەند عەجیبە ئەنجومەنی ئاسایش وپەرلەمانی ئەوروپا کۆبونەوەی تایبەت بەبارودۆخی عەفرین بکەن وبەئاشکرا دژی پەلامارەکانی تورکیا بوەستنەوە کەچی لەپەرلەمانەکەی ھەرێمی کوردستاندا زاتی ئەوەنەکرێت چەمکەکانی شەڕڤان ویەپەگەویەپەژە ناوبھێنرێت کەلەئێسنادا بونەتە وێردی سەرزاری دونیاو ڕۆژانە داستانی موعجیزەئاسا تۆمار دەکەن ،لەوەش عەجیبتر بێدەنگی و بێسەنگی دەسەڵاتداران وبەرپرسانی حکومەتی ھەرێمە لەئاست ئەو قەتل وعام و وێرانکارییانەی دەکرێتە سەرعەفرین ودانشتوانەکەی .
بۆیە ئەو خەمساردی وبێ باکیەی لەئێستاداو لەنێو ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەیدا ھەیەو بەردەوامە بەتەواوەتی لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردەو دیاردەیەکی کوشندەو مەترسیداریش کەخەریکە گیان لەھەموان دەکێشێت .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1