وتار
لیستی ئیسلامی چه‌ند سه‌رنج و پێشنیارێك:
یعقوب كاكل

له‌ ئیستادا چه‌ند حزبێكی ئیسلامی و چه‌ندین كه‌سایه‌تی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌وڵی دورستكردنی لیستێكی هه‌ڵبژاردندان كه‌ خۆی له‌ لیسی ئیسلامیدا ده‌بینێته‌وه‌ ، له‌ راستیدا حزب واته‌ سیاسه‌ت كردن و به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جیندای گروپێكی دیاری كراو ،كه‌ دواجار كاری خۆی و گروپه‌كه‌ی پێش هه‌موو ئه‌وانی دی ده‌خات ، ‌ بۆیه‌ ناكریت له‌م بابه‌ته‌دا جگه‌ له‌ ئایدیای سیاسی خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ بكرێت بخزێنرێته‌ قاڵبی تره‌وه‌ ( ته‌بعه‌ن به‌ ماناو ڕواڵه‌ته‌ گشتیه‌كه‌یه‌وه‌)، چونكه‌ یه‌كبوون و هاوپه‌یمانی و لێكنزیكبوونه‌وه‌ پێویستی به‌ لێكنزیكی هه‌ڵویست و دۆخی سیاسی هه‌یه‌ ، بۆنمومه‌ : كاتێك لیستی نشتمانی نێوان گۆران كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پێك هات ئه‌ونده‌ كاتی نه‌ویست و زۆر ئاسانیش گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتن بۆ ئه‌و لیسته‌ و ته‌نانه‌ت دیاریكردنی سه‌رۆكی لیستیش!، به‌ڵام خێره‌ ئه‌وه‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 2ساڵ ده‌بێت به‌ هه‌وڵی كۆمه‌ڵاێك ڕێكخراوی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی ئیسلامی له‌هه‌وڵی دورستكردنی یه‌كلیستن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام تا ئیستایشی له‌سه‌ر بێت سه‌ری نه‌گرتووه‌!! به‌ڵی پێك نه‌هاتووه‌ ...بۆچی ..؟ ئایا چ ڕێگرییه‌ك هه‌یه‌ ؟ لێره‌دا چه‌ند خاڵێك وه‌ك پێشنیار و ڕاسپارده‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی سودی هه‌بێت بۆ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان و مه‌سه‌له‌ی لیست و پێكهاتنیان بۆ ئینتخابات، وه‌ هه‌تا له‌و بێنه‌وبه‌رده‌یه‌ی (دروستكردتی لیستی ئیسلامی و دورستنه‌كردنی ) ده‌رباز بكرێت ، ئه‌ویش به‌مشێوه‌یه‌ :
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانی ڕابووردو دورستكردنی لیستی ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی بارله‌مانی كوردستان بوو نه‌ك عێراق ، چونكه‌: هه‌تا پێش ریفراندۆمی ساڵی رابوردویش نه‌ده‌زانرا كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی بارله‌مانی كوردستان دواناكه‌وێت ، بۆیه‌ ئیستا دواكه‌وتووه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ،كه‌ فرسه‌ت و مۆڵه‌تێك هه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 12-5-2018 دا ئه‌نجام ده‌درێت ، وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌رێمیش ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای مانگی ئه‌یلولی 2018وه‌ ئه‌نجام بدرێت .
دووه‌م : به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ك له‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆی خۆی و زانینی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی خۆی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ، چه‌ند سودێكی هه‌یه‌ له‌وانه‌یش : هه‌ر حزبه‌ و قه‌باره‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌زانێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی بارله‌مانی كوردستان( كه‌ دوای ئه‌وه‌ی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت ) ڕا و بۆچونێكی تر بێته‌ ئاراوه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌و ئه‌نجامه‌ی هه‌ر حزبه‌ و به‌جیا هێناویه‌تی ، چونكه‌ : له‌ ئیستادا ترس له‌ یه‌كلیستی لای هه‌ندێك له‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان به‌نمونه‌( كۆمه‌ڵی ئیسلامی ) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ل و مه‌رج و هه‌ڵویست و رای جیاوازی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌ جیاوازی هه‌بووه‌ له‌م ساڵانه‌ی ڕابوردوودا له‌ ڕووی بیرورا و ئیجتهاداتی سیاسیه‌وه‌ بۆ دۆخی هه‌رێم و باری حكومڕانی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا، ئه‌مه‌یش ئه‌و ته‌صه‌ووره‌ تۆخ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م حزبه‌ ئه‌زمون جیاوازانه‌ له‌ ئه‌دای كاری سیاسیان له‌ رابوردودا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌ یه‌ك لیستدا ده‌نگده‌ر تێكه‌ڵاوی و تۆرانیشی بۆ دروست ده‌بێت له‌و لیسته‌ به‌گشتی ، مادام تێكه‌ڵ كراوه‌ .
سێیه‌م : جیاوازی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ( باررله‌مانی كوردستان و عێراق) ته‌نها نزیكه‌ی 4 مانگ زیاتر یان كه‌متر ده‌بێت ، بۆیه‌ : نزیكی ئه‌م دوو به‌رواره‌ واناكات گۆڕانكاری گه‌وره‌ و چاوه‌ڕوان نه‌كراو له‌ هه‌ڵوێست و دیدی سیاسی و گشت هه‌ل و مه‌رجه‌كه‌یش بێنێته‌ ئاراوه‌ ، بۆیه‌ باشترین ده‌رفه‌ت نێوانی ئه‌م دوو هه‌ڵبژاردنه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان له‌وكاته‌یا به‌ پێی قه‌باره‌ و نوێترین ئه‌نجامی به‌ده‌ستهاتووی خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی نوێ له‌سه‌ر ئه‌نجامی به‌ده‌ستهاتووی نوێترین و تازه‌ترین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ، كه‌ خۆی ئه‌وه‌ بنه‌مایه‌كی زانستی و واقیعیشه‌، ئه‌مه‌یش بۆ هه‌موو لایه‌ن و حزب و لیسته‌كانی تریش ڕاسته‌.
چواره‌م : خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تتدا گۆرانكاری سیاسی و بارله‌مانی و بڕیاردان له‌ بارله‌مانی كوردستانه‌وه‌ دورست ده‌كرێت ، نه‌ك له‌ عێراقدا چونكه‌: ئه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو كوردی عیراق نه‌ك ته‌نها ئیسلامیه‌كانیش به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بكه‌ن ئه‌وا ناتوانن ڕێژه‌ و ژماره‌ی پێویستی كورسی ده‌ست بخه‌ن هه‌تا بیانه‌وێت گۆرانكاری جه‌وهه‌ری ئه‌نجام بده‌ن ، ( كه‌ مه‌به‌ستی گرنگ و گه‌وره‌ له‌ پاساوی دورستكردنی لیستی ئیسلامی بۆ وه‌ستانه‌ دژی هه‌ر یاسا و قانونێكی بارله‌مانی كه‌ پێچه‌وانه‌ بوه‌ستێته‌وه‌ له‌ به‌ها و نه‌ریته‌ ئیسلامی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دژ به‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری ) ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر كاتێك نیاز وابێت یان بریاری هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامی وابێت كه‌ لیستی ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دروست بكه‌ن .
پێنجه‌م : مادام هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاماده‌ باشیی پێویستیان نیه‌ ( به‌هۆی ئه‌و موبه‌ریرانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسكران) بۆ دروستكردنی لیستی ئیسلامی ، ئه‌وا باشتر و جوانتر و ڕاستر و بێ گرێ و گۆڵه‌ تر و بێ پێچ و په‌ناتره‌ كه‌ مۆڵه‌تی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ بده‌نه‌ یه‌كتر و خاتری یه‌كتریش بگرن!، وه‌ باس و بابه‌تێكی پێویستی وه‌ك لیستی ئیسلامی كه‌ لای هه‌موو ئیسلامیه‌كان به‌ حزبی و ناحزبیانه‌وه‌ شوێنێكی به‌رز و پێگه‌یه‌كی پیرۆزیشی بۆ داتاشراوه‌ ، وه‌ ئه‌و كارت و هه‌وڵه‌ پیرۆزه‌یش بۆ كاتێكی له‌بار تر و ته‌باتر و شیاو تر هه‌ڵگرن ، نه‌بادا به‌م دۆخه‌ شپرزه‌ و نابه‌دڵییه‌وه‌ داهاتووی لیسته‌كه‌ و ئاینده‌ی ئه‌م یه‌كبوون و یه‌كلیستیه‌ باش نه‌شكێته‌وه‌ و بۆ چه‌ندانی ساڵی تریش وه‌ك نمونه‌ی شكستی ئیسلامیه‌كان به‌ نمونه‌ بهێنرێته‌وه‌ .
شه‌شه‌م: باشترین ڕێكار و كار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ : بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی یه‌كلیستی ئیسلامی ( به‌هه‌موو گرفت و گرنگی و ڕێگری و ته‌واوی مناقه‌شاته‌كانیه‌وه‌ ) هه‌ڵبگیرێت بۆ دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ، وه‌ له‌ ئیستا به‌دواوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌كرێته‌ كه‌ره‌سه‌ی پروپاگه‌نده‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق – چونكه‌ : ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ئیسلامییه‌ بۆ بارله‌مانی كوردستان به‌كار ده‌خوات نه‌ك بۆ عێراق -، وه‌ ئه‌وكاته‌یش ده‌رفه‌ت زۆر ده‌بێـت بۆ گفتگۆ و ته‌ته‌ڵه‌كردنی زیاتر به‌ عه‌صابێكی سارد و ئایدییاه‌كی ڕوون و بێ مجامه‌له‌ و مزایه‌داتی حزبی و فكرییه‌وه‌ . 
ده‌ره‌نجام : وا باشتره‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ر حزبه‌ و بێ ماسك و به‌ ڕووی خۆیه‌وه‌ به‌شدار ببێت و كه‌سیشیان خۆیان نه‌ده‌نه‌ به‌ر ناوی خوازرا و روكه‌ش و دروست كراوه‌وه‌ ( به‌تایبه‌ت له‌ بازنه‌ئینتخابیه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكدا) ،( وه‌ ئه‌بێت جوابی ئه‌و پرسیاره‌یش بدرێته‌وه‌ ئایا : دورستبوونی لیستی ئیسلامی بێ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامییه‌ دیاره‌كانی هه‌رێم شه‌رعیه‌تی ئه‌و ناوه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌ی ده‌بێت!؟) وه‌ پاشانیش بۆ كێبڕكێی ئه‌و چه‌ند كورسیه‌ كه‌مه‌ دیاری كراوه‌ی پاریزگاكان( هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی بارێزگاكان دیاری كراوه‌ ) متمانه‌ و داهاتووی ڕێز و سه‌نگ و ماهیه‌ت و پیرۆزی و مه‌عنه‌ویه‌تی لیستی ئیسلامی مه‌شكێنن!، ئه‌و كارته‌ هه‌ڵگرن بۆ كاتێكی له‌بارتر و شیاوتر و ته‌باتر ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ لیستێكی ئیسلامی هاوبه‌ش دابه‌زینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ گره‌نتی چییه‌ دوای هه‌ڵبژاردن و چونه‌ بارله‌مانتان و دۆخه‌ جیاوازه‌كان مه‌حكومتان ناكاته‌وه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی لیسته‌كه‌تان!؟ ( هه‌ر وه‌ك له‌ لیستی چاكسازی و خزمه‌تگوزاریدا ڕووی دا له‌ 2009دا !).
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
14/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ