وتار
گۆڕانکارییەکانی سوڵتان مەحمود و نێچیرڤان بارزانی!
هەرێم مەجید


گەرچی ئەم دوو دەسەڵاتە دووسەدە نێوانیانە، بەڵام لە ڕوی ھەیکەلی گۆڕانکارییەوە لەیەک نزیکن، سوڵتان مەحمودی عوسمانی لە ١٨٢٧ویستی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکات وەک ئەوروپییەکان، لەیەکەم کاریدا پۆشاکی تەقلیدی خەلیفەیی گۆڕی بۆ چاکەت و پانتۆڵ، جلی سەربازەکانی کرد بەھەمان پۆشاکی سەربازی ئەوروپی، کۆشکی خەڵافەتیشی گۆڕی بۆ ھەمان کۆشکی پاشاو سەرکردەکانی ئەوروپا.
گۆڕانکاری تەواوی لە دەرەوەی ھەیکەلی دەسەڵاتیدا کرد بەبێ دەسکاری کردنی دیوی ناوەوەی دەسەڵاتە کرمۆڵەکەی.

لە ئێستادا لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و دەوڵەتانی دیموکراسی بەجیھانی بوندا، تازە بەتازە لێرە ھەوڵی گۆڕینی دیکۆری سیاسی دەدرێت بەبێ بیرکردنەوە لە ناوەوەی ئەم دەسەڵاتە، کە پۆشاکی گەندەڵی و نەزانی سیاسی و دواکەوتوی مەعریفی و زانیاری لەبەر کردوەوە دیوی دووەمیشی کرمۆڵی سیاسی بوەوە و لە ساتی کەوتنیاتی، بەشێوازێک ھەرچی داموو دەزگای حوکمی ھەیە بونەتە دیکۆرێکی سیاسی بێلەزەت، بەشێوازێکە یەک ڕۆمانی سوکایەتیکردنی لێ بەرھەم دەھێنرێ، دەستگێڕان و چاکسازییەکان ناو دەزگاکان تەنھا بونەتە مۆتەکەی گیانی ھاوڵاتی لە قورسکردنی باری سەرشانیان لەزەریبە و کرێ و کارەبا و ئاو،شوێنی نیشتەجێ بوون ئەمە غەیری نەبوونی پارەی پێویست بۆ فەرمانبەران و گشت ئەوانەی موچەخۆری حکومەتن،لاوازکردنی یەکە دەرەمەتدارەکانی دەرەوەی حکومەت وەک کاسپکار و جوتیار....ھیدی.

واتا خۆتازەکردنەوەکانی حوکمەت تەنھا ئەوانەی گرتۆتەوە کەلەدەرەوەی چواچێوەی دەسەڵاتی حیزبیدان، ئەمە جگە لە داڕوخانی ئاستی مەعریفی و تەندروستی و ئابوری و فەرھەنگی، بۆتە ھۆکارێکیش بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دین و ڕەسەنایەتی و خۆماڵی بوون، بەھۆی نەبونی سەروەری یاساوە کە ڕێگری تەواو ئەبن لە بەرەوپێشچون و تازەبونەوەی کۆمەڵگادا، گۆڕانکاری تەنھا کردنەوەی قوتابخانەی ئەھلی و زانکۆی ئەھلی و مۆڵ و گوندی مۆدێرن و بینای ملیۆنان دۆلاری ناکرێ، بەڵکو گۆڕانکاری جەوھەرێکی ھەیە کەپێکھاتێکی ئاڵۆزە و کورت ناکرێتەوە بۆ قسەی سەر تەلەفیزیۆن و دانشتنی نھێنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەڵکو لە واقعدا پیادە دەکرێ لەدونیای حەقیقەتدا بۆ خۆی دەبینرێ ئیتر پاڵەوانی فرەبێژی ناوێ.

گۆڕانکاری سەرکردەی لێھاتوی وەک[لی کوان یو]ی سەنگاپورای ئەوێ، نەک کۆمەڵێک سیاسی و بازرگانی مشەخۆر و مێشک دۆگمایانەی کە لە ڕابردو ماونەتەوە نایانەوێ گۆڕانکاری بکرێ، بەڵکو دژی گۆڕانکارین و ھەر ھەنگاوێکی گۆڕانکاریش لەدەرەوەی فکری ئەوانەوە بنرێ بە خائین و دژەنەتەوە ناوی دەبەن.

ئەم چوارساڵە چەکی مانەوەتان وەھم حیکایەتەکانی گۆڕانکاری و سەروەری یاسا و یەکسانی و دادپەروەری بووە، بەڕادەیەک زۆرترین مەرەکەب و پڕۆگرامی تەلەفیزیۆنی و دانیشتنی پەڕلەمانیتان تیادا بەفیڕدا، ئەوەی گۆڕانگاری دەکات کۆمەڵێک بەرنامە و فەلسەفەی تایبەتە کە ھەوڵی داھێنەرانە دەدات تا گۆڕانکاری لە ناوەوەی دیوە نادیارەکەی سیاسەت و بەڕێوەبردندا بکات، تا گۆڕانکاری بنەڕەتی لەناو خودی دەزگاو سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا  بێنێتەکیەوە، ھەر لە دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتەوە بۆ  سەروەری یاسا و دابەشکاری سەرمایەی گشتی بەیەکسانی و لە ھەموو بەشەکانی تردا بێتەکایەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
15/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ