وتار
بۆکەمترین موچەی خانەنشینی نەکرایە (٤۰۰) ھەزاردینار؟
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


لەدانیشتنی ۲٦-- ۲ -- ۲۰۱۸ ،ی نێو ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کوردستان بوو .

ھەر زوو تیمی حکومەت وتیان ئێمە ھاتوین وئەم پڕۆژە یاسایەمان ھێناوە تاکو خەرجی کەمبکەینەوە نەک زیادی کەین ، گەر واناکەن پڕۆژەکەمان بدەنەوە بابیبەینەوە .

لەھەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ( ۱۰۸) ملیارد دینار دەدرێتە خانەنشینان ، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کەلەبەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەردەگرن و بڕەکەی کەمترە لە ( ٤۰۰) ھەزاردینار بریتی یە لە ( ۱۲۷۹٤۲)سەدوبیست وحەوت ھەزارو نۆسەدوچل ودوو کەس ، وەمانگانە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەم خانەنشینانە
( ۳۳) ملیارد دینارە .

گەر موچەی ھەموو ئەمانە مانگانە بکرێنە ( ٤۰۰)ھەزاردینار ئەوا بڕی پارەی پێویست بۆی بریتیە لە ( ٥۱ ملیاردو ٤۰۰ھەزار ) دینار .

واتا ئەو پارەیەی کەپێویست بوو بۆئەوەی موچەی خانەنشینانی پێ ھاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت تەنھا ( ۱۸) ملیارد دیناری تربوو کەلەڕاستیدا بۆتوێژێکی گرنگ ومافخوراوو ماندوی وەک خانەنشینان دابینکردنی ئەوبڕە زۆرئاسان بوو ، بۆنمونە تەنھا ئەو قازانجەی مانگانە لەبانکی کوردستان لەگۆڕینەوەی دۆلاربەدینار دەکرێت زۆر لەوبڕەپارە زیاترە کەپێویست بوو بۆکردنی موچەکە بە (٤۰۰)ھەزاردینار.

ئێمە لەیەکەمین ڕۆژی ھاتنی پڕۆژەکەوە بۆپەرلەمان داوامانکرد یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە (۹)ی ساڵی (۲۰۱٤) وەک خۆی جێبەجێبکرێت ،کەبەپێی یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی نابێت لە (٤۰۰) ھەزاردینار کەمتربێت .

ڕایەکی ترپێشنیارکرا کەبریتی بوو لەوەی کەمترین موچە بکرێتە (۳۰۰) ھەزار دینارکە ژمارەی ئەو خانەنشینانەی موچەکەیان کەمترە لە ( ۳۰۰) ھەزاردینار بریتیە لە ( ۷۷٥۳۹)حەفتاوحەوت ھەزاروپێنج سەدوسی ونۆ کەس ، کە بەکردنی کەمترین موچە بە( ۳۰۰) ھەزاردینار حکومەت تەنھا ( ۳) ملیاردی تری دەویست بیخاتە سەر ئەو پارەیەی کەپێشتر دەدرایە ئەو کەسانەی موچەکەیان لەخوار ( ۳۰۰) ھەزارەوەیە .

حکومەت ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەم ڕایە چونکە خۆیان وتەنی قورسایی زۆر دروستناکات لەسەر دارایی ھەرێم .

دواتر ھەردوو ڕایەکە واتا کەمترین موچەی خانەنشینی ( ۳۰۰) ھەزاربێت ، یان ( ٤۰۰) ھەزار خرایە دەنگدانەوە ، بەداخەوە زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ زیادکردنەکە بوون بۆ (۳۰۰)ھەزاردینار کەئەمەش خواستی حکومەتی لەگەڵدابوو ، وەفراکسیۆنەکانی گۆڕان وکۆمەڵ ویەکگرتوو دەنگیان بۆ ئەوەدا کە کەمترین موچە بکرێتە (٤۰۰) ھەزار دینار بەڵام ڕێژەی دەنگەکان تەنھا ( ۳۷)دەنگ بوو ،ئەوانەشی دەنگیاندا بۆ (۳۰۰) ھەزاری مانگانە (٥۲) پەرلەمانتاربوون..

بۆیە بەکۆی دەنگ ئەوەچەسپا کەکەمترین موچەی خانەنشینی ببێتە ( ۳۰۰) ھەزار دینار نەک (٤۰۰)ھەزار.

لێرەدا دەبێت چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو تیمەی حکومەت وپەرلەمانتارانە بکەین کەبۆچی لەگەڵ زیادکردنی موچەکەدا نەبوون کەکەمترینی موچە بکرێتە (٤۰۰) ھەزار ، ئەی ھەرئێوە نەبوون لەچەندین دەزگای ڕاگەیاندنی ھەمەجۆرەوە دەتانوت گەر ئەم پڕۆژەیاسایە بکرێتەیاساو بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوا مانگانە بڕی ( ۱٥۰) ملیارد دینار پارەدەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت ، باشە بۆچی بۆ توێژێکی گرنگی وەکو خانەنشینان لەو (۱٥۰) ملیاردەی خۆتان وتەنی دەگەڕێتەوە بۆحکومەت دەنگتان نەدا تاکو کەمترین موچەکەیان ببێتە ( ٤۰۰) ھەزاردینار ، کەھەندێ لەوخانەنشینانە ئەوبڕەوزیاتریش مانگانە تەنھا بۆ چارەسەرکردنی ئەونەخۆشیانەی توشی ھاتون خەرجدەکات .

ئاخەرحکومەتێک چارەکەسەدەیەکە بەناوی سندوقی خانەنشینیەوە مانگانە بڕێک پارەلەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بۆئەوەیە پارەکەلەو سندوقەدا پارێزراوبێت ومانگانە لەکات وساتی خۆیدا موچەکەی پێبدرێت ،نەک ئەوەی بونی نەبێت سندوقی خانەنشینیەلەم ھەرێمەدا .

ئێوەدەزانن لەوعێراقە موفلیسەی خۆتان دەڵێن زیاتر لە (۸) ملیارد دۆلار پارەی خانەنشینی لەسندوقی خانەنشینیەکەیاندا  پارێزراوەومانگانە لەکات وساتی خۆیدا دەدرێتە خانەنشینان وبەشی دەیان ساڵیشی تێداھەڵگیراوە ، بەڵام لەم ھەرێمەی لەمەڕخۆماندا وا بەرەومانگی ئازاری ۲۰۱۸ دەچین کەچی موچەی ئازاری ۲۰۱۷ نەدراوەتەخانەنشینان وھەرلەچاوەڕوانیدان بۆی .
بۆیە دەبوو لانی کەمی وەک وەفاو ڕێزوپێزانینێک بۆ ئەرک وماندوبونی دەیان ساڵەی خانەنشینانی کوردستان ھەموان کۆک ویەک دەنگ بونایە تاکو لانی کەمی موچەی خانەنشینی مانگانەمان بۆبکردنایەتە ( ٤۰۰) ھەزاردیناری عێراقی ، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە بەزۆرینەوکەمینەئەم مافەسادەیە بۆخانەنشینان بەڕەوا نەبینراو زوڵمێکی تریان لێکرا. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/02/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ