وتار
ئیسلامیەكانی كوردستان جیاوازن و دەبێ بەو جیاوازییەشەوە بچنە هەڵبژاردنەكانەوە
ئارام على سعيد

ئیسلامیەكانی كوردستان جیاوازن، لەبیركردنەوە، لەسیاسەتكردن، لە هاوپەیمانی سیاسی، لەئاڵاو دروشم و لۆگۆو تابلۆی نووسراوی سەربارەگاكانیان، لەژمارەی ئەندام و لایەنگرو بارەگاو ناوی ڕێكخراوو دەزگا پەروەردەیی و مەدەنی و خێرخوازی و بانگخوازییەكانیان، لە ڕوئیایان بۆچوونە ناوحكومەت و بەشداریكردن و نەكردنیان، لەوەی كام هێزی سیاسی بەگونجاو دەزانن لێی نزیكبن، لەوەی چۆن و لەگەڵ كام وڵات پەیوەندییەكانیان بەهێزەو كام وڵاتیش ڕەفز دەكەن، لەوەی سەربە بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمینن یان سەر بە توركیاو ئێران و سعودیەن، لەوەی بڕوایان بەدەوڵەتێكی ئیسلامی پەتی هەیە دایبمەزرێت یان لەوەی بڕوایان بە دەسەڵاتێكی مەدەنی و سیاسی سیكۆلار هەیە، لەوەی پاشخانیان چەكداری بووەو خەباتیان دژی ستەمی بەعس كردووە یان لەوەی خەباتی ئۆردوگانشینیان هەڵبژاردبێت، لەوەی چۆن ڕایەڵەیان لەگەڵ جەماوەر بەهێز دەكەن یان لەوەی سواری شەپۆلی جەماوەری دەبن، لەوەی ئایدۆلۆژی و حزبیانە بیردەكەنەوە یان لەوەی حزبیەكی كاڵن و بەژەوەندی گشتی بەلایانەوە مەبەستە،لەوەی جەخت لە بنەما قووڵەكانی شەریعەت دەكەنەوە یان لەوەی بڕوایان بە عەقڵانیەت و ئەزموونی سیستمی سوڵتە ئیخوانیەكانی وڵاتانی عەرەب و توركیای ئەردۆغانی هەیە یان لەژێرتیشكی شۆڕشی گەلانی ناوچەكە خەبات دەكەن، لەوەی تەفسیرەكانی قورئانی " پوختەی تەفسیری قورئان یان ئاسان یان ڕامان" دەخوێننەوە، جیاوازن لەوەی زاهیدو واریع بژین و خۆیان وابەستەی ژیانی هاوەڵان بكەن یان لەوەی ژیانێكی شكۆمەندانەی دونیایی هەڵبژێرن ، جیاوازن لەوەی ڕۆحی مقاوەمەت و جیهادو تێكۆشان بە بژاردەی چارەسەری بزانن یان لەوەی ئەمە بەبیدعەو نەگونجاو بزانن بۆ ژیانی سیاسی ئێستای مسوڵمانان، ئەمانەو دەیان جیاوازی دی لە جووڵەو بزاڤ و چالاكییان هەیە، بەڵام جیاوازنین لەبنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام و پەیوەست بوون بە دروشمە عیبادیەكانی نوێژو ڕۆژو زەكات و حەڵاڵ و حەرام یەكخواناسی و بەپێغەمبەرزانینی پێغەمبەران"علیه السلام"و پێغەمبەرێتی موحەممەد"ص"، ئەمانەش خاڵی بنچینەیی و كۆكەرەوەی تاك شوناسی هەموو تاكێكی مسوڵمانیشە نەك هێزە سیاسیە ئیسلامیەكان، بۆیە ئیجتیهاد یان دەست نیشانكردنی هەر بژاردەیەك لە دەرەوەی نەگۆڕەكان ئاساییەو ڕێگاپێدراوە، ئیدی بۆ واز لەیەك ناهێنن هەرلایەنەو مومارەسەی كایەی سیاسی خۆی بكات، ئەدی گەر وایە ئازاد نین و تۆپزی لەیەك دەكەن بۆ یەكبوون و یەك لیستی و یەكهەڵوێستی بۆچی لەسەرەتاوە بەجیاوازی دروست و بوون و هەرلایەو ماڵی خۆی جیاكردەوە، هەركەسەو گوێ ئاگردانی خۆی خۆشكرد، هەرسەركردەو پەنای بۆ ناوو ناونیشان و تایتڵێك برد تاسیاسەتی لەپەنادا بكات، كەواتە لێگەڕێن بابەجیاوازییەكانەوە ئەسپی خۆیان تاوبدەن و ئەو جیاوازبیركردنەوەو كاركردنە سیاسی و كۆمەڵایەتیە تەرجەمەی ڕاستەقینەی ئەمری واقیع بێت و لەساتەوەختە چارەنووسسازەكان كە ئەم جیاوازییانە جێگای خۆیان دەكەنەوە ڕێی خۆیان بگرن و ڕێیان لێنەگرین، چونكە هەستیارترین ساتەوەخت ئەو لەحزانەیە كە هەمووان جیاوازین و دەكەوینە ناو تاقیكردنەوەی جیاوازییەكانمان تاوەكو بواری دەركەوتنی قووڵی ڕەش و سپی بۆ گشت لایەك ئاشكرابێت، بۆئەوەی هەموولایەك بەرهەمی شێوازی سیاسەتكردن و بیركردنەوەو مومارەسەی هەڵوێستەكانی ڕابردووی خۆیان بچننەوە، تاوەكو خەڵكی كوردستان ئەو بڕیارەبدەن كە جیاوازییەكانی ئیشكردنی ئەم هێزانە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا كامیان دروست بووەو نزیك بووە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
14/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ