وتار
لە نێوان کۆنگرەی (کوێت) و پڕۆژە پلانی( مارشاڵ)!...
تاڤگە ئەحمەد


(دۆزی کورد و دەسەڵاتی حزبی کوردی لە کوێی ئەم ھاوکێشە ئاڵۆزەدا گینگڵ دەخۆن؟!..)

ئەگەر پڕۆژە پلانی ئابوری دەست پێشخەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی پێشوتر (جۆرج مارشاڵ) بوبێت لە پێناو ھاوکاری و ھاریکاری وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی جەنگی جیھانی دووەم وێرانی کرد و سەرلەنوێ بوژانەوەی ئابوری بوبێت لە ڕوانگەی پێشکەشکردنی (بەخشینی عەینی و نەختینە و پێدانی گورزەیەک لە قەرزی دوورمەودا....)

ئەوا کۆنگرەی کوێت پڕۆژە پلانی ستراتیژی حکومەتی عێراقە لە ڕێگەی دەستەی نیشتمانی وەبەرھێنانی عێراق بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی عێراق دوای شەڕی داعش بە پێشکەشکردنی پڕۆژە پلانێکی ستراتیژی لە (١٥٧)پڕۆژە پێکھاتووە بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و بانکی نێودەوڵەتی و کوێت تا ھەلی کار بۆ زیاتر لە (٢٠٠٠) کۆمپانیا دەستەبەر بکات بەمەبەستی وەبەرھێنان لەعێراق و پێدانی بەخشینی نەختیینەیی لەلایەن ژمارەیەک لە ڕیکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئیسلامی و دەستەبەرکردنی نزیکەی (٨٨.٢)ملیار دۆلار بەشێوەی قەرزو مەرجە کارپێکراوەکان.
ئەگەر پلانەکەی مارشاڵ لە یادی مەراسیمی دەرچوانی زانکۆی (ھارڤارد) بوبێت لە ٥/حوزەیرانی ١٩٤٧کاتێک لە درێژەی پلانەکەیدا وتی بارودۆخی جیھان مەترسیدارە و زیانێکی گەورە بەر ئابوری ئەوروپا بە ھۆکاری جەنگی جیھانی دووەم کەوتوە سەرباری ئاسەواری خراپ و کەڵەکەبوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی گەلانی ئەوروپا .

ئەوا ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەپلانێکی حکومەتی عێراقە لە میانەی بەستنی کۆنگرەی کوێت (١٢تا١٤/٢/٢٠١٨) دەرھەق وێرانکاری و زەرەروزیانی عێراق کە مەزەندە دەکرێت بە (٤٧.٥)ملیار دۆلار دەرئەنجامی شەڕی سێ ساڵەی داعش کە عێراق پێی وایە شەڕی داعش بەنوێنەرایەتی جیھان عێراق کردویەتی.

ئەگەر پلانی مارشاڵ لای ئەمەریکیەکان بەمەنتیقی بارودۆخێکی ناھەموار ڕووی لە ئیستیقراری سیاسی و ئاشتی جیھان کردووە لەبەرامبەردا مولزەمە چارەسەری دۆخی خراپی ئابوری ئەوروپا بکات.

ئەوا شەڕی داعش بەھەمان شێوە ھۆکارە بۆ خراپی بارودۆخی ئیستیقراری سیاسی و ئاشتی جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوین .

ئەگەر ترسی ئەمەریکا ئەوەبوبێت کە وڵاتانی ئەوروپا بکەونە ژێرھەژمونی یەکێتی سۆڤیەت و فیکری سۆشیالیستی دەرئەنجامی کاولکاری وڵاتەکانیان و بڵاوبونەوەی ھەژاری و بێ کاری و برسێتی و گەیشتن بەو قەناعەتەی کە ئەوروپیەکان بەتەنھا خۆیان ناتوانن سەرلەنوێ ئاسەوار و زەرەری ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرە ساڕێژ بکەن بۆیە گرنگە ئەمەریکا دەستی ھاوکاری بۆ ئەم وڵاتانە درێژ بکات.

ئەوا ترسی ئەمەریکا لەدەرئەنجامی شەڕی داعش و ھەژمونی فکری مەزھەبی شیعی و ئێرانی لە عێراق گەورەترین مەترسیە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی.
ئەگەربیرۆکەی پڕۆژە پلانەکەی مارشاڵ لە پاریس ١٢ تەموزی ١٩٤٧ لەسەر بانگھێشتی وەزیرانی فەڕەنساو بەریتانیا ئەنجام درابێت و ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنی بەرنامەیەکی ئابوری بەتوانا بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی ئابوری وڵاتانی ئەوروپاو زیندوکردنەوەی توانای بەرھەمھێنان کە دەرئەنجامی جەنگ وێران کرابوو.

ئەوا بیرۆکەی کۆنگرەی کوێت شکڵێکی جیھانی ناڕاستەوخۆی وەرگرتوە بەھاوکاری یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان و بانکی نێودەوڵەتی و کوێت بۆ ئەنجامدانی لەکوێت تا بتوانرێت وەبەرھێنان لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و خستنەگەڕی سەرمایەی کۆمپانیا گەورە جیھانیەکان بۆ بونیاتنانەوەی عێراق و توندو تۆڵکردنی ژێرخانی ئابوری عێراق. 
ئەگەر (١٧) وڵاتی ئەوروپا واژۆیان لەسەر ڕێکەوتن بۆ پڕۆژە پلانەکەی مارشاڵ کردبێت.
ئەوا تا ئێستا دیار نیە ھاوبەشەکانی عێراق ڕێکەوتبێتن لەسەر پڕۆژە پلانەکەی عێراق بۆ بونیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

ئەگەر ھەموو ئەوروپای غەربی ڕازیبوبێتن بە پلانەکەی مارشاڵ بێجگە لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوساو ئەوروپای شەرقی.

ئەوا دیارنیە لایەنە ھاوبەشەکانی کۆنگرەی کوێت چۆن ڕێکەوتون و مەبەستیان لەھاوبەشی لەبەرامبەر چیە؟!...

ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا لە پاریس کۆبونەوەیان کردبێ و ڕێکەوتبێتن لەسەر پلانەکەیان و دابێتیانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تا بخرێتە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا بەمەبەستی دەنگدان لەبەرژەوەندی پلانەکە و سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا (ھاری ترۆمان) لە ٣ نیسانی ١٩٤٧ تەبەنی کردبێت و واژۆی لەسەر قانونی (بەرنامەی ژیانەوەیی ئەوروپا) کردبێت .

ئەوا پلانەکەی عێراق و ھاوبەشەکانی نە دراوە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نە خراوەتە بەردەم کۆنگرێس نەبووە بەقانون لەوانەیە لە ڕۆژی کۆتایی کۆنگرەکە بە خیتابێک ڕیزبەندی خاڵەکانی لە شیوەی تەوسیە بخرێتە ڕوو ئیعلان بکرێت و ھیچی تر.

ئەگەر پلانەکەی مارشاڵ بەقانون تەشریعی بۆ دەرچوێنرابێت و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ھاریکاری ئابوری کرابێت و لە ڕێگەیەوە ڕێکخراوی ئەوروپا بۆ ھاریکاری ئابوری دامەزرابێت کەپاشتر ناوەکەی گۆڕا بۆ ڕێکخراوی ھاریکاری ئابوری و گەشە پێدان لە لای ئەوروپیەکان.
ئەوا پلانەکەی عێراق نەک بەقانون نەکراوە و ھیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ساغ نەبۆتەوە ھاریکاری ئابوری و گەشەپێدان پێشکەش بەعێراق بکات.

ئەگەر ئەمەریکیەکان و ڕێکخراوەی ھاریکاری ئابوری و گەشەپێدان پێکەوە سەرپەرشتی دابەشکردنی یارمەتی ماڵی و قەرزەکانیان کردبێت لە ماوەی (١٩٤٨تا ١٩٥٢) ئابوری ئەوروپا لەو چوارساڵەدا ژیانەوەو بوژانەوەی بەخۆوە بینی و توانای وەبەرھێنان و بەرھەمی پیشەسازی و کشتوکاڵ ڕێچکەی خۆی گرتەوەوەو ھاوسەنگیەکی گەورە لە داھاتیان بەدەرکەوت.

ئەوا عێراق لە ڕێگەی ھاوبەشەکان و کۆنگرەی کوێت لەماوەی (١٠تا٢٥)ساڵی داھاتو ئەگەر ھەموو ھۆکارە ئابوریەکانیش تەواوبێت بوژانەوەی ئابوری و ژێرخانی ئابوری عێراق مەزەندە ناکرێت لەسەر قاچ بوەستێت و برینە قوڵەکانی دەوڵەتداری ساڕێژ ببێت.

ئەگەر ئیدارەی ھاریکاری ئابوری ئەمەریکا نزیکەی (١٣) ملیار دۆلاری لە ماوەی (٤)ساڵ بەخشیە وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەی بەخشین (٨٥%) بڕی ئەو پارەیە و ماوەی بڕەپارەکە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن وەرگیرا.بەریتانیا لەو بڕە پارەیە بەتەنھا (٢٦%) و فەڕەنسا (٢٣%)وەریان گرت .

ئەوا عێراق ئیدارەی ھاریکاری ئەمەریکا ھیچ بڕە پارەیەکی تا ئێستا لەم کۆنگرەیەدا ئاماژە بۆ نەکردووە لە شێوەی بەخشین یاخود قەرز تا بدرێتە عێراق.

ئەگەر ئاکامەکانی پلانی مارشاڵ سەرکەوتنێکی گەورەی چنیبێتەوە لە بواری ئابوری وڵاتانی ئەوروپا بەدەستیان ھێنا و سودمەند بون لە پڕۆژەکە و دەرئەنجامەکەی حیلفێکی ئەتڵەسی گەورەی لێکەوتەوە کە لە ئۆقیانوسی ئەتڵەسی پەڕیەوە بۆ ڕاوەستان و بەرنگاربونەوەی مەدی فیکری سۆشیالیستی و بلۆکی وڵاتانی شیوعی ئەوسا.

ئەوا کۆنگرەی کوێت پێ ناچێت سەرکەوتنێکی گەورە مەترسی مەزھەبی شیعی و تەماعی ئێران لەسەر عێراق کەم بکاتەوەو ئەمەریکیەکان بتوانن حلفێکی ستراتیژی دورمەودا لەتەک عێراق واژۆ بکەن مەد و ھیلالی شیعی لەخاڵێکدا بوەستێنن و پەرت پەرتی بکەن بەوەی ئێستا لە ئەرزی واقیعدا دەبینرێت.

جێکەوتی عێراق لەبەرھەمی نەوت و غاز و کانزاکان (٥)ھەم وڵاتە لە (١٠) وڵاتی یەکەمی بەرھەمی سامانی سروشتی ،ئەمەریکیەکان لەساڵی ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ پلانی ئیحتیواکردنی عێراقیان وەک ھاوپەیمانێکی سەرەکی بۆخۆیان ڕانەکێشاوە.

ئێستا حکومەتی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە بەتایبەتی تەداولی دەسەڵات لە مانگی مایسی /٢٠١٨ ڕوودەدات و ھاوکێشە ئیقلیمی نێودەوڵەتیەکان گۆڕانکاری گەورە بەخۆوە دەبینێت و دیدگەی ئەو دەسەڵاتەی دێتە سەر کورسی حوکمڕانی لە عێراق گرنگە بزانێت ئەمەریکا چی دەوێت و ئەمەریکا چی بۆ دەکات؟!...

گرنگە بزانین سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی پلانی بەرھەمی نەوت لە ناوچەکە کێ سەرکردایەتی دەکات؟!...

لەوەش گرنگتر بۆ ھەرێمی کوردستان :
(ئەرێ بەڕاست ئێوە لە کوێی ئەم ھاوکێشە ئاڵۆز و گرنگە دۆزی کورد دەبیننەوە؟!...
ئێستا ھەر خەریکی بۆڵە بۆڵ و درۆی کورسی و ھەڵبژاردنن و چەند دێنن و چەندە بەشە بودجەی حزبەکانتان؟!...

ئێستا لە وەھمی ئەوەدان دۆزی کورد دۆزێکی سیاسیە؟!...
یاخود نەخێر لەسای سێبەری دەسەڵاتی کورتبینانەی ئێوە و حزبەکانتان ھێشتا دۆزەکە دۆزێکی ئینسانیە و چاوەڕیی مەرحەمەتی بەغدادن؟!....)
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
14/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ